گۆران هەڵەبجەیی: دەبێ تێبگەن.
حیزب ئامرازێکە بۆ گەشتن بەدەسەڵات و پاشان خزمەتکردنی خەڵک لەو ڕێگەوە، جاگەر حیزبێک ڕاستگۆبوو لەگەڵ خۆی و بەشێکی گرنگی لەبەرنامە حیزبیەکەی جێبەجێ کرد کە لەدەمی هەڵبژاردندا یاخود وەک درووشمی حیزبەکەی بەرزی کردوونەتەوە، ئەوە حسابی حیزبێکی سەرکەوتوو و خاوەن هەڵوێستی بۆدەکرێت.
ئەمجۆرە سیاسەت و حیزبایەتیە لە وڵاتە مۆدێرن و پێشکەوتوەکاندا بەتایبەتی ئەوانەی ڕەچاوی پرەنسیپە ستاندرو باوەکانی کاری حیزبی دەکەن و ڕێز لە ئەندام و جەماوەری دەنگدەر دەگرن تا ئاستێکی بەرز پەیڕەودەکرێت. لێ لە سیستەمە تۆتالیتارو دواکەوتوەکاندا کارەکان بەجۆرێکی ترن، بەوەی حیزبەکانی دەسەڵات تاکە هەوڵ و تەقەلایان مانەوەیە لەدەسەڵات، ئیدی جێبەجێکردنی بەرنامەی ئینتخابی و بەڵێنی خزمەتکردن فلسێک ناهێنێت و پشتگوێی دەخەن.
گەر یەکێتی و پارتی بەنمونە بهێنمەوە ئەو ڕاستیەمان بۆدەردەکەوێت کە ئەم دووحیزبە لە ماوی [34] ساڵی حکومڕانیاندا لەگەڵ بەردەستبوونی ئەو گشت پارەیە کە لەچەندین سەرچاوەوە دەستیان کەوتووە کەچی نەیانتوانیوە یاخود ڕوونتر بڵێم نەیانویستوە خزمەتی خەڵکی پێبکەن، گەر تاڕادەیەکی کەمیش بێت هەوڵبدەن هاوڵاتیان لەخۆیان ڕازی بکەن.
لەبری ئەوە هەردووحیزب ئیمپراتۆریەتی سامان کۆکردنەوەیان دامەزراند، مافیا ئاسا کەوتنە بەتاڵانبردنی هەرچی سامان و سەرچاوەی ئابووری کوردستان هەیە، لەبەرامبەردا سیاسەت و حیزب و خەڵک و وڵات و بەرژەوەندی نیشتمان، هەموو ئەمانەیان خستە سندوقێکەوەو قفڵێکی گەورەیان لێداو کلیلەکەیان فڕێدایە بەنداوی دوکانەوە.
بەهۆی ئەوەی ئەم دووحیزبە ئامانجیان کۆکردنەوەی پارەیە ،جا لەو پێناوەدا هەموو ڕێگایەکی نایاسایی و ناشەرعی و نائەخلاقی دەگرنەبەر، باگەر دزینی پارووی دەمی منداڵە هەژارەکانیش بێت. بوار نەماوە دزی تێدانەکەن، شوێن نەماوە گەندەڵی تێدا نەکەن،پێگەیەکی ئابووری نەماوە دەستی بۆنەبە، کۆنترۆڵی سەرجەم کایە ئابوریەکانیان کردوە، لەو شوێنانەوە بەردەوام پارەیان بۆدێت و بەمەش خەرمانی پارەدزراوەکان تابێت بەرزتردەبێتەوە.
سەیرلەوەدایە ڕۆژبەڕۆژ تۆڕە ئابووریەکانیان فراوانتر دەبێت بەوەی بەردەوام پێگە و سەرچاوەی نوێ دەدۆزنەوە بۆ دزی و سەندنی باج و سەرانە. دوکاندار هەیە هەشت نۆ جۆر باج دەدات بێ ئەوەی سەری لێدەرکات کە هی چین. کارگەیشتوەتە ئەوەی دەست بۆ تاکە سەرچاوەی بژێوی مووچەخۆران و خانەنشینان ببەن.
ئەوە بۆ چەندین ساڵ دەچێت مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیەکیان بە ڕێک و پێکی وەرنەگرتوە،دەسەڵات چەندین موووچە قەرزداری مووچەخۆرانە. لەکاتی چاوەڕێی وەرگرتنی مووچەدا بەتایبەتی خانەنشینان سوکایەتیان پێدەکرێت لەحەسرەتدا لێیان دەمرێت، کەچی دەسەڵاتداران مێشێک میوانیان نیە. لەهەر وڵاتێکی دیکە ئەوە ڕوویبدایە، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کەرامەتی هاووڵاتیان پارێزارەوە، دەسەڵات و حکومەتی دووچاری قەیرانی ئەخلاقی دەکرد و حکومەتی پێدەڕوخا.
ئەم مافیانە خۆیان کوڕو کوڕەزاکانیان شاهانەدەژین وخاوەنی ملیارات دۆلارن،کەچی پێیان قەلسە و سەختە بۆیان گەر مووچەخۆران داوای مافی خۆیان بکەن .هیچ باکیان بەژیانی سەختی خەڵک نیە کە بە چ کوولەمەرگیەک دەژی. لە بەدبەختیدا خەڵکی باشوور ڕووبەڕووی دووحیزبی ویژدان مردوو بوونەتەوە کە ژیانی خەڵک لەوە سەختتریش بێت باکیان پێ نیە و هەرگیز کێشەی ئەوان نەبووەو ونیە..
لەم ڕوانگەوە گەشتوومەتە ئەو قەناعەتەی گەر هەموو مامۆستایانی مانگرتوو گیان لەدەست بدەن، سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی بە خەیاڵیاندا نایەت ،چونکە ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگە بەردەوامی ماشێنی پەیداکردنی پارەیە لەکارکردن.
یەکێتی و پارتی لەمێژە لە وەهم و خەیاڵدا دەژین، وا تێگەشتوون تاستەم وچەسانەوە و برسیکردن و ناعەدالەتی لەسەر خەڵک زیاتر بێت، ئەوان باشتر و زیاتتر پێگەی خۆیان بەهێزتر دەکەن. بەڵام دەبێ تێبگەن هەر ئەم وهمە دەبێتە لاوازبوون و لەدەستدانی دەسەڵاتیان. دەبێ تێبگەن پارێزگاری لە دەسەڵات بە چەکداری دەمامکدارو شەقووەشێن و کەسانی مشەخۆرو بندیوارو هیچ و پووچ و ستەمکاری ناکرێت. لەوە دڵنیام دوور یا نزیک، ئیمڕۆ یا سبەی خەڵکی کوردستان لەوە زیاتر ستەمکاریتان قەبوڵناکەن،دەبێ تێبگەن کە ڕۆژێک دێت دەکەونە بەر نەفرەت و بێزاری خەڵک. دەبێ تێبگەن کە تووڕەیی خەڵک لە شکاندنی[ قەڵای دێگەڵە] و ڕێکردن بەرەو هەولێر لەلایەن هەودارانی مانگرتوانەوە بەرجەستەبوو کە ئاماژەیە بۆ هێزی جەماوەرو شکستی هێزی پارتی.