لاوک کونجرینی: ئەوەیە دیموکراسی و مافی مرۆڤی ئەمریکا، یەکێتیش ئاوایە سەرۆکەکەی.


مێژوو سەلماندویەتی نە سیستەمی دیموکراسی و نەسیستەمی سۆشیالیستی بۆ شکۆی مرۆڤایەتی بنیادنەنراوە. تەنها دروشمەکان فریودەرن. سۆشیالیستی سەرکردەیەکی خوێنمژیی قوتکرۆتەوەو دیموکراسی درۆیەکە بۆ بەرژەوەندیی مشەخۆرەکانی سەرمایەداریی.
لە تورکێکی خوێنەوارم پرسی؛ تورکیا تا چەند سوودمەندە لە ڕووی دارایی و سیاسی و سەبازییەوە لە جێنەهێشتنی کورد. وتی: هیچ. منیش وتم بۆتورکیا دەسبەرداریی کورد نابێت، ئەگەر وایە. وتی ئەوە نازانم. منیش وتم تۆ سەیر بکە لەڕووی سەربازییەوە تا ئێستا پەکەکە ماوەو بەهێزترە. لەڕووی سیاسییەوە تورکیا شێوەیەکی ناشرینی نێو گەلان و بەڕێزێکی ناو بەرژەندخوازانە. لەڕووی داراییەوە، دارایی دەیان ساڵەی کاسەکەی بۆ چەک و تەقەمەنی خاڵی دەکاتەوە. ئەویش وتی؛ ئێ منیش هەمان بۆچونم هەیە. منیش وتم هۆکار چییە، وتی هەر دامەزراندنی تورکیا بە لکاندنی کوردەوە جێگای پرسیارە. بەردەوام بوونیشی بەو هەموو زیانە مادیی و بەشەرییەوە هەر جێگای پرسیارە. وتم باوەڕت بەوە نییە، کە دەسەڵاتێکی زل هێز لە پشت پلان و داڕێژەریی دەوڵەتی تورکیا بێت، ئەویش وتی: ئەوە نییە ئەندامی ناتۆیە.
ڕاستە ئەوە تورکیایە ئەندامی ناتۆیە، هەر دەوڵەتێک خاوەنی سیادەو حوکمڕانی خۆیەتی، پارێزراویی قەوارەی دەوڵەتداریی پەیوەستە بەئاسایشیی نیشتمانییەوە، کە ئەویش خۆی نمایش دەکات لە هێزیکی سەربازیی تۆکمە. وڵاتانی ناتۆ خاوەنی ئەو قەوارە سەربازییە سەربەخۆیە نین، لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی بڕیاردەری یەکەم و کۆتایی ئەمریکایە.
با بگەرێینەوە سەرباسەکەمان، لەگرمەی داپۆشینی شەقام لەلایەن دروشمەکانی گۆڕان، یاخوود بابڵێن؛ سەروەختی لوتکەی ململانێی نێوان پارتی و گۆڕان لەسەر سێ بارە بوونەوەی بەرزانی بۆ سەرۆکایەتی هەرێم. ئەمریکا کەوتە نێوەندەوە، بە پەیامێکی دیبلۆماسی پڕ لە هەڕەشە. وەک پێم گەیشتووە، بەم شێوەیە؛
ئەمریکا لە ڕێی پارتیەوە، داوای کۆبوونەوەی هێزە سیاسییەکانی هەرێم دەکات لە سلێمانی، بەپێی بەرنامەکە کۆبوونەوەکە دەبەنە گردەکەی گۆڕان. بەپێی پڕۆتۆکاڵ، وەک ئەوەی ئەمریکا خاوەن زل هێزێکی جیهانی، جێگای دانیشتنی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکە دەبەخشرێت بە ماکگۆرکی نێردەی ئەمڕیکا لە عێراق. دەسستە ڕاست بۆ نێچیرڤان و دەستەچەپ بۆ نەوشیروان مستەفا. ئەوانی تر هەریەک لە محەمەد فەرجی سەرۆکی یەکگرتووی ئیسلامی پێشتر و عەلی باپیر و حەمەی حاجی مەحموود و… هتد. لەسەر مێزەکە دابەش دەکرێت. کاتێک بەشداربووان خۆیان دەکەن بە هۆڵەکەداو فەرموو دەکەن لەماکگۆرک بۆ شوێنی دانیشتن. ئەویش داوا دەکات کەکاک نەوشیروان لە کوێ دادەنیشێت. پێی دەڵێن: لێرە، ئەویش ڕێک دەچیتە جێگای نێچیر و نیچیر دەباتە جیگای خۆێ. بەمە پڕۆتۆکۆڵەکە هەلدەگێڕیتەوە بۆ ئاستی نەشیاو و نوێنەرەکەی پارتی دەکاتە هێزی یەکەمی کۆبوونەوەکە.
