سەرکەوتی جیهاز و بەختیار نامیق: پەیوەست بونی ڕوداوەکان پێکەوە – هەر لە تورکیا و ئێرانەوە تا ئۆکرانیا و سوریا و عێراق.
ڕوداوەکان هەڵقەی تەواوکاری یەک زنجیرەن بۆ بەستنەوەی بەرژەوەندی هاوبەش و دابەشکاری وڵاتانی زلهێزی جیهانی و وڵاتانی زلهێزی ناوچەیی، هیچ ڕوداوێکیش بێ یاری و جەنگ و ململانێ و جۆرەها سیناریۆ ڕونادەن ، بکەرە گەورەکان خۆیان لەیاری و سیناریۆیی یەکتر تێدەگەن و دواجار بۆ کۆکردنەوەی کارتی گوشارە بۆ گوشارخستنە سەر یەک بۆ سەر مێزی گفتوگۆکان بۆ دەستکەوتی زیاتر، لەم نێوەندەدا جەنگ ڕودەدات و مرۆڤ دەکوژرێت و وڵات کاولدەکرێت و نیزام دەگۆڕێت و هێزگەلێک تا دوێنێ دۆست بو ئەمڕۆ دەفرۆشرێت و هێزگەلێک تا دوێنێ دوژمن بو ئەمڕۆ دەبێتە دۆستی گیانی بەگیانی و خاک بە خاک و مرۆڤ بە مرۆڤ و مەزهەب بە مەزهەب و نیزام بە نیزام دەکرێت، لە دواجاردا ئەو هێز و دەوڵەتانە دەمێننەوە کە حوکمی جوگرافیا و جیوپۆلەتیک و هێزیان وایان کردوە بچنە ناو بازنەی بەرژەوەندی وڵاتە زلهێزەکانەوە، دەکرێ ئەم وڵاتانەش بێهێز بکرێن یان بەهێز بکرێن لە چوارچێوەی بەرژەوەندی گرێدراوی هاوبەشدا. بەڵام حوکمە بنەڕەتیەکە ناگاتە ڕوخاندن، زلهێزەکان وڵاتە بچوکەکانی سەر ڕێگای جەنگی هاوبەش دەکەنە قوربانی، بۆ نمونە:
1- ئۆکرانیا : لەگەڵ هاتنی ترامپدا بەرژەوەندی هاوبەشی ڕوس و چین ئەگەر پێشتر لەجەنگدا بوبێت ئەوا ئێستا بە گۆڕینەوەی کارت لە ئاشتیدایە و ئۆکرانیا و غەزە و نیزامی ئەسەد بونە قوربانی و لەبەرامبەر سوریا و غەزەدا ئەمریکا ئۆکرانیا ناچار بەدانوستان بکات بەو مەرجەی تورکیاش ناچار بە ڕێکەوتن لەگەڵ ترامپ بکات، ئیتر هەندێ پرسی ناو سوریا لەم ڕێککەوتنەدا چارەسەری بێخواستی پێکهاتەکانی ناو سوریای بۆ دۆزراوەتەوە ، ئەو 20٪خاکی ئۆکرانیاش فت.
2- تورکیا و ئێران: ئەم دوو زلهێزە ناوچەییە لەژێر قەیدی بەرژەوەندی هاوبەشی ( ڕوس و چین لەلایەک و ئەمریکا و ناتۆ لەلایەک) دان، ئەم دوو وڵاتە کاتێ بازنەی سوری بەرژەوەندییە هاوبەشەکان دەبڕن دەکەونە ژێر گوشاری ئەمریکاوە بە ڕێگای (گەمارۆی زیرەک) تورکیا سەر بەخۆیەتی و ئێران سەر بە ڕوس ، ڕوس یەک فزە ناکات، لەژێرەوەڕا سوریا دەخەنە ژێر هەیمەنەی تورکیا و عێراق دەخەنە ژێر هەیمەنەی ئێران بەڵام بەو دیزاینەی ڕوس چین و ئەمریکا دایانناوە.
ئیمراڵی و ئاشتی: تورک خۆی نا بەڵکو زلهێزەکان دەزانن جوگرافیا و جیوپۆلەتیکی چەند گرنگە و سوریاش لەو چوارچێوەدایە بۆیە بە گوشاری وڵاتان و نەخشەی بەرژەوەندی هاوبەشیان مەحکومە بە ئاشتی، تا مافی کورد بەپێی ڕێککەوتنێک بۆ سوریا و تورکیا هاوشێوەی عێراق جێبەجێ بکرێت.
جوڵەیەک نابینی بێ ڕودانی جوڵەیەکی تر، دەبینین لە ئێستادا مەلەفی ( یەمەن و لیبیا) خەوێندراوە و مەلەفی سوریا و عێراق لە ئارادایە، دواجار هەموو یاریی و سیناریۆ و دیزاینەکان لەو مەتبەخ و ژورانەوە دەردەچێت کە تاریکن و هەواڵی تر دەخرێتە سەر شاشە و سایتەکان بۆ شاردنەوەی گۆڕینەوەی کارتەکانیان، کورد لەم نێوەندەدا وەک مافی نەتەوەیەکی سەرەکی وەک نەتەوەکانی تر لە عێراق و سوریا وەک درۆزەکان چوەتە ناو بازنەی بەرژەوەندییەکان بەڵام لەچواچێوەی ناوەندەکاندا.