ئامانج نەقشبەندی: شێخی نەمری ئێمە و ئۆلیڤەر کرۆموێلەکانی ئەوان و بەراوردێک.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گەڕانەوە بۆ لاپەڕەکانی مێژو و نووسین قسەکردن لەسەر سیمبولی نەتەوەیی و کارەکتەری سیاسی و نیشتیمانی و ئاینی کۆمەڵایەتیەکان لێپرسراوێتیەکی یەکجار گەورەیە ، بەر لە هەموو شتێک و وەک سەرەتا پێش هەر جۆرە هەڵوێست وەرگرتن و سەنگەر گرتنێک بە ئەرێنی یاخود نەرێنی پێویستی بە گەڕان و دیراسەی وورد هەیە لە بارودۆخی ناوخۆیی و دەرەکی ئەو سەردەم و قۆناغە مێژووییە لە هەموو ڕوویەکەوە نەک بڕیاردان سەبارەت بەو ڕووداو و کەسایەتی و هەڵوێستیان بە پێی واقیع و هەلومەرج و دونیا بینی ئەمڕۆ . جێگەی داخە کە گەلێک لە نووسین و ڕاو بۆچوونی ڕۆشنبیران و نووسەرانی ئەمڕۆی ئەم گەلە قسە لەسەر ڕووداوێکی مێژوویی یاخود کەسایەتی و کارەکتەرێک دەکەن و ڕەخنە و کەم و کورتی ڕیز دەکەن ، تا دەگاتە تەخوین و ناشرین کردنی هەندێک کەسایەتی نەتەوەیی تا دەگاتە ئاینییش ، لە مێژووی دوێنێی دوور و هاچەرخیش دا نموونە زۆرن بۆ جۆرەها بۆچوون و هەڵوێست و مامەڵەی نادروست و دوور لە لۆژیک بەرامبەر بەو جۆرە سیمبول و کارەکتەرانە ، بێگومان سەرکردەی ناوداری کوردی موسوڵمان (صلاح الدینی ئەیوبی ١١٣٨ـ ١١٩٣ ز) یەکێکە لەو نموونانە … جێگەی سەرسوڕمانە کە سەرکردەیەک کە لە هەشت سەدە بەر لە ئێستا ژیاوە و لە مێژووی ئیسلام و مرۆڤایەتیدا ناوی بە پیتی ئاڵتون نوسرابێت .. ئێمەی کورد دێین و دەیخەینە قەفەسی تۆمەتبار کردن بیانوەکەشمان ئەوە بێت کە هیچی بۆ کورد نەکردووە ؟! بەبێ ئەوەی بیر بکەینەوە کە لە سەردەمی ئەو سەرکردەیەو ململانێ لە نێوان سوپای موسوڵمانان و سوپاگەلی ڕۆژئاوای مەسیحیدا جەنگ و ململانێکان مۆرکێکی ئاینیی وەرگرتووە ، نەک لەو سەردەمەدا بەڵکو دوای چەند دەیەکیش دوای ئەو جەنگانە بیری نەتەوەیی دێتە ئاراوە …
جێگەی داخە کە هەمان ناهەقی بەرامبەر کەسایەتیەکی ناودار و سیمبولێکی دڵسۆزیی و قوربانیدان و خەبات و تێکۆشان و نەفی و زیندان و دەربەدەری کە خودی خۆی و بنەماڵە و باپیرانی جێگەی شانازی میللەتێکن ، ئەویش خودالێخۆش بوو (شێخ محمودی حەفید) مەلیکی کوردستانە کە بەهەمان شێوە هەندێک جار لێرە و لەوێ سەنگەری لێ دەگرن و دەیان ڕەخنە و تۆمەتی نابەجێی ئاراستە دەکەن ، دەبێت ئەوەش لە بیر نەکەین کە بەڵێ کەم کورتی بەجێی خۆی و بە هەند وەرنەگرتنی پێوانەی ئاڵنگاریەکان بە جێی خۆی ئەگەر هەڵەش هەبوبێت ئەوا تەنها ئەوە دەڵێین کە (جل من لا یسهو) ، بەڵام ئەگەر بە کەمێک ئینساف و ویژدانەوە پێش ئەوەی دەست بەرین بۆ پێنوس کەمێک بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی شێخ محمودی حەفید بۆ ساتێکیش گومان لە دڵسۆزی ئەو زاتە
ناکرێت بۆ دۆزی میللەتەکەی .. بەتایبەت ئەگەر خوێندنەوەی وورد و لۆژیکی و تێڕوانینێکی گشتگیر بکەین بۆ مێژووی داگیرکەرێکی وەک بریتانیا ئەو ئیمڕاتۆریەتەی وەک دەوترێت خۆر لە ئاڵاکەی ئاوا نەدەبوو ، ئەو ووڵاتەی لە پێناو هەژموون و بەرژەوەندی خۆیدا هیچکات و ساتێک پابەند نەبووە و نییە و نابێت بە هیچ ڕێکەوتن و پەیمان و ئیمزایەکەوە نەک لە کوردستان و لەگەڵ شێخی نەمر بەڵکو بە درێژایی مێژووی خۆی لە ڕۆژهەڵاتەوە تا ڕۆژاوا…
لە دەسپێک و سەرەتایی نووسینی ئەم بابەتەوە و ناوهێنانی خوداڵێخۆش بوو (شێخ محمودی حەفید) نەوەی حەزرەتی کاک ئەحمەدی شێخ و بیرکردنەوە لە هەندێک هەڵوێست و گفتاری نەرێنی هەندێک لە نووسەران و ڕۆشنبیرانی کورد ، ڕاستەوخۆ (ئۆلیڤەر کرۆموێل)م کەوتە یاد … کرۆموێل (١٥٩٩ـ ١٦٥٨ ز) ئەو سەرکردە سەربازی و سیاسەتمەدارەی ئینگلیز کە کودەتای سەربازی ئەنجامدا لەو وڵاتەدا و سیستمی حوکمڕانی لە پادشاییەوە کردە کۆماری و پاشا (چارلسی یەکەم) ی لە سێدارە دا لە ساڵی ١٦٤٩ دا … لە مێژوو دا گەلێک لە نووسەران و نەیارەکانی کرۆموێل بە دیکتاتۆر وەسفی دەکەن کە ئەمەش تاڕادەیەکی زۆر بۆچونێکی واقیعیانەی حاشا هەڵنەگرە کە سەردەمی حوکمڕانیی ئۆلیڤەر کرۆموێڵ بە تاریکترین سەردەم دادەنرێت لە مێژووی بریتانیادا …
بەڵام سەرباری ئەو تاوان و جەنگ و نەهامەتیانەی کە لەسایەی ئەو دا ئەنجامدرا ئەو میللەتە بە جۆرێک لە ڕێز و حورمەتەوە ناوی دەهێنن ، بەڵگەش بۆ ئەمە لە لەندەنی پایتەختدا شەقامێکی سەرەکی و خەستەخانەیەک بۆ چارەسەری نەخۆشیە دەرونیەکان بە ناوی ئەم سەرکردەیەوە ناونراون ، جگە لە پەیکەرێک بۆ کرۆموێل لەبەردەم پەرلەمان (مجلس العموم البریطانی) دروستکراوە .
نموونەکان گەلێکن بۆ ڕێزلێنانی گەلانی دونیا لە کەسایەتی و ناودار و سیمبولەکانی خۆیان (جا ئەو کەسایەتیانە ڕۆڵی باش یان خراپیان بینیوە ئەمەیان باسێکی دیکەیە) هەر لە جەنگیزخان و هۆلاکۆ تا دەگاتە ستالین و فرانکۆ و گیڤارا و ماندێلا و دیلای لاما … هتد ، بەڵام مەخابن لەناو گەلی ئێمەدا هەمیشە کاری هەندێک تێکشکاندن و لەکەدار کردنی کەسایەتیەکانی خۆمانن کە لە ئاکامدا تێکشکاندن و خۆبچوک کردنەوە و دروست بوونی گرێی خۆبەکەمزانی و داڕوخانی لێدەکەوێتەوە چ لەسەر ئاستی تاک یاخود کۆمەڵگە بە گشتی … پرسیاریش لێرەدا ئەوەیە ئاخۆ کێ سوودمەندە لەم جۆرە کارە و چ کامەیە قازانجی بۆ بابەتی نەتەوەیی و ئاینی و کۆمەڵایەتیمان ؟ ئەمە نووسینەوەی مێژو و ڕاستکردنەوەیەتی یاخود شێواندنیی ؟ کەسێکی وەک شێخ محمودی حەفید نەک تاوەکو لە ژیاندا بوو هەر لەڕێی زیندان و نەفی و ئاوارەییدا بوو .. بەڵکو دوای کۆچی دواییش تەرمەکەی ڕزگاری نەبوو لە دەستی ڕەشی دوژمن.
بەڵام جێگەی داخە دوای دەیان و دەیان ساڵ هەندێک قەڵەمی کورد دەیانەوێت ئەوەی دوژمنی ئەم میللەتە نەیتوانی ئەنجامی بدات ئەمان بیکەن .
دڵنیام ئەگەر شێخی نەمر ئەم سەردەمەدا لەناوماندا بژیایە تەنها وەڵامی بۆ ئەو جۆرە کەسانە شیعرێکی گەورە شاعیری فارس (حافزی شیرازی) دەبوو کە تیایدا دەڵێت:
{من از بیگانگان هرگز ننالم
کە بامن هر چە کرد آن آشنا کرد} *
* ئاە وناڵەی من هەرگیز لەدەستی بێگانە نییە
هەرچیم بەسەرهات دۆست و ئاشنا بەسەری هێنام

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت