ئەسعەد جەباری: کاتی هاتووە هەڵەیەک هەیە چاکی بکەین.!

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

بەپێویستم زانی کە پێش هاتنی مانگی 3سێی زاینی کە هەر چەند ڕۆژێکی کەمی ماوە هەڵەیەک هەیە بیخەمەڕوو بۆ خوێنەران و دەزگاکانی میدیاو ڕایگشتی تا بگەین بەئەنجامێکی درووست.
ئایا ڕیزبەندی مانگەکانی زاینی بەزمانی عەربی ڕەوایە وەرگێڕدرێنە سەر زمانی کوردی؟ ئەگەر ڕەوابێت پێویست دەکات چی بکەین بۆ وەرگێڕانەکە؟، یاخود هەر ناوی مانگەکان ڕێک بەفۆنتی کوردی بیاننووسینەوە بێ دەستکاری وەکو خۆی؟، ئەم دوو پرسیارە زۆرجار لەمێشکمدا دەیهێنم و دەبەم.
با سەرەتا واز لەپرسیاری یەکەم بێنین و بچینە نێو ناوەڕۆکی بابەتەکەوە کە لێردا من مەبەستمە باسی بکەم، نووسینەوەی مانگەکانە بەفۆنتی کوردی و بێ دەستکاریکردن!، لەڕیزبەندی مانگەکاندا مانگی 3سێ-ی زاینی ناودەبرێ بە(أذار)، دەبینی کورد بۆ ئەم مانگە ناوی دەبات بە(ئازار)، کە لەڕاستیدا وەرگێڕانی (ذ) بۆ زمانی کوردی چونکە پیتەکەمان نیەو ناشتوانین مافی ڕەوا بدەین بەو پیتە ڕاستەوخۆ بۆلەکۆڵکردنەوە دەنووسین (ز)، لەفۆنەتیکی دربڕینەکەدا هەڵەیەکی کووشندەیە بە(ذ) بووترێ (ز)، لەبەر ئەوەی سەرلەبەری ووشەکە دەشێوێ و مانا نابەخشێ لەڕووی ناوەڕۆک و زاستی ووشەسازیەوە، ئەوە جگە لەوەی کە کاتێ بەکوردی دەنووسرێ (ئازار) دەبینی تەواو ووشەکە لایداوە لەبنەڕەتی بابەتەکەوەو ئێمەش ئەگەر شوێنێکمان بئێشێ پێی دەڵێن فڵانە شوێنمان ئازار-ی هەیە، واتا لێرەدا ئازار، بۆ خوودی ئازاری جەستەیە نەک ناوی مانگێک کە لەزمانی عەرەبیەوە هێناومانە کە خۆی لەڕاستیدا (أذار)ە.
ئەی چیبکەین و چۆن ئەم ووشەیە ڕاست بکەینەوە دوای ئەو هەموو ساڵە هەڵەیە کە ووشەکە واڕۆیشتووە، پێویستە چیتر لەمەولا لەنووسین و ئەدەبیاتی خۆماندا ئەم ووشەیەی مانگێکی دیاریکراوە وەرگێڕینە سەر زمانی شیرینی کوردی و بۆ لەمەولا بڵێین (ئادار)!، ئەمەیان ڕاسترە، تەنانەت زمانزانەکانی عەرەبیش لەزۆر شوێن و جێگەدا ئەوانیش لەڕووی فۆنەتیکەوە هەر دەڵێن (ادار)و پێشیان ئاساییە، کەوابێت ئێمەی کورد مادام پیتی (ذ)مان نیە لەزمانی کوردیدا پێویستە بۆ ڕاستکردنەوەی مانگی (أذار)ی عەرەبی بۆلەمەلا بنووسین و بڵێین مانگی (ئادار)، وەکو ئەوەی هەقە بنووسرێ بۆ نموونە:
[پیرۆزبێت5ی ئادار ڕۆژی ڕاپەڕینی گەلەکەمان].
یاخوود [7ی ئادار شاری سلێمانی ڕاپەڕی].
یان [16ی ئادار ڕۆژی شەهیدبوونی شاری هەڵەبجە].
یان [21ی ئادار جەژنی نەورۆز پیرۆزبێت] و… هتد، ئەمانەو زۆریتر هەن هەڵەن و تێپەڕیوە بەسەرماندا، بۆیە هیچ کاتێ (أذار)ە عەرەبیەکە نابێتە (ئازار)و بەڵکو ڕاستیەکەی (ئادار)ە.
بەهیوام مامۆستایانی زمانەوانی و شارەزایان گفتوگۆیەک بکەن بۆ ڕاستکردنەوە ئەو ووشەیەو مانگەکە وەکو خۆی لەمیدیاکان و تەلەفزیۆنەکانەوە ڕاستبکرێتەوەو بنووسرێ (ئادار) تاوکو هەموو کۆمەڵگە ووردە ووردە ئەو مانگەی کە پێی دەڵێن (ئازار) لەبیری بچێتەوەو چیتر بەو مانگە هەر هەمووان پێی بڵێن (ئادار)!.