بێکەس قادر: با بە پێش ڕووداوەکان نەکەوین!

با بە پێش ڕووداوەکان نەکەوین، چونکە رێبەری بزاڤە ڕوون و ڕاشکاو دەلێ،بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە دەگرمە ئەستۆ.
 بانگەوازی بەڕێز عەبدولڵا ئۆجەلان بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی مەدەنی، کە دوێنێ بە زمانی کوردی و تورکی لە لایەن ئەحمەد تورک و پەروین بۆلدان خوێندرایەوە و پاشان دەقی بانگەوازەکە بە خەتی دەستی ئۆجەلان بلاوکرایەوە، شەپۆلێک لێکدانەوەی جودا، پێشوازی لێکردن و پشتگیریی لێکردنی لە ئاستی بەشەکانی  کوردستان، تورکیا و نێودەوڵەتان لێکەوتەوە.
پەیامی ئۆجەلان ڕوونە، پێویستی بە شرۆڤە و لێکدانەوەی زۆر نییە، چونکە؛
1.  ناوەڕۆکی ئەو بانگەوازە بەدەر نییە لە سیاسەتی گشتیی و گوتاری سیاسی پەکەکە لە چارەکە سەدەی ڕابردوودا، واتە نوێ نییە.
2. ئەو بانگەوازە دەستپێشخەرییەکی دیکەی ئۆجەلانە، بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی ساڵی 2013، لەو جێگەیەی تێیدا وەستا.
3. بانگەوازەکەی ئێستا، لە ناوەڕۆکی پەیامی عەبدولڵا ئۆجەلان بۆ نەورۆزی ساڵی 2015، کە لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان خوێندرایەوە، بوونی هەیە، لەوێش باسی قۆناخێکی نوێی خەبات و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و داوای بەستنی کۆنگرە لە پەکەکە هەیە، دیسان ئەوەش نوێ نییە. بەڵام ڕەوشەکە نوێییە.
4. ئۆجەلان دەلێ: منیش لەم پرۆسەیەدا بانگەوازی چەکدانان دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە دەگرمە ئەستۆ، ئەمە نوێییە.
5. لە ناوەڕۆکی بانگەوازەکەدا، پەکەکە و شۆڕشی چەکداری ئامانج نییە، ئامرازە. دەڵێ پەکەکە لە سەدەی بیستەمدا، لە سەدەیەکی هەرە توندوتیژی مێژوودا دامەزرا. واتە ڕەوایی داوە بە پێویستیی بوونی پەکەکە و سەرهەڵدانی شۆڕشی چەکداری لە بەرانبەر نکۆڵیکردن و قەدەغەکردنی ئازادییەکان.
6. ئامانجی بانگەوازەکە، دەستبەرداربوونی خەبات و چۆکدادان نییە، ئامانج گۆڕینی خەباتە لە قۆناخێکەوە بۆ قۆناخێکی دیکە، گۆڕانی شێوازی خەباتی سیاسییە.
7. لە ڕاستیدا ئەو بانگەوازە، بە بانگەوازێکی تاکە کەسی ئۆجەلان ناژمێردرێت، چونکە گفتوگۆ و ڕاگۆڕیینەوە، ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرکردایەتی دەم پارتی هەبووە، لە ڕێگەی شاندی دیار و باوەڕپێکراوی ئیمڕاڵی بە ئاشکرا گفتوگۆ لەگەڵ پارتەکانی تورکیا، هەرێمی کوردستان، پەکەکە هەبووە.
8. دەبێ دان بەوەدا بنێین کە دوو پارتی دەسەڵاتدار لە تورکیا، کۆتاییهێنان بە پەکەکە و خەباتی چەکداری دەکەنە بە دەستکەوت بۆ خۆیان، بەبێ دەستکەوتی خۆیان لە پرسەکە نزیک نابنەوە.
9. هاوکاتیش کورد پێویستی بە ئاشتییە و ئاشتی چارەسەرە، پەکەکەی ئێستا بریتی نییە لە پەکەکەی دوێنێ و لە حزبێکی سیاسی و بەس، پەکەکە ئێستا بزاڤێکی سیاسی فرە لایەنە و سەدان رێکخراوی سیاسی، پیشەیی، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری و نێوەندی دیار و کارای هەیە.
 10.پەکەکە و لایەنە سیاسییەکانی کورد لە تورکیا دروشمی سەرەکییان لە قۆناخی ئێستادا، داننان بە ناسنامەی کورد و زمانی کوردییە،  لەڕاستیدا ئەگەر دەرفەتی خەباتی سیاسی و مەدەنی هەبێت، خەباتی چەکداری پێویست نییە.
11.دواجار لە پرۆسەی ئاشتی، بەرە بەرە کورد دەستکەوتی دەست دەکەوێت، بەڵام هەمووی پێکەوە نا.
سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی بە پلەی سەرەکی بۆ کورد ئامانجە، لە قۆناخی سەرەتایی دا، بەند نییە بەوەی چەند دەوڵەتی تورکیا بە جددی دێتە پێشەوە، بەندە بە یەکڕیزیی کورد، بەندە بە پشوودرێژی، بەندە بەوەی لایەنی کوردی چەند دەتوانێت لە ڕێگەی خەباتی سیاسی و مەدەنی و دیپلۆماسی لە قۆناخی ئاشتی، دەوڵەتی تورکیا ناچار بکات بە سەلماندن و چەسپاندنی مافەکانی گەلی کورد لە دەستووردا.
بۆ هەموو لایەك ڕوونە، چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا، لە بەرژەوەندیی تورکیا دایە و هۆکارێکی گرینگە بۆ سەقامگیریی لە ناوچەكە و دەرفەتێکی مێژوویشە بۆ مسۆگەرکردنی پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پرسی ڕەوای کورد .
ئەوەی ئێمەومانان هەر خوێندنەوەیە، ئەوەی دەتوانێت خاڵ لەسەر پیتەکانی ئەم پڕۆسەیە دابنێ، مانایەکی مێژوویی بە پرۆسەکە بدات، ئۆجەلان و پەکەکە و کۆمەڵگەی کوردیە لە تورکیا، لە دەرەوەی ئەوە ئەم پرسە پێویستیی بە پشتیوانی و پشتگیریی هەیە.