ئومید ناسح جیهانی: ئاشتی نا، ترس لە نەفرەتی تورک.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

شکست و هەڵنوتانی دەوڵەتی عوسمانلی لە جەنگی یەکەمی جیهانیی (1914 – 1918) بوو بە مایەی لە دەستدانی زۆربەی خاوەندارێتییەکانی، جگە لە ئەنادۆڵ و لە بەشە ئاسیاییەکەی ئەستەمبوڵ و ناوچە نزیکەکانی لە بەشە ئەورووپییەکەی. هەرچیش مایەوە ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بۆوە، هێزەکانی سەر بە هاوپەیمانان (بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیتاڵیا) ئەستەمبوڵی پایتەختیان داگیرکرد، سوڵتانی عوسمانلیی محەمەدی شەشەم وەحیدوددین (1918- 1922) و حکومەتی عوسمانییان ناچارکرد بچنە ژێر چەپۆکی دەسەڵات و ویستی ئەوان. هێزەکانی تری هاوپەیمانان چەندین شار و ناوچەی جیاوازیان لە ئەنادۆڵ داگیرکرد، لە 15ی ئایاری 1919 هێزە یۆنانییەکان بەندەری ئیزمیریان داگیرکرد و پاشتر چوونە نێو ئەنادۆڵەوە و ڕایانگەیاند ئەوان هاتوون بۆ زیندووکردنەوەی ئیمپڕاتۆریەتی بێزەنتی.
جەلادەت عالی بەدرخان لە کتێبی (مەکتووب بۆ ئەتاتورک) دا بە مستەفا کەمال دەڵێت: جەنگەکەتان لەدەست دا و دۆڕان (پیاوە نەخۆشەکە- ناسناوێکە لە کۆتاییەکانی دەسەڵاتی عوسمانلی دا بەهۆی شکستە یەک لە دواییەکەکانی بۆ ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی بەکاردەهێرا)، ناچاری نەشتەرگەرییەکی دیکەش کرا، دیسان چەندان کۆئەندامی دیکەیان بڕییەوە. ئەو کەسانەی میراتگریان بوون، تەنیا بەشێک لە ئەنادۆڵ و کوردستانیان بۆ جێهێشتن. لە ئەوروپا ڕومەلی و لە ئاسیا و شەتولعەرب و عێراق و سوریا و فەلەستین لە دەست درا و لەو کیشوەرانە دەوڵەتی جیاجیا دروست کران. حکومەتی ئیتیحادی و تەرەقی، کە میراتی حکومەتی عوسمانی کرد. ئەوە مابۆوە، بێ ئەوەی پرسیێک بە حکومەتەکەتان بکەن، لە سەر نەخشەی تورکیا سڕایەوە“.
ئەمین کوردی دەڵێت: تورک دەبێت تێبگەن کە هەر لە بەر زوڵم و وەحشەتیان کە (ئەلبان)یان لێ جوێ بووەوە، (میسڕ و سوریا و حیجاز و یەمەن، عێراق)یان لێپچڕا“.
لە 15ی ئایاری 1919 هێزە یۆنانییەکان بەندەری ئیزمیریان داگیرکرد و پاشتر چوونە نێو ئەنادۆڵەوە و ڕایانگەیاند ئەوان هاتوون بۆ زیندووکردنەوەی ئیمپڕاتۆریەتی بێزەنتی. جەلادەت عالی بەدرخان ڕوو لە مستەفا کەمال دەکات و دەڵێت: پێویست بە هێزی چەک هەوڵی وەلانانی مەترسییەکانی یۆنان و بەدەستخستنەوەی خاک بدەن. تاکو بتوانن بەسەر ئەوانەدا سەرکەون، لە پاڵ ئەو نوێژە بێسودانەی کردتان، لەگەڵ سەرکردایەتی کورد، پەیوەندییەکی دۆستانەتان بەدەستخست و ئەوانتان بە (برام…ئاغام) ناودەهێنا و گفتوگۆی سەمیمیتان دەکرد و پەیوەندیتان لەگەڵیان بەهێز کردبوو.
یەکەم دەنگی ناڵی ئەسپی ئەو سوارچاکانەی لە شەقامەکانی ئیزمیر شرقەی لێوە هات، شرقەی ناڵی ئەسپی سوارچاکانی کورد بوون. دەستبەسەرکردنی فەرماندەی سوپای یۆنانییەکان و نەهێشتنی مەترسییان لە سەر تورکیا بە گشتی و ئیزمیر بە تایبەتی، لەلایەن ئەو سوارچاکە کوردانەوە، بەواژوکردنی ڕێککەوتننامەی لۆزان پاداشتدانەوە و خۆشتان وەکو پاڵەوانێک دەرخست و وەک قارەمان و ڕزگارکەرێکیش چەپڵەڕێزان کران“.
تەنها پارچەیەکی کوردستان بە پاشماوەی عوسمانلییەوە مایەوە، سەرەڕای ئەو قسەیەیی جەلادەت عالی بەدرخان، بەڵام مستەفا کەمال و تورک دەتوانن خۆیان وەکو پاڵەوان نیشان بدەن، چونکە بە هێز و وزە و خوێنی کورد توانیان کۆماری نوێی تورکیا لە سەر داروپەردوی (ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانلی – پیاوە نەخۆشەکە) بنیادبنێنەوە، بەڵام ئەوە نەخەمڵیوی کوردە! ئەوە بێ ئاگایی و ناسیاسی بوون و ووردنەبینی و دنیانەبینی و کارنەکردنی کوردە لە سەر داهاتوویی خۆیی و هێز و وزەی دەخاتە خزمەت بنیادنانەوەی تورک و دواتر تورک لە قۆناغەکانی داهاتوو دا کۆمەڵکوژی دەکات.
مستەفا کەمال بۆ چەواشەکردنی کورد لە سیواس و ئەرزڕۆم لە ساڵی 1919 دوو کۆنگرەی ئایینی بە جل و بەرگی پیاوی ئایینییەوە بەست و کورد بووە پشتیوانی، دواتر چەندین کورد هەر لە حەسەن خەیر و دیاب ئاغا و ڕێبەری برای سەید ڕەزا و چەندین دیکە ناپاکیان کرد و دەتوانیین بڵێین کورد بووە بنیاتنەرەوەی کۆماری تورکیا.
دوای ئەوەی کوردستان بە پێی ڕێککەوتننامەی لۆزانی 1923 بەسەر ئێران و تورکیا و عێراق و سوریا دا دابەشکرا، سەرەڕای دڕەندەیی سوپایی عێراق و دیکتاتۆری حکومەتە یەک لە دوایەکەکانی عێراق و جینۆسنایدیان بەرامبەر بە کورد بە تایبەتی ڕژێمی بەعس و خودی سەددام حسێن، بەڵام هێشتا سەرەڕایی کەموکورتییەکانێ سەرهەڵدانەکانی کورد نەیانتوانی بەر بەدامەزراندنی حکومەتی ئۆتۆنۆمی و دوای کەوتنی سەددام لە 2003دا فیدڕاڵی باشوری کوردستان بگرن لە ئەنجامی شۆڕش و دواتر ڕاپەڕین و کۆڕەوەوە، لە ساڵی 1991 تاکو ئێستا کورد لە باشور حکومەتی هەیە.
ئەردۆغان ترسی لە نەفرەتی شەقامی تورکە، دەترسێت مێژووەکەی بەر نەفرەت بکەوێت کە سەرۆکێک بووە لە سەردەمی ئەو دا یان هەنگاوەکانی ئەو بوو دوای خۆیشی بۆتە هۆی پارچەبوونی تورکیا! دەنا هەرگیز باوەڕی بە ئاشتی نییە، چونکە زۆرترین پەلامار و ئۆپەراسیۆنەکانی تورک لە مێژوو دا لە سەردەمی ئەو دا کراوەتە سەر کورد لە هەر سێ پارچەی باکور و ڕۆژئاوا و باشور. چەند جارێکیش ئەوەی نەشاردۆتەوە کە ڕێگە نادەن خۆبەڕێوەبەریی کورد لە سوریا هاوشێوەی عێراق دروست ببێت. تەنانەت لە دواین قسەیدا لەم مانگی پیرۆزی ڕەمەزانە دا لە میانی ئاهەنگێکی بەربانگ لەگەڵ باڵوێزانی بیانی لە ئەنكەرە، لە بارەگای پارتی داد و گەشەپێدان لە پایتەختی تورکیا پێشکەشی کرد، وتی: ئەوانەی هەوڵدەدەن سود لە ناسەقامگیری سوریا ببینن لەڕێی وروژاندنی ململانێی نەتەوەیی و ئایینییەکان، بە ئامانجەکانیان ناگەن. ڕێگە نادەن سەرلەنوێ‌ ناوچەكەيان پێكبهێنرێتەوەو لەسەربنەمای نەخشەی نوێ دابڕێژرێتەوەو، دابەشبکرێت وەک سەدەیەک لەمەوبەر رویدا. بە بۆچوونی ئەو گەورەترین هەڵەی مێژووییان ڕێگەدان بووە بە دروست بوونی حکومەتی باشوری کوردستان. ئێستا چۆن لە ترسی نەفرەتی تورک ڕێگە بە ئاشتی و مافی کورد دەدات لە باکور؟ لە کاتێکدا لە ئێستا دا تەواوی فشاری لە محمد جۆلانی دەکات کە دژایەتی بارۆس و کورد بکات لە سوریا، تەنانەت بە فشاری ئەردۆغان لە دیالۆگی نیشتیمانی سوریا لە دیمەشق و لە لیژنەی ئیعلانی دەستوری سوریا بە سەرۆکایەتی جۆلانی هیچ کوردێکی بە نامووس بەشدار نەکرابوو!
لەگەڵ کەوتنی ئەسەد دا، باخچەلی و ئەردۆغان بابەتی ئاشتییان هێنایە بەر باس، چونکە ئاگادارن لە هەر گۆڕانکارییەکی سیاسی لە ناوچەکە دا باکور دەبێتە پارچەی سێیەمی کورد بۆ خۆبەڕێوەبەر. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەوە ڕاستییە تاڵە ئاماژە پێبکەین کە کوردی ئەم سەدەیەش لە ڕووی یەکڕیزی و یەکگرتووییەوە هێشتا کوردی سەدەیی یەکەمی کۆماری تورکیایی تەجاورنەکردووە، ڕاستە پەکەکه بۆتە گەل لە باکور و ماوەی چل ساڵە تێکۆشان و خۆبەڕێکخستن دەکات و، هاوکێشەی هێز دەگۆڕێت و، لە تەواوی هەڵبژاردنەکانی تورکیا دا بەڕوونی دیار بوو، کورد بەربەستی 10% تێپەڕاند و پەڕلەمانتاری هەیە لە ڕێگەی (دەم پارتی)یەوە، بەشێکی گەورەی سەرۆک شارەوانییەکانی بردەوە (ئەگەرچی قەیوم لە جێگەی هەندێکیان دەدەنرێت)، ئەوەش ڕاستە کە کورد ئێستا لە تەواوی ناوچەکە و جیهان دا پێشکەوتنی گەورەی سیاسی و دبلۆماسی بەدەستهێناوە، هەموو ئەو ووڵاتانەی ڕۆژگارێک بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکانی کوردیان دەخستە لیستی تیرۆرەوە، پیلانگێڕییان لە دژی سەرکردەکانی کورد دەکرد لە نمونەی ئۆجەلان، سەرکردەی کورد لە پایتەخی ووڵاتەکانیان دا تیرۆر دەکرا لە نمونە قاسملۆ و دکتۆر سادقی شەرەفکەند، چەکیان بە تورکیا بۆ کورد کوژی دەفرۆشت، ئێستا هاوپەیمانی کوردن و بەرژەوەندییان لەگەڵ کورد هەیە لە ناوچەکەدا. بەڵام لەگەڵ ئەوەش قەبارەیی وابەستەیی کورد بە تورکیاوە گەورەیە، هوداپار و هێزی ڕۆژ و ئەنەکەسە و پارتی دیموکراتی کوردستان و هێزە ئیسلامییەکانی باشور لە بەرەی تورکیان و پستیوانی دەکەن و پشتیوانی لە تورکیاوە وەردەگرن.