گۆران هەڵەبجەیی: لە گروپێکی گچکەوە بۆ لوتکە.

دەمێک لە نۆڤەمبەری ساڵی[ 1978 ]ی سەدەی ڕابردوودا چەند گەنجێکی باکوور کە ژمارەیان لەپەنجەکانی دەستێک تێپەڕی نەدەکرد،سەرکێشیەکی مەزنیان کرد، ئەویش دامەزراندنی حیزبێکی سەرچڵ و شۆڕشگێڕ بوو بەنێوی {پارتی کرێکارانی کوردسستان}.
ئەودەمەی ئەو گەنجە خوێنگەرمانە ئەم هەنگاوەیان هاوێشت هەرگیز بیریان لەوە نەکردبوویەوە کە ئەم حیزبە لە ئایندەدا تورکیای ئەندامی ناتۆ ،لەڕووی ئابوری و سەربازیەوە ماندوو دەکات و دەبێتە هۆی قەیرانێکی هەمەلایەن بۆیان.
ئەوەش لەهزریاندا نەبوو کە لەجیهاندا دەناسرێن و دەبنە ژمارەیەکی گرنگ لە نێو هاوکێشەکانی دەڤەرەکە. یانژی دەبنە بابەتی گەرمی میدیاجیهانیەکان و ناوەندە سیاسی و حکومیەکان.
دیارە گەر لەودەمەدا ژینگەیەکی لەبار لەتورکیا بۆ کاری حیزبی لەئارادابووایە، ئەو چەند گەنجە پاش چەند ساڵێک ئەڵتەرناتیڤێکی دیکەیان هەڵنەبژارد کەئەویش پەنابردن بوو بۆچەک.
تورکیا وەک دەوڵەت لەپاش ئاوابوونی خۆری ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دامەزراندنی دەوڵەتی مەدەنی لەسەردەستی کەمال ئەتاتورک، ئیدی کۆڵەکەکانی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر، نەژادپەرست، نادادپەروەر چەقێنرا. لەو مێژوەوە تا ئەم سەردەمەش هەرئەتنیک و نەتەوەیەک داوای مافی خۆی کردبێت لەوانە میللەتی کورد ئەوە بەدڕنداترین شێواز سەرکووتکراوە. هەر ئەمەش بوو وای لە (پەک) کرد بۆ داکۆکی لە بوونی گەلەکەیان چەک هەڵگرن.
میللەتی زیندو و خاوەن کەرامەت هەرگیز ڕێگەنادات سوکایەتی و چەوساندنەوە ببێتە میتۆدێکی چەسپاو، هەرگیز ملکەچی واقیعی سەپێنراو نابێت،بەڵکو بەهەر شێوازێک بێت داکی لەخۆی دەکات، ئەمەش لە شۆڕش و سەرهەڵدانە بەردەوامەکانی باکوردا بەجەرستەبوون ،کە بەداخەوە سەرجەمیان زۆربەدڕندانە خامۆش کران.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتدارانی تورکییای ڕەگەزپەەرست ،ئەم حیزبە ساڵی [1984]بە ڕابەرایەتی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان یەکەم بڵێسەی شۆڕشی چەکداری هەڵکرد. ئەم شۆڕشە بە میتۆدێکی نوێ و لەبەرگێکی ئایدۆلۆجیای چەپی سەردەمیانەو شۆڕشگێڕانەدا خۆی نمایش کرد. ،ئیدی لەودەمەوە تائێستا بڵێسەی ئەو گرە بڵندترو مەزنتر دەبێت.
شۆڕشی پارتی کرێکاران تەنها لە ڕێکخستنێکی پڕدسپلین و هێزێکی چەکداریدا قەتیس نەبوو، بەڵکو بەرهەم هێنەری کۆمەڵێک لەداهێنانی سەرکەوتووی ناوازەبوو لە شێوەی ڕێکخراوی پیشەیی و جەماوەی هەمە بوارو هەمەلایەن و هەمە ئەرکدا، لە وێنەی میدیایی،کۆمەڵایەتی،هونەری، کەلتووری،گەنجان، زارۆک، ژنان، ئینسانی، ئابووری و چەندین بواری دیکە.. دەتوانم بڵێم وڵاتی ئەوروپی نیە دەستی ئەم ڕێکخراوە پیشەیی و جەماوەریانەی پێنەگەشتبێت.
هاوکات وڵاتێک،کیشەوەرێک دەڤەرێکی ئەم جیهانە شکنابەم کە کوردی تێدابژی و کاریگەری ئەم بزافە شۆڕشگێڕەی لەسەر نەبێت، ئیدی وەک ئەندام و لایەنگر یاخود وەک بوونی چەندین چالاکی و پرۆژەی هەمەجۆر،کە ئیلهامیان لەم بزافە وەرگرتوە.
لەلایەکی دیکەوە ئەم بزافە شۆڕشگێڕە ئەو کۆتوبەندەی شکاند کە دەوڵەتی تورک بەناوی [تەرۆرەوە] کردبوویە ملی، ئێستا وڵاتانی جیهان بەچاوی خۆیان دەڕواننە ئەم بزافە نەک بەچاوی دەسەڵاتدارانی تورک. ڕاستە تائێستاش بەهۆی بەرژەوەندیە ئابوریەکانیانەوە ناتوانن مامەڵەی ڕاستەخۆیان لەگەڵ بکەن، بەڵام داوەتکردنی هاوسۆزو دۆستەکانیان لەلایەن هەندێک وڵاتانی خاوەن سەنگی ئەوروپاوە، یاخود داکۆکی پەرلەمانتارانی ئەوروپی لە کوردو دۆزەڕەواکەی لەدانیشتنەکانیاندا، یان پێشوازی گەرم بەچەپڵەڕێزان لە سەرکردەسیاسی و سەربازیەکانی ڕۆژئاوا لەلایەن جەماوەری بەرفراوانی وڵاتانی ئەوروپا، یانژی پێشوازی گەرم لەکەلتوورو گۆرانی کوردی لە جیهاندا، هەموو ئەمانە دەرەنجامی خەباتی کەڵەکەبووی ئەو شۆڕشەیە بەهەردوو باڵەکەیەوە.
لەسەر ئاستی کوردستانیش هێندە بەسە کە بڵێین ئەم بزافە دۆزی کوردی بردەوەتە ئاستێکی باڵا کە دەتوانم ناوی بنێم {شۆڕشی ناسنامە لە ناخی تاکی کورددا}، ڕوونتر بێژم بەر لەو سەرهەڵدانە تاکی کورد بەتایبەت لە باکوور لەدۆخێکی پڕنائومێدی و فشارو ترسدا دەژیا، بەجۆرێک نەیاندەوێرا کوردبوونی خۆیان ئاشکرابکەن، بەڵام ئێستا بەگەنج و بەتەمەنەوە سەربەرزانە و بەشانازیەوە باسی کوردبوونی خۆیان دەکەن و داکۆکی لە ناسنامەی خۆیان دەکەن، ئەمەش لە کۆبوونەوەکانی دایکانی شەممەو ئاهەنگەکانی نەورۆزی باژێڕەکانی باکوورو ئیستەنبوڵ و چالاکیە هەمەجۆرەکاندا دەردەکەون.
خاڵێکی گرنگ پێویستی بەئاماژەیە ئەویش مەسەلەی شۆڕشە چەکداریەکەی پارتی کرێکارانە ،ئەم شۆڕشە چەکداریە کە بەر لە[41]ساڵ بەرپابوو، وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، مەبەست لێی داکۆکی کردن بوو لەبوون و شوناسی نەتەوەکەیان لەباکوور، واتە چەک ئامرازبوو بۆگەیشتن بە ئامانج. ئامانجیش بریتی بوو لە گەیاندنی پەیامێک بە دەسەڵاتدارانی یەک لەدوای یەکی تورکیا،کە دەڵێت؛ ئێوە چەند بەهێزو باڵادەست بن ناتوانن ئیرادەمان بشکێنن، ناتوانن بێدەنگمان بکەن، ئێمە بەرەنگارتان دەبینەوە ،زیانتان پێدەگەیەنین، ئارامیتان دەشێوێنین،خەوتان دەزڕێنین.
ئەودەمەی ئەم شۆڕشە چەکداریە سەری هەڵدا ژمارەیان کەم بوو،گەورەترین چەکی دەستیان کڵاشینکۆف بوو، دۆستەکانیان کەم بوون و دوژمنیان زۆر، بەڵام لە ئێستادا پەکەکە وەک حیزب و وەک هێزی چەکدار لە ئاستێکی باڵادان