سامانی وەستا بەکر: کورد گەل نین.!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

فرۆید پێی وایە کە کەس، یان تاک مێژوو دروست ئەکا. بەڵام بافلۆف پێی وایە کە زەمینە مێژوو دروست ئەکا. بەواتای ئەوەی کە ئەوە زەمینەیە ڕێگە بۆ کەس، یان تاک خۆشەکا تا مێژوو دروست بکات.
ئەگەر ئێمە پرسیارێک لە خۆمان بکەین ئایا ئێمە کەسمان نەبووە، یان زەمینەمان بۆ نەڕەخساوە تا مێژوو دروست بکەین؟
وەڵامەکەی ئەوەیە کە ئێمە خەڵکانێکی زۆرمان هەبووە و هەیە وە زەمینەی گونجاویشمان بۆ ڕەخساوە و ئەشڕەخسێ تا مێژوو دروست بکەین و کردووشمانە بەهەردووجۆرە ناسراوەکەی:
1- یەکێکیان مێژووی شکستەکانە، کە ئەبێ ببن بەوانە بۆ داهاتوو، “لەوەش ناچێ کە بووبن”.
2- مێژووی سەروەری، سەرکەوتن و دەستکەوتەکانە، لەمەیانا سەرکەوتن و دەستکەوتی زۆرمان بەدەستهێناوە. بەڵام مەخابن نەپایزراون و گەڕاونەتەوە خانەی یەکەم “شکستەکان”. ئەویش ئەگەرێتەوە بۆ دوو هۆکار:
1- هۆکاری دەرەکی.
2- هۆکاری ناوخۆی.
نامەوێ هیچ لەسەر هۆکاریی یەکەم بڵێم، چونکە ئاشکرایە و چی ئەگوزەرێ و باسکردن لێێ چەنبارەکردنەوەیە، تەنها یەک شت کە گرنگە لەسەری بوترێ ئەوەیە کە هۆکارە دەرەکییەکان سود و هێز لە هۆکارە ناوخۆییەکان وەرەگرن بۆ سەرداربوون و زاڵبوون.
هۆکاری ناوخۆی: ئاشکرایە و زۆرن، بەڵام دیارتینیان “ناتەبایی، یەکتر قبوڵنەکردن، خۆ بەزلزانی لەئاست یەکتر و خۆم بەکەمزانی بەرامبەر بێگانە، چاشایەتی و خیانەت، هاوکارینەکردنی یەکتر، دژبوون، خێڵەکی بوون و… هتد.
مەبەستی ئەم نوسینە گەڕانە بەدوای چارەسەرێکا بۆ هۆکارە ناخۆییەکان کە زۆر لە مێژەوە بوونەتە مخۆرکەی ناو جەستەی کورد، مخۆرکەیەک کە لەدوای مادەکانەوە ڕێگربووە لەوەی کە کورد بتوانێ هیچ سەروەریەک یان سەربەخۆبوونێک بەئاڕاستەی دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن جوگرافیایەکی دایارکراو بەدەستبهێنێت.
لەوەڵامی نامەیەکی نوێنەری بەریتانیا پارک سایکس، بۆ هاوتا فەڕەنسیەکەی فڕانسۆ بیکۆ لەسەر دروست نەکردنی قەوارەیەکی کوردی لەسەرەتای چارەکی یەکەمی سەدەی بیستا ئەنوسێ “کوردەکان گەل نین، بەڵکو چەند هۆزێکی لێکجیان، چەند زاراوەیەک لێکیان جیائەکاتەوە، بەجۆرێک ئەو زاراوانە لەبنەڕەتا ئێرانین، بەزۆری لەشوێنی دوور لەیەک نیشتەجێن، هیچ پەیوەندیەکیان بەیەکەوە نیە. چۆن بتوانین لەخودموختاریا کۆیان بکەینەوە، ئەوان بەو شێوەبن.
ئەم پەیڤەی ناو ئەم کورتەنامەیە باسی هۆکار و ڕێگر و بەربەست لەگەیشتنی کورد بەقەوارەیەکی سەربەخۆئەکا، بەڵام بەدیووەکەیتریا پێتشت ئەڵێ چارەسەر ئەوەیە کە پێچەوانەی ناوەرۆکی ناو کورتەنامەکەبی. بەڵام ئایا دوایی زیاتر 100 ساڵ توانیمان وابین؟ واتە ئایا توانیمان خۆمان لەوپێناسیە بەدوور بگرین کە پارک سایکس ئەماناسێنێ؟ وەڵام، بێگومان … نەخێر.
نوێنەرە بەریتانییەکە درێژە بە بۆچوونەکانی ئەیا بۆ پاساو هێنانەوە و ئەڵێ؛ کوردەکان خۆیان لە ناو گروپی خێڵ و هۆزا ئەبیننەوە، ئەمەش وائەکات یەکریز و یەکگرتو نەبن.
بەکورتی ئەکرێ پاساوەکانی نوێنەرە بەریتانییەکە لە دوو خاڵا کۆبکەینەوە کە ئەڵێ:
1- کورد گەل نین، ئەمەیان بێ وێژدانی و ناشارەزاییەکی زۆری نوێنەرە بەریتانیەکە دەرەخا. چونکوم کورد نەک گەلە، بەڵکو کۆنترین گەلی ناوچەکەشە. خۆ ئەگەر کۆنترین گەلی هەموو جیهانیش نەبێ. ئەوەتا هەر لەخودی کنە و پشکنینەکانی خۆیانا لە ئەشکەوتی شاندەر ئێسک و پروسکی مرۆڤی نیاندەرتاڵ ئەدۆزنەوە، لە چەرمۆی لای چەمچەماڵ کۆنترین مێژووی کۆنترین شارستانیەتی مرۆڤ دۆزراوەتەوە، لە ئامەد و سلێمانی و کرماشان و… هتد، شوێنەواری بوونی دێرینترین کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتی ئەدۆزرێتەوە و بەردەوامیشە.
2- کوردەکان خۆیان لە ناو گروپی خێڵ و هۆزدا دەبیننەوە، ئەمەش وادەکات یەکریز و یەکگرتو نەبن، ئەمەیان ڕاستە و نکوڵی لێناکرێ، خۆ ئەگەرچی نوێنەرەکە دۆستی کورد نەبووە و مەبەستی نەبووە کە کورد ببێتە خاوەنی قەوارەیەکی سەربەخۆ، بەڵام دەستی خستۆتە سەر برینێک کە جەستەی کوردی شەقارشەقارکردوە. ئەبوو لە 100 ساڵی ڕابردووا کار بۆ چارەسەر و دوورکەوتنەوە لە ئەقڵی هۆزو خێڵ بکرایە، لایەنیکەم لە بەڕێوەبردنی حیزب و داودەزگا و حکومەت. مەخابن لە ئێستایا ئەبینین کە كۆی حیزبەکانی باشور جگە لە حیزبی شوعی، گەورە تا بچوک بە ئەقڵی خێڵ حیزب بەڕێوەئەبەن و باپیر و باوک و کوڕ و کوڕەزا بەنورە لەسەرەیا وەستاون بۆ سەرۆکایەتی، ئەمە وێڕای ئەوەی کە ساڵانە کۆبوونەوەی هۆزو خێڵەکان ڕێئەخرێ بۆ نمونە فستیڤاڵی ساڵانەی ئێل بەگی جاف، دیوەخانی عوزێرییەکان، خزمانی شارەزوور و… هتد.
ئەمانە هێندە پەرۆشیان بۆ کەسوکار و تیرە و نزیکەکانیان هەیە، هێندە پەرۆشیان بۆنەتەوە و دەسکەوتەکان نییە. هەر بۆ نمونە کاک مەسعود سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کە بەیەکێک لە کۆنترین و لە گەورەترین حیزبەکان هەژمارەکرێ، لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانا لەبری شانازی و خاوەندارێتی بە هەموو تاکێکی کورد، شانازی بەوەوە کە ئەوان 3000 پیاون و هەموویان لەپشتین. هەڵبەتە مەبەستی لە بارزانییەکانە، کە ئەمە پەیامێکی زۆر هەڵە لە سەرۆک و سەرکردەیەکی دێرین و ناسراوەوە ئەگوازێتەوە بۆ گەلی کورد، کە بوونی خێڵ و هۆز شانازیە و پێویستە، بێئاگا لەوەی کە ئەو هەموو خەبات و کۆششەی کورد ساڵانێکە بەرخودانی بۆئەکا هەر بەهۆی ئەم ئەقڵی تیرە و هۆزو خێڵانەوە نەگەشتوەو ناشگاتە ئامانج و سەربەخۆبوونی کوردستان.
کە گەل زمانی ئاخافتن و کەلتوری هەبوو، هەنگاوئەنێت بۆ یەکگرتنەوەی هۆزەکان و نواندنیان لە پێکهاتەی گەورەترا کە گەل و نەتەوەیە، ناسیونالیستیی و سۆز بۆ نەتەوە فاکتەری تەبایی و فرەڕەنگی زۆربەی گەلانە لەوڵاتان، مەخابن کورد تا ئێستا ئەو هەنگاوەی نەناوە و زۆریش درەنگ کەوتووە و بەجێشماوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر یەک هەڵوێستی دژبە مەترسیە دەرەکیەکانی وڵات و میللەتیش هەیە.
کە تاک بەگشتی پەرۆشی نەتەوەیی هەبوو هەڕەشەی ناتەبایی ناوخۆ و پەرۆشی بۆ تیرە و هۆز ناتوانی کەلێن بخاتە ناو یەکگرتوویی میللەت لەئاست مەترسیە دەرەکیەکانا، بەڵام بە پێچەوانەوە کە تاکی کۆمەڵ لایەنگیری بۆ نەتەوە لاوازبوو، ناتەبایی ناوخۆ پەل ئەکێشێ بۆسەر ڕوخساری میللەت. کەواتە پێویستە ئێمە کار لەسەر بەهێزبوونی پەرۆشی تاک بۆ نەتەوە و بەرژەوەندیە گشتیەکان بکەین لەسەرووی پەرۆشی تاکەوە بۆ خێڵ و هۆز و تا حزبیش، لێرەوە بۆمان دەرەکەوێ کە تاوەکو ئێستاش بێ هێزبوونی هەڵوێست لەئاست مەترسیە دەرەکیەکانا هەر ناتەبایی کورد خۆیەتی.
لە یەکهەڵوێستی میللەتا ئاراستەی خێڵ و هۆز لە قاڵبە تەسکە ئاساییەکەی خۆیا ئەمێنێتەوە سەردەرناهێنێت بۆ دروستبونی کەلێن، تەنانەت لە ئاست بوونی مەترسیە دەرەکیەکانیشا، لەیەکهەڵوێستیا هێز دروستەبێ و پێچەوانەکەشی ڕاستە. مەخابن لە مێژووی دێرین و نوێی کوردا زۆربەی کات کار بە ئاڕاستە پێچەوانەکەی کراوە، ئەمەش بۆتە هۆکاری نەبوونی قەوارەیەکی سەربەخۆ.
یەکهەڵوێستی زامنی پەیدابوونی ئاسایشی گشتیە، ئەوەی زۆرتر لەمێژووی گەلی کوردا ئەبینرێت هاوکێشەکە پێچەوانەیە بەئێستاشەوە. ناتەبایی ڕەنگدانەوەی لەسەر کۆی کایە سیاسیەکانی چارەنووسی میللەتیش هەیە، دەمارگیری بۆ خێڵ و هۆز هێندە بەزەقی لەناومانا ڕەنگی یاوەتەوە، چۆتە ناخی هەموو جومگە و ئێسکەکانی کەسە دەمارگیرەکانی خێڵ و هۆزەوە، خەڵک پەرۆشی بۆ خێڵ و هۆز و کەسایەتی لە نەتەوە زیاترە، ئەمەش ناتەبایی گشتی میللەتی هێناوەتە ئاراوە. ناتەبایش ڕەنگدانەوەی لەسەرکۆی تاکەکانی کۆمەڵ و میللەت هەیە، پەرۆشی بۆ کێشە نەتەواتیەکانا نەک لاواز کردووە، بگرە یەکهەڵوێستی لەئاست هەندێدک هەڕەشەیا هەر نەماوە، بۆ نمونە پاساوهێناوەوە بۆ بوونی سوپای تورک لەسەر خاکی باشوری کوردستان، دەستەوەردانی ئێران لەکاروبارەکان.
کارگەیشتۆتە ئەوەی کە ڕەنگدانەوەی خێڵ و هۆز پەلی کێشاوە بۆ پانتایی فراوانتر و ناتەبایی حزبەکانی کوردستانی ڵێکەوتۆتەوە لە ئاست بڕیارە چارەنوسسازەکانی کە ڕەهەندی نەتەوەییان هەیە، خێڵ، هۆز و تیرە بەجۆرێک بەناو ڕۆخ و دەماری بەشێک لە کوردا ڕۆچووە کە تاکەکانی خێڵێک، یان تیرەیەک، بەبێ ئەوەی بیر لەبەرژەوەندی نەتەوەی و نیشتمان بکەنەوە. هەرهەموویان دوای سەرۆک خێڵ ئەکەون و ئەچنە ناو حیزبێکەوە، بەبێ ئەوەی کەمترین زانیاریان لەسەر پەیڕەو ئاڕاستە و ئایدۆلۆژیای حیزبەکە هەبێ. لەوەش سەمەرەتر ئەوەیە کە ئامادەن گیانی خۆیان بەختبکەن و ژیانئاوابن بەبێ هیچ ئامانجێکی دیارکراو و تەنها بۆ ڕازیکردن و سەربەرزی کاکی سەرۆک خێڵ.
هۆز، خێڵ و تیرە کۆمەڵگە پێکئەهێنن. بۆیە گرنگە و ئەبێ وەبەرهێنان لەسەر کۆمەڵگە بکرێ نەک پێچەوانەکەی.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت