عوسمانی حاجی مارف: ململانێی زلهێزەکان و کێشەی کورد.

ئەردوگان هەوڵدەدات هەژموونی خۆی لە سوریادا بسەپێنێت، بەمەبەستی بەدواداچون بۆ نەهێشتنی کێشە و قەیرانە ناوخۆییەکانی تورکیا، هەروەها دەیەوێت لەڕێگەی زاڵبون بەسەر ئیدارەی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرعەوە دەور ببینێت، تا پێگەیەک لە سوریا بەدەست بهێنێت، بۆئەوەی کۆمپانیاکانی بەشداری بکەن لە ئاوەدانکردنەوەدا، لەهەمانکاتدا ئۆردوگان چاوی لە بەدەستهێنانی ناوچە نەوتیەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریایە، وە دەیەوێت بەشێکی سەرەکی هەبێت لەو پرۆژەیەی کە سوریا دەتوانێ ببێتە دەروازەیەکی گرنگی گواستنەوە بۆ بەستنەوەی ناوچەی کەنداو ئێران بە ئەوروپاوە، بۆ ئەم مەبەستانەش هەوڵ ئەدات بەهەر شێوەیەک بێت بەربەستەکانی بەردەم پلانەکانی لابەرێت، کە پەکەکەو هەسەدە بەربەستێکی گەورەی پڕۆژەکانی تورکیان.
دابەزینی دراماتیکی بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر بە دۆلار، هەروەها بەرزبونەوەی ڕێژەی هەڵاوسانی دارایی، بوونی ملیۆنان پەنابەری سوری و عێراقی و ووڵاتانی تر لە تورکیا، بەرزبونەوەی ڕێژەی بێکاری، ناجێگیری دۆخی سیاسی ناوچەکە، کێشەکانی لە بەرامبەر پەکەکەو هەسەدەدا، تورکیای دەرگیر کردووە لەبەرامبەر قەیرانی ئابوری و دارایی و سیاسیدا.
لەڕاستای ئەم دۆخە پڕگێژاو و نالەبارەدا، ئۆردوگان ململانێ و شەڕێکی بەربەریانە بەڕێوەدەبات لە بەرامبەر ناوچەکانی کۆبانی و عەین عیسا و تەل تەمردا، بەڵام ئەوەی شایانی باسە تائێستا لە لایەن خەڵك و هێزەکانی هەسەدەوە تونراوە بەرگریەکی توند بەرامبەر بە هێزەکانی تورکیاو بەکرێگیراوەکانی بکەن.
ئیدارەی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، بە نیشاندانی هەر هەوڵێک بۆ دانوسان لەگەڵ هەسەدەدا، ئاواتەخوازە ئەو پیلانانەی تورکیاو هاوپەیمانەکانی دژ بە هەسەدە، هەسەدە ناچار بکات ملکەچی دەسەلاتەکەی ئەحمەد شەرع بێت ئەو حکومەتە بێت کە دەیەوێ لە سوریادا دایبمەزرێنێ. لەلایەکی دیکەوە دەیەوێت سنوورە ئاویەکانی سوریا لەناو دەریای سپیدا دیاریبکات، کە ملیارەها مەتر سێجا نەوت و گاز لەخۆدەگرێت، لەهەمانکاتدا پەلە دەکات بۆئەوەی پێشئەوەی حکومەتێکی دەستوری لە سوریا پێکبهێنرێت، باڵادەستی هەیئەی تەحریری شام جێگیربکات.
لەهەمانکاتدا تورکیا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لەو قەیرانانەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەمارۆداوە. هەوڵدەدات هەژموونی خۆی لە سوریادا بسەپێنێت بەمەبەستی نەهێشتنی کێشە و قەیرانە ناوخۆییەکانی خۆی، هەوڵیش ئەدات بنکە سەربازیەکان لە سوریا دابمەزرێنێت و جێگیریان بکات.
ئۆردوگان چاوەڕێی ئەوە دەکات کاروباری ناوخۆی تورکیا هەر لەو چوارچێوەیەدا بەرێتە پێشەوەو ڕێکیبخات، بۆئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا سەربکەوێت و ببێتە سەرکردەیەکی نمونەیی تورکیا و بگاتە پلەی کەمال ئەتاتورک و دەسەڵاتی تاکڕەوی ڕەهای خۆی بسەپێنێت!.
هەنگاوێکی تری ئۆردوگان ئەوەیە کە لەگەڵ دەوڵەتی باخچەلی هەماهەنگیان کردووە، کە پێشنیاری دیداری عەبدوڵڵا ئۆجالانیان کردووە، بۆئەوەی هێزەکانی پەکەکە چەک دانێن. ئەمەش بە خواست و نەخشەیەک کە ئۆردوگان بەدواداچونی بۆ دەکات، کە دوو مەسەلەی بە خۆیەوە گرێ داوە، یەکەم: کۆتاییهێنان بە هەڵسورانی پەکەکە وەک هێزێکی چەکدار. دووەم: ئۆردوگان هەوڵ دەدات، لە ڕێگەی ئەم مامەڵەیەوە لە گەڵ ئۆجەلان و پەکەکەدا، جگە لە هێزی هەیئەی تەحریری شام، هیچ هێزێکی تری سەربازی کە ناکۆك بێت لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی تورکیا لە سوریا نەمێنێت، بەتایبەتی هێزەکانی هەسەدە . هەر بۆ ئەم مەبەستە لایەنگری لە پێشنیارەکەی ئەحمەد شەرع دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەموو گروپەچەکدارەکان و تێکەڵکردنیان بە سوپای سوریا. بەڵام ئەم ئاواتەی کە ئۆردوگان بەدوایدا وێڵە، لەنێو ململانێ و دەخاڵەتی ووڵاتانی زلهێزی دنیا و ناوچەکەدا، لەهەمانکاتدا دەوری ئیسرائیل بە پشتیوانی ئەمریکا، ئەگەر مەحاڵ نەبێت، بەدەست هێنانی ناڕۆشن و ئاڵۆزە بۆ تورکیا. پەیامەکەی ئۆجەلانیش بۆ چەکدانان و هەڵوەشانەوەی پەکەکە کاریگەریەکی ئەوتۆی لە سەر پێگەی تورکیا نابێت کە کێشەکانی لە بەرامبەر ئیسرائیل و ئەمریکاو ووڵاتانی رۆژئاوادا بباتە پێشەوە.
وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، تورکیا هەوڵی زاڵبون بەسەر سوریادا ئەدات، بەڵام لەگەڵ ڕۆڵ و نەخشەکانی ئیسرائیلدا ناکۆک دەکەوێتەوە، بەتایبەتی ئیسرائیل ڕێگەنادات تورکیا بنکەکانی لە ناوەڕاستی سوریا دابمەزرێنێت، لەلایەکی تریشەوە تورکیا لەبەرامبەر فەرەنسا، ئەڵمانیا و یۆنان… دەستەوەستان ماوەتەوە، کە بانگەشەی هەڵوێستی هاوپەیمانیان بەرامبەر بە کورد و هەسەدە دەربڕیوە. بەمانایەک کە دەڵێن کوردەکان هاوبەش بون لە هاوپەیمانی دژ بە تیرۆر. بەڵام ڕاستی مەسەلەکەیان بۆ کورد نیە، لوتکەی ئەوروپا لە کۆرسیکا، ئامانجیان کۆتاییهێنانە بە پێشێلکاریەکانی تورکیا لە گەڕان بەدوای سەرچاوە نەوتی و گازیەکان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و دەخاڵەتی ڕاستەوخۆ لە ئایندەی پێکهێنانی حکومەتی سوریا.
لوتکەی ئەوروپا کە لە دوورگەی کۆرسیکا لە فەرەنسا، بە سەرۆکایەتی ماکرۆن بەڕێوەچوو، بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگیە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و گەڕاندنەوەی تورکیایە بۆ سنوورە ناوچەییەکان لە ئاوەکانی دەریای ناوەڕاستدا. چونکە سوریا بە دەرچەیەکی سەرەکی بۆ ڕۆژئاوای ئاسیا لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست دادەنرێت، پەیوەندیەکە لەنێوان ناوچەی کەنداوی عەرەبی و ئەوروپا لەڕێگەی وشکانی و دەریاوە بەیەکەوە دەبەستێت، هەروەها ئەتوانێ دەروازەیەکی گواستنەوەی وزە لە ناوچەی کەنداو و ئێرانەوە بۆ ئەوروپا بە هەرزانتر ڕێکبخات. بێجگە لەوە دەتوانێت ببێتە ناوەندێکی گواستنەوە، بۆیە سوریا خاڵی ترانزێت و ڕێڕەوێکی سروشتی بۆ سەرچاوەکانی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (ئێران و ناوچەی کەنداوی عەرەبی) بۆ ئەوروپا پێکدەهێنێت.
بەم هۆیەوە یۆنان و قوبرس لە بەرامبەر تەماحەکانی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست وەستاون. ماکرۆن بەڕوونی لەڕێگەی لێدوانێکی توندەوە پێویستی کۆتاییهێنان بە سەرپێچیەکانی تورکیا دەربڕیوە. تورکیاش ئەم لێدوانانەی بە بێئەدەبی وەسف کردووە. فەرەنساش ئامادەییە سەربازیەکانی بەرەو سەربردوە وەکو پێشبینیەك بۆ پەرەسەندنی ئاڵۆزیەکان لەگەڵ تورکیادا.
لەگەڵ ئەوەی دۆخەکە ئاڵۆزیەک و ناڕۆشنی و نادیاری ئایندەی ناوچەکەی پێوە دیارە، ناتوانرێ ئاراستەی یەکلاییبونەوەی ململانێی لایەنەکان ساغکرێتەوە، هەر لەم نێوەشدا کێشەی کورد جارێکی تر لەنێو جەنجاڵی ئەم دۆخەدا بۆتەوە بە مەسەلەیەکی دیاری نێو ئەم ململانێیانە، کە هەر لایەنێک، لە پەیوەند بە گونجاندنی دەخالەتی لە ناوچەکەو بەرژەوەندیەکانیانەوە مامەڵەی پێدەکات، کە بەشێک لەڕۆژئاواو ئەمریکا و ئیسرائیل پارێزگاری لە کوردەکانیان کردوە بە باسێک.
هەروەک لەسەرەتاوە ئاماژەمان پێکرد، ئۆردوگان لەگەڵ ڕەوتی هەنگاوەکانی بۆ دەخالەتی لە ناوچەکەدا، خەریکە جۆرێکی تر یاری بە پرسی کورد لە تورکیاو سوریادا دەکات. لەلایەک لەڕێگەی هەوڵدان لەگەڵ ئۆجەلاندا خەریکە سێناریۆیەک سازدەکات بە مەبەستی چەکدانانی هێزەکانی پەکەکە، لەلایەکی تریشەوە هێرشێکی دڕندانە دەکاتە سەر هێزەکانی هەسەدە. بەمشێوەیە هەوڵ ئەدات کێشەی کورد بخاتە ناو چوارچێوەی سەرکەوتنی نەخشەو سیاسەتەکانی خۆی لە ناوچەکەدا، کە سەبارەت بە خودی کێشەی کورد پێش پەیامەکە و دوای پەیامەکەی ئۆجەلان هیچ قسەیەکی جدیان نیە، جگە لە هەوڵدان بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە بۆ بەڕێوەچونی پلانەکانیان، کارێکیان بە کوردو کێشەی کورد نیە.
لەلایەکی ترەوە تەواوی ئەو لایەنانەی تر کە هاوئاهەنگی بۆ کورد نیشان ئەدەن، ئەوەندە دۆستایەتی خۆیان دەنوێنن، کە دەڵێن کوردەکان ئازان و شەڕی دژی داعشیان کردووە و پێویستە پارێزگاریان لێبکرێت، بەڵام کێشەی کورد بەگشتی لە ناوچەکەدا بەکوێ دەگات، جگە لە پێشنیاری پارێزگاریکردن باسێکی تر نەهاتۆتە سەرمێزی هیچ لایەنێک، دیاریش نیە ئەو پارێزگاریە چۆن دەکەن.
ئەوەی جارێکی تر حزب و لایەنە ناسیۆنالیستەکانی کوردستان، لە کەین و بەینی ئەم سەوداو مامەڵەیەدا جگە لە فرۆشتنی خۆشخەیاڵی و فریودانی خەڵک، جگە لە هەوڵدان بۆ دەستکەوتنی ئیمتیازێکی سیاسی زیاتر بۆ خۆیان، شتێکی دیکەیان لەبەرچاو نیە کە پەیوەندی بە مافی خەڵکی کورد و چارسەری کێشەی کورد و ئایندەی سیاسی خەڵکی کوردستانەوە بێت.
ئەوەش کە ئێستا زیاتر خەریکە یاری و مامەڵە بەم کەیسەوە دەکات و بەناوی “نوێنەری کورد”ەوە دەستپێشخەری دەکات، بارزانی و پارتیە، کە هیچ لاریەکیان نەک لە سیاسەت و دەخالەت و پیلانەکانی تورکیا نیە، بەڵکو لەڕیزی پێشەوەی هاوکاریکردنن بەو پیلانانەو دەیانەوێت ئەنەکەسە بکەنە ئەڵتەرنەتیفی هەسەدە و خۆشیان لەگەڵ حکومەتی ئایندەی سوریا ڕێکەوتن ئەنجام بدەن و سود لە پەیامەکەی ئۆجەلان وەرگرن.
وەڵام بە کێشەی کورد و مامەڵە بە کێشەی کورد دوو کەیسی زۆرجیاوازن. تەواوی مێژووی ئەزمونی هەڵسورانی سیاسی بزوتنەوەی ناسیۆنالستی کورد، مامەڵەکردن بووە بەم کەیسە و بەژیانی خەڵکی کوردستانەوە، بە پاشکۆبون و تێکەڵبونیان لەنێو گەمەو ململانێی بەرژەوەندی ووڵاتانی سەرمایەداری زلهێزی دنیادا، حساباتی وردیان بۆ دەستکەوتەکانیان کردووە.
پێویستە خەڵکی کوردستان فریو نەخۆن بەوەی کە پێیانوابێت لەم دۆخەدا لایەک لە کێشەی کورد دەکرێتەوە. پێویستە ڕێگە نەدەن ئەم ئەزمونە چەندبارە بێتەوە. چاوەڕێی قەدەری ململانێکان نەبن کە پێیانوابێت سودێکی بۆ کورد دەبێت، بەڵکو لە هەموو کات زیاتر کاتی ئەوە هاتووە، بە یەکجاری دەسبەرداری ئەو خۆشخەیاڵیە بن کە ئومێدو چاوەڕوانییان ببەستنەوە بە سیاسەتی حزبەکانی کوردایەتیەوە.
بەجیا لەوەی لە هەر بەشێکی کوردستاندا کە کێشەی کورد بۆتە واقعیەتێک و مەسەلەیەکە پێوێستە وەڵام بدرێتەوە، دروسترین و کارسازترین رێگا گەرانەوەیە بۆ رای خەڵکی کوردستان کە لە ریفراندۆمێکدا بریار لەسەر جیابونەوە یان مانەوە لەگەڵ ئەو ووڵاتەدا بدەن، هەر بۆیە پێویستە ئەوە ببینین کە لە هەگبەی بانگەشەی ئاشتی ئۆردگان و باخجەلیدا بەرێکەوتن یا رێنەکەوتن لەگەڵ پەکەکە و ئۆجەلاندا، باسێک لەسەر چارەسەری کێشەی کورد و مافەکانی دانیشتوانی کوردستانی تیا نیە.
لەهەمانکاتدا دانیشتوانی هەرێم لەگەڵ خەباتیان بۆ کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی حزبە ناسیۆنالیست و ئیسلامیەکان، پێویستە خۆیان بڕیار بدەن لەسەر دامەزراندنی دەسەڵاتی خەڵکی و دیاریکردنی ئایندەو چارەنوسی سیاسیان.