حەسەن ڕازانی: بۆچی زاناو شێخە وەهابیەکانی سعودیە، جیهادو غەزا لە دژی ئیسڕائیل ڕاناگەێنن؟

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

(دەیەی ڕەش و دەیەی تاوان و فەتوای جیهادی سیاسیانە بە بەرگی ئیسلامییەوە!)
زاناو شێخە فەتواچیە وەهابیەکانی سعودیە زۆر بە باشی کەرتی غەزەی ناو فەلەستین دەبینن کە چۆن بۆتە وێرانە بە دەستی سوپای ژێرفەرمانی حکومەتی ڕاستڕەوی( ئیسڕائیل)ەوە، بەڵام نوقەیان لێوە نایەت! ئەو فەتواچیە وەهابیانە خۆیان کەڕو لاڵ و کوێر کردووە لە ئاست ئەو هەموو کوشتارو ماڵوێرانیە بێوێنەیە کە بەسەر خەڵکی کەرتی غەزەدا هاتووەو بەردەوامیشە! بە بڕوای من، ئەوانە فەتواچی سیاسین! چونکە کاتێک کە دەوڵەت دەیەوێت بێدەنگ بن ئەوان دەچنە خەڵوەتەوەو کاتێکیش سیاسەتی دەوڵەت بیەوێت کە ئەو فەتواچیانە وەدەنگ بێن، هەردەستبەجێ فوو بە بڵنگۆی تەواوی مزگەوتەکاندا دەکەن و تەواوی جیهانی ئیسلامی لێ دێننە سەرپێ و ئامادەی جیهادی دەکەن! بەڵام هەرکاتێک کە سیاسەتی دەوڵەت وابخوازێت بێدەنگ بن ئەوا ئەو شێخ و زاناو فەتواچیە وەهابیانە خۆیان نەبان دەکەن لە ئاست کوژرانی نزیکەی پەنجا هەزارلە خەڵکی ناوغەزە کە لە ناویاندا دەیان هەزار لە منداڵ و ژنی بێتاوان هەیە! ئەو فەتواچیە سیاسیە وەهابیانە وەک ئەوە خۆیان نیشان دەدەن کە نابینن بە سەدان هەزار لە ژن و منداڵ و خەڵکی بێتاوان برینداربوون ولە ناویاندا بە دەیان هەزارهەیە کە بێدەست و بێ قاچ و بێ چاوبوون! ئەو فەتواچیە وەهابیانە نابینن کە تەواوی کەرتی غەزە بە ژێرخان و سەرخانیەوە لە گەڵ زەوی تەخت کراوەو تازە کەڵکی ژیانی تێدا نەماوە! ئەمانە لە سعودیە لێیان پاڵداوەتەوەو فەتوایەک چیە لە دەمیان نایەتە دەر لە دژی سوپاو حکومەتی ڕاستڕەوی ئیسڕائیل!
بەڵام هەرئەو زاناو شێخە سیاسی و فەتواچیە وەهابیانە بوون کە خۆیان دەگەیاندە ئەوسەری دنیاو ئاگری فیتنەیان دادەگیرساند! هەر بۆ نموونە ساڵی 1991 ئیسلامی سیاسی لە وەڵاتی جەزائیردا بە ئیعازی فەتواچیە سیاسیەکانی سعودیە تەواوی بزووتنەوەو پارتە ئیسلامیەکانی جەزائیری لە نێوخۆدا کۆکردەوەوجیهادیان لە دژی حکومەتی ئەوکاتی جەزائیر ڕاگەیاند. ئیسلامی سیاسی شەڕێکی ماڵوێرانکەری لە جەزائیردا هەڵگیرساند کە دەیان تاوانی جەنگ و دژە مڕۆڤانەی تێدا ئەنجامدرا، بە کێردو شیرو تەوران سەری خەڵکی بێتاوانیان دەپەڕاند! ئەو شەڕە کە بوو بە شەڕێکی ناوخۆیی لە ساڵی 1991 وە درێژەی کێشا هەتا ساڵی 2001. شەڕەکە هێندە ترسناک و هێندە زۆرخەڵکی بێتاوانی تێدا بوو بە قوربانی و دە ساڵیشی خایاند بۆیە وەک دەیەی ڕەش خۆی خستە ناو مێژووی هاوچەرخەوە! لەو دە ساڵەدا یان با بڵێین لە دەیەی ڕەشدا زیاتر لە دوو سەد هەزار کەس لە خەڵکی بێتاوانی جەزائیر بوونە قوربانی!
ڕۆڵی زاناو پیاوانی سەر بە ڕەوتی وەهابی لە سعودیە لە هەڵگیرساندن و بەردەوامی پێدانی دەیەی ڕەشدا لە ڕووی دینییەوە بە ئاشکرایی دەرکەوت کە کاریگەری هەبووە! وەهابیەکانی ناو سعودیە فەتوای جیهادو غەزایان دا لە دژی حکومەتی ئەوکاتی جەزائیر. بە ئاشکرا فەتوایان دا کە هەر کەسێک لە گەڵ حکومەتی جەزائیر بێت کافرەو خوێنی حەڵالەو غەزاو جیهاد لە دژیان ڕەوایە! ئەم فەتوادانە بووە هۆی کە ڕەوتە ئیسلامیەکانی جەزائیر سڵ لە هیچ تاوانێک نەکەنەوە بە بیانووی ئەوەی کە کە ئەوان جیهادو غەزا دەکەن لە دژی کافران. بە کێردو شیرو تەوران کەوتنە گیانی خەڵکی بێتاوانی جەزائیرو کەوتنە نێو لادێ دوورە دەستەکان و چەندین خەڵکیان بە شیران سەر دەپەڕاند. بۆ نموونە تەنها لە یەک شوێنی بجووکدا لە ڕووی دانیشتوانەوە لە ماوەی چەند کاتژمێرێکی کەمدا زیاتر لە چوارسەد کەسیان بە شیرو تەورو کێردان سەر پەڕاند!
بەڵام کاتێک کە دەرکەوت سعودیە لە تەقاندنەوەی تاوەرەکانی نیویۆرک لە 11ی سێپتەمبەری 2001 دا تێوە گلاوە، هەر ئەو مەلاو زاناو شێخە وەهابیانەی سعودیە بوون کە لە ساڵی 1991 دا فەتوای جیهادیان لە دژی حکومەتی جەزائیردا، ئەوجارە 180 پلە بایاندایەوەو فەتوایاندا کە نابێت شەڕ لە گەڵ حکومەتی جەزائیردا بکرێ و دەبێ دەستبەجێ بوەستێ و بەردەوامیپێدانی شەڕ حەرامەو ڕێگەپێدراو نیە لە ڕووی دینییەوە! هەروەها داوای ئەوەیان کرد کە دەبێ تەواوی ڕەوتە ئیسلامیەکانی ناو جەزائیر لە گەڵ حکومەتی جەزائیر ئاشت ببنەوەو شەڕو ناکۆکیی کۆتایی پێبهێنن!
دیسان هەر ئەو مەلاو شێخە وەهابیانەی سعودیە بوون کە لە ساڵی 1979 شدا فەتوای جیهادیاندا لە دژی هێزەکانی سۆڤیەت لە ئەفغانستان و داوای جیهادیان کرد لە موسڵمانانی جیهان کە لە دژی هێزە کافرەکانی سۆڤیەت لە ئەفغانستان بجەنگن وجیهادو غەزا ئەنجام بدەن! لەو بارەوە حکومەتی سعودیە ڕاستەوخۆ ڕۆڵی کاریگەری هەبوو لە ناردنی موجاهیدین بۆ ئەفغانستان تا لە دژی سۆڤیەت جیهاد بکەن! لە ئەفغانستانیش بە هۆی فەتوای وەهابیەکانی سعودیە لە ماوەی 10 دە ساڵدا لە سەرووی 176 هەزار کەس بوونە قوربانی و وەڵاتی ئەفغانستانیان بەرەو کەلاوە برد. دیسان لە ساڵی 2013 دا هەر ئەو مەلاو شێخە وەهابیانەی سعودیە بوون کە فەتوای جیهادو غەزایان لە دژی حکومەتی سوریای بەشار ئەسەد دا. هەروەها هەر ئەوانە بوون کە بوونە هۆی ئەوەی کە لە سوریاش لە سەرووی 500 هەزار کەس بوونە قوربانی و وەڵاتی سوریایان بەرەو کەلاوەو وێرانی برد. فەتوای ئەوانە بوو کە هیچ پێداویستیەکی ژیانیان لە سوریادا نەهێشت و لەڕووی پێشکەوتنەوە سوریایان دەیان ساڵ بۆ دواوە گێڕایەوە!
جا لێرەدا کورتەی باسەکە ئەوەیە کە بە بەهۆی فەتوای ئەو شێخ و مەلاو زانا وەهابیانەی سعودیەوە لە ماوەی دەساڵدا زیاتر لە یەک ملیۆن موسڵمان بەدەستی موسڵمان کوژران، زیاتر لە 15 ملیۆن موسڵمان بەدەستی موسڵمان ماڵیان لێوێرانکراو لە شوێنی خۆیان بە زۆرەملێ کۆچیان پێکراو بوونە پەناهیندەی هەندەران! ئەوە بێجگە لەو هەموو ماڵوێرانی و کاولکاریی و بریندارانەی کە بە هۆی بەردەوامی ئەو شەڕانەوە پەیدابوون!
پرسیاری سەرەکی دەست بەجێش کە دەبێ بکرێت ئەوەیە بۆچی هەر ئەو مەلاو شێخە وەهابیاناەی سعودیە کە بە نوێژی نیوەڕۆ دەبینن کەرتی غەزەی برا موسڵمانەکانیان بەرەو وێرانەیەکی تەواو ڕۆییشتووە، وا زەویەکەش بە وێرانەیی خراوەتە مەزادەوەو تڕەمپ بە تەمایە بیکڕێت بۆ پڕۆژەی وەبەرهەمهێنان، کەس ناتوانێت ئیتر لەو بەشەدا ژیان بەسەر بەرێت، خەڵکی کەرتی غەزە کەوتوونەتە نێوان دوو بەرداشی بێویژدانی دژە ئینسانی وەک حکومەتی ڕاستڕەوی ئیسڕائیل لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە برا حەماس و جیهادیە موسڵمانەکانیان لە ناو کەرتی غەزەدا. هەردووک لایان کەوتوونەتە هاڕینی خەڵکی بێتاوانی کەرتی غەزە. لەونێوەدا خەڵکی کەرتی غەزە بێجگە لەوەی کە تەواوی ماڵ و حاڵیان وێران بووەو کەرتی غەزە بۆتە وێرانەێک کە ئیتر سەختە ژیانی بۆ بگەڕێتەوە! لە لایەکی تریشە بە سەدان هەزار لە بریندارو دەست و قاچ پەڕیو لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا پەیدابوون، نزیکەی پەنجا هەزار لە کوژراو، بە دەیان هەزار لە کوژرانی منداڵان و چەندین کارەساتی جەرگبڕی تر، کەچی هێشتا مەلاو ئاخوندە وەهابیەکانی سعودیە لەو گوێیەیان ناچێت بۆ ئەو گوێیەی ترو نەبایان پێدا دێت و نەباران. بۆچی ئەوەندە بوێرییان تێدا نیە فەتوای جیهاد لە دژی دەوڵەتی ڕاستڕەوی ئیسڕائیل بدەن و ڕای گەێنن کە جیهاد لە دژی ئیسڕائل و سوپای ئیسڕائیل پێویستەو دەبێ ئەنجام بدرێت؟ یان ئەوەتە ئەو ماستە گوریسێکی تێدایەو فەتواکانی تریشیان فەتوای سیاسی بوون و پەیوەندیان بە دینەوە نەبووەو دینیان بەکارهیناوە!
تێبینی: لە پەیوەند بە مێژوو، ژمارەی کوژراوو بریندارەکان و فەتوای مەلاکانی سعودیە سوودم لە الجزیرە نت، ویکیپیدیا، الشرق الاوسط و القدس العربي وەرگرتووە!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت