بەهمەن تاهیر نەریمان: بەستێنی ژیاندۆستی و مەرگدۆستی” اللە اکبر.

گۆرانی شاعیر لە شیعری “ناڵەی دڵ’ـدا هۆنراوەکەی بە وشەی “اللە اکبر’ دەستپێدەکات، کاتی شیعرەکە دەمەوبەیانییە، شاعیر زەردیی مانگ دەبەستێتەوە بە قاسپەی کەوەوە، لە ڕەوانبێژییە سەرنجڕاکێشەکەیدا زەردیی مانگی بەرەبەیانی داوەتە پاڵ قاسپەی کەو، وەک ئەوەی بڵێت قاسپەی کەو لە بەرەبەیاندا هێندە دڵڕفێن و پڕژیانە جوانیی مانگ شەرمی لێدەکات و ڕەنگی لە شەرماندا زەردهەڵدەگەڕێت، چونکە جوانیی مانگ ناگات بە جوانیی قاسپەی کەوی دەمەوبەیانی ناو چیاکان. ئیتر تا ئەوکاتەی دنیا ڕووناکدەبێتەوە، سرووشت دەبێتە سحرێکی ڕووت(…هەر سحری ڕووتە سروشت ئێستاکە…)، لەناو بەستێن(سیاق-Contexst)ـی ناو دەقەکە و بەستێنی کاتی ‘مەلا بانگدان’ـدا؛ وشەی “اللە اکبر” لەم بەستێنەدا دەبێتە یەکپارچە لە جوانی و ئێستاتیکا و ژیانی لێدەچۆڕێت. تۆ سەیری ئەو بەستێنە بکە “گۆران”ـی شاعیر وشەی “اللە اکبر”ی تێدا بەکارهێناوە چ جوانییەکی پێداوە کە لەگەڵ ئەم پارچە شیعرەی “ناڵەی دڵ”، گوێمان لێی دەبێت، وشەی “اللە اکبر” ژایندۆستی و نوێبوونەوەی ڕۆژێکی نوێی لێدەچۆرێت! بنواڕە کە دەڵێت:
….
وا بەتەواوی دنیا ڕووناکە
هەرسیحری ڕووتە سروشت ئێستاکە
لەدرەخت ئەدا شنەی بای سەحەر
جموجۆڵیەتی چەشنی سەودای سەر
لەسەر جۆگەی ئاش قازو مراوی
چاوەڕێی ڕۆژن هەڵبێنێ چاوی!
بەڵام تا خوڵقی نەکاچێشتەنگاو
نایەتە ناو دێ پرشنگی هەتاو!
وشەی “اللە اکبر” لێرەدا دەستپێکی ئەم شیعرە پڕ لە ژیان و جوانییەیە، بۆیە وشەی “اللە اکبر”ـیش جوانیی لێدەچۆرێت.

“نازم غەزالی” شیعرێکی “ئیبن یاقوتی عەباسی” دەکات بە گۆرانی و دەڵێت:
“لە خال علی صفحات خد
کنقطة عنبر في صحن مرمر
والحاض کاسیاف تنادي
علی عاصی الهوی “اللە اکبر”
جا “نازم غەزالی” بە چریکە جادوئامێزەکەی کە دەڵێت: اللە… اللە… اللە…. اکبر، علی عاصی الهوی “اللە اکبر”…
لەم کۆپەلە شیعرە عەرەبیەدا، خاڵی سەر ڕوومەتی یارەکەی بە “خاڵی عەنبەر” چواندووە، ڕوومەتەکانی یاریشی بە ڕووی مەڕمەڕی سپی چواندووە. نیگای چاوەکانیشی چواندووە بە شمشێرێکی بڕەر کە هاوار لەو ڕەقیبە دەکات کە لە “بەزمی دڵ” عاسی بووە و پێی دەڵێت “اللە اکبر”، ئەم وشەی ئەڵاهوئەکبەرەش بە جوانی و عەشق و بەزمی دڵ ئاوێزان بووە، پڕە لە تەڕوبڕیی ژیان، ژیانێک “نازم غەزالی” سۆزی شیعرەکە و لێکچواندنەکە ئەوەندەی تر لەگەڵ وشەی “اللە اکبر” تێکەڵ و ئاوێزان دەکات کاتێک سێجار بە دەنگ و چریکە پڕ سۆزکەی هاواردەکات “…اللە… اللە… اللە…. اکبر” ئیتر گوێگر درک بەو جوانییە دەکات کە لێکچواندنەکانی پێشوو ڕوومەتی یار و ڕووی مەرمەڕ، خاڵی گۆنا و خاڵی عەنبەر هەیە، جوانییەکان تێکەڵ بە “اللە اکبر”ـەکەی نازم غەزالی دەبن و مرۆڤ لەناو چریکەی”اللە اکبر”ـەوە پەی بە هەڵقوڵانی ژیان دەبات، درک بە جوانیی ژیان دەکات.
لەبەرانبەردا، کاتێک جیهادیستێک سەری قوربانییەکەی لەبەردەمدایە و هاوار دەکات “اللە اکبر” و چەقۆ تیژەکەی بە ملی قوربانییەکەدا دێنێت، وێنەی خوایەک دێتە بەر ئاوەزمان، مەرگدۆستە و دژی ژیانە، مەرگ لەناو پەنجەکانی بکوژەوە هەڵدەقوڵێت و وێنەی “اللە”ـش دەبێتە وێنەی ئەو جۆرە لە خواوەند کە بە خوێنڕشتن دڵخۆشدەبێت و خوایەتی ئەو کاتێک دەسەلمێت کە خوێن بەناوی ئەوەوە بڕژێت و بپژێت، پیاوەکانی خوا دەبنە خوێڕێژە هەرە ترسناکەکانی سەر زەوی.
لەناو ململانێکانی ئەمدواییەی گروپە جیهادییەکان، ئەو گروپانەی بە دیدی خۆیان بۆ بەرزڕاگرتنی وشەی “اللە” دەبێت خوێنبڕژێت، وەک “کرێکار” لەسەر زاری “مەروان حەدید”ـی “حمما” دەڵێت”… با گوێم لە دەنگی فیشەک بێت، با دەستتان مەشجەبی چەک بێت…”، ئەوان وشەیەک کە لەپێش و لە کاتی خوێنڕشتنەکاندا بە زاریاندا دێت بریتییە لە وشەی “اللە اکبر”. ئەم وشەیە بووەتە سڕەرەوەی ئاوی ڕووی شەرمی ئەو موجاهیدانەی گوایە بۆ خوا خوێندەڕێژن!
وێنەی “اللە اکبر” لەو دوو بەستێنە جیاوازەدا، وێنەی یەک خوا نییە، بەڵکو وێنەی دوو خوای تەواو لێکجودان، خوایەکیان ژیاندۆستە و هەر خۆی سەرچاوەی ژیانە، خواکەی تریان مەگردۆستە و داوای خوێنڕژانی زیاتر لە شوێنکەوتوانی دەکات، لە وێنەی خوای یەکەم مرۆڤی ژیاندۆست و ژیاندار وشەی “اللە اکبر” بەزاریدا دێت، شیعرەکەی گۆران و گۆرانییەکەی نازم غەزالی لێبەرهەمدێت، بەڵام وێنەی خوای دووهەم خوایەکی ترسناکە، مرۆڤی بێبەزەیی و ترسناک و دڵڕەق بەرهەمدێنێت.
لە ئێستادا وێنەی خوایەک کە داوای خوێنڕشتن و مەرگ دەکات، لەلایەن موجاهیدەکانەوە، بەسەر وێنەی خوای ژیاندۆست و ژیانئاوەردا سەرکەوتووە و مەزهەبە جیهادییەکانی سوننە و شیعە هەردووکیان خاوەنی وێنەی خوا تووڕە و خوێنڕێژەکەن، بۆیە لە ئێستادا بەو خەتەرناکییە لە جیهادی داعش و ئەحرار شامی ئەحەمەد شەرع خوێنی شەڕکەر و ژن و منداڵ و سڤیل هەموویان خوای موجاهیدەکانی دڵخۆش دەکات و وێنەی خوای ژیانبەخش و ژیاندۆست ونبووە و تەواو فەنابووە، تا وێنە ئاوەزییەکەی خوا وێنە خوێنویستەکە بێت، موجاهیدەکانیش بەدڵێکی فراوان و لەخۆڕازیبوونەوە زیاتر دەکوژن بۆ ئەوەی خواکەیان لەخۆیان ڕازیبکەن. کاتێک بەستێنەکەی خوا گۆڕا و وێنە ئاوەزییەکە بوویەوە بە خوای ژیاندۆست، موجاهیدەکانیش دەبنەوە بە مرۆڤی ژیاندۆست و دووردەکەونەوە لە مەرگدۆستی، مرۆڤ لەم کاتەدا دەبێتە پارچەیەک لە ڕۆحی خوا.