دانا مەنمی: لە شەڕە جنێوى سیاسییەوە بۆ شەڕە جنێوى تیکتۆکچییەکان!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر چى تیکتۆکچییەکان سودى زۆریان وەرگرت لە ڕووى مادییەوە و ڕۆژانە خەڵکێکى زۆر بە دیار لایڤەکانیانەوە دادەنیشتن، بەڵام بە هۆى نەبوونى فکیرو مەعریفەیەکى باش نەیانتوانى ئاراستەى کۆمەڵگا بۆ دۆخێکى باشتر بگوازنەوە، ئیشکالى گەورەى بەردەم تیکتۆکچییەکان نەبوونى هوشیارى پێویست بوو لە ڕووى چۆنیەتى بەکارهێنانى تۆرە کۆمەڵایەتیەکان کە بەهۆیەوە شەڕەجنێوى بە دواى خۆیدا هێنا بەبێ ئەوەی هیچ هەستێکی بینەر و کۆمەڵگای کوردی لەبەرچاو بگرن , هەڵبەت دونیاى تیکتۆکچییەکان لە بۆشاییەوە دروست نەبووە, بەڵکو دەرئەنجامى لۆژیکى قۆرخکارى هونەرى بەڕیوەبردنە کە ئینسانى کوردى بیماف و زەلیل کردووە و لە ناو دۆخی حەشامات و ژینگەی شێواو نادیاردا پەنا بۆ شکاندنى شکۆو کەرامەتى یەکتر دەبەن کە بە داخەوە سیاسەت لە هەریمى کوردستان لە خەم و ژیان و قازانجى گشتى نەئاڵاوەو بە ئاکارێکى خراپدا ڕۆیشتووەو دیوێکى ئاکارى تیکتۆکچییەکان دەمانباتەوە بۆ ناو دونیاى شەڕە جوێنى سیاسییەکان کە زیاتر لە حەفتا ساڵە ژینگەو ئادابى کۆمەڵگایان تێکداوەو حەوزەکەیان پیس کردووە بۆ ئەوەى خەلک مەلەوانى تێدا بکات.
جنێودان لە رووى سایکۆلۆژییەوە هه‌ڵچوونێكی نه‌رێنی ناخی كه‌سێكه‌ كه‌ ناتوانێت به‌رگری بوێرانه له‌ بابه‌تێك‌ بكات یاخود قسەى جدى و وه‌ڵامێكی زانستی وڕێكی هه‌بێت بۆ كه‌سی به‌رامبه‌ر ،ده‌روونزانه‌كان ده‌ڵێن: جنێودان لاوازی و هه‌ستكردنه‌ به‌ گرێی كێماسی و تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ له‌ كه‌سی به‌رامبه‌ر،لەڕووى دەرونیەوە جنێو گرێیەکى دەرونیە کە دواجار بە جنێو خۆى بەتاڵ دەکاتەوەو لە رووى دەرونیەوە هەست بە سەرکەوتن دەکاتکە بە داخەوە پانتاییەکى گەورەى لە ژیانى کۆمەڵایەتى و سیاسى کۆمەڵگاى کوردى داگیر کردووەو به‌شیوه‌یه‌كی گشتیی كورد زۆر كه‌م زمانی پاراو ڕۆمانسی و جوانناسی به‌ كارده‌هێنیت زیاتر به‌ زمانی زبر و هه‌ره‌شه‌و جنێودان دێته‌ سه‌رخه‌ت.
دواى شەڕە جنێوەکەى ( فەرمانى لەفەو مام لەتیف ) دەزگاى ئاسایشى هەرێم رۆژى 17/ 2/ 2025 بە تۆمەتى خراپ بەکارھێنانى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەیانى تریشى پێوە دەستگیر کرد ,هەلبەت هیچکات تیکتۆکچییەکان بە خەیاڵیاندا نەدەهات کە ڕؤژێک لە ڕۆژان بە هۆى جنێوەکانیان و قسە پروپوچەکانیانەوە لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانەوە دەستگیر بکرێن و هەژمارەکانیان بسوتێنرێت، بڕیارەکەى داواکارى گشتى و لەگەڵ هەنگاوەکانى دەزگا ئەمنیەکان لە سلێمانى جێگەى دەستخۆشى و پاڵپشتییە بەمەبەستى ئەوەى ئادابى گشتى و ئارامى و دەرونى هاوڵاتیان زیانى پێنەگات و چیتر هیچ کەسێک ڕێگەى پێنەدرێت کە تۆڕە کۆمەلایەتیەکان خراپ بەکار بهێنت، بەڵام دیسانەوە خۆزگە دەخوازین هەنگاوەکان تەنها بۆ ختوکەدانى خەلک نەبێت و هوشیارییەکى عەقلانى بە دواى حەیاو خەم و ژیان و قازانجى گشتییەوە بیت، خۆ ئەگەر نا ئەمە یاریکردنە بە دەمارو هەست و سۆزى خەلک لەسەر حسابى ( پاراستنى ئادابى گشتى و خراپ بەکارهێنانى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ).
بە داخەوە هونەرى بەرێوەبردن لە هەریمى کوردستان کارى لەسەر بەرهەمهێنانى نەتەوەیەکى رقاوى و کینە لە دڵ بەرامبەر بە خۆى کردووە، ئێمە هێشتا نەمانتوانیوە ڕۆژگارى شەڕە جنێوى سیاسى تێپەرێنین بە چەند هەنگاوێک لە دوامانەوەیە و خەریکى هەڵدانەوەى لاپەڕە ڕەشەکانین و لە باشترین دۆخى ئاشتى دا کار لەسەر هۆنینەوەى بوختانى سیاسى بۆ یەکتر دەکەین، مەسەلەن رقى بەشێک لە کورد بەرامبەر بە بەشەکەى ترى کورد یانیش ڕقى هێزێکى سیاسى لە هێزەکانى تر رەهەندێکى سیاسى و سایکۆلۆژى ترسناکە کە تەماهى دروستکردووە لەگەڵ فاشیزمى تورکدا بە درۆن ژیانى خەڵکى سڤیڵ لە پێنجوێن و کەلار بخاتە مەترسییەوە! هێشتا ڕەخنەى ڕۆژنامەنوسان بە ئاسانى هەزم ناکرێت و هەر مرۆڤێکیش دەردەدڵ و گلەىى و گازندە بکات دەکەێتە بەر شاڵاوى شەڕە جنێوى سیاسى سەدان تۆمەتى بێ بنەما! هێشتا زمانى گوزارشتکردنى ( پارتى و یەکێتى ) زمانى تیکتۆکچییەکانە و بەرامبەر بە ئازادیخوازان کە هەر جارەو ڕۆژنامەنوسێک، یان چالاککوانێک و کەسایەتیەکى سیاسى لە ژێر میکرۆسکۆبى ( پارتى و یەکێتى ) دا جنێوباران دەکرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت