سامانی وەستا بەکر: پەیامێکی باڵا و پەیامهێنەرانێکی دەنگ نزم.

کورد هێندەی هەموو جیهان مارانگەزبووەو گەڕاویشەتەوە ئەو شوێنەی کە مارەکە پێوەییاوە، هەرئەمەش وایکردووە کە لە دوای پەیامەکەی بەرێز عەبدوڵا ئۆجەلانەوە شەقامی کوردی دابەشببێ بەسەر دووبەرایا، یەکێکیان بەترس و دڵەڕاوکێ و ئەویتریان بە حەزەرێکی زۆر و کەمێک گەشبینیەوە لێیبڕوانن.
(بەو کەسە ئەڵێن ئاقڵ و وشیار، لە جێیەک دووجار پێوەی نەیا مار)
دروستبوونی پ.ک.ک و پەیامەکەی ئاپۆ:
1. پێگەی کورد لە ئێستایا نەک بێهێزنییە بەڵکو پێگەی کورد زۆر بەهێز و کاریگەرە لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهانیش، هەر ئەمەش وایکرد کە باخچەلی نەتەوەپەرست و دژە کورد بە نوێنەرایەتی دەوڵەتی قوڵ پیاڵە ژەهرەکە نۆشکات، لە پەرلەمان دەستبخاتە ناودەستی کورد و داوای ئاشتی بکات، کە تەنانەت خودی خۆشی هەرگیز شتێکی وای بەبیرانەهاتووە، بەڵام کاتێ کە دڵنیابووی لەوەی ئەگەر دەست بۆ ئاشتی درێژنەکەی ئەوا دەست ئەشکێنرێ، ئەوا بەناچاری دەست درێژەکەی.
2. پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان نە تەسلیم بوونە، نە ئاشبەتاڵە وەک ئەوەی بەشێک لە خەڵک باسی لیوەئەکەن، ئەگەر بەووردی گوێ لە پەیامەکە بگری ئەو ئەڵێ کۆنگرە بگرن و پاشان بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشانەوەبەن، ئەمەش تەنها یەک واتای هەیە ئەویش “نوێبوونە”یە، و خۆگونجاندنە لەگەڵ سەردەمی نوێێا.
3. تورکیا نەک مافی کوردی نەئەیا بەڵکو ئینکاری بوونیشی ئەکردن، بۆیە بەناچاری پارتی کرێکاران بۆ ئەوە دروست بوو وە دەستیانایە چەک تا بەهێز ئەوە بسەلمێنن کە کورد مافی هەیە و خاوەندارێتی بەشێکی هەرزۆری ئەو وڵاتە ئەکات کە پێی ئەوترێ تورکیا و هەرواشیان کرد.
4. دوای زیاتر لە ٤٠ ساڵ ئەو مەبەستەی کە پەکەکەی بۆ هاتە بوون، ئامانجی خۆی پێکا و ئێستا سەردەمی قۆناغی دووەمی کارو پلانی ئەو حیزبەیە، کە چیتر بە شەڕ ناکرێ بەڵکو ئەبێ بەدانیشتن و گفتوگۆبێ. خۆ ئەگەر تورکیا پابەندنەبێ هیچ شتێ لە چەک هەڵگرتنەوە ئاسانتر نییە، پێشتر چەندینجار پەکەکە تاک لایەنە ئەمەی کردووە و لە باشوری وڵاتیش دوای نسکۆ پاش تەنها چەند مانگێک شۆڕشی نوێ هەڵگیرسایەوە.
5. ئەم پرۆسەیە نوێ نییە، کاتێک چاوێک بە ڕۆژنامە وسۆسیال مێدیای دەرەوی کورد ئەخشێنی وگوێ بۆ بیسترا و بینراوی جیهانی ئەگری ئەوەت بۆ ڕوونئەبێتەوە کە هیچ لایەنێک بەتایبەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا تووشی شۆک نەبوون بگرە دەستخۆشی و ئامادەی هاوکاری دەرەبڕن، ئەمەش یەک واتای هەیە کە پێشتر زانیاریان لەسەر ئەم پرۆسەیە هەبووە، ئەمە ئەگەر بەشداریش نەبن تیایا.
6. لەدوای پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلانەوە چەندین هەڵوێستی جیاواز و شرۆڤەی زۆرکران، کە نێوان ڕەش و گەشبینا دابەش بوون ئەمەش شتێکی ئاساییە، بەتایبەتی لە باشوری کوردستان کە تامی ئاشبەتاڵ کراوەو تا ئێستاش کوردی ئەو بەشە باری قورسی ئەو مۆتەکەیە لەسەر شانێتی و بەیەکێک لە ناخۆشترین ڕووداوی مێژووی شۆڕشی کوردی و نەنگیەکی شەرمهێن ئەیبینێت.
کورد و تورک و پەیامەکە:
ئاشکرایە کە پرۆسەی ئاشتی لە بەرژەوەندی کۆی مرۆڤایەتیایە و تا ئاشتی هەبێ ئاسایشی ئابوری و کۆمەڵایەتی بەرقەرارترئەبێ، ئاشتی ئەمجارە ئەگەرچی لەبەرژەوەندی کوردە بەڵام بۆ تورک گرنگتر و کاریگەرترە، بەجۆرێک کە تورکیا لە دووڕیانێکا وەستاوە ئەگەر ئاشتی هەڵبژێرێ ئەوا:
1. دەستکەوتێ زۆر گرنگ بەدەستەهێنێ، ئابورییەکی ئەبوژێتەوە، سنوری قەڵەمڕەوی و کاریگەری ستراتیژی و هەژموونی لەناوچەکەیا چەندینجار بەهێزترەبێ.
2. خۆ ئەگەر پێچەوانەکەشی هەڵبژێرێ و پشتکاتە ئاشتی ئەوا: ئێران نمونەیەکی زیندووە کە چۆن دوای ئەوەی ساڵانێک هەژمونگەرایی لەناوچەکەیا گەشتبووە یەمەن، لوبنان، فەلەستین، عێراق و سوریا بەڵام لەماوەیەکی کورتا کلکو باڵی کرا و بەبێهێزی خرایەوە ناو سنوری وڵاتەکەی خۆی، تەنانەت لەوێشا دڵنیا نییەو شەوانە خەویان ئەزڕێت و چاوەڕێی ڕەحمەتی هاژەک “موشەک’کەکانی ئیسرائیلن و هەرواش لە تورکیا ئەکرێ ئەگەر بەپرۆژە نوێێەکەی ئەمریکا-ئیسرائیل ڕازی نەبێ، لەبەر ئەوهۆکارە ئەکرێ پرۆسەی ئاشتی بۆ تورکیا بەکەمێک ترش و خوێوە بە پرۆسەی مان و نەمان پێناسەکرێ.
3. تورکیا هەرگیز پێشترهێندە پێویستی بە ئاشتی نەبووە، بۆئەوەش کەسیتر ناتوانێ هاوکاریبکا جگە لە کورد. مەخابن ئەوە کورد خۆیەتی بەلاوازی دەرەکەوێ و هەندێجار واهەستەکەی کە لەژێر فشارا ئەو کارریپێئەکرێ، ئەمە لەکاتێکا کورد کۆڵەکەی بنەڕەتی پرۆسەکەیە.
4. ماوەی ٢٦ ساڵی ڕەبەقە عەبدوڵا ئۆجەلان دەستبەسەرکراوە، بەتەواوەتی لە جیهانی دەرەوە دابڕێنراوە و خۆڕاگریش بووە، توانیویەتی لەناو زیندانەوە درێژە بە خەباتی تاکەکەسی بات، چەندین پەرتووک بەچاپ بگەیەنێ کە بەسودی پرۆسەی ئاشتی و پێکەوەژیان نوسراون، بەڵام ئەوەی جێگەی هەڵوێستە و تێڕامان بوو شێوازی گەیاندنی پەیامەکەی بوو بە کورد و کۆی جیهان.
5. پەیامەکەی ئۆجەلان بەپەلەپروسكێ و زۆر بەلاوازی پێشکەشکرا کە نەئەبوو وابوایە. مرۆڤێک کە 26 ساڵ خۆڕاگربێ و هیچ پەیام و دەنگێکی نەگەشتبێتە تەنانەت خێزانەکەشی ئەوا ئەتوانێ چەن ڕۆژ و هەفتە و مانگێکیش چاوەڕێکات و بەشێوەیەک پەیامەکەی بگەیەنێ کە قورسای و کاریگەری زۆر زیاتر هەبێ لەوەی تائێستا هەیبووە.
6. پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ ئاشتی کەم نەبوو، بەڵکو ئەکرێ ناوبنرێ بەپەیامی چەن دەیەیەک، چونکە تورکیا خودی خۆی هانای بۆ کورد هێناوە بۆ ئاشتی، ئەوەش ئەوە ئەگەیەنێ کە تورکیا پلان و ستراتیژییەکی زۆر گەورەتری لە ئاشتی لەگەڵ کوردا هەیە و کورد بۆ مەرامی خۆی بەکارئەهێنێ و ئەمەش پێێ ئەوترێ سیاسەت، خۆ ئەگەر کورد هەڵەبکا یان بدۆڕێ ئەوە ئەوەئەگەیەنێ کە کورد سودی لە هەژموونی ڕابردوو وەرنەگرتووە.
7. لەئێستایا تاکە ئومێد قەندیلە کە وەک ئەوەی پێیناسراون بەهۆشیاری و زاناییەوە و بەبێ ئەوەی هیچ خاڵێکی نەرێنی لەسەر خۆیان تۆمارکەن تۆپەکە بخەنەوە گۆڕەپانی گورگەبۆرەکان، تا ئەوەی بەسەر شاندەکەیا تێپەڕی ئەمان بیکەن بە ستراتیژ و بەمەرج بۆ چەکدانان.
هەڵەی گەیاندنی پەیامیەکە:
1. گەیاندنی پەیامەکە زۆر لاوازی کوردی پێوەدیاربوو، ئەمە لەکاتێکا ئەمڕۆ پێگەی کورد لەئاستی ناوخۆ، هەرێمی و جیهانیا زۆر بەهێزە.
2. چوونەژێرباری مەرجەکانی تورکیا، بەجۆرێک کە تەنها بەوێنەیەکی عەبدوڵا ئۆجەلان ڕازیبوون لەکاتی خويندنەوەی پەیامەکەیا، کە نەئەبوو وە ناکرێ هەرگیز بەمەرجێک ڕازیبی کە بەتاوانبار و زەلیل و بەزیوو دەرتخات.
3. گرنگ و باشتر و بەهێزتربوو کە پەیامەکە ڕاستەخۆ یان لایەنیکەم بەڤیدۆ لەلایەن خودی عەبدوڵا ئۆجەلانەوە بخوێنرایەتەوە تاوەکو هێز و کاردانەوەی زیاترهەبێ و ئەشی بوو.
4. ئەگەر پەیامەکە ڕاستەخۆ یان بە ڤیدۆبووایە، ئەوا جۆرێک لە شکۆو شانازی بۆ کورد ئەگەڕانەوە و هێزی بەرخودان و هەستانەوەی زیاتری ئەبەخشی بەکورد و لەسەر ئاستی جیهانیش باشتر گوێی لێئەگیرا.
5. ڕاستەوخۆ یان بەڤیدیۆ سەرنجی زیاتری تورکەکانی ڕائەکێشا بۆ پرۆسەی ئاشتی، بەڵام بەجۆرە لاوازەی کە شاندەکە ئەدایان کرد هەر بەولاوازییەش گەشتۆتە تورکەکان.
6. بەڕاستەوخۆ یان بەڤیدۆ ئەبووە ترێندێکی جیهانی و زۆربەی دەزگا هەواڵییەکانی جیهان بەگرنگییەوە بڵاویانئەکردەوە و دۆسی کورد لە جیهانا هەنگاوێکی زۆر زیاتر لە ئێستا ئەچووە پێشێ.

کاردانەوە و کاری قەندیل:
1. ئەوەی ئاشکرایە بۆ هەمووان ئێستا تۆپەکە لەلای قەندیلە، ئەوانیش نابێ لە فەرمایش و داواکاری سەرۆکی ڕۆحی حیزبەکە بەهەند وەرنەگرن، چونکە تا ئێستاش هەر عەبدوڵا ئۆجەلان ڕابەر و کەسی یەکەمی پارتی کرێکارانی کوردستانە.
2. لەدوای پلانە نێودەوڵەتیەکەی ساڵی 1999 کە بۆ دەستگیرکردنی ئۆجەلان داڕێژراو جێبەجێکرا، قەندیل لەچەندین کات و بۆنەی تایبەتا ڕایانگەندووە کە بەڕێز ئۆجەلان ڕابەر و کەسی یەکەمی پارتەکەیە، کەواتە نەنگی و هەڵەیە ئەگەر لە ئێستایا پابەندی داواکارییەکانی نەبن.
3. پابەندنەبوون بە پەیامەکەی ئۆجەلان دۆستی دەرەکی و هەرێمی لە قەندیل دوورەخاتەوە و ئەوەش لەبەرژەوەندی کوردا نییە.
4. پابەندبوون بە پەیامەکەوە کارە ڕاستەکەیە، بەڵام چەکدانانێکی مەرجدار، بەجۆرێک کە ئەوەی شاندە کوردییەکە بۆی نەکرا قەندیل بیخاتە ناو داواکارییەکانییەوە بۆ نمونە چۆڵکردنی عەفرین و ڕاگرتنی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا و ئازادی بێ مەرجی عەبدوڵا ئۆجەلان و… هتد.
5. زۆرێک نوسیوویانە و ئەڵێن حوکمی هەتا هەتای لە تورکیا 35 ساڵە. تا ئەمڕۆ بەڕێز ئۆجەلان 26 ساڵی بەڕێکردووە، واتە 9 ساڵی ماوە ئەوەش کاتێکی زۆرە بۆ تەمەنی پیاوێکی بەساڵاچوو. ئەگەر حوکمی هەتاهەتای 35 ساڵبێ لە تورکیا، بەڵام خۆئەکرێ پەرلەمان یان سەرۆکی تورکیا ئەردۆگان وەک نییەت پاکی لێبوردن بۆ ئۆجەلان دەربکەن و دوابەدوای ئەوە چەکەکان دابنێن.
6. پەیامەکە نوسراوێکی ئاسایی نییە و گرنگیەکی مێژووی ئەبێ، بەجۆرێک لەکاتی جێبەجێکردنی ناوەرۆکی پەیامەکەیا باری لاری ئابوری و سیاسی تورکیا ڕاستئەبێتەوە بۆیە ئەبێ کورد داوای پشکی خۆی لە بوژانەوە و ئارامی و ئاشتی بکات.
‌کێ لاوازبوو؟
خەڵکانێکی زۆر هێرشی ناڕەوا ئەکەنە سەر عەبدوڵا ئۆجەلان کە گوایە ئاشبەتاڵێکیتری بەسەر کوردا هێناوە، ئەمە ڕاست نییەو بێویژدانییەکی زۆری تیایە، ئەوەی لاواز و بێهێزو لەئاست گەورەی پرۆسەکەیا نەبوو شاندە کوردییەکەبوو، ئەوان لەناو ملاملانێکانان و ئاگایاری ڕەوشی ئابوری و گۆشەگیری تورکیان، بەڵام هەرچی ئۆجەلانە ماوەی 26 ساڵە دابڕێنراوە لە جیهانی دەرەوەی بەندینخانەی بەدناوی ئیمراڵی، بەپێی زانیارییەکان تەنها بۆی هەیە تەماشای سێ کەناڵی تورکی سەر بە دەوڵەت بکات، ئەمەش وایکردووە کە نەتوانێ هاوتەریب لەگەڵ گۆڕانکارییەکانا هەنگاوبنێت و زانیاری پێویست و دروستی پێنەگات، لەبەر ئەو هۆکارە ئەبوو شاندە کوردییەکە پێداگر و بوێرانەتر دانوستانیان لەگەڵ تورکەکانا بکردایە.
بەشداری ئەحمەد تورک بۆ؟
بەڕێز ئەحمەد تورک سیاسیەکی شارەزا و کوردێکی بێ خەوشە، لە ئێستایا قەیومی بەسەرا جێبەجێ ئەکرێ، کە ئەمە خاڵێکە ئەبێ هەڵوێستی لەسەر بکرێ، کە چۆن و بە چ هۆکارێک تورکەکان ڕێگەیان بە ئەحمەد تورکداوە بەشداری پرۆسەیەکی وا گرنگ بکات و پەیامەکەی ئۆجەلانیش بەکوردی بخوێنێتەوە؟ ئایا لەکاتی سەرنەکەوتنی پرۆسەکەیا ئەحمەد تورک وەک حەسەن خەیری بەتۆمەتی ئەوەی کە بەکوردی و لەڕاگەیاندنەکان و گۆڕەپانەکانا پەیامەکەی بەکوردی خوێنۆتەوە ڕووبەڕووی زیندان ناکرێتەوە؟ تێبینی، ناوهێنانی گەورە پیاوێک و کوردێکی مەردی وەکو ئەحمەد تورک لەگەڵ حەسەن خەیریا بۆ بەراوردکردنی ئەو دوو کوردە نییە و هەمووان مێژووی هەردووکیان باشئەزانین بەڵکو تەنها بۆ ئەوەیە کە ئەکرێ تورکیا هەمان تۆمەتی حەسەن خەیری ڕووبەڕووی ئەحمەد تورکیش بکاتەوە.
سەرنج: چەکدانانی قەندیک نەبەو خێراییە ئەبێ کە زۆرێک چاوەڕێن نە کۆتای خەبات و بەرخودانی پارتی کرێکاران و کوردیش ئەبێ لەوشوێنەی پێێئەوترێ تورکیا. لەدوای دروستبوونی پەکەکەوە چەندین حیزب نوێنەرایەتی پەیام و ستراتیژیەتی ئەو حیزبەیان لەناوەوەی وڵاتەکە کردووە و گەشتوونەتە پەرلەمانیش و درێژەشی ئەبێ، ئەمە وێڕای ئەوەی لەئەگەری سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتیا کورد ئەتوانێ لەڕێگەی شارەوانییەکانەوە زۆربەی باکوری کوردستان بەرێتەوە و بیبات بەڕێوە، بەبێ ئەوەی قەیوم لەشوێنیان دانرێ بەهۆکاری پەکەکە بوون.