بێکەس قادر: مژاری گفتوگۆی ئاشتی، دەرفەت و ئاستەنگ.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەر لە هەر شتێک، ئێستا کە قۆناخێكی نوێ لە چارەسەرکردنی دۆزی کورد لە تورکیا بووە بە مژاری گفتوگۆ لە نێوەخۆی تورکیا و بە عەلەنی گفتوگۆ لەگەڵ بەڕێز عەبدولڵا ئۆجەلان دەستی پێکردووە، دەکرێ ئەوە بە دەستپێکی کۆتاییهاتنی قۆناخی نکۆڵیکردن لە کورد و ناسنامەی کورد بژمێرین، لانی کەم دەسەڵاتدارانی تورکیا بە ئاشکرا لە لێدوانەکانیان باس لە برایەتی تورک و کورد دەکەن، باس لە پەندوەرگرتن لە سەد ساڵی رابردووی کۆمار دەکەن و بۆ چارەسەری دۆزی کورد تێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان لایەنەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بەدی دەکرێت.
شارەواوە نییە، کە لە قۆناخەکانی ڕابردوو، گفتوگۆ هەبووە و بە هۆکاری جیا جیا بێئاکام ماوەتەوەو چارەسەرکردنی ئاشتیانەی دۆزی کورد لە ناوەوە و لە دەرەوەدا بێ ئاستەنگ و نەیار نەبووە، ڕاستە ئێستا بەهۆی پێشهاتی نوێ و گۆڕانکاریی لە نەخشەی سیاسی و لە تەرازووی هێز لە ناوچەكە، لە لایەنی خودی و بابەتییەوە، لە ئاستی ناوەوە و دەرەوە ئاماژەکانی ڕەوشێکی لەبار دەرکەوتووە. بەڵام هێشتا ڕاستەڕێکردنی پرۆسەی ئاشتی بێ ئاستەنگ نییە، پرسی کورد لە تورکیا، نەک هەر لە ڕووی سیاسییەوە، بەڵکو لە ڕووی دەستووری و یاساییشەوە، بەسەدان گرێکوێرە گرێدراوە، کردنەوەیان هەروا ئاسان و بێ ئاستەنگ نییە، بەڵام چ زوو، چ درەنگ، دواجار دۆزی کورد لە تورکیا هەر دەبێ لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێ و زەمەنی نکۆڵیکردن بەسەر چووە و ئێستا گەلی کورد بۆ خاوەنێتی لە خۆی و ماف و ئازادییەکانی ئامادەیە.
دوای ئەوەی شاندی ئیمراڵی چەند دیداریان لەگەڵ ئۆجەلان هەبووە و بە نوێنەرایەتیی ئۆجەلان بە جیا دیداریان لەگەڵ پارتەکانی تورکیا کرد و چەند ڕۆژێک لە باشووری کوردستان دیداریان هەبوو. ئێستا چاوەڕوانی پەیامی دەنگی و ڕەنگی بەڕێز ئۆجەلان دەکرێت، تا گفتوگۆکردن بچێتە قۆناخێکی ئامانجدارەوە. ڕاستە هێشتا لە بەرەکانی شەڕ دەنگی تفەنگ دێ، هێشتا سیاسەتی پێشوو بەکردەوە لە بەرانبەر کورد پیادە دەکرێت، هێشتا هیچ یەکێک لەو یاسایانەی لە دژی کورد داڕێژراوە و بەرکارە، هەموار نەکراوە. بەڵام ئەوەی ڕووی داوە و ئەوەی لە ڕۆژەڤە، نابێ بەکەم تەماشا بکرێ.
یەک/ ڕێگەدان بە دیدار لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان و خاوەنێتیکردنی لە پڕۆژەی چارەسەری دۆزی کورد لە ڕێی ئاشتی.
دوو/ زەمینەسازی بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی.
سێ/ بە جودا لە پێشتر، ئەمجارە لە نێو پەرلەمانی تورکیا گفتوگۆ لەبارەی پرسی ئاشتی دەکرێ.
چوار/ گفتوگۆی ئاشکرا لەگەڵ ڕێبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان، واتە دەوڵەتی تورکیا دان بە ڕەوابوونی بزووتنەوە و شۆڕشی چەکداری کورد دەنێت.
چارەسەرکردنی دۆزی کورد لە تورکیا، هەر لە بەرژەوەندیی گەلی کورد و بەدیهێنانی بەشێک لە ئامانجە ڕەواکانی نییە، بەڵکوو لە بەرژەوەندیی ئێستا و داهاتووی تورکیایە و کارتێکردنی لەسەر تەناهی و سەقامگیریی ناوچەكەش دەبێت.
بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، کارتێکردنی ئەرێنیی لەسەر ڕەوشی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان هەیە، بۆیە ئەم پرسە، بە تەنیا پەیوەست نییە، بە پارچەیەکی دیارکراوی کوردستان، بەڵکوو پاڵپشتی و بەرپرسیاریی سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی ئەرکی بەرپرسیاری بەشەکانی دیکەیە، بە تایبەتی هەرێمی کوردستان.
گواستنەوە لە قۆناخی شۆڕش و خەباتی چەکداریی، بۆ قۆناخێکی دیکەی خەبات و مسۆگەرکردنی مافەکانی گەلی کورد، هەم هەستیارە و هەم بەرپرسیارێتیەکی گرینگی مێژووییە، لەو ڕەوشەدا،بزاڤی ئازادییخوازی کورد لە باکووری کوردستان، لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی دیکە و دەرفەتێکی مێژوویی گەورە دایە، ڕاستە دەرفەت هەیە، بەڵام ئاستەنگیش هەیە، سروشتی گفتوگۆ و پرۆسەی ئاشتی و هەنگاونانی بنیاتنەرانە، پێویستیی بە نەخشەڕێگەی ڕاست و دروست و گونجاو هەیە، پێویستیی بە کات و پشوودرێژی و بەردەوامبوون و سوود وەرگرتن لە ئەزموونەکانی ڕابردوو هەیە. سڕینەوەی ئاسەواری یاسایی و دەستووری نکۆڵیکردن لە کورد و ناسنامەی کورد، لە زمانی دایک لە تورکیا، کاریگەری گەورەی دەبێ لەسەر پێشکەوتنی ڕەوشی کورد و خەباتە سیاسیەکەی.
بەرەوپێشبردنی پرسی گفتوگۆ و ئەو ڕەوشە لە ئاستی باکووری کوردستان، پێویستیی بە یەکێتیی و یەکڕیزیی هەیە، لە ئاستی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش پێویستیی بە پشتیوانی و پشتگیریی هەیە.
دواجار گفتوگۆ، شێوەیەکە لە شێوەکانی خەبات و لە قۆناخی ئاشتی و گفتوگۆ خەبات هەر درێژەی دەبێ و کورد خۆی بەرژەوەندیی لە ئاشتی و برایەتی و پێکەوەژیانی گەلانە.
ڕۆژانی دادێ نەخشە ڕێی بەڕێز عەبدولڵا ئۆجەلان دەبیستین و دەبینین، ئەگەر دەوڵەت وەڵامی ئەرێنیی و عەمەلی هەبوو، ئەوا پڕۆسەی ئاشتی ڕێگە ڕاستەکە دەگرێ، ئەگەر بێ وەڵامیش مایەوە، تۆپ لە گۆڕەپانی دەوڵەت و پارتە دەستەلاتدارەکانی تورکیا دەمێنێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت