دلێر محەمەد نوری: هێزی کارێزما لە لای ئاپۆ و ئەوانی دیکەدا؟
نە سەر بە پەکەکەم و نە بۆ ڕۆژێکیش شوێنکەوتەی بیری ئاپۆ بووم. بگرە بە داخەوە کە کاتێ کادیرێکی پێشکەوتووی یەکێتی بووم، یەکێتی دوور لە ئێستای، خەریکی شەڕی براکوژی بوو لە گەڵ پەکەکە، لە ماخوبزنان و بناری قەندیل-دا. بەڵام کاریگەری وشەکانی ڕابەری پەکەکە لە زیندانەوە، لە سەر هەموو ناوەندەکانی بڕیاری هەرێمی و جیهانیدا، وا ئەکات سەرسامی خۆمان بەم پیاوە مەزنە بۆ نەشاردرێتەوە.
ئەگەرچی من بۆ خۆم، بەرلە ڕاگەیاندنی پەیامەکەی بەڕێز ئۆچ ئالان و دوای ڕاگەیاندنیشی، هەمان وتەم دووبارە کردۆتەوە کە؛ پەیامی زیندانییەک لە زیندانەوە بۆ ئاشتی و چەکدانان بۆ ڕژیمی تورک، هەر هێندەی ئیدیعای باڵندەیەکی نێو قەفەس بۆ ئازادی فڕین و گەڕانەوە بۆ بەردەستی ڕاوچی مانادارە.
بەڵام لێرەدا من هێندەی باس لە کاریگەری ئەم کەسە ئەکەم لە سەر ڕووداوەکان، هێندە خەریکی شەن و کەی وشە بە وشەی نێو پەیامەکەی نابم، کە زۆر نووسەری دیکە لە نێوان ئاشبەتاڵ و حیکەمەت و خۆڕادەستکردن، لێکدانەوەیان بۆ ئەو پەیامە کرد.
پەیامەکەی هەرچییەک بێ، پێ ناچێت هیچ کاریگەریەک لە هەڵوێستی قەندیلییەکان بکات، ئەگەر زەمینەی یاسایی و کرداری چەکدانان خۆش نەکرێ. ئەوەتا قەرەیلان لە تازەترین لێدواندندا بڕیاری چەکدانانی بەستەوە بە بیروباوەڕی تەواوی گەریلاکان نەک بڕیارێکی تاکە کەسی. وە بە ئاشکراش دەڵێن ئێمە وا بەستەی بڕیارێک نین لە زیندانەوە درابن.
ئەگەر چی چاوەڕوان دەکرا ئۆچەلان بە شێۆەی ڕاستەوخۆ یان بە ڤیدیۆی تۆمارکراو پەیامەکەی بڵاوبکرێتەوە، بەڵام ڕێگە بەمە نەدرا. بیانووی ئەم ڕێگەگرتنە یاسا بەربەستیەکانی تورکیا بوو، کە من بۆ خۆم بە بیانوویەکی پووچی دەبینم. چونکە ئەدی بە کام یاسا ڕێگە بە ڕابەری پارتێک دەدەی کە تۆ بە پێی یاسا “بە تیرۆریستی” دەناسێنیت، کە لە زیندانەوە پەیام بڵاوبکاتەوە!؟ نەخێر ئەم ڕێگریی و سنوردارکردنی دەرکەوتنی ئاپۆ تەنها بۆ داپۆشینی بەشێک لە کارێزما و کاریگەری ئەو ڕابەرە جوامێرە یە.
ناوکی ئەم نووسینەم بۆ ڕوونکردنەوەی جیاوازی کاریگەری و کارێزمای ئۆچ ئالانە لە چاو ڕابەری پارتەکانی دیکەی کوردستان، بە درێژایی مێژوو.
ئەوەی دوێنی ئۆچ ئالان بە دەر لەوەی چی وتووە، پێی وتین، کە ئاپۆ لەو یاریکەرە سیاسییە ئەچێت کە تەواوی ناوەندەکانی جیهانی ئاواتیان دابەزینێتی بۆ نێو یاریگای سیاسەت، تا ڕووداوەکان بە ئاراستەیەکی جیاواز بگۆڕێت. ئۆچ ئالان نیشانی داین کە هێزی کاریگەر و گۆڕانی پێیە، خۆ ئەگەر لە زیندانیشەوە بێ.
ڕەنگە هەبن وا بیر نەکەنەوە بەڵام وەرن بەراوردی تواناو هێزی کاریزمای ئەم ڕابەرە بکەن لە گەڵ ڕابەرەکانی دیکە، لە سەر کوردی باکور و هەر سێ پارچەکەی تریش لە مێژووی نوێی گەلەکەماندا.
بۆ نموونە ئۆچ ئالان دەستگیر ئەکرێ، بەڵام پارتەکەی و شۆرشی باکور نەک هەرەس ناهێنێ بگرە ڕۆژ بە ڕۆژ بتەوتر و کاریگەرتر ئەبێت و بیری ئاپۆ و بنکەی جەماوەری بە هەر چوار لای کوردستاندا بڵاودەبێتەوە و وتەکانی دەبن بە دروشمی شۆرش و ڕاپەرینەکان لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش. ئەمڕۆ دوای 26 ساڵ زیندانی بەڵام هێزی چەکداری پەکەکە و توانای جەنگی پەکەکە و کاریگەری خودی ڕابەرەکەی لە هەموو کات لە کاریگەری هەرپارت وڕابەرێکی دیکەش بەهێزترو کاریگەرترە. بەڵام ئەگەر باس لە کاریگەری ڕابەری کۆچ کردووی پارتی مەلا مستەفا بکەین دەبینین؛ جا با ئەو پارتییانەی دەروێشانە پارتین، تا ئەمڕۆش تەنانەت شانازی بەو دار جگەیەشەوە بکەن کە سیخاری پێ کێشاوە. بەڵام کاریزمای ئەم ڕابەرەکۆچکردووە، نە له سنوری پارتەکەی تێپەڕیوە نە دوای ئاشبەتاڵ و مردنیشی تا ڕاپەڕینەکەی 91، نە پاری توانی لە سەر پێی خۆی بوەستێ. نە دوای خۆی ئاسەواری شۆڕش و خەباتەکەشی مایەوە.
خۆ ئەگەر بەروردی کارێزمای ڕابەری ئەمڕۆی پارتی بکەین بە کاریگەری و کاریزمای ئۆچ ئالان، دەبینین دەنگ و کاریگەری بارزانی تەنانەت ناگاتە شارێکی وەکو سلێمانیش، کە سەر بە هەرێمەکەی خۆیشێتی، چ جای کاریگەری جیهانی و ئیقلیمی.
ئەمە تەنانەت بۆ هەندێ ڕابەر و سەرکردەی دیکەش ڕاستە. تۆ تەماشا ئەگەرچی کەسێکی وەکو تاڵەبانی کەسایەتییەکی کاریزمی و کاریگەری کوردستانی و عێراقی و جیهانیش بوو بەڵام دوای مردنی یەکێتی دابەش و لاواز دەبێ و تەنانەت دەستی پارتیش دەگاتە هەناوی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیشی.
خۆ ئەگەر بەراوردکارییەکە بگوێزینەوە بۆ لای نەوشیروان مستەفا دەبینین، کە لە گەڵ ئەوەشدا کەسێکی کاریگەر و کاریزمی و خاوەن پڕۆژەی سیاسی و ستراتیژی بوو بەڵام ئەمیش وەکو تاڵەبانی لە پاش کۆچی دوایی کردنی تەواوی پڕۆژە سیاسییەکەی و کاریگەرییەکانی لە ناوچوون.
بە وێنەی نەوشیروان مستەفا و تاڵەبانیش ئەم بەراوردکارییە بۆ شەهیدان قاسملۆ و شەڕەفکەندیش ڕاستە. چونکە بە مەرگی ئەم دوو سەرکردەیەش دیموکراتی ئێران هەم پەرت پەرت و هەم بێ گاریگەر تا ئەمڕۆش ماونەتەوە.
ئەم بەراوردکارییە هیچمان پێ نەڵێت، پێمان ئەڵێت کە ئۆچ ئالان زیاتر لە هەموو ئەو ڕابەرانەی لە چل و پەنجاکانەوە پەیدا بوون خاوەن هێزی کارێزمی و کاریگەری سیاسی و ڕێکخراوەییە لە سەر ملیۆنان مرۆڤی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و پاشخان و بنەمایەکی پتەوی شۆڕش گێڕی وحزباتی بەجێ هێشتووە کە نە زیندانی کردن و نە بە کۆچی دوایی کردنیشی لە بەین ناچن. جگە لەمەش تەنها کاریگەری وشەکانی لە سەر کاغەزێکی بێ گیان لە زیندانەوە هەموو سەرکردە و ناوەندەکانی بڕیاری لە جیهاندا هێنایە قسە.
- Latest Posts by دلێر محەمەد نوری
-
دلێر محەمەد نوری: لە دیواری بەرلینەوە بۆ بازگەی دێگەڵە.
- -
دلێر محەمەد نوری: خاک و مێ منداڵ لە یاسای ئەتکی عێڕاقیدا!
- -
دلێر محەمەد نوری: بعد خراب الغزة.
- All Posts