سەردەشت محەمەد: حەقی خۆمانە بە ترسەوە لە پەیامەکەی ئۆجەلان بڕوانین.
پرسی ئاشتی لە تورکیا یەکێکە لە پرسە گەرمەکانی ڕۆژ و ئەوەی کە زیاتر گەرموگوڕی بەم پرسەداوە پەیامەکەی ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) بوو کە ئەمڕۆ بڵاوی کردەوە، من نامەوێت شیکاری بۆ ئەو دیوە ئاشکرایە بکەم کە ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا ئاراستەی قەندیلی کردووە. هەروەها ناشمەوێت قسە لەسەر داهاتووی ئەو ڕووداوانە بکەم کە لەداهاتوودا لەم بارەیەوە ڕوودەدەن، چونکە هەردوو ئەم بابەتە پێویستیان بە شیکارییەكی ورد و شارەزاییەکی هێندە قوڵ هەیە کە کات و ماوەیەکی زۆری دەوێت بۆئەوەی بتوانی بەجۆرێک باسی ئەو پرسە بکەیت کە لە داهاتودا پەشیمان نەبیتەوە، بەڵام دەکرێت لەبەر ڕۆشنای ئەو مێژووەی کە گەلی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان و بەتایبەت لە باشوری کوردستان پیایدا تێپەڕیوە بتوانیت هەندێک ڕاستی هەیە بیانخەیتەڕوو وە بتوانیت پێشبینی بۆ بەشێک لە ڕووداوەکانی داهاتووش بکەین لە باکوری کوردستان.
مێژووی ئێمەی کورد پڕە لە ململانێ و ڕووداوی جەرگبڕ ڕووداوی وەها کە تإئێستاش نەمانتوانیوە قەرەبووی بکەینەوە، کە دیارە بەشێک لەو ڕووداوانەش کە بەسەرماندا هاتووە دەرئەنجامی سادەی و نەخوێندنەوەی ئێمەبووە بۆ داهاتوو هەروەها هەوڵی وڵاتە زلهێز و بڕیاربەدەستەکانی دونیابووە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، کە ئێستاش ترسی ئێمە لەوەیە کە جارێکی دیکە ببینەوە بەقوربانی دەستی وڵاتە زلهێزەکان و بەتایبەتی وڵاتێکی زلهێز و خاوەن قەراری وەک ئەمەریکا کە هەموومان دەزانین ئەو ئامادەیە نەک بەتەنها کورد، بەڵکو هەموو مرۆڤایەتی بکات بە قوربانی بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆی.
مێژوو پێمان دەڵێت؛ کە گەلی کورد لەبازاڕی جیهاندا تائێستاش وەک کاڵایەک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت نەک وەک گەلێک کە مافی ژیان و خۆبەڕێوەبەری هەبێت، ئەگەرنا ئەوا لە تێڕوانین لە پرسی کورد لەباشووری کوردستانەوە تێدەگەیت کە ئێمە هەرچەندە هەوڵماندابێت و چەندە قوربانیماندابێت و چەندە هاوارمانکردبێت بۆئەوەی ئازادانە لە خاکی خۆماندا بژین کەس گوێی لە هاوار و قوربانیدانی ئێمە نەبووە تا ئەوکاتەی کە بەرژەوەندیەکانی خۆیان ئەوەی خواستبێت گوێ لە هاوارەکانمان بگرن.
خەبات و قوربانیدانەکانی کورد لە باکوری کوردستان و بەتایبەت خەباتی چەندین ساڵەی پەکەکە لە قەندیل و ئەو زوڵمە گەورەی تورکیا تائێستا نەک نەبووە بە خەمێک و پرسێکی گرنگ لای وڵاتانی دونیا، بەڵکو زوڵمی تورکیا گەیشتۆتە ڕۆژئاوا و کەچی دونیا لەئاست دەستدرێژیەکانی تورکیا هێشتا هەربێدەنگە، ئەم بێدەنگییەی دونیا وەهایکردووە کە بەگومانەوە لە پەیامەکەی ڕێبەری باڵای پەکەکە بڕوانین کە لە زیندانەوە بڵاوی کردەوە.
مافی خۆمانە بەترسەوە لە پەیامەکەی ئۆجەلان بڕوانین، چونکە ڕێبەرێک زیندانی کرابێت و هێزەکەی لە شاخ لەبەردەم هێرش و پەلاماردابێت و خەڵکەکەی مافی ئەوەیان نەبێت بەزمانی خۆیان بدوێن و نەتەوەی سەردەستیش بەجۆرێک پەروەردەکرابێت کە باوەڕی بەبوونی گەلێک نەبێت بەناوی کوردەوە، ئیدی چۆن نابێت بەترسەوە لەداهاتووی ئەم پرسە بڕوانین و پێمان وانەبێت ئەمەش جۆرێکی دیکە لە فریودان؟
دەوڵەتێک لەسەر داگیرکاری و سڕینەوەی نەتەوەکانی دیکە بنیاتنرابێت گەلەکەی لەسەر ڕق لێبونەوە و حاشاکردن لە بونی ئەوانی دیکە پەروەردەکرابێت چۆن دەکرێت بەئومێدەوە لێی بڕوانیت و پێت وابێت لە لەحزەیەکدا هەموو ڕق و توڕەیەکانی وەلاوە دەنێت و دەبێت بەیار و دۆستت؟ بۆ باوەڕهێنان بەخۆت تەنها ئەوە بەسە تەماشایەکی دانیشتنەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی پەڕلەمانی عێراق بکەیت کە تیایدا یاسای گەڕاندنەوەی موڵکوماڵی هاوڵاتیان بڕیاری لەبارەوەدرا و تەنها دوای چەندڕۆژێکی کەم بەسەر دەرچونی ئەو یاسایەدا سوپا چۆن ڕێگری لە کوردەکان دەکرد بچنەوە سەر خاک و ئاوی خۆیان، ئەی بۆ دەوڵەتێکی وەک تورکیا کە دوو ماددەی یإسای لە دەستورەکەیدا شک نابەیت دان بەمافی کورددا بنێت چۆن ناکرێت بەترسەوە لە هەموو هەنگاوەکانی بڕوانیت؟