شــــــــوان خورشـــــید: ئەوەی لە شەرناغە ڕوئەدا تازە نیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چەند ڕۆژێکە دەستدرێژی کردنە سەر جوتیارانی گوندی شەرناغەی سەر بە ناحیەیی سەرگەڕان بوەتە جێی مشتومڕی دەزگا ڕاگەیاندنەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی تەنیوە، لەلایەکی ترەوە حیزبە کوردستانیەکان وەک پیشەی هەمیشییان کەوتونەتە بەیاننامەی ناڕازی بە قەولی خۆیان ئیدانە کردن کە تورێکی قوڕاوی ناهێنن، بۆ ئەبێ بەو شێوە پڕ لە دڵنیاییە بەیاننامە شەرمنۆکەکانی دەسەڵاتدارانی کورد هیچ بەهاو نرخێکی لە ئاست داواکاری و ماف و ڕەوایەتی خەڵکی ناوچە کوردستانیە داگیرکراوەکان ئەوەندە بێ ئەرزش بێت کە هیچ تاکێکی کورد لەو ناوچانە کە لە قوماری دەستور دۆڕاندیان جێگەی دڵخۆشی نەبێت، بەڕاستی ئەگەر تا ئێستا بۆنی هەناسەیەکی کوردی لەو ناوچانە مابێتنەوە، هیچ ئازایەتی و هەوڵدانی ئەحزابی کوردی نیەو جێ دەستی حکومەتی هەرێمی پێوە دیار نیەو، ئەوی هەیە خۆڕاگری و نەبەردی خودی خەڵکی گوندنشینە دڵسۆزو ئازاو قارەمانەکانن کە سنگیان کردۆتە قەڵغان بۆ پاراستنی شکۆیان، بۆ بە پیرۆزکردنی ئەو زەویانەی کە چاویان لێ تروکاندوە،نەک وەک پارتی و یەکێتی و حکومەتی هەرێم تاکە قارەمانێتیان دەرکردنی بەیاننامە شەرمنۆک و بێ بەهاکانیانە لە ئاست داگیرکەرانی خاکی کوردستان، بفەرمون هەموو ناڕەزایەتیەکانتان لە مەکتەبی سیاسیەکانتان و سەرۆک و جێگری حکومەت و نوسەرە دەربارەکانتان کە بە تەوجیهی حیزب خەریکی سەرقاڵ کردنی شەقامن چی ترتان کردوە،کە هەموو جموجوڵەکانتان نیشانەی شەرم نەبێ هیچی تر نیە. بۆیە ئەگەر لەو بابەتە نەتەوەیانە گەر لە چاوەڕوانی حکومەتی هەرێم بین، ئەوە وەک ئەوە وایە بڵێین کەس نیە رەجەب سەر پاڵەیە.
جارێ ئەوەی روو ئەدا لەو ناوچانەی کە بە ناوچەی جێناکۆکەکان ناسراوە، سپێردراوە بە مادەی 140ی دەستوری عێراقی کە دەبوایە لە 2007هەرسێ قۆناغی مادە دەستوریەکە، لە قەرەبوی زیان لێکەوتوان و ئاسایکردنەوەی ناوچەکە بە کەرکوکیشەوەو دوای ئیستفتاکردن لەسەر دەستی خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە بۆ ئەوەی خۆیان یەکلای بکەنەوە کە لەسەر عێراق بمێنن یان بگەڕێنەوە سەر هەرێمی کوردستان، تائێستاشی پێوە بێت تەنانەت قۆناغی یەکەمیش کۆتای پێ نەهاتوە چ جای ئاسایی کردنەوەو ڕاپرسی، بە دڵنیاییەوە بەم نەمەتە هەرگیز نایەتە دی، چونکە ئەوە تاوانی حکومەتی هەرێمە کە هیچ بەلایەوە گرنگ نیە چۆن لە قوماری دەستوری عێراقی ئەو ناوچانەیان دۆڕاند، لەڕابردو ئێستاو داهاتودا شەڕی مادە دەستوریەکە بکەن، ئەگەر وەک ئەوەی شەڕی هەژماری من دەکەن، چارەکی ئەوەندە شەڕی ئەو مادە دەستوریەیان بکردایە ئیستا جوتیارانی ئەو ناوچانە نەدەکەوتنە تەنگێژەی ئەمنی پەلاماردانیانەوە لەلایەن عەرەبی هاوردەو سوپای عێراقەوە،شتێکی تر کە دەکرێ ئاماژەی پێ بکرێ ئەوەش ئەوەیە چەندە عەرەب و حکومەتی عێراق لەم بابەتەدا تاوانبارن حکومەتی هەرێم و حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان ئەوانەی نوێنەریان لە ئەنجومەنی نوێنەران هەیە تاوانبارترن، بفەرمون لەکام دانیشتنی پەرلەمان گوێبیستی ئەوە بونە کە فراکسیۆنە کوردیەکان داوای کارنامەی دانیشتنی پەرلەمانیان بۆ مادەی 140پێشنیار کردوە،لە چەندین خولی پەرلەمان دا.
جا با قسە لەسەر دەسەڵاتدارانی عێراق و برا چاو ڕەشە عەرەبەکانمان بکەین،بە شیعەو سونەوە،کە من پێم وایە هەردوو مەزهەبەکە کە ئێستا زیاتر لەسەر راستی مەزهەب پۆلێن دەکرێن یەک پلێتن بەرامبەر بە کورد بە گشتی،سەیری کورد وەک یەک دەکرێت لەلایەن هەر تاکێکی عەرەبەوە، بیری ناسیۆنالیستی و شۆڤێنیەت چوەتە خوێنیانەوەو دەرچونی زەحمەتە، هەر هەڵێکیان بۆ برەخسێ لە ئێستا خراپتر دەکەن بەرامبەر بە کورد بە گشتی و بە تایبەت ناوچە جێناکۆکەکان، لێرەش دا دەبێ هەڵوەستە لە بابەتێک دا بکرێ وەک لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دا بڵاوکرایەوە،ئەو هێزە سەربازیە بە شێوەی زۆر ناشرین پەلاماری جوتیارانیان داوە، گوایە لێژنەیەک بە فەرمانی سودانی پێک هێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە، دەبێ ئەو لێژنەیە لێکۆڵینەوە لەو کەسانە بکات کە لە پشتی روداوەکەوەیە،کە بێ گومان سەرۆک وەزیران بەدەر نیە لەو روداوە چونکەفەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقە، یان لێژنەکە دەسەڵاتی ئەوەی هەبێ لێپێچینەوە لە وەزیری بەرگری بکات. چونکە لە چوارچێوەی وەزارەتەکەی ئەودا شکۆی خەڵکی ناوچەکە شکێندراوە، بەڵام پێ دەچێ بابەتەکە ئەوەندە بچوک بکرێتەوە وەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هاتبوو کە گوایە ئەو سەربازەی ملپێچی جوتیارەکەی ڕاکێشاوە سزا دراوە بە سەر تاشینی و دەسبەسەرکردنی، ئەگەر کاری لێژنەکە هەر ئەوەندە بێت دەیان جاری تر جوتیاران و خەڵکی ئەو ناوچانە ڕوبەڕوی دەیان ڕوداوی خراپتر دەبنەوە، بۆیە دەبێ حکومەتی هەرێم لە جێی ناڕەزایەتی دەربڕین بێنە سەر هێڵ و ئەو سوکایەتیە بە کەس و کاریان قبوڵ نەکەن وزەخت لە حکومەتی عێراق و سەرۆک وەزیران بکەن بۆ سزادانی پشت بکەرانی ئەو روداوە نەک سزادانی سەربازێک یان ئەفسەرێک کە ئەمری پێ کراوە و ئەویش ئەرکی بوەو جێبەجێی کردوە، هەموو ئەم ڕوداوانە کاتێ ڕوی داوە کە لە پەڕلەمان یاسای هەڵوەشانەوەی داگیرکردنی زەوی و زاری ئەو ناوچانە لەلایەن حیزبی بەعسی هەلوەشاوە،هەڵوەشایەوەو هەر ئەمڕۆش لە رۆژنامەی ڕەسمی و قائع العراقی بڵاوکرایەوە، بەڵام شۆڤێنی عەرەب لە هەر ئاست و پلەیەک دا بێت هەر عەرەبەو هەرگیزاو هەرگیز نابێت بە برای کورد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت