شــــــــوان خورشــــــید: پەیامەکەی ئۆجەلان و هەزارەها پرسیار.!
عەبدوڵا ئۆجەلان ناوی تەواوی عەبدوڵا عومەرە ناسراو بە ئاپۆ،لە 4ی نیسانی 1949لە گوندی ئامەرای قەزای خەلفەتی سەر بە پارێزگای رەحا لە دایک بوە،سەرەتا پەیمانگای هونەری تورکی خوێندوەو،پاشان بەشی یاسای لە زانکۆی ئەستەمبوڵ لە زانستە سیاسییەکان لە ئەنکەرە تەواو کردوە.
هەر لە سەرەتای ژیانیەوە تێکەڵ بە کاری سیاسی بوەو نادادی و جیاوازی کردن لە گەڵ گەلەکەی وای کردوە بیر لە دەرچەیەک بکاتەوە بۆ خەبات کردن بەمەبەستی رزگاری و بەدەستهێنانی مافەڕەواکانی گەلی کورد،بۆیەلە 27ی تشرینی دوەمی 1978بەبەشداری23تێکۆشەر لە هاوڕێکانی لە گوندی فیس لە پارێزگای ئامەد، پارتی کرێکارانی کوردستان،پەکەکە یان دامەزراند، بۆیە دوای کۆدیتاسەربازیەکەی تورکیا لە 12ی ئەیلولی1980 پەکەکە کەوتە ژێر فشاری ڕژێمی تورکیاوەو ڕاوەدونانی هاوڕێیانی ئۆجەلان و ئەندامانی پەکەکە لەلایەن تورکیاوە چڕ بوەوە،بۆیە ساڵی 1980 عەبدوڵا ئۆجەلان لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی دا تورکیایان بەرەو لوبنان جێ هێشت و لە دۆڵی بیقاع هێزی چەکداریان دامەزراندو، یەکەم گولەی گەریلاکانی پەکەکە لە ئابی 1984 بە فەرماندەیی مەعسوم کۆرکوماز ئاراستەی سوپای تورکیا کرا کە بوە سەرەتای شەڕێکی درێژخایەن کە تا ئێستاش بەردەوامە.
دوای گەشەو فراوانبونی جوڵانەوەی پەکەکە عەبدوڵا ئۆجەلان لە ساڵی 1990لە لوبنانەوە چووە سوریا تا ساڵی 1998خەریکی بڕەودان بوو بە جوڵانەوە سیاسییەکەی، بەڵام فشاری تورکیا بەردەوامی هەبوو لەسەر سوریا بۆ وەدەرنانی عەبدوڵا ئۆجەلان و گەریلاکانی پەکەکە، بۆیە لە 9ی تشرینی یەکەمی 1998سوریای بەجێ هێشت،ڕوی کردە ڕوسیا و یۆنان و ئیتالیا بە مەبەستی مانەوەی لەو وڵاتانە، بەڵام مانەوەی قبوڵ نەکرا. بۆیە لەسەر پێشنیاری یۆنان بەرەو کینیا بەڕێ کەوت، لەهەموو ئەم ماوانە میتی تورکی بە یارمەتی هەواڵگری زۆر لە وڵاتانی جیهان لە دۆزینەوەی جێ پێی سەرۆک ئاپۆدا دریخیان نەکرد، تا لە 15ی شوباتی 1999لە کینیا دەسگیر کرا.
دوای دەسگیرکردنی لە 29ی حوزەیرانی 1999 فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، بەڵام لە کانونی دووەمی 2000دادگا فەرمانی لە سێدارەدانەکەی دواخست، تا ساڵی 2002سزادانەکەی بۆ زیندانیکردنی هەتا هەتای بەسەردا سەپێندرا، لەو کاتەوە لە دورگەی ئیمرالی دەریای مەڕمەڕ لە ژێر چاودێریەکی چڕوپڕی دەزگا ئەمنیەکانی تورکیا لە زیندانێکی تاکەکەسی زیندانی کراوە. سەبارەت بە ئاشتی و بەدیلی شەڕ لە نێوان گەریلاکانی پەکەکەو سوپای تورکیا دوو قۆناغ بۆ ئاشتی و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەی کورد لە تورکیا دەستی پێ کرد،قۆناغی یەکەم لە ساڵی 2009تا 2011 کە بە دانوسانی ئۆسلو ناسرا،دوهەمیش لە بەهاری 2013بە خۆێندنەوەی پەیامی ئۆجەلان لە نەورۆزی شاری ئامەد پرۆسەی ئاشتی دەستی پێ کرد،بەمەش دوای چواردە ساڵ زیندانی بۆ یەکەم جار چەند وێنەیەکی ئۆجەلان لە زیندانەوە بڵاوکرانەوە،دیارە ئەم هەوڵەش لە تەموزی 2015 ئاگر بەست و هەوڵی ئاشتی شکستی هێنا،تەنانەت لە 6ی ئەیلولی 2018شەوە سەردانی پارێزەرەکانی لێ قەدەغە کرا،تا لە 2019بڕیاری قەدەغەکردنی سەردانی پارێزەرەکانی هەڵوەشایەوە تا جارێکی تر پارێزەرەکانی چاویان بە ئۆجەلان کەوتەوە،دوبارە جارێکی تر لە 2020سەردانی پارێزەرەکانی لێ قەدەغەکرایەوە،دواجار لە 28ی کانونی یەکەمی 2024وەفدی پارتی یەکسانی و دیموکراسی(دەم پارتی)بەڕێگە پێدانی رژێمی تورکیا بەمەبەستی هەڵدانەوەی لاپەڕەی ئاشتی سەردانی زیندانی ئیمراڵیان کردو چاویان بە عەبدوڵا ئۆجەلان کەوت,هەر لەڕێی ئەو وەفدەوە عەبدوڵا ئۆجەلان پەیامێکی بۆ ڕای گشتی و لایەنە سیاسیەکانی تورکیا بڵاوکردەوە.لە پەیامەکەی دا داوای کۆتایی هێنان بە پەکەکە دەکات و داوا لە قەندیل دەکات چەکەکانیان دابنێن،جارێ سەرلەبەری پەیامەکە جێگای پرسیارو لێ ڕامانە،چونکە 26 ساڵ بەسەر دەسگیرکردنی ئۆجەلان دا تێپەڕ دەبێت،لەم ماوە دورو درێژەدا لە زیندانێکی تاکە کەسی و گوشاری زۆری دەسەڵات دارانی تورکیا بۆ سەر ئۆجەلان،ئەکرێ ئۆجەلان ئاوا پەیامێکی بێ سەرەو بەرە ڕابگەیەنێت،بۆیە بە پەیامێکی بێ ماناو بێ سەروبەرە ناوی دەبەم، ئایا ئۆجەلان لە بەرامبەر پەیامکەی چی دوێ تا ناوناوبانگی شۆڕشکەی بپارێزێ،چونکە هێشتا دەسەڵاتدارانی تورکیا پێیان وایە کە قەندیل لە ئیمرالیەوە جوڵە دەکات،هەر لەوەش دەچێ کە دوا گەریلای قەندیل ئاپۆ وەک سەرکردەی هەمیشەیی خۆیان دەبینن،دوای ئەوە گرەنتی چی هەیە کە پەکەکە لە سەر ڕاسپاردەی ئۆجەلان چەکەکانیان دانێن و حیزبەکەیان کە ئومێدی دوا کوردی هەموو کوردستانە هەڵوەشێننەوە،تورکیایەک ئێستاشی پێوە بێت بە وشەی کورد و کوردستان سەغڵەت بێ و هەموو کورد لە سەرجەم پارچەکانی کوردستان بە تیرۆرست سەیربکات،ئێستا داوی ئاشتی لە پەکەکە بکات،بە داماڵینی چەکەوە،بەڕاستی ڕژێمی تورکیای ڕەگەزپەرست دوای دەسبەسەرکردنی سەرۆک ئاپۆ پێی وابوو کە گەریلاکانی پەکەکە بەرەو هەڵوەشانەوەو لەناو چون دەچن،بەڵام ئەو ڕاستیەیان بۆ دەرکەوت کە هزری ئۆجەلان لە پەروەردە کردنی گەریلا هەزاران ئۆجەلانیان بەرهەم هانیوە،زۆر ئەستەمە بێ دیراسەو بەدیهێنانی ئامانجەکانیان گۆرەپانی بەرخودان جێ بهێلن و چەکەکانیان بێ دەنگ بکەن،چونکە پەیامەکە نادیارە کێ دەڵێ لەژێر فشارو مادەی کاریگەر پەیامەکەی ئاراستە نەکردوە،یان ناوەڕۆکی پەیامەکە دەسکاری نەکراوە،کە دەبوایە پەیامەکە سەرۆک ئاپۆ بە شێوەی ڤیدیۆیی بە دەنگ و وێنەی خۆی ئاراستە بکرایە،نەک نوسراوێکی ئاراستەکراو کە دەکرێ دەسکاری ناوەڕۆکەکەی کرابێ، چونکە ئەمڕۆی پێشکەوتن و زیرەکی دەسکرد زۆر شت دەگۆڕێت،هەرچۆنێ بێت ڕژێمی تورکیا هەموو هەوڵی بۆ ئەوە بوو چۆک بە گەریلاکانی پەکەکە دا بداو لە ڕێی سەربازیەوە لە ناویان بدا،گەرەترین پەلاماری لە قفڵی چنگ کە گەورەترین بوجەی وڵاتی بۆ تەرخان کرد جگە لە دۆڕان هیچ بەرهەمێکی نەبوو، عەبدوڵا ئۆجەلانی وەک گەورە تیرۆرست ناو دەهێنا،کەچی ئەمڕۆ دەستی بۆ درێژ ئەکات و دەیەوێت لە ڕێی ئەوەوە پرۆسەی ئاشتی بێتە بەرهەم، ئەمە پرسیارێکەو وەڵامەکەشی ناڕونە و پێویستی بە شیکردنەوە هەیە، بەڵام تورک و ڕژێمەکەی جێگای متمانە نین، ئەگەر جێگای بڕوا بن و مەبەستیان ئاشتی بێت هەر دوێنێ شەو دوای پەیامەکەی ئۆجەلان بە فڕۆکەی شەڕکەریان پێنج هێڕشیان نەدەکردە سەر بنکەکانی گەریلاکانی پەکەکە، ئەگەر تورکیا ئاشتیان دەوێ و بڕوایان بە دیموکراسیە سەرۆک شارەوانیە کوردەکانیان لانەدەداو قەیومیان لە جێگەدا دانەدەنا،کە هەموو ئەو سەرۆک شارەوانیانە لە ڕێگەی دەنگدان و پرۆسەی دیموکراسیەوە هەڵبژێردراون، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە رژێمی تورکیاو دەسەڵاتدارەکانی نە بڕوایان بە دیموکراسی هەیە نە ئاشتیان دەوێ،ئەگەر بۆیان بلوایە لەیەک رۆژێک دا نەک پەکەکە تەنانەت کوردیان لەسەر رووی زەوی دەسڕیەوە، لەگەڵ ئەوەش دا پەیامی ئاشتی لەلایەن ئۆجەلانەوە جێگای ئومێدە،دەرخەری ئەوەیە گەلی کورد گەلێکی ئاشتی خوازە گەر شەڕی پێ نەفرۆشرێ پێویستی بە چەک نەبوە، بەڵام پەلاماری دوژمنان و داگیرکەرەکانی ناچاری چەک هەڵگرتنی کردوە،جارێکی تر ئەگەر ڕژێمی تورک ئەگەر ئاشتیان دەوێت و دەستی یارمەتیان بۆ سەرۆک ئاپۆ درێژ کردوە، تا نیازپاکی خۆیان پیشان بدەن با ئۆجەلان ئازاد بکەن و لە گەڵی بکەونە دانوسان و لە کەشێکی دیموکراسی دا مافەکانی گەلی کورد لەبەر چاو بگرن و دیراسەی بکەن،کە پێم وایە قەندیلیش دەبێ مەرجی یەکەمی ئازادکردنی ئۆجەلان بێت بەر لەوەی بکەونە مشت و مڕی سەر مێزی گفتوگۆ دەسەڵاتدارانی تورک بڕوا بە دانوسان بهێنن،نەک ئەوەی وەک لە پەیامەکەدا هاتوە پەکەکە خۆی لە چەک دابماڵێ و خۆی هەڵوەشێنێتەوە،بەڕاشتی ئەگەر پەکەکە ئەوە بکات هیچی کەمتر نابێت لە ئاشبەتاڵی شۆڕشی ئەیلولی ساڵی 1975،بۆیە دەبێ پارتی کرێکارانی کوردستان زۆر هەستیارانە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم قۆناغەدا بکات،ناسینی تورکیش وەک خۆیان لە بیر نەکات.