لوقمان ئابڵاخی: مەسرور بەرزانی لە پتر لە دوولاوە مەست و حەیران دەبێت.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هیچ گومانی تێدانیە کە شەڕی مەسرور بەرزانی بۆ بەکارهێنانی “هەژماری من” لە دوور ولە نزیک پەیوەندی بە خەڵکی کوردستان و بە کوردایەتیەوە نیە بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە کە چی دەستدەکەوێت لەو بڕیارە هەڵەیەی بافڵ تاڵەبانی.

لایەنە مادیەکە:
بڕی ئەو پارەیەی کە لە ئەنجامی بەکارهێنانی هەژماری من لەلایەن مووچەخۆرانی زۆنی سەوزەوە دەستیدەکەوێت، دوو هێندە زیاد دەکات. هەڵبەت لایەنە مادیەکە زۆر لەمە زیاترە چونکە بەهۆی دەسکەوتی لایەن سیاسیەکەوە، لایەنە مادیەکە لە سەرووهەموو پێشبینیەکانەوە دەبێت بۆیە تیشکی زیاتر دەخەمە سەر دەسکەوتی لایەنە سیاسیەکە.

لایەنە سیاسیەکە:
مەسرور بەرزانی باش دەیزانی کە ئەمەی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ خەڵکی زۆنی سەوزدا دەیکات، ئەگەر بەڕاستی بێت، خیانەتێکی گەورەیە لە هەموو ئەو خەڵکەی کە بافڵ قەناعەتی پێکردون کە دژی بن، بەتایبەتی یەکێتییەکان.
لە سەروو هەموو ئەمانەیشەوە، ئەگەر گومانێک لەوە هەبووبێت کە بافڵ تاڵەبانی کەسێکی درۆزنە و جێی متمانە نیە، بەهۆی ئەمەوە نەک هەر میسداقیەتی نامێنێت بەڵکو هیچ سەنگ و ڕێز و شکۆیەکی تەنانەت لەناو حیزبەکەی خۆیشیدا نامێنێت.
بە پێدانی هەر جۆرە ئیمتیازاتێک بێت، مەسرور بەرزانی کڵاوێک دەکاتە سەر بافڵ تاڵەبانی و بە ئەندازەیەک بچوکی دەکاتەوە کە نەک هیچ متمانەیەکی لە ناو خەڵکدا بۆ ناهێڵیت بەڵکو ئەوەی کە بافڵ لافی پێوە لێدەدات کە سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، ئەوەیشی لەلایەن مەسروور بەرزانیەوە لێدەسێنرێتەوە و بافڵ لە ناو خەڵکی کوردستاندا بافڵ وەکو کەسێکی نەزان و فریوخواردوو، بەزیو و شکستخواردووی مەسرور بەرزانی سەیردەکرێت و هیچ شتێکیش کە بافڵ بیکات، ئەو ئیعتیبارەی پێشووتری بۆ ناگێڕێتەوە.
بە واتایەکیتر، مەسرور بەرزانی یەکێتی دەخاتە چاڵێکەوە کە بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت لێی بێتە دەرەوە و بەشێوەیەک پارتی دەکات بە تاکە هێز وکەڵەگا لە هەموو باشووری کوردستاندا کە یەکێتیش، هاوشێوەی گۆڕان و حیزبەکانیتر، بۆ هەتا بارودۆخ بەو شێوەیە بێت کە پارتی باڵا دەست بێت و حوکمڕان بێت، دەبێتە خزمەتکاری ئەجێنداکانی پارتی و بنەماڵەی بەرزانی.
ئەگەر بافڵ تاڵەبانی ڕێگە بە هەژماری من بدات، بە پێچەوانەی بەڵێنەکەیەوە کە لەبەردەمی کامێراکان و دەیان هەزار کەسدا مایکرۆفۆنەکەی کێشا بە زەویدا کە چیتر قبووڵی ناکات مەسرور بەرزانی برا گەورەبێت، کۆتایی بە ژیانی حیزبایەتی خۆی دەهێنێت و ژینگەکە لەبار دەکات بۆ لاهووری شێخ جەنگی کە هەموو ئەوانە وەربگرێت لە حیزبەکەیدا کە چیتر بافڵ تاڵەبانی بە شایستەی سەرۆکایەتی نازانن و هیچ متمانیەکیان پێی نەماوە و کاتێکیش بە خۆی دەزانێت دەستی لە بنی هەمانەکەوە دەرچووە.
ئەگەر بافڵ تاڵەبانی خۆی بە درۆبخاتەوە و خۆی بچووک بکاتەوە و ڕێگە بە هەژماری من بدات، مەسرور بەرزانی بە پتر لە دوولا مەست وحەیران ئەبێت، لەلایەکەوە جارێکیتر لە ڕێگەی بافڵ تاڵەبانیەوە کۆنترۆڵی هەموو زۆنی سەوزی خستە دەستی پارتیەوە کە بە خەونیش ئەوەی نەدەبینی، لەلایەکیتریشەوە یەکێتی بە ئەندازەیەک بچووک دەبێتەوە کە لە بزووتنەوەی گۆڕان خراپتری بەسەردێت و ئینشیقاق و وازهێنان لە ینک دەبێتە هەواڵی ڕۆژانە و زۆرێکیش لەوانە لەلایەن خودی پارتیەوە پێشوازیان لێدەکرێت و بە بەڵێنی دەستکەوت دەیانکات بە پارتی بۆ ئەوەی بەهیچ جۆرێک بواری گەڕانەوەیان بۆ ناو ینک بۆ دروست نەبێت ئەگەر گۆڕانکاریەکی ڕیشەیی لە ناو ینکدا ڕوویدا.
با دەسکەوتە مادیەکەیشی کە چەندینجار زیادی کرد، لەولاوە بوەستێت.
لە ناوپارتیشدا، مەسرور بەرزانی بە خاوەنی سەرکەوتن بەسەر ینک دا و بەو پاڵەوانە وەسفدەکرێت کە یەکێک لە کاریگەرترین حیزبەکانی کوردستان و نەیارێکی بەهێزی پارتی چۆک پێدادا و شکست پێهێنا.
هەڵبەتە کاریگەری شکستپێهێنانی ینک، ڕاستەوخۆبێت یان ناڕاستەوخۆ، کاریگەریەکی نەرێنی ئەبێت لەسەر هەموو ئەو حیزب و لایەنانەی کوردستان، هەر چوار پارچەکەی کوردستان،کە پەیوەندیان لەگەڵ ینک باشە و لە یەکێتیەوە نزیکن و پەیوەندیان لەگەڵ پارتی نەرێنیە.
ئێرانیش لەولاوە بوەستێت، چیتر هیچ سەنگێک بۆ بافڵ و قوباد تاڵەبانی دانانێت چونکە ئیتر مەسرور بەرزانی دەبێتە تاکە کەسایەتی کاریگەر لە هەرێمی کوردستاندا.
هەڵبەتە هەمان بۆچوون بۆ حوکمەتەکەی سودانیش ڕاستە چونکە ئەوانیش هەمان هەڵوێستی ئێرانیان ئەبێت.
بە واتایەکیتر، ئەگەر هەژماری منی لە زۆنی سەوزدا بۆ بچێتەسەر، مەسرور بەرزانی بە هێمنی و بە بێدەنگی بافڵ تالەبانی و نیچیرڤان بەرزانی تەواو بچووک دەکاتەوە و سەرکەوتنێکی مێژوویی و سیاسی وماددی ئەوتۆ بەدەستدەهێنێت، کە بافڵ تاڵەبانی و نێچیرڤان بەرزانی ناتوانن لێی هەڵسنەوە و بە هیچ جۆرێکیش ناتوانن جارێکیتیر مونافەسەی مەسرور بەرزانی بکەنەوە.
بەڵام بێگومان شکستەکەی بافڵ تاڵەبانی شکستێک ئەبێت هیچ شتێک چاکی ناکاتەوە چونکە تەنها شکستی خۆی نابێت بەڵکو شکستی قوبادی برای و هەموو ینکیش دەبێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت