عەبدوڵا کەریم مەحمود: جەنگەڵستانی پوچگەرایەتی.!
لە رۆژەکانی بەفرو کڕێوەی شوباتی 2025، کەش و هەوا چەند پلەیەک لە ژێر سفردابوو، مامۆستایان و فەرمانبەران و هاوڵاتیانی ناڕازیی، بە یەک دەنگ و بە یەک هەڵوێست، لە خۆپیشاندانێکی مەدەنیدا، لەخێمەیەکی نزیک جادەی عەربەت، بۆ رووبەرووبوونەوە ی کاروانی ئەو تەنکەرە نەوتە قاچاخانەی ئاودیوویی سنوورەکانی دەکرێن، وەک شورایەکی پۆڵاین وەستانەتەوە. دەنگی ناڕەزایی گەلیان دەگەیاند بە تاڵانچی یەکانی سامانی نەوتی نیشتمان.
دوور لەهەموو بەهاو پێوەرێکی خۆپیشاندان، چەند کەسێکیان بە جلی مەدەنییەوە، رژانە نزیک خێمە و سەرشەقامی مامۆستایان لە سیناریۆیەکی توندو تیژییدا، بە بەرد پەلاماری تەنکەرە نەوتەکانیاندا، جامی چەند تەنکەرێکیان شکاند. ئەم کردەوە نەشیاوە هیچ پەیوەندیەکی بە مامۆستایان و فەرمانبەرانەوە نیە، ئەوەی ئەو سیناریۆ و ئاژاوەیان دروست کرد، بۆ ئەوەی بوار بڕەخسێن بۆ هێزێکی چەکدار، دەنگی ناڕەزایی و هەڵوێستی رەوای مامۆستایان و فەرمانبەران سەرکوت بکەن.
بە چ دەستوورو یاسایەک و رێسایەک رەوایە، مامۆستایان و فەرمانبەران و خانەنشینان و هاوڵاتیان لەبەر بێ موچەیی و بێ بازاڕیی، دەبۆیەک نەوت لە ماڵەکانیان نەبێ. رۆژانە دەیان و سەدان و هەزاران تەنکەری قاچاخ تاڵان و ئاودیوی سنوورەکان بکرێن؟.
بە چ یاسا و رێسایەک رەوایە؟، هێزێک هەڵبکوتنە سەر ئەو مامۆستاو رۆژنامەنووسانە، بە زەبرو زەنگ و توندوتیژی، دەست بە سەرکامێرا و موبایل و کەلوپەلی میدیایی، ئەو رۆژنامەنووسانەدا بگرن و ئازاریان بدەن، چەند مامۆستایەک دەستگیرو دەست بە سەروسەرکوت بکەن؟.
بۆ خۆپیشان دان و مانگرتن و ناڕەزایی و هەڵوێستی مامۆستایان و فەرمانبەران و هاوڵاتیان نا دەستووریی و نایاسایی و ئاژاوە بێت؟ بۆ رەوایە رۆژانە دەیان و سەدان و هەزاران تەنکەرە نەوت بە تاڵانی و بە قاچاخی ئاودیوبکرێت. بۆرەوایی بە هێزێکی چەکدار دەدرێت، بە توندوتیژیی و زەبروزەنگ و خۆسەپاندن، ببن بە پاسەوانی ئەو تەنکەرە نەوتە قاچاخانە و بوا ری یاسایی تاڵانی نیشتمانیان پێ بدرێت؟
ئایا ئەم زەبروزەنگ و توندتیژییەی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی هەرێم، بەرامبەر بە مامۆستایان و فەرمانبەران، لە( زۆنی سەوز) و (زۆنی زەرد) لە( دێگەڵە )و لە( عەربەت )، جینۆسایدی( فیزیکی و بەیالۆجی و ئابووریی ) مامۆستا و پەروەردە و نیشتمان و نەتەوە وکلتوورو زانست نییە؟
سرینەوەی ( یەکەم پیت و یەکەم وشەو یەکەم رستانەی، وانەی ئەلف و بێکەی مامۆستا ئەمین باڵداری وانەی مامۆستای کوردیی نییە؟.
لە هەر نیشتمانێکدا دەسەڵاتداران بە سیناریۆی جیا جیا لە بەهاو شکۆی کەسێتی( مامۆستا و پەروەردەو خاک و نەتەوە و کلتور) کەم بکەنەوە و بیسڕنەوە، ئەونەتەوە و کلتورە و ئەو نیشتمانە، لە جەنگەڵستانی پوچگەرایەتیدا ون دەکەن.
- Latest Posts by عەبدوڵا کەریم مەحمود
-
عەبدوڵا کەریم مەحمود: عەبدولرەقیب ی زانا و دانا.
- -
عەبدوڵا کەریم مەحمود: ئاسۆیەک ئاوا نابێ.!
- -
عومەر سەیدە: دادگاییکردنی تاوانبارێکی ئەنفال، ئەم تاوانبارە بناسن.
- All Posts