نادر عەبدولحەمید: چەند خاڵێک سەبارەت بە ئاڵوگۆڕەکانی سوریا.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
ئەوەی ڕوویدا لە سوریا، بە پێشڕەوییە سەربازییەکانی (دەستەی ڕزگاری شام) و ڕووخانی خێرای ڕژێمی (بەشار ئەسەد) لە 8. 12. 2024دا، ئاکامی پڕۆسەیەکی مێژوویی لانی کەمی سێ دەیەی ڕابردووە ( 1990 – 2024 ) کە ئەم وڵاتە و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیا تێپەڕیوە.
ئەم پڕۆسەیە دوو ڕەوندی ناوخۆیی و دەرەکی؛ جیهانی و ناوچەیی تیایدا بەشدارن.
کۆنتڕۆڵی دەوڵەت بەسەر ئابووری ئەم وڵاتە و لەژێر ناوی سۆشیالیزمی عەرەبی (بەعسی)دا، لە میانەی سێ دەیەی ساڵانی شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی بیست، ژێرخانی ئابووری سەرمایەداری ئەم وڵاتەی پەرەپێدا و ئەم سەرمایەدارییە دەوڵەتییە گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی تا ئەوەی لە دەیەی نەوەتەکاندا، پڕۆسەی ڕادەستکردنی کەرتی گشتی بۆ دەستی کەرتی تایبەت دەستی پێکرد.
هەرچەندە لە دەیەکانی ڕابردوو کەرتی تایبەت هاوکاری و دەستگرۆیی کرابوو لەلایەن دەوڵەتەوە، بەڵام ئەوەی کە لە دەیەی نەوەتەکانی سەدەی بیستەوە لەسەر دەمی (حافز ئەسەد) وەڕێخرا و پاشان لە سەرەتای هەزارەی دووەمەوە لەسەر دەستی کوڕەکەی (بەشار ئەسەد) گوڕێکی خێرای پێدرا پڕۆسەی گواستنەوەی کەرتی گشتی بۆ کەرتی تایبەت و شیفتی سەرمایەداری دەوڵەتی بوو بۆ سەرمایەداری نیولیبرالیزم.
داڕمانی بلۆکی ڕۆژهەڵات، بلۆکی سەرمایەداری دەوڵەتی سۆڤیەت لەبەرامبەر بلۆکی ڕۆژاوای سەرمایەداری بازاڕی ئازاد و نیولیبرالیزمدا، گوڕ و خێرایی بەخشی بەم پڕۆسەیەی شیفتی سەرمایەداری دەوڵەتی بۆ سەرمایەداری نیولیبرالیزم لە هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەوانە: لە تورکیا، میسر، عێراق و سوریەدا کە مۆدێلی سەرمایەداری دەوڵەتییان پیادە کردبوو.
تا ئەو شوێنەی کە پەیوەستە بە سوریاوە، ئاکامە کۆمەڵایەتیـیەکانی پیادەکردنی ئەم سیاسەتە ئابوورییەی نیولیبرالیزم لە ماوەی دوو دەیە (٢٠ ساڵ)دا، واتا لە دەیەی نەوەتەکانی سەدەی بیستەوە تا دەیەی یەکەمی دوو هەزارەکان (١٩٩٠-٢٠١٠) بووە هۆی هەڵتۆقینی جۆرەها کۆمپانیا و پڕۆژەی ئابووری و قۆرخکردنی بازاڕ و بازرگانی لەلایەن سەرمایەداران و بازرگانانێک کە نزیک لە ئەڵقەی دەسەڵات و بنەماڵەی ئەسەد بوون و لەبەرامبەریشدا هەژاری و بێکاری و پەراوێزنشینی جەماوەری زەحمەتکێش لە دەوروبەری شارەگەورەکان و گەڕەکە فەقیر نشینەکاندا پەرەیان سەند.
بەم شێوەیە کۆمەڵگە هەرچی زیاتر بەرەو قوتبی بوونەوەی چینایەتی چوو، لایەک کەمایەتییەکی خاوەن سەروەت و سامان و قۆرخکاری بازار و قوتی جەماوەر کە دەسەڵاتی سیاسی بەپشتیانەوەیە، لایەکیش جەماوەرێکی بەرین لە کرێکار و زەحمەتکێش و توێژگەلێکی فەقیر و بێدەرەتان لە کۆمەڵگەدا، کە بۆ هەر بێزاری و ناڕەزایەتییەک کە لەو ژیانەی هەیانە دەبوونە جێگەی چاودێری و بەدواداچوونی دەزگاکانی ئاسایش و پیاوانی ڕژێم و تەنگپێهەڵچنینان و ڕاوەدوونان و گرتن و شکەنجەیان.
ئەوەش لەیاد نەکەین کە ئیستیبدادی دەوڵەتی و دامودەزگای سەرکوتگەر هەر جۆرە نەفەسێکی ئازادانەی فکری و سیاسی و ڕێکخراوەیی لە هاوڵاتیان بڕیبوو. لێرەوە زەمینە خۆش بوو تا ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی و چینایەتی تێکەڵ بە ناڕەزایەتی فکری و سیاسی ڕۆشنبیران و ڕەوتە فکری و سیاسییەکان ببێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە (بەرەی نیشتیمانی پێشکەوتووخواز) کە حزبی بەعس لە سوریا دامەزرێنەری بووە لە (١٩٧٢) و ڕابەرایەتی دەکرد تا هەڵوەشانەوەی لە (٢٩-١-٢٠٢٥) دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، ئەم بەرەیە لە دە (١٠) حزب و دوو یەکێتی سەندیکای کرێکاران و جوتیاران پێکهاتبوو، کە ناوی زووربەی حزبەکانیش وشەی سۆشیالیستی یا کۆمۆنیستی تێدابوو. ئەم بەرەیە لە ڕووکەشدا دیموکراسیەتی فرە حزبی نیشان دەدا، بەڵام لە ناوەڕۆکدا بۆ شەرعییەتدان بوو بە دەسەڵاتی ئیستیبدادی دەوڵەت کە ناسیونالیزمێکی سێکیولار ئەگەر بە ڕواڵەتیش بێت دژە ئیمپریالی و زایۆنیستی بوو.
جابۆیە سەیر نییە ئەو ڕەوتە سیاسیانەی کە بوونە ئۆپۆزیسیۆن و دژ بەو جۆرە لە پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی بوون لە سوریا بریتی بوون لە ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی کە دژە سێکیولار و دژە سۆشیالیست و دژە کۆمۆنیست و دژە ئازادی ژن و هەرجۆرە پێشکەوتووخوازییەک بوون و توانیان ببنە ڕەوتی زاڵی فکری و سیاسی بەسەر ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی جەماوەردا، هەر بۆیەش کاتێک لەگەڵ شۆڕشەکانی باکوری ئەفریقیا، جەماوەری زەحمەتکێش و ئازادیخواز لە سوریا لە (٢٠١١) دەستیان کرد بە جموجوڵێکی شۆڕشگێرانە و لە چەند شارێک ڕاپەڕین، بە خێرایی لە لایەن ئەو ڕەوتانەوە قۆزرایەوە و کرا بە جەنگێکی کۆنەپەرستانەی خوێناوی و ماڵوێرانکەر لە سوریا، کە ئەو وڵاتەی کردە مەیدانێک بۆ کێشمەکێشی جیۆپۆلتیکی نێوان زلهێزە ئیمپریالیستە جیهانی و ناوچەییەکانی وەک وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژاوا و ڕووسیا و جمهوری ئیسلامی ئێران و تورکیا و سعودیە و وڵاتانی کەنداو و بەناڕاستەوخۆش چین.
ئاکامی جەنگی ناوخۆ و کێشمەکێشی جیۆپۆلیتی زلهێزە جیهانی و ناوچەییەکان لە ئازاری (٢٠١١) وە تا دێسمبەری (٢٠٢٤) بووە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و بەدەسەڵات گەیشتنی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی بە پشتیوانی دەوڵەتی تورکیا و موبارەکبادی وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژاوا و دۆڕانی زلهێزەکانی وەک ڕووسیا و ئێران.
شایەنی باسە کە میدیاکانی بورژوا لیبراڵی ئیمپریالیستی و بورژوا کۆنەپەرستی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئۆپۆزسیۆن و دەوڵەتیـیانەوە، تەنها ڕواڵەتی ئیستبداد و نەبوونی دیموکراسی سیاسی و سەرکورتی ڕژێمی سوریا و دەستێوەردانی دەرەکیی بەرجەستەدەکەنەوە، وەک ئەوەی کە کێشەکە تەنها لەنێوان ئیستیبدادی سیاسی ڕژێمێک بە ستەمی میللی و تائیفییەوە لەبەرامبەر جەماوەری ناڕازی بە خواستی دیموکراسیدا بێت! وە ئاگاهانە پەردەپۆشی سیستمی ئابووری و ناکۆکیـیە کۆمەڵایەتیـیەکان و چەوسانەوەی چینایەتی دەکەن لە باسکردنیاندا بۆ ئاڵوگۆڕ و ڕووداوەکانی ئەو وڵاتە.
خاڵێکی گرینگ کە پێویستە لێرەدا ئاماژەی پێ بکەین، ئەوەیە کە تێکشکانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی شۆرشگێرانەی جەماوەری سوریا و باڵادەستی ڕەوتە دژە شۆڕشییەکانی ئیسلامی سیاسی، ئەو زەمینەی لەباربرد کە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ئازادیخوازی ناوچە کورد نشینەکان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، واتا لە کوردستانی سوریا یا ئەوەی کە ناسراوە بە (ڕۆژاڤا) و هەروەها جەماوەری کرێکار زەحمەتکێش و ئازادیخوازی ئەو ناوچانەی کە تائیفەی (درووز) تێیدا نیشتەجێن لە خوارووی ئەو وڵاتە، ببنە بەشێک لە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی سەراسەری شۆڕشگێڕانە دژ بە دەسەڵاتی ناوەندی و چارەنوسیان پەیوەست بێت بە چارەنوسی جەماوەری شۆڕشگێڕ و ڕاپەیوو لەسەراسەری وڵاتەکەدا.
لێرەوە لەبارودۆخی لاوازبوونی دەسەڵاتی ناوەند و لە غیابی شکڵگیری ئەو بزووتنەوە سەراسەریـیەدا و لەترسی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی بەگشتی و بەتایبەتیش ڕەوتە فاشیستەکانی چەشنی (داعش)ی، هێزە ڕێکخراوە سیاسیـیەکانی ئەو لۆکاڵانە؛ چ سەر بە ڕەوتی چەپی بۆرژوا-ناسیونالیستی کوردی (پەیەدە) وەیا بۆرژوا-تائیفی دورزی (حزب اللواء السوري) توانیان جەماوەر لەو ناوچانە ڕێکخراو بکەن هێزی چەکدار و میلیشیا دروست بکەن بۆ بەرگری ئەو ناوچانە و ڕێگرتن لەوەی بکەونە دەستی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی و قەوارەی سیاسی-ئیداری خۆشیان (ئیدارەی خۆسەری ڕۆژاڤا) و ئیدارەی ناوچەکانی دروزنشین لە خواری سوریا شکڵ پێبدەن، لەبەرامبەر دژە شۆڕشی ڕەوتە میلیشیاییەکانی ئیسلامی سیاسی و لەبەرامبەر دەوڵەتی مەرکەزی (بەشار ئەسەد) و ئێستای (ئەحمەد شەرع)دا.
دیارە ئەم دوو هێزە لۆکاڵییە لە سوریا هەم لە ناوەڕۆکی فکری و سیاسیاندا و هەم لە شێوازی بەڕێوەبردنی ناوچەکانیاندا زۆر لێک جیاوازن و باسەکەی ئێمە لێرەدا ناچێتە ئەو بوارەوە. ئەوەی جێگە مەبەستمانە ئاماژەی پێ بدەین، ئەوەیە کە هەردوو ئەم ڕەوتە بەحوکمی ناوەڕۆکی چینایەتی و پێکهاتەی سیاسی قەومی و سیاسی تائیفییان، ئەو هێزە نەبوون و ناشتوانن ببن بە بەشێکی ئۆڕگانیک لە بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی سەراسەری وڵاتەکە. لێرەوە چارەنوسی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ئازادیخوازی کوردستانی سوریا و ناوچە دروزنشینەکان پەیوەستەبووە بە سەوداومامەڵەی هەردوو ڕەوتی بۆرژوا ناسیونالیستی چەپی کورد و بۆرژوا تائیفی دروز لەگەڵ دەسەڵاتی تازە هاتووەسەرکاری سوریا.
لە کۆتاییشدا ئەوە بڵێین کە پڕۆسەی دەستێوەردانی زلهێزە ئیمپریالیستەکانی جیهان و ناوچەکە بە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد دەروازەیەکی بەرفراوانتری بۆ کراوەتەوە، ئەمەش واتا لە کێشمەکێشە جیۆپۆلیتیکەکاندا هێزە ئیمپیریالسیتەکانی ڕۆژاوا بەتایبەت ئەمریکا و فەڕەنسا، وە زلهێزی ناوچەیییەکان بۆ هێنانەدی بەرژەوەندییەکانیان پێویستیان بە هاوکاری ئەم هێزە لۆکاڵی و ئەم قەوارە سیاسیانە هەیە جا چ کاتی بێت یان ستڕاتیژی، بەم پێیە مانەوەی ئەم هێزانە و مانەوەی قەوارە سیاسی و ئیدارییەکانیان بەشێکە لە کێشمەکێشێکی بەرفراوانتری ئیقلیمی و جیهانی و پەیوەستیشە بە سەقامگیری بارودۆخی دەسەڵاتی سیاسی ناوەندەوە.
ئەوەی لەو نێوەدا لە کێشمەکێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی سوریادا بزرە هێزی ڕێکخراوی کۆمۆنیزم و کارگەرە، کە لە فرسەتێکی تردا دێینەسەری.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە