ڕێباز فاروق گڕاوی: بۆچی خۆپێشاندان لە هەولێر ناکرێت؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆ ووڵامی ئەم پرسیارە چەند ڕایەک هەیە بەشێک پێی وایە؛
سایکۆلۆژی و جوگرافیای هەولێر جیاوازە بەراورد بەسلێمانی، بەرزی و نزمی خاک وایکردوە خەڵکەکەی خۆی پێ باڵاتربێت لە خەڵکی هەولێر کە لە دەشتایین، زۆری دانیشتوان و تێکەڵەی نەتەوە و جیاوازی ئاینی وایکردوە خەڵکی هەولێر کۆنەبنەوە و کپ و گڕبێت.” بەڵام بەغداد شارێکی فراوانتر و مەزهەبی جیاواز و دەشتە وەک هەولێر کەچی خۆپێشاندانی بەهێز و کاریگەری تێدا دەکرێت، بەپێچەوانەوە دهۆک هەڵکەوتەی جوگرافی و بەرز و نزمی خاکی وەک سلێمانیە، کەچی ئازادی ڕادەربڕین تەنگە نەفەسە و خۆپێشاندانی تێدا ناکرێت، بۆیە ئەم بۆچون و خۆێندنەوەیە لۆژێکێکی ڕێژەیی لاوازی هەیە.
بەشێکی تر دەڵێن؛ “خەڵکەکەی دەترسن و ئازایی ئەوەیان نیە داوای مافەکانیان بکەن!”
دەسەڵاتی شارەکەش پێی وایە؛ “ئارامی و ئاسایشی شار لای هەولێرییەکان گرنگە و نایانەوێت گرژی و ئاڵۆزی دروست کەن! گوایە ئەم شارە و خەڵکەکەی لە هیچی کەم نیە ئاوەدانی و دەرفەتی کار و … تاد. ئەم ڕستانە بۆتە بنێشتی سەر زاری بەرپرسان و ساڵانێکە دەیجون و لێی بێزار نابن.
پێش ئەوەی لە بارەی ترسی خەڵکەوە بدوێین “دەسەڵاتدارانی شار بە زمان و حاڵی خۆیان پێیان وایە ئازادی و داواکاری خەڵک لە فۆڕمی خۆپێشاندان و مافە مەدەنیەکان گرژی و ئاڵۆزیە” ، بەگشتی لە دونیادا دوو شێواز ئاسایش و ئارامی باڵ دەکێشێت بەسەر خەڵک، یەکێکیان لە سایەیی سەروەری یاسا و بەرقراری دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و فەراهەمکردنی ماف و بەها ڕەوشتیە مرۆییەکانە.
شێوازێکیتری ئاسایش و بێدەنگی هەیە کە بە ترس و تۆقین و گرتن و گرتنەبەری هەموو ڕێکارەکانی داپلۆسینی جەماوەر خۆی دەسەپێنێت.
ئەم شێوازە زیاتر لە هەولێر پەیڕەو دەکرێت، هەناسەیەکی تەندروست نیە بۆ ئازادی ڕادەربڕین و داوای ماف و گردبوونەوە و خۆپێشاندان، وەک ئەوەی لە دەستور و یاساکانی شار ئاماژەی پێکرابێت، دەتوانین بڵێین “خەڵک بە بارمتە گیراوە لە لایەن حزبێکی هەواڵگری” ، لە هەموو کۆمەڵگایەک پێش ئەوەی خەڵکی ئاسایی خۆپێشاندان بکات، نوخبەی کۆمەڵگا پێشیان دەکەوێت و دەسپێشخەر دەبێت. بەڵام ئایا نوخبەی هەولێرییە ڕەسەنەکان کوان؟
شار زیندانێکە پڕ بە دەشت و چیاو کۆڵان بەکۆڵانی، هەموو ژیان و دیاردە و ڕۆژانەی خەڵک نمونەی ڕوونن وەک؛ دەسگیرکردنی چالاکوانان و مامۆستایان و دروسکردنی کەیسی یاسایی بۆ ڕۆژنامەنوسان و توندکردنی مامۆستایانی ئاینی لە زیندان بە بیانوی جیاواز ، وەهەروەها فشار خستنە سەر کاسب کاران بەشێوازی جۆراوجۆر و… تاد.
ڕۆژانە چیرۆکی زیندانیە نهێنیەکان و قوربانیەکان لەسەر زاری خەڵکی ئەم شارەیە، دیاردەی سەیری شارەکەمان لە هیچ شارێکی کوردستان ناچێت، سوتانی بازاڕەکان و کۆگاکان و ڕیشی مامۆستای ئاینی، ئەتک کردنی پێشمەرگە و پارێزەری یاسای و هونەرمەند و… تاد.
کەواتە خەڵک نابێت ناڕەزایی دەربڕێت و ئامادەیی تێدابێت بۆ خۆپێشاندان، ئەگەر نیەتێکی خۆپێشاندان هەبێت پێشوەختە سەرکوت دەکرێت.
بەڵێ خەڵک دەترسێت لە سەر و ماڵی، لە دەسەڵاتێک کڵبە و چرنوکی ئامادەیە بۆ پەلاماردان.
لەم دۆخەدا پێویستە کۆسپە گەورەکانی بەردەم دیموکراسیەت بشکێنرێت، نینۆکی ئەم دەسەڵاتە بکرێت بۆ ئەوەی هۆشی نەرم و نیانی و گوێ گرتنی هەبێت، خۆپێشاندان و ناڕەزایی دەربڕین لە کەشێکی ئازادی ڕەها و دیموکراسیانە نەبێت ناکرێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت