بەیان ئیبراهیم: بەهەشتی مارس لەنێوان یادکردنەوە و مافدا.

ساڵانە یەک ڕۆژ دنیا پڕدەبێت لە پیرۆزبایی بۆ ڕۆژی ژنان و دەگاتە ئەو ئاستەی حیزب و دامەزراوە حکومی و ناحکومییەکان هەر بۆ ئەوەی بڵێن؛ یەک ڕۆژە دەبێ پیرۆزبایی لە ژنان بکەین و لەوەش زیاتر وەک بۆنە ڕۆژییەکانی تر پیرۆزبایی بوەتە عادەتێکی کۆمەڵایەتی و لە هەمو لایەکەوە پیرۆزبایی دەکرێ بە فەرمی و نافەرمی. ئەمەش ژنان خۆشیانی گرتوەتەوە تا دەگاتە نوسینی ئەم بابەتەش. ئیتر ڕۆژەکانی تر ئەگەر خوێنی ژنانی تیا بڕێژرێ نابێتە کۆدەنگییەک کە هیچ نەبێت بتوانێ ساڵانە ژمارەی داتای ژنەکوژراوەکان کەمبکاتەوە.
بەدەر لەمە چیجای ئەوەی ئێستە لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕۆژبەڕۆژ دۆخی سیاسی و ئابوری و یاسایی بەرەو خراپتر دەڕوا دنیای عێراق و هەرێم پڕبوە لە دروشمی بێ ناوەڕۆک و بێ کردار، سات بە سات دۆخی دادوەری و یاسایی و کۆمەڵایەتی بەرەو لاوازبون دەچێ و حکومی نەریتگەرایی و عادات زیاتر شوێنی یاسا و دادگا دەگرێتەوە و هەموشمان دەزانین ژن لەسایەی دۆخێکی وادا مافەکانیان چی لێدێ، دۆخی شێواو و شڵەقاوی سیاسی و ئابوری و یاسایی و کۆمەڵایەتی بە پلەی یەکەم ژن زەرەرمەند دەبێت، هەم وەک تاک و هەم وەک دایک، ئێ خۆ ئێمە لە هەرێم دنیایەک یاسامان هەیە کە بەرگری لە مافی ژن دەکات، بەڵام ئایا جێبەجێکردنی یاساکان گەورەترە لە حوکمی نەریتی کۆمەڵایەتی، لەگەڵ ئەمەشدا دنیایە دامەزاروە هەیە بۆ ژنان هەر لە خانەکانەوە بۆ ژنان تا دەگاتە دامەزراوەکانی بنەبڕکردنی توندوتیژی ژنان لەسەر وەزارەتی ناوخۆ و کاروباری کۆمەڵایەتی، بەڵام ئایا ژنان دەتوانن پەنا بۆ ئەم شوێنانە بەرن، ئەگەر تاکە ڕۆژێکی ھەشتی مارس درێژ نەکرێتەوە بۆ 366 ڕۆژو بەگژاچونەوەی سیستەم و ئایدۆلۆژیاو بە کۆیلەکردن و بەسەربازکردن و بە کۆنکرێتکردنی ژن و پیاو وەک دوو ئینسان، نەبونی باشترە، چیتر ئێمەی ئینسان دەبێت لە کۆشک و ئەو شوراییەی بە دەورماندا دروست کراوە دەبێت دەروازەکان بشکێنین و بێنیە دەرێ، وەک دوو ڕەگەز لە سەرچاوەی یەکبونی مرۆڤ و دەرچون لە کۆیلەیی غەریزەیی نەیینە دەرێ و خۆمان خاڵی بکەینەوە لە چاوی ئایدۆلۆژیا و وەک مرۆڤ دۆستی و ژیان دۆستی نەڕوانینە یەک دەبێت بەردەوام لە بازنەیەکی بەتاڵ و تەواو کۆمیدیا ھەر بسوڕێینەوەو بەردەوام لە تەنھا ڕۆژێکدا دروشمەکان بڵێینەوە، لەو دیو دیواری ھەموو ئەمانەشەوە خوێنمان بڕێژڕێ و ئازادیەکان لەبەر چاومان ئەتک بکرێت، وەلێ بۆ ڕۆژی هەشتی مارس دنیا پڕ دەبێت لە چەپکەگوڵ و پیرۆزبایی.
ئاخر زۆر کۆمیدیە ژنان زیاتر بکوژرێن و مافەکانیان پێشێل بکرێ و پێرۆزبایمان لێبکەن، پێرۆزبایی لە چی..؟ لە ئاماری ژنە کوژراوەکان یان لە ئاماری زیادبونی توندوتیژی دژی ژنان، کەلەسەرەتای ساڵی 2025 تا مانگی شوبات لەماوەی دوومانگدا بەپێی ئامارەکان( 9 ) ژن کوژراون لە ھەرێمی کوردستان،
زۆر پێویستە ژنان خۆیان خۆیان بن، گوشاربن لەسەرکۆی دەستەڵات و پڕۆژەیان هەبێت کە ئیتر لەبری یەک ڕۆژ وەک یادێک بۆ ژنان، هەشتی مارس یەک ڕۆژ بێت بۆ بەدوادچونی داتای توندوتیژی و کارکردن بۆ ماف و ئازادییە کەسییەکانی ژن.