نەوزادی موھەندیس: لە پەراوێزی بانگەوازی ئاشتی عەبدوڵا ئۆجەلانەوە.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ئاشتی و دیموکراتی وەک بژاردەیەکی ھەمیشەیی بۆ چارەسەری کێشەی کورد
زیاد لە سەد ساڵە کورد لەھەرچوار پارچەکەی کوردستانی دابەشکراودا لەگەڵ ھەڵایسانی شۆڕشی چەکداری و خەبات و خۆپیشاندان و ناڕزایی دەربڕین بەرامبەر جەو و ستەمی دەسەڵاتە داگیرکار و دابەشکارەکانی کوردستاندا ھەمیشە دروشمەکانی ئاشتی و دیموکراتیەتی لەبیر نەکردوە و بەبەردەوامی دەستی بەھەردوکیانەوە گرتوە، لەو بڕوایەوە کە بەبێ ئاشتیەکی سەرتاسەری بۆ مەسەلەی کورد لەناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و لە ھەریەکە لەو وڵاتانەی کە کورد و کوردستانی بەسەردا دابەشکراوە ئەوا ھیچ کات ئاسایش و ئارامیەکی ڕاستەقینە و دوورمەودا نایەتە کایەوەو دواتریش ھەمیشە کورد سیستەمی حوکمڕانیەکی دیموکراتی ڕاستەقینە و ساغڵەمیشی کردۆتە دروشمی ناوەندی خۆی، چونکە لەوەشدا بڕوای وایە بە بێ سیستەمێکی دیموکراتیانە کە ھەموان لە سایەیدا ئازادیەکانیان و مافەکانیان پارێزراوبێت ناتوانرێت لە وڵاتێکی فرە نەتەوە و ئاین و مەزھەب و ناوچە و کەلتور جیاوازدا پێکەوە بە ئاشتی و برایەتی و تەبایی گوزەران بکەن.
ھەربۆیە کورد بەدرێژایی خەباتی چەکداری ھەمیشە دروشمە مرۆڤدۆستانەکانی ئاشتی و دیموکراتی لەبیر نەکردوە، نەک تەنھا بۆ کورد بەڵکو بۆ تەواوی کۆمەڵگاکانی تورکیا و ئێران و عێراق و سوریاش بەھەموو پێکھاتەکانیانەوە. چونکە ھەموان لە سایەی دەسەڵات و حوکمڕانیەکی دیموکراتی و لەسایەی سەقامگیری ئاشتی و سیاسی و ئابوری و ئەمنیدا دەتوانێت ڕووبکاتە گەشە و پێشکەوتن و داھێنان و خۆشگوزەرانی. بەپێچەوانەشەوە لەسەد ساڵی ڕابووردوودا ھیچ کام لەو وڵاتانە و ناوچەکەش نە ئاشتی و نە دیموکراتی و نە پێشکەوتن و نە خۆشوگوزەرانیان بەخۆوە نەبینیوە.
ئەوەتا کورد لە ئێستادا و لە کوردستانی باکوردا، دوای دەستپێشخەری ئاشتی لەلایەن دەوڵەت باخچەلی و دواتریش ئەردۆگان و ئاکەپەوە، دوای نزیکەی 5 مانگ لە ھاتوچۆ و بیرو ڕا گۆڕینەوە و سەردانیکردنی ئیمڕاڵی بە ئاشکرا و نھێنی، توانرا کە گەڵاڵەی بانگەوازێکی ئاشتی بکرێت لەلایەن عەبدوڵا ئۆجەلانەوە بەناونیشانی ((بانگەواز بۆ ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتی)) بەمەبەستی لەلایەک وەڵامدانەوەی دەستپێشخەریەکەی تورکان و لەلایەکیش بۆ سەلماندنی ڕاستگۆیی نیەت و کار و گوتاری کوردانیش بۆ ئاشتی و دیموکراتی و تەنانەت بە دانانی چەک و خۆ ھەڵوەشانەوەش لەلایەن ھێزی چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستانەوە((پەکەکە))وە. ئەم بانگەوازە کە لەلایەک بۆتە جێگەی ڕەخنەی توند وزۆری کوردان، بەڵام دەرخەری ئەو ڕاستیە مێژووییە کە کوردان ھیچ کات لە ئاشتی و دانانی چەکەکانیان و چۆڵکردنی شاخەکان نەترساون و ڕاستگۆیانەش بەرەو ئاشتی و دەستی ئاشتەوایی ھەنگاوی جدیان ھەڵناوە و ھیچ کات نەبونەتە ھۆکاری تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی وڵاتەکانیان، بەڵکو تەنانەت ھیچ کات کوردان دەستپێشخەری ھەڵایسانی شەڕ و جەنگ و شۆڕشەکانیش نەبوون بەڵکو تەنھا بەمەبەستی خۆپاراستن و مانەوە و پارێزگاریکردن بوە لە شوناس و کەلتور و زمانەکەیان و بەناچاری پەنایان بردۆتە بەر شۆڕشی چەکداری.
مێژووی شۆڕشەکان و خۆپیشاندان و خەباتی کوردایەتی لە سەد ساڵی ڕابووردوودا لەھەر چوار پارچەکەی کوردستاندا گەواھیدەری ئەو ڕاستیەن کە ھەمیشە کوردان دەستی ئاشتی و ھەنگاو بەرەو گفتوگۆی سیاسی لەگەڵ داگیرکارانی کوردستاندا درێژکردوە و ھەڵناوە، بەڵام ھەموو کاتیش لەلایەن داگیرکاران و دەسەڵاتدارانی سەردەستی ئەو وڵاتانەوە یان پیلان و تەپکە و کەمینیان داناوە بۆ سەرکردە کوردەکان و تیرۆریان کردون یان ھەربۆخۆیان پەشیمان بونەتەوە و پڕۆسەی ئاشتیان پەکخستوە.
ئەم پڕۆسەی ئاشتیە لە باکوری کوردستان لەدایکبوی ئەم چەند مانگەی ڕابوودوو نیە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابووردوو کاتێک بەھەشتی سەرۆک مام جەلال لەگەڵ سەرۆک ئۆزال ڕەحمەتی و ئۆجەلاندا توانیان بەستەڵەکی ململانێکانی کورد و تورک بشکێنن و دەرگای عەقڵانەی گفتوگۆی سیاسی بکەنەوە و سەردان و دەستپێشخەری زۆر گەورەیان ھەڵنا لەو پێناوەدا، بەڵام داخەکەم ھەر لەلایەن توندەڕەوە تورکەکان و بەشێکیش لە کوردانەوە ئەو پڕۆسە گرنگە پەکخراو بە تیرۆرکردنی سەرۆک ئۆزالی بەھەشتی لەگۆڕنرا.
بۆیە ئەمجارە و لەسایەی گۆڕانکاریی سیاسی و ئابوری و ئەمنیەکانی ناوچەکە و دونیاشدا دەکرێت ھەموان پەندیان وەرگرتبێت لە ڕابووردووە خوێناویەکە و ھەموان بڕوایان بەوە ھەبێت کە دوور لە ئاشتی و دیموکراتیەتێکی ڕاستەقینە ناتوانرێت کۆمەڵگایەکی ئارام و پێشکەوتوو پێکەوەبنرێت.
ئەم وەڵام و بانگەوازەی ئۆجەلان دۆخەکەی بەتەواوەتی شڵەقاندوە و ڕەنگە زۆر کەس بە نیازی ئەم ھەنگاوە ھەم مەترسیدار و ھەمیش گرنگە نەبووبن و تووشی شۆکیش بوون، ھەربۆیە بانگەوازەکە لەلایەک پەرۆشی کوردان بۆ ئاشتی و لەلایەکی تریش ڕەھەندە قوڵەکان و ستراتیژەکانی ئۆجەلانی دەرخستەوە بۆ ئاشتی و ئایندەی مەسەلەی کورد کە زیاد لە سەد ساڵە خوێن و فرمێسک دەڕێژن دەرخستەوە، بۆیە لە ئێستادا ھەنگاوی کردارەکی دەبێت لەلایەن دەسەڵاتداران و حکومەتی تورکیاوە ھەڵبنرێت وەک نیازپاکی ئەوانیش بەوەی کە دەستبدەنە ھەموارکردنەوەی دەستور و دانبنێن بە بوون و زمان و مافەکانی کورد لە تورکیادا و دواتریش دەستبکەنە چەسپاندنی سیستەمێکی دیموکراتیانە بۆ کۆمەڵگای تورکی و ئازادکردنی زیاندانە سیاسیەکان و ئازادکردنی ئۆجەلانیش، چونکە بانگەوازەکەی ئۆجەلان وەک گرێبەستێکی مەرجدار وایە و لەبەرامبەر چەکدانان و ھەڵوەشانەوەی پەکەکەدا ئەوا ھەنگاوە دەستوری و دیموکراتیەکان دانراوەکە دەبێت پێ بەپێی یەکتری بەرەو پێشەوە بڕۆن.
لە کۆتایدا ھەموان باش لەو ڕاستیە گەیشتوون کە بەبێ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکاریەکانی ناوچەکەدا کە ھێشتا لەسەرەتایدایە و تەواو نەبوە و درێژەدەکێشێت بۆ وڵاتانی تری ناوچەکەش، ئەوا مانەوە و بوونی دەسەڵاتەکانیان دەخەنە مەترسیەوە،بۆیە گرنگ دەستپێشخەری و بانگەوازەکە نیە بەڵکو پەندوعیبرەت لە جێبەجێکردنیاندایە بە سەر ڕاستی و ڕاستگۆیانە لە ھەردوولاوە دوور لە فرت و فێڵی سیاسی و پاشقولگرتن لەیەکتری.
بەو ھیوای ئەم ساڵی 2025 ببێتە ساڵی ئاشتی و ئاشتبونەوەی کوردان و تورکان لە باکور و وەدیھێنانی خەون و ئاواتە وەدینەھاتوەکانی شەریف پاشای خەندان و شێخ سەعیدی پیران وشێخ عوبەیدوڵای نەھری و و قازی پێشەوا و ھەموو سەرکردە و ڕابەرە شەھید و نەمرەکانی کورد.لەھەر چوار پارچەکەی کوردستاندا.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی