رەووف محەمەد ئالانی: قەیرانی پەروەردەیی، قەیرانی ژیانە.

دەکرێ قەیران بەگشتی بناسێنین، قەیران جۆرێکی دیاریکراوی کێشە یان بارودۆخێکە کە تاک، خێزان، گروپ، یان کۆمەڵگە بەرکەوتەی لەگەڵی دەبێت. کەواتە قەیران بریتیە لە دۆخێکی کێشەدار کە پێویستی بە کاردانەوە لە لایەن بەرکەوتوانی ئەو دۆخە هەیە، بۆ گەڕاندنەوەی پێگەی سەقامگیری خۆی، دیارە ئەویش بە ئاسانی ناچێتەوە دۆخە ئاساییەکەی پێشووی تا نیازپاکی و خەم و دڵسۆزی و پلان نەبێت، کە بەو شێوەیە هاوسەنگی بۆ دەگەڕێتەوە.
زۆر جار قەیرانەکان دەبنە مایەی چاکردن و جوانکردنی خراپیەکان، ئەگەر بە ووردی بەدواداچوونیان بۆ بکرێت و چارەسەربکرێن، لەبەر ئەوەیە ئەڵمانیەکان کردویانە بە پەند و دەڵێن: (تانە و توانج لە قەیرانەکان مەدە، بەڵکو سوپاسیان بکە).
ماوەی دە ساڵ زیاترە قەیران و ئاڵۆزی کارگێڕی و دارایی و ئابوری یەخەی هەرێمی کوردستانی گرتوە، ساڵ لە دوای ساڵ ئەو ئاریشانە گەورەتر دەبن و دەلاقەی پڕ مەترسی لەنێوان دەسەڵاتداران و خەڵکی هەرێمەکە دروست دەکەن. بەڵام ئەوەی بۆتە جێی سەرنجی ڕەخنەگرانەی من و کەسانی تریش، بوونی دووڕیانێکی دووئاراستەیە، ئەوانێش ئەمانەن:
1- دەسەڵاتدارانی هەرێم پەروەردەیان لا گرنگ نیە و بەو شێوە خراپەی هەیە گەرەکیانە
2- توانای چەرەسەرکردنی گرفتەکانیان نیە و نایانەوێ دان بە شکست و شێوازی خراپی بەڕێوەبردنەکەیاندا بنێن، پێیان شەرمە بڵێن گەندەڵی و خراپی حوکمڕانی وەک کرم دارەکەی داڕزاندووە
و تازە پاککردنەوە و چارەکردنی بۆتە ئەستەم.
لە وتارو بۆچونەکانی پێشوومدا کە بڵاوم کردونەتەوە، زۆر لە گرفتەکانی بەردەم پرۆسەی پەروەردەم باسکردووە، ئەمجارە باسی قەیرانی پەروەردەیی دەکەم،
قەیرانی پەروەردەیی ئەو گرفت و ئاستەنگانەن کە ڕووبەڕووی دامەزراوەکانی پەروەردە دەبنەوە لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان لەمپەر دروست دەکەن. ئەم گرفتانەش چەند لایەنێک لەخۆ دەگرن لەوانە:
1- کوالیتی لە پەروەردەدا: نەبوونی کوالیتی پەروەردەیی دروست، یەکێکە لە گرنگترین ئاستەنگەکان کە ڕووبەڕووی دامەزراوەکانی پەروەردە دەبنەوە، چونکە ناتوانریت پەروەردەیەکی ئاست بەرز و کوالیتی باش دابین بکرێت، کە پێداویستییەکانی پەروەردە بۆ قوتابیان وخوێندکاران و کۆمەڵگە فەراهم بکات.
2- بەرپرسیارێتی پەروەردەیی: ئەمەش ڕۆڵێکی گرنگ لە سەرکەوتنی دامەزراوەکانی پەروەردەدا دەگێڕێت، چونکە بەرپرسیارێتی پەروەردەیی لە ئەستۆیەتی ژینگەیەکی فێربوونی هاندەر دابین بکات، ڕۆڵی قوتابیان خوێندکاران پەرە پێبدەن.
3- سەرچاوەکان و هۆکارەکان: هەبوونی سەرچاوە و هۆکاری پێویست بەشێکن لە گرنگترین لە کەمکردنەوەی ئاستەنگەکان کە ڕووبەڕووی دامەزراوەکانی پەروەردە دەبنەوە، چونکە دەبێت ئامێر، هۆی فێرکردن و ژێرخانی پێویست بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان دابین بکرێن.
4- ڕاهێنان وخولی بەردەوام: نەبوونی ڕاهێنانی بەردەوام ئاستەنگێکی ترە کە ڕووبەڕووی بەرپرسانی پەروەردە دەبێتەوە، چونکە بەبێ ڕاهێنان و خولە پەروەردەییەکان، ئاقارو ئاراستەی پەروەردە دەچێتە دۆلێکی نادیار، بۆیە بە هۆی ئەو ڕاهینانانەوە، ئاگاداری پێشکەوتنەکانی بواری پەروەردە دەبین و توانا و کارامەییەکانی مامۆستایان پەرە پێدەدرێت و دەگەیەنرێت بە قوتابیان و خوێندکاران لەو ڕێگەیەشەوە زووتر و نزیکتر گەیشتن بە ئامانجەکان دەبینرێت.
ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی پەروەردە دەبنەوە لە جیهانی سێیەم یان وڵاتانی دواکەوتوو بریتین لە:
1-گەندەڵی: گەندەڵی یەکێکە لە گرنگترین کێشەکانی پەروەردە لە وڵاتانی جیهانی سێیەم، چونکە کاریگەری لەسەر کوالیتی پەروەردە هەیە و دەرفەتی خوێندن بۆ منداڵان سنووردار دەکات
2- نەبوونی پلانی زانستی و کارپێنەکردنی توێژینەوە گرنگ و پڕ بایەخەکان
3- دیاری نەکردنی بودجە و داهاتی پێویست بۆ سێکتەری پەروەردە
4- دەست خستنە ناو دامەزراوەکانی پەروەردەوە لە لایەنی سیاسی و کەسە دەسەلآتدارەکانەوە
5- پشتگوێخستنی داوا و خواستی بژێوی و ژیانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردە.
ڕوون و دیارە کە قەیرانی پەروردەیی کاریگەری زۆر لەسەر لایەنەکانی ژیان دەکات لەسەر ئاستە
جیاوازەکانی کۆمەڵگە، وەک لایەنەکانی:
‌ A- ئابوری: ڕەنگڕێژی دیاریکردنی ئاستی گەشەکردن و بنەمای خۆشگوزەرانی دیاریدەکات. کاتێ
لایەنی ئابوری لەقەیرانەکەوە دەگلێت، ئەم دەرهاویشتانەی لێدەبینرێت:
1- کەمی هێزی مرۆیی: قەیرانی پەروەردەیی دەبێتە هۆی کەمی هێزی مرۆیی شایستە، ئەمەش
کاریگەری لەسەر ئابووری دەبێت.
2- کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان: قەیرانی پەروەردەیی دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان،
ئەمەش کاریگەری لەسەر ئابووری دەبێت.
3- زیادبوونی تێچوون: قەیرانی پەروەردەیی دەبێتە هۆی زیادبوونی تێچوون، ئەمەش
کاریگەری لەسەر ئابووری دەبێت.
B- گەشەپێدانی زانستی: قەیرانی پەروەردەیی سەردەکێشیت بۆ خاوبوونەوە و لاوازی گەشەی زانستی
لەناو کۆمەڵگەدا، بەردەوامی ئەم قەیرانە دواکەوتن و وەستان لە گەشەی زانستی بەدوادادێت.
وتارەکەم بە وتەیەکی (ئەنتۆنی ڕۆبنز)کۆتایی دێنم کە لەسەر چارەسەری کێشە و گرفت وتوێتی:( ژیان
بریتییە لە چارەسەرکردنی کێشەکان، یان شکستت پێدەهێنن یان دەتکەنە کەسێکی گەورە، ئەوە خۆتی
بڕیارئەدەیت).