حەسەن ڕازانی: پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلان! چەند سەرنجێک لە دیدی تایبەتی خۆمەوە!

کاتێک کە خومەینی لە ساڵی 1979، بە هاوکاری بەرەی ناتۆ، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی دامەزراند بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە پاراستنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نوێژ فەرزترە.
جا بە بڕوای من خوێندنەوەی پشتی ئەو ڕاگەیاندنەی خومەینی ئەوە بوو کە بە هەرنرخ و شێوازو رێگایەک دەبێ ئەو کۆمارە ئیسلامییە بمێنێتەوە.
پەیامەکەی بەڕێز ئۆج ئالان بە هەمان شێوە، بە بڕوای من، ئامانجێکی سەرەکی لە پشتە کە گەورەترو گرنگترە لە مانەوەی پەکەکە بەو ناوو هێزە چەکدارییەوە! دەیان ساڵە ئەو هێزە کراوەتە تیرۆریستی نێودەوڵەتی، کە دیارە لە سەرداوای ڕاستەوخۆی تورکیاو پشتگیری بێشەرمانەی ناتۆ لە تورکیا بووە!
بە پێی خوێندنەوەی پشتی ئەو پەیامە ئامانجێکی گەورەتر دەدەکەوێت کە لە دوورمەودادا، من پێم وایە، بە قازانجی نەتەوەیی کورد دەشکێتەوە!
ئەو ئامانجە ،من پێم وایە، بریتیە لە پارێزگاریکردن بەپلەی یەکەم لەو دەسکەوتانەی کە لە ڕۆژئاوا بەدەست هاتووە!
من پێم وایە، پەیامەکە بۆ ئەو نیمچە کەیانەی باشووریش هەر بە قازانج دەشکێتەوە. چونکە ئیتر تورکیا بەهانەی هێرش بۆ سەرباشوور بە بیانووی پەکەکە لەدەست دەدات!
جا پارێزگاریی لە ڕۆژئاواو مانەوەی کوردوستانی باشووریش وەک ئەوە وایە بۆ تورکیا کە تیرێکی لە ناوجەرگەی دڵی درابێ و بەرەو نەمانی ببات!
بۆیە کاتێک کە بەوردی لە هەموولاوە لەو پەیامە دەڕوانرێت بە ڕوونی دەردەکەوێت کە ناتەبایە لەگەڵ ئامانجە ئێستاو دوورمەوداکانی سیستەمی تورکیا لە دژی کورد!
ناوچەکە ڕووی لەگۆڕانە! ناتۆ بەسەرپەرشتی ئیدارەی ڕاستڕەوی ئەمریکاو ترەمپی بیزنیزمان دەستی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ پشتگیری هاوڕێکانیان لە ناوچەکەدا بە تایبەتی ئیسڕائیل!
لەو پەیامەدا کورد ئاشتیخوازەو ئیتر تورکیا ناتوانێت تیرۆریزم بە کاربهێنێت بۆ سەرکوت و کوشت و بڕی کوردان. لە ڕووی نێودەوڵەتیەوە ئەو داشەی دەسووتێت. بەتایبەتی کە ئێستا ڕۆژئاوا ڕاستەوخۆلەگەڵ ناتۆ لە شەڕی دژە داعشدایە.
ئاشتبوونەوە لە نێوانی کوردو تورک دێتە ئاراوە! ئیتر سیستەمی ڕەگەزپەرستی تورک ناتوانێت هیچیتر تورکان بکاتە دوژمنی کوردان. ئەو ڕیس و سیاسەتەی لێدەبێتەوە بە خوری.
پەکەکە دەتوانێت بەو پەیامە پارێزگاریی لە دەستکەوتی ڕۆژئاوا بکات و لە شەڕو گێچەڵەکانی تورکیا دووری بخاتەوە! چونکە هەمیشە تورکیا کوردانی ڕۆژئاوا وەک پەکەکە دەبینێت.
ڕێگا خۆش دەکات کە هێزێکی تر لە شێوەو جۆرێکی تردا ببێتە شوێنگرەوەی ئەو هێزە چەکدار و سیاسیەی کە ئێستا پەکەکە هەیەتی و تورکیا بە تیرۆریستی دەزانێت، تا ئەو کاتەی کورد دڵنیا دەبێت لە نیازپاکی دەسەڵاتی تورکیا.
ئەو پەیامە فەرمان نیە بە هێزە چەکدارەکانی پەکەکەو هێزی سیاسی پەکەکە بۆ ئەوەی هەر ئێستا چەک دابنێت، بەڵک و زیاتر وەک ڕێگەچارەیەو نەخشەڕێگاییشە هەم بۆ کوردو هەم بۆ تورک، کە نیشانی سیستەمی تورکیای دەداو گەلی تورکی لێئاگادار دەکاتەوە! بۆیە بۆی هەیە جێبەجێبکرێت و بۆشی هەیە نەکرێت.
ناوچەکە شێواوەو تەواوی دەوڵەتانی ناوچەکەو نەتەوە سەردەستەکانی ناوچەکەش کە حوکمڕانی ئەو ناوچەیەیان سەدان ساڵە لە ژێردەستایە ئێستا کەوتوونەتە هەلەکە سەماو دۆشداماون کە نازانن سبەینێی ئەوان چۆن دەبێت. هەمووی لە خۆی دەترسێت بێجگە لە ئیسڕائیل.
هێزێک سەرپەرشتی ئەو گۆڕانکاریە دەکات کە توانای هەیە. هەر ئەو هێزەبوو کە سەد ساڵ لێرەو پێش نەخشەی ئەو ناچەیەی داڕشت و کەسیش نەبوو بڵێ پشتی چاوانت برۆیە. دەبەخوا ئێستاش هەر وایە! دەسەڵاتە بەهێزەکەی سەدساڵ لێرەو پێش فڕۆکەی جەنگی هەبوو، نەتەوە پەرش و بڵاوەکانی ناوچەکەش بە دەسەڵاتی خەلافەتی عوسمانیشەوە هەر بە نیرو ئامووری دار زەویەکانیان دەکێڵا.
ئێستا ئەو هێزەی سەد ساڵ لێرەو پێش چەکی ناوکیی و تەکنەلۆجیای شەڕی بایۆلۆجی و نایترۆجینی و ئەلەکترۆنی بەدەستەوەیەو فەرمانڕەوایانی ناوچەکەش هەر شەڕو کێشەیانە لە سەر کورسی و پارە سپیکردنەوەو دزینی سەرخان و ژێرخانی وەڵاتەکانیان.
گۆڕانەکە بەڕێوەیەو پێشی پێناگیرێت!