نەوزاد بەندی: شاری چۆڵ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە سلێمانی، ئەچیتە هاوینە هەواری دوکان و سیتەک و قەڵاچوالان و کانی سارد و مێرگە پان و قەرەداغ و ڕێی هاوینە هەواری دوکان و هەزار مێرد و گەلێ شوێنی تر، بە نرخی ملیارەها دۆلار ڤێلا و باخی چۆڵ و بێدەنگ ئەبینی. هەروەها لە شەقڵاوە و پیرمام و ڕێگای هاوینەهەوارەکانی تر، ملیارەها دۆلار ڤێلا و باخی چۆڵ و خەمگین ئەبینی. لە بەرامبەردا سەدان هەزار هاووڵاتیی بێ ماڵ و بێ پاره و بێ کار. لە بەرامبەردا دەیان هەزار گەنجی هەڵگری بڕوانامەی بەرز، کە دانەمەزراون و ..وەک سزادراو بێ کار و بێ پارە و بێ ماڵ و خێزان ، ئەسوڕێنەوە و ژیانیان لە بازنەیەکی داخراوی تاریک و نوتەک و،بێ هیوادا بەسەر ئەچێت ..تاوانیان ئەوەیە کە درەنگ لە دایک بوون و فریای دابەشکردنی زەوی و ئاسمانی کوردستان نەکەوتوون و .. مایه پوچ ماونەتەوە .. ئەرێ بەڕاست پێویست ناکات چاوێ بە مرۆڤبوون و .. بە ئایینداریی خۆماندا بخشێنینەوە ؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە خۆپەرستیی و بۆخۆژیانیی خۆمان بخەینە ژێر پرسیارەوە و ..پەنجەیەکی هەڕەشە لە ڕووی خۆماندا ڕاوەشێنین و .. کانیاو و کارێزە ووشکهەڵاتووەکانی فرمێسک و سۆز و عاتیفەی خۆمان هەڵگێڕینەوە و بۆ چەند دڵۆپە فرمێسکێک بگەڕێین؟ ئایا وەختی ئەوە نییە مەردایەتیی و غیرەت و کەسایەتیی خۆمان پەلکێشی دادگای ویژدان بکەین و . . بە چەندەها سزای قورس خۆمان سزا بدەین؟
من ناڵێم ئازادی تاکە کەس زنجیر و کۆت و بەند بکرێ، بەڵام ئەگەر ئەو هەموو ملیار دۆلارەی کە بە بێ سوود لەو دەشت و دەرە فڕێ دراون و .. وەک خانووی تارمایی و ترسناک بەجێهێڵراون، ئەگەر ئەو پارە زۆرەمان بکردایە بە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی هەرزان و .. بەسەر کرێچی و گەنجە خێرلەخۆنەدیوەکاندا دابەشمان بکردنایە لە بەرامبەر کرێیەکی کەمدا، باشتر نەبوو؟
ئایا ئەگەر ئەو هەموو پارە و ماڵ و سامانە بە هەدەر دراوانەمان، بکردایە بە کارگە و فرۆشگا و کارخانەی بچووک و پڕۆژەی وەبەرهێنان و .. سەدان هەزار لاوی هەناسەساردی میللەتەکەمان بخستایەتە کار و .. داهاتوویەکی جوانمان بۆ دروست بکردنایە، جوانتر و بەسوودتر نەدەبوو ؟ هەم بۆ خۆمان و هەم بۆ ئەوان و هەم بۆ ئارامیی و تەواوکاریی نەتەوایەتیی و پێشکەوتن؟
ووڵاتێکی وەک چین، بەو پارانەی ئێمە کردوومانن بە ڤێلا و باخی چۆڵ و ترسناک، سەدان و هەزاران کارخانە بنیات نراون و .. هەموو جیهانیان پڕ کردووە لە بەرهەم و هەزاران ئەوەندەی ئەو پارانەیان قازانج کردووە..
شایانی باسە هەڵتۆقینی ئەم ڤێلا و باخ و کۆشکە چۆڵ و ترسناکانە ، یەکێکە لە دەرهاویشتەکانی جیهانی سەرمایەداریی ، کە جێگای ئێرەیی و ڕق و تووڕەیی هەژارەکانە و.. کۆت و پێوەنێکی قورسیشە لە گەردنی دەوڵەمەندەکاندا کە نازانن چی لەو هەموو دەسکەوتە بێ سوود و بێ خێر و بێ داهاتانە بکەن .. ساڵان دێن و ساڵان ئەڕۆن ، ڤێلا و باخە چۆڵ و بەجێهێڵراوەکان قەوزە و شێ و تەپ و تۆز دایانئەپۆشێ و ڕەنگەکانیان کاڵ ئەبنەوە و مۆدێلەکانیان بەسەر ئەچن و ئەپڕۆتکێن .. درز ئەبەن و ..گەچەکانیان ئەکەوێتە خوارێ ..وەک بڵێی ماڵ وسامانێکن لە دەرەوەی پێویستی خۆیان و لە ڕێی هیچدا دروستکراون و جێهێڵراون.
شایانی باسە دەوڵەمەندێک ئەناسم ، ئەیووت من جل و پێویستییە زیادەکانم ئەدڕێنم و ئەشکێنم و ئەسوتێنم بۆ ئەوەی هیچ کەسێک سوودیان لێ نەبینێت ..ئەمە ئەو هەستە ترسناکەی جیهانی سەرمایەدارییە کە وا ئەزانێت پارە و داهاتێک قۆرخی کردووە ، هی هەوڵ و ماندوو بوونی خۆیەتی و ئامادە نییە بیبەخشێت بە خەڵکێکی تر کە ئەو هەوڵ و ماندووبوونەوەی پێوە نەکێشاوە .. هەر لەم چەند ڕۆژەی ڕابوردوودا کە دۆناڵد تڕەمپ یارمەتییەکانی لە ووڵاتە هەژارەکان بڕی ، بڕیاری دا سەدان ملیۆن تەن خواردەمەنی لەناو ببات، لە کاتێکدا ملیۆنەها مرۆڤ له ئەفەریقیا و ئەمەریکای لاتین و هیند و یەمەن بە دەست برسێتییەوە ئەناڵێنن و ..ڕێژەیەکی دیار له مناڵان له برساندا ئەمرن.
ووڵاتێکی سەرمایەداری وەک فەڕەنسا کە خۆی بە خاوەنی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ ئەزانێ ، سەدان ڤێلا و کۆشکی چۆڵ لە پاریس و ستراسبۆرگ و شارە گەورەکانی تردا بە چۆڵکراویی بەجێهێڵراون ، لە کاتێکدا لەو ووڵاتەدا کێشەیەکی گەورەی نیشتەجێبوون هەیه ، کار گەیشتۆتە ئەوەی ساڵانە چەندین حاڵەتی چوونە ناو ئەو ڤێلا چۆڵانە هەیه ، خەڵکێک لە بێ دڵدەییدا دزە ئەکەنە ئەو کۆشکە چۆڵانەوە، بۆ ئەوەی هەتا پۆلیس پێیان ئەزانێ و دەریانئەپەڕێنێ و ڕوو بە ڕووی یاسایان ئەکاتەوە ،چەند ڕۆژ و هەفتە و مانگێک ،وەک مرۆڤ بژین.!
بە داخەوە.
لە هەمان کاتدا لە جێی خۆیایەتی ئەگەر باسی هەندێ کەسایەتیی مرۆڤ و لە خۆبوردوو و خۆنەویستی وەک خوالێخۆشبوو عەلی کەمال و کەریمی عەلەکە له سلێمانی بکەین ، کە لەگەڵ ئەوەی دەوڵەمەند بوون ، هەرگیز خۆیان بە خاوەنی ئەو ماڵ و موڵکە نەزانیوە و .. هەمیشە خەریکی بە دەمەوەچوونی هەژارانەوە بوون و بە هەموو جۆرێک خزمەتیان کردوون .. کار گەیشتە ئەوەی عەلی کەمال، بێجگە لە یارمەتیی دارایی هەژاران و دروستکردنی چەندەها بنکەی تەندروستی و مزگەوت له سلێمانی و شارەکانی تری عێراقدا ، چەندین گەڕەک خانووی لەسەر کرێنشینەکانی تاپۆ کرد.. چەند جێی شانازییە ، ئێستا دڵنیام هەمووتان بەم ووشانەی کۆتایی ووتارەکە ، شنەبایەکی شانازیی و ئارامیی بە دڵ و دەروونتاندا دێت.. لەناخەوە هیوادار بوون ئێوەیش وەک ئەو بوونایه .. نووسەری گەورەی ڕوس و جیهان لیڤ تۆڵستۆیتان بیر کەوتەوە کە هەموو زەوی ماڵەکانی بەسەر جوتیارەکانیدا دابەش کرد و خۆیشی کۆشکەکانی بەجێهێشت و وەک جوتیارێک چووە ناو کێڵگەکانەوە و دەستیکرد به جوتیاریی و کارکردن.
شایانی باسه، هەرچەندە پەیوەندیی بە بابەتەکەمانەوە نییە ، کاتێ تۆڵستۆی بڕیاری دا کۆشک بەجێبهێڵێت و بڕواتە ناو جوتیارانەوە و وەک ئەوان بژی و بمرێ، لەو هەزاران کتێبەی کتێبخانەکەی تەنها یەک کتێبی لەگەڵ خۆی برد ، کتێبی برایانی کارامازۆفی تیۆدۆر دەیستۆیڤسکی .. ووتی : لەو تەمەنەی ماومە، وەک کتێب تەنها برایانی کارامازۆفم بەسه.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت