دلێر محەمەد نوری: لە دیواری بەرلینەوە بۆ بازگەی دێگەڵە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دیواری بەرلین لە ساڵی 1961 هەڵچنرا، بۆ جیاکردنەوەی خەڵکی ڕوژهەڵاتی ئەڵمانیا لە خەڵکی ڕۆژئاوای. ئەم دیوارە نەفرەتییە هەرگیز نەبووە هۆی ئەوەی کە خەڵکی هەمان ئەڵمانیا به تەواوی ببن بە دوو لەتەوە. ئەم دیوارە هەر ئەوەندە بڕی کرد کە هۆکارەکانی پشتی لە ناوچوون و هەر دوای کۆتایی هاتنی یەکێتی سۆڤێت و جەنگی سارد و بە هۆی فشاری خۆپیشاندانی لە وێنەی شۆڕشێکی بەرفراوانی هاوڵاتیانی هەردوو بەرەکەی ئەڵمانیا، ئەم دیوارەش لە ساڵی 1989 درزی تێکەوت و تا لە ساڵی 1991 بە تەواوەتی ڕوخێنرا.
ئەگەرچی هۆکارەکانی پشتی هەڵبەستنی دیواری بەرلین لە نێوان بە ناو دوو ئەڵمانیاکە و داواکاری خۆپیشاندەرانی هەردوو بەرەکە بۆ ڕووخاندنی دیوارەکە، زۆر جیاوازە لە هەڵبەستنی زاڵگەی دێگەڵە و خۆپیشاندانی ئەمڕۆی مامۆستایانی سلێمانی و هەولێر، بەڵام هەردووکیان لە وێنەی دوو دیوار بۆ جیاکردنەوەی خزم و خوێش و هاوڵاتیانی یەک جوگرافیا بوو. دیواری بەرلین ڕووخێنراو و خەڵکەکانی هەردوو دیوەکە باوەشیان کردەوە بە یەکدا.
ئەمڕۆش بۆ یەکەم جارە لە دوای ساڵی 1996ەوە کە بەم لێشاوە، هاوڵاتییانی سنوری بەشی باشوری هەریمی کوردستان، ئەم زاڵگەیە ببەزێنن و بپەڕنەوە بۆلای سنوری هاوڵاتیانی بەشی باکوری هەرێمی کوردستان. جێگەی ئاماژەیە کە دەمێکە ئەم دەسەڵاتە یاری له سەر وەتەرێکی هەستاری جیاخوازی ئەکات. یاری کردن بە دەمارێك کە هەرگیز دوژمنان بە سەددان ساڵ نەیانتووانیوە هێندەی 30 ساڵی حوکمڕانی کوردی ئەو دەماری خێڵەکی و دووبەرەکی و جیاخوازییە خوێن بدەن. شاری من و شاری تۆ، ناوچەی من و ناوچەی تۆ، زۆن و زەلکاوی من و زۆن و زەلکاوی تۆ. بۆیە وشەی زەلکاو لە پاڵ زۆن بەکاردێنم چونکە سیاسەتی چەوتی ناوچەگەری ئیدی ئەو ناوچەیە ئەگۆڕێت بۆ ژینگەیەکی نا تەندروست بۆ کۆی خەڵکەکە. چونکە ئیتر تۆ دێی له سەر‌ ئەم بنچینەیە بە خەڵکەکە ئەڵێی یان زەردی یان ناژیت یان سەوزی یان ناژیت. لە سەروبەندی شەڕی ناوخۆوە ئەم سنور و خەڵك لێك جیاکردکردنەوەیە درێژەی هەیە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان. ئەوێ ڕۆژێ بەعس ئاسا لە سەردەمی شەڕی ناوخۆ پرۆسەی تەرحیل کردنی خێزان و بنەماڵە پێشمەرگەی زۆنی ئەولا بۆ لای خۆی و هی ئەملاش بۆ لای خۆی، دەستی پێکرد. هەر ئەم پڕۆسەیەش بوو هەولێری ئاوارەی سلێمانی و سلێمانیشی ئاوارەی هەولێر کرد. ئیتر لێرەوە پرۆسەی یەك ڕەنگ ڕێژکردن و بە یەك حزب کردن و بە یەك ئایدیا و یەك فیکر و…هتدی ۆردنی شارەکان دەستی پێکرد. ئەم سیاسەتی بە یەکانە کردنی شارەکان لە پێناو مانەوەی حزب و لە ناوبردنی یەکپارچەیی خاك و دەسەڵات بوو. ئەوەی ئێوەی حزبی و سیاسییەکان هەمیشە ئەیڵێنەوە، سەرۆکی هیچ لایەك دەسەڵاتی دانانی کارگوزارێکی لاکەی دیکەی نیە، هەر ئەوەیە کە ئێمەش ئەیڵێین. بەڵام وەڵامی پرسیارەکە لای ئێوەیە نەک میللەت، میللەت هەمیشە پرسیوێتی: لە پای چی ئەم لەت و پەتییە، لە کاتێکدا میللەت خۆی یەکە و ناکرێ بە دوو؟
وەکو ئاشکراشە کە ئەوانەی لە خزمەتی ئەم دوو لەت بوونەدان، بەرژەوەندی تەسکی حزبی و بنەماڵەییە و هیچی تر. لەم نێوەندەشدا پارتی بە پلەی نایاب لە پشتی هەڵچنینی وشکە کەڵەکی ئەم زاڵگە و دیواری دێگەڵەیەدایە. کە دەشڵێم وشکە کەڵەک چونکە ئەمڕۆ نا سبەی هەر دەڕووخێت. چونکە دواجار ئەوەی ئەم زاڵگەیە دەڕووخێنێت هەولێر و سلێمانییەکانن پێکەوە.
باوەڕیش ناکەم ئەمەم بە لایەنگری یەکێتی بۆ ئەژمارد بکەن. چونکە ئەمە ڕاستییە و ئەم دوو زۆنە کت و مت لە یەک ناچن. لە زۆنی زەرد نە حزبی ڕاستەقینە، نە میدیای بوێر نە دەنگی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی کاریگەر یان دروست نابێت یان پارتی ناهێڵێت دروست ببێت. بەڵام زۆنی سەوز کاتێک لە قۆناغێکدا دەبێ بە زۆنی سەوز و نیلی و لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشماندا کە بووە بە زۆنی سەوز وپرتەقاڵی گەواهیدەری ئەم ڕاستییەن، کە ئەم دووانە جیاوازن، ئەگەرچی لە زۆر دۆخیشدا شەریکی تاوان و گەندەڵی و هەڵە و پەڵەن. جگە لەمانەش خۆپیشاندان و دەنگی دلێری ڕەخنەگران لە زۆنی سەوز نیشانەی ئەوەی کە یەکێتی نەرمترە، دەنا هیچ گوومانک لە هاوهەڵوێستی و هاوخەمی هەولێرییەکان نیە بۆ کێشەکانی کۆمەڵگای کوردی.
پارتی دەبێ لەوە تێبگات، کە تەنها ئەوە کە ڕێگرە لە بەردەم کاریگەری ڕەشەباکانی گۆڕانکاری لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر، بە بیانووی پاراستنی ئارامی، بەڵام چ ئارامییەک؟ ئارامی شاری هەولێر لە ئارامی نێو خانوویەک دەچێت کە دەرگاو پەنجەرەکانی توند توند داخرابێ لە سەر دانیشتوانەکەی، بە جۆرێک لەو تەنگە نەفەسییەدا بوار بۆ هەناسەیەکی پاک نەماوەتەوە. ئەمە دۆخێکە ئەکرێ چەند ساڵێک بڕ بکات بەڵام دڵنیابن کە تا سەر ئەم دۆخە ناچێتە سەر چونکە ئەو وێنەیەی پارتی شانازی پێوە دەکات لەو پوزڵەیارییە دەچێت کە گرنگترین پارچەی ونە کە ئەویش پارچەی سلێمانیە.
ئەمڕۆ دوای ساڵانێکی زۆر دەیان هەزار خەڵکی سڤیل، فەرمانبەر، مووچەخۆر و مامۆستا، لە نمایشێکی مەدەنی و شارستانییەتی ناوازەدا بۆ یەکەم جار توانییان بگەنە زاڵگەی دێگەڵە، تەلیسمی ئەو ترسە بدڕن. خۆ ئەگەر خۆپیشاندانەکە شارستانی و مەدەنی نەبووایە دەیانتوانی تەخت و پاراجی ئەو زاڵگەیە بهێننە خوارێ. فشاری چەک و ئاوڕشێنی ئەو تەنکەرە ئاوانەی (کە دەبوو لە بەلوعە تینووەکانی هەولێر و گوژاندنەوەی ئاگرەکانی بازاری لەنگە سەرف بکرایە) و ڕشتنی گازی فرمێسک ڕێژ و گرتنی چالاکوان و میدیاکاران کارێکی کرد کە خۆپیشاندانەکە کۆتایی بێ، دەنا دەمێک بووە ئاپورەی خۆپیشاندان دەگەیشتە هەولێر و دەبوونە میوانی ماڵە گەرم و میوان دۆستی هەولێرییان.
ئەمڕۆ بازگەی دێگەڵە بە وێنەی دیواری بەرلین درزی تێکەوت. دیواری بەرلین دوای 27 ساڵ لە هەڵچنینی درزی تێکەوت و دوای 2 لەو درزتێکەوتنەوە بە تەواوی ڕووخێنرا. پارتی ئەبێت بزانێت کە نە هێندەی لایەکی ئەڵمانیا دەسەڵاتی ئەبێ و نە زاڵگەی دێگەڵەش دیوارەکانی هێندەی دیواری بەرلین پتەو دەبێ، ئەمڕۆ درزی تێکەوت، زۆری نەماوە ئەم زاڵگەیەش بڕۆخێ و ببێ بە مێژوویەکی ڕەشی دەسەڵاتی کوردی لە جیاکردنەوەی ڕۆڵەکانی لە یەکتری.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت