ئەفراسیاب محەمەد قادر: بەغەززەی کردنی هەرێمی کوردستان.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە بەرواری 20ی تشرینی یەکەمی 2024 وە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، لەگەڵ ئەوەی لە دووی کانونی یەکەمی هەمان ساڵدا پەرلەمانتارانی دەرچوو سوێندی یاساییان خوارد. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو کێشە و قەیران و ئاریشە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییانەی بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە، بەڵام هێشتا پەرلەمان ئامادە نەبووە کۆببێتەوە و لیژنەکانی خۆی پێکبهێنێت.
بەریەک نەکەوتنی لایەنەکان لەسەروویانەوە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەرخەی ئەو ڕاستیەیە کە ململانێی خۆسەپاندن بەسەر دەسەڵاتداری و بەڕێوبەرایەتی هەرێمدا گەیشتووەتە ئاستێک نەک لەناوخۆیاندا ناگەنە ڕێکەوتن و ڕێگا چارەیەک بۆ دروستکردنی حکومەتی هەرێم، بەڵکو کارەکانی پەرلەمانایشیان بەشێوەیەک پەکخستووە کە ڕاستەوخۆ لێکەوتەی خراپی لەسەر گوزەران و ژیانی ڕۆژانەی و چارەنوسی هاوڵاتیان دەبێت.
ئەم دۆخە گەرچی فاکتەرگەلێکی ناوخۆیی و دەرەکی بەتایبەتی هەرێمایەتی هەیە، بەڵام لەکاتێکدا کە وانزیک دەبێتەوە لە دوو هەفتە مامۆستایان لە شاری سلێمانی بۆ مافەکانیان مانیان لەخواردن گرتووە، حکومەت و لایەنە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم جگە لە بەیاننامەی سادە و بێکاریگەر، وەڵامدەرەوەی تەنها داخوازییەکی چالاکوانانی مانگرتوو نەبوون. ئەمەش ئەو پەڕیی بێباکی ئەوان لەئاست داخوازیەکانی کۆمەڵگا دەردەخات.
فاکتەرێکی دەرەکی ئاوانەکردنی حکومەتی نوێی و کارانەکردنی پەرلەمان پەیوەستە بەو شەڕە هەژموونگەراییەی هێزە ناوچەییەکان لەسەروویانەوە دەوڵەتی تورکیا و ئێران لەسەر خاکی کوردستان بەڕێوەی دەبەن.
دەوڵەتی تورکیا هەموو هەولێکی ئەوەیە کە لەڕێی پارتیەوە پانتایی دەسەڵاتداری خۆی لەعێراقی نوێی دوای سووریا لە سنورەکانی دەشتی نەینەوا تا کەرکوک فراوانتر بکات، بێگومان بۆ ئەوەش پێویستی بەگەرەنتیکردنی زۆربەی دەسەڵات و پۆستەباڵا و هەستیارەکانی هەرێمی کوردستانە بۆ پارتی، چونکە تەنها بە بەهێزبوونی پارتی لەهەرەمی دەسەڵاتدا دەتوانێت وزە زیاتر بۆ پێشخستی پڕۆژە هەژموونخوازییەکانی بەدەستبخات.
لەبەرامبەردا هەمان شت بۆ دەوڵەتی ئێرانیش ڕاستە، تاران هەوڵ دەدات لەڕێی بەهێزکردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پایەکانی دەسەڵاتداری هەرێمدا هێز بەپێشخستنی پڕۆژە سیاسی و ئابووری و سەربازییەکانی خۆی لە عێراق و ناوچەکەدا بدات، بەتایبەتی دوای شکستەکانی حزبوڵا و حەماس و ڕوخانی ڕژێمی ئەسەدە و پاڵنانی بەرەو ناوەوەی وڵات لەڕادەبەردەر لاوازی لێدەردەکەوێت، هەربۆیە ناچاربووە قورسایی بخاتە سەر مانەوەی لە عێراق، بێگومان ئەوانەش تەنها لەڕێی هێزە پڕۆکسیەکانی خۆیەوە زامن دەکرێت کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەشێکە لەو هێزانە.
لێرەدا تاکەشتێک کە بەدی ناکرێت ستراتیژیەکی هاوبەشی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆجێی کوردی و کوردستانییە، بەتایبەت لەم دۆخە هەستیار و چارەنوسسازەدا کە هەرێمەکەی پێداتێدەپەڕێت و شەڕێکی گەورەی یەکلاکەرەوەی جیهانی لەسەر خاکی کوردستان بەڕێوەدەچێت و سیاسەتی نەتەوەیی هەرێمی کوردستانیش لەهاوکێشەکەدا غیابە و هیچ ستراتیژیەکی تۆکمەی بۆ دواڕۆژی گەلەکەی نیە.
دابەشبوونی هێزەکانی هەرێم حەماس ئاسا بەسەر هێزە هەرێمییەکاندا وێڕای ئەوەی گۆڕەپانەکە دەکاتە مەیدانی شەڕێکی بێشوماری ئیقلیمی و جیهانی لەسەر حسابی کورد، لەهەمان کاتدا کاوکارییەکی مەترسیدار و غەززە ئاسا بۆ سەر خاکی کوردستان دەهێنێت کە بەباجەکەی تەنها دەبێت خەڵکی بێدەرەوەتانی کۆمەڵگا بیدات.
هەربۆیە هەرجۆرە بێدەنگیەک بەرامبەر ئەم دۆخە خۆکوژیەکی تەواوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت