عوسمانی حاجی مارف: مانگرتن و سەرکەوتنی ئینساندۆستی.
ڕۆژی 11ی شوباتی 2025، دوای پانزە ڕۆژ مانگرتن لە خواردن، مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو، مانگرتنیان هەڵپەسارد. ئەم هەنگاوە لەچوارچێوەی زنجیرەیەک ناڕەزایەتی بەردەوامی جەماوەری ناڕازی کوردستاندا دێت کە دوای هەڵبژاردن و قەیرانی پێکنەهێنانی حکومەت، مامۆستایان و فەرمانبەرانی ڕووبەڕووی قەیرانی دواکەوتنی موچە و پاشەکەوتی موچە و وەستانی پلەبەرزکردنەوە کردۆتەوە، کە بۆتە مایەی ناڕەزایەتی هاوڵاتیان و توڕەبونیان. بەرزبونەوەی توڕەیی و ناڕەزایەتی گەیشتووە بەو ئاستەی کەسانێک تەندروستی و ژیانی خۆیان بخەنە مەترسیەوە.
مانگرتن لە خواردنیان هەڵپەسارد، بەڵام هەوڵدان بۆ بەردەوامی بە ناڕەزایەتی و گەشەدان و فراوانبونەوەی ڕێکخستن و بەهێزکردنی ناڕەزایەتیەکان، لە بیرکردنەوەی جەماوەری ناڕازی و ئازادیخوازاندایە تا ئەو کاتەی داواکاریەکان جێبەجێ دەکرێن، هەروەها هەوڵدان بۆ دەسکەوتی زیاتر و سەرکەوتن بۆ ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی لە کۆمەڵگەدا ئومێدێکی گەورەیە.
هەڵپەساردنی مانگرتن و داخستنی خێمەکە، بە کاریگەری بانگەوازو داوای جەماوەری شاری سلێمانی و هەڵەبجەوە ئەنجامدرا، کە بۆ سەعاتێک دوکان و بازاڕیان داخست، بە مەبەستی پشتیوانی لە خواستەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران، هەروەها بۆ داوای کۆتایهێنان بە مانگرتن لە خواردن، بەتایبەتی دوای تێکچوونی باری تەندروستی مانگرتوان و دروستبوونی مەترسی لەسەر ژیانیان. مانگرتوان پێشوازیان لە داوای دڵسۆزانەی جەماوەری توڕەو ناڕازی لە دەسەڵات کردو مانگرتنەکەیان هەڵپەسارد.
پانزە ڕۆژی مانگرتنەکەو ڕۆژانی دواتریش، میدیاکان بەشێوەی جۆراوجۆر وێنەو هەواڵی مانگرتووەکان و خەیمەکەو کارمەندانی تەندروستی و ئامادەبوانی پشتیوانی لە مانگرتوان ڕۆماڵ دەکرد، وێنایەکی سەربەرزی و ئیرادەو شکۆی جەماوەری ناڕازی بەرامبەر بەدەسەڵاتی میلیشیای تاڵانچی گەندەڵ و مشەخۆری نابەرپرس نیشاندرا. ئەم ڕوماڵە کە دەنگدانەوەیەکی سەرنجڕاکێشی بە خەڵکی کوردستان و دەرەوەی کوردستان بەخشی، دۆخێکی جیاوازی پڕ شانازی خستە سەر شانۆی ناڕەزایەتی جەماوەری و ئامادەیی وەستانەوە بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی زۆنی زەردو و زۆنی سەوز.
لەلایەکی ترەوە ململانێی حزبە دەسەڵاتدارەکان و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی ناو پەرلەمان، لەبەرامبەر یەکترو لەبەرامبەر جەماوەری ناڕازیدا، لەسەر ئەوەبوو کە تا چ ڕادەیەك هەر لایەنێکیان دەتوانن بەناوی پشتیوانیکردن یان دژایەتیکردنی مانگرتنەکەوە، کاریگەری لەسەر مانگرتوان و مانگرتنەکە جێبهێڵن و وەک ئەکتەرێکی سەرکەوتو بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاری بهێنن! بەڵام ئاستی ئەم ناڕەزایەتیەو ئیرادەی مانگرتوەکان و هێزی پشتیوانی، بەربەستێکی گەورە بون کە ئەکتەرەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەکەیان لە پەرلەمان بتوانن یاری بەم حەرەکەتە بکەن.
مەسەلەیەک کە لە ڕۆماڵی میدیاکاندا نەتوانرا بە فراوانی و بە باشی ڕۆماڵ بکرێت، ئەو ململانێیە بوو کە لە نێوان ئەوانەی پشتیوانیان لەو مانگرتنە دەکرد، وەک دوو ئاراستەی جیاواز لە پشتی پەردەی ئەو شانۆیە دەوریان دەبینی:
یەکەمیان/ ئەو بۆچونەی لایەنە ئیسلامیەکان و ناسیۆنالیستەکان بوو کە بۆچوونێکی کۆنەپەرستانەو دژی ئینسانی بوو وە هانی مانگرتوانی دەدا بەردەوام بن لە مانگرتن لە خواردن! بەنیازی ئەوەی بەڵکو کەسانێک گیانیان لەدەست بدەن و بیانکەنە قوربانی شڵەقاندنی دۆخەکە، بەو ئاراستەیەی کە دۆخەکە بە ئاقارێکی تردا بڕوات و نیازەکانی خۆیانی تیا بهێننەدی، کە لەم بارەیەوە حزبە دەسەلاتدارو ئۆپۆزسیۆنەکانی ناو پەرلەمانەکەیان هاوبەش بوون. ئەمانە نابەرپرسانەو بێباک مامەڵەی مانگرتوانیان دەکرد، کە هەر لایەنێکیان بۆ مەبەستێکی سیاسی تایبەت بەدەوری ئەم ئاراستەیەدا دەسوڕانەوە.
دووەمیان/ ئەو بۆچون و ئاراستەیە بوو کە تەندروستی و پاراستنی ژیانی مانگرتوان بنەمای پشتیوانی و دەخالەتیان بوو، کە لەڕۆژی یەکەمەوە تەواوی هەوڵەکانیان هەنگاونان بوو بەگۆڕینی دەستبەجێی ئاراستەی مانگرتن لە خواردن، بۆ شێوازێکی شارستانی و گونجاوترو کارسازتر، کە لەڕاستای هەوڵەکانیاندا دەورێکی پێشڕەوانەو ئەرێنیان بینی لە رێکخستنی ناڕەزایەتی جەماوەری، بەداخستنی دوکانەکان و کۆکردنەوەی جەماوەرێکی چەند هەزاری بەدەوری خەیمەکاندا، کە داوا لە مانگرتوان بکەن، مانگرتن لەخواردن ڕاگرن. ئەم کارەیان ئەنجامداو سەرکەوتنێکی مەزنیان بۆ مانگرتوان لە خواردن تۆمارکرد، ئەم ئاراستەیە ڕۆڵ و ململانێی ئازادیخوازان و ئینساندۆستان و ڕێکخراوە مەدەنیەکان و رێكخراوەکانی ژنان و کۆمۆنستەکان بوو.
مەیدانی ناڕەزایەتی و مانگرتن و کۆبونەوەی جەماوەری لە تەواوی ئەو پانزە ڕۆژەدا، بەهەر پێشرەوی و کەموکوریەکەوە، جگە لە بەرزڕاگرتنی ئیرادە و پێداگری بۆ داخوازیەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران، ململانێی ئەو دوو ئاراستەیەو سەرکەوتنی ئازادیخوازی و ئینساندۆستی و رادیکاڵیزم و بەشداری ئاستێکی بەرچاو لە ڕابەرانی ژنانی ئازادیخواز، سیمایەکی گەشی ئاسۆی ناڕەزایەتی ئایندەمان پێدەناسێنێت، کە لە هەنگاونانی بەردەوامی ناڕەزایەتیەکاندا ئەتوانین وەک ئەزمونێک هەوڵی زیاتر بدەین کە بەر بە هەر دەخالەتێکی نائیسانی و کۆنەپەرستی بگرین، کە دەیانەوێت یاری بەچارەنوسی ناڕەزایەتیەکان و ژیانی خەڵک بکەن و بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان بەکاری بهێنن.
- Latest Posts by عوسمان حاجی مارف
-
عوسمانی حاجی مارف: ململانێی زلهێزەکان و کێشەی کورد.
- -
عوسمانی حاجی مارف: داعشی دوای ئەسەد.
- -
عوسمانی حاجی مارف: پلانی کۆتایی حەشدی شەعبی و ئایندەی عێراق.
- All Posts