ماکگۆرک دەستدەکات بەقسەکردن و هەموو ڕووی قسەکانی لەدەمی کاک نەوشیروان دەبێت. دەڵێت: ئەمریکا بەرژەوەندی خۆی هەیە لە عێراق و هەرێمی کوردستان. ئێوە ئازادن، چۆن پرۆسەی دیموکراسی بەڕێوە دەبەن. ئازادن کێ هەڵدەبژێرن بۆ سەرۆکی هەرێم. هەروەها ئەمریکاش ئازادە چۆن ڕایەڵەی پەیوەندییەکانی بە هەرێمەوە گرێ دەدات. دەبێت بزانن؛ ئەمریکا پەیوەندییە دیبلۆماسی و سەربازی و ئابوورییەکانی وەک متمانە لەگەڵ شەخسی بارزانی دەبەستێت، ئێوەش ئەو سەرۆکەی هەرێمەی دایدەنێن، دەبێت لەڕێێ بارزاییەوە، پەیوەندییە دیبلۆماسی و ئابوری و سەربازییەکانی بە ئێمەبگات. کاک نەوشیروانیش هەڵدەداتێت و دەڵێت؛ کەواتە ئێمە بۆ سەرۆکی هەرێم هەڵبژێرین، ئەوە نییە ئێوە داتان ناوە.
بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی 20. 10 .2024 زۆر توند بوو، بەڵام توندوتیژی و پێکدادانی لێ نەکەوتەوە. یەکێتی دروشمەکانی هاوتای دروشمەکانی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان بوو، زۆربەی دروشمەکان داخوازیی گۆڕانکاریی بوو، بە گۆڕانکاریی دەسەڵاتەوە. بەڵام ئەنجامی جۆریی هەڵبژاردنەکە بەهەرشێوەیەک بوو، ئەنجامەکە وەک ئەوەی سەرانی یەکێتی بانگەشەیان بۆ دەکرد، دەرنەچوو.
یەکێتی بۆ گفتوگۆکان، لەهەوڵی ئەوەدا بوو، دەسەڵاتەکان لەنێوان خۆی و پارتی بکات بەدوو بەشەوە، بەو حوکمەی پارتی ناتوانێت حکومەت بەتەنها پێک بهێنێت. پارتیش بەهیچ شێوەیەک ڕازیی نابێت بەداخوازییەکانی یەکێتی. سینارۆیەکی شاراوە هاتە ئاراوە وەک پاڵپەستێک، تا یەکێتی ڕازیی ببێت و لە داخوازیەکانی خۆی بێتە خوارەوە. تورکیا سینارۆیەکی دروستکردو حیزبەکەی شاسواری وەک کڕدەیەکی کاتی بۆ ترساندنی یەکێتی خستەگەڕ کە بەهاوبەشی لەگەڵ پارتی حکومەت پێک بهێن. ئەم سینارۆیە گەرچی خەریک بوو بچێتە سەرشانۆ، بەڵام بەهیچ شێوەیەک سەرکەوتونابێت، چونکە یەکێتی بەحوکمی کڵێشە سیاسییەکەی، باڵادەستی زۆنی سەوزە.
ئەمریکا لەدوای ڕوخانی سەدامەوە، هەمیشە خاوەنی سینارۆیی پڕ لەگوشار بووە، هیچ حیزب و دەسەڵاتێکی عێراقی و کوردی نەیانتوانیووە، بەر بە بەرژەوەندیەکانی بگرن.
ئەو جیهانە بێدەنگەی پارتی لە زۆنی زەرد بەرجەستەی کردووە، بەخواستی ئەمریکایە. چی بوێ و چۆن هەنگاو بنێت، دەتوانێت لە زۆنی زەرددا خواستەکانی بێتە دی. بەو هاتوهاوارو فرەڕەنگەی ناوچەی سەوز، گۆمی خۆشاویی مەلەکردنی ئەمریکای لێ نییە، ئەمەش باجی خۆی هەیە.
ئاخر دیموکراسی زەمینەی دەوێت، هوشیاریی خەڵکەکەی پێویسته، کۆڵەکەی بیری سۆکۆلاری دەوێت. بەرنامەو هەنگاویی ڕووەو جیهانی ئابووری سەربەخۆو فۆڕمی بە فۆڕمولارکردنی شۆڕشی پیشەسازی پێویستە. خۆ دیموکراسی هەر گۆڕینی دەموچاوەکانی دەسەڵات نییە، وەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لای ئێمە مەزندە دەکرێت. ئەو دیموکراسییەی لای ئێمە ئەوەیە، ناو و ناوەڕۆکی بەتاڵ. ئیتر ئەمریکا چۆنی بوێ بە هەڕەشەیەک خواستی خۆی دەسەپێنێت.
کاتێک پارتی زەمینەی باشی بۆ ئامادە بکات، ئەو لەپێشە. ئیتر مافی مرۆڤ و دیموکراسی بەوجۆرە دەبێت زەمینەکە خواستی بێت. بۆیە لەناوەڕاستی گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتی، ئەمریکا سەرۆکی یەکێتی بانگێشتی ئەمریکا کردو بە هەڕەش بێت، یان بە گفتوگۆ، ڕازی بکات بەوەی پارتی هێزی یەکەمەو یەکێتی داخوازییەکانی بەپێی گیرفانی لەبەرچاو دەگیرێت و خەونی چەند ساڵەی بۆ ناو دۆڵاب، تا هەڵبژاردنێکی تر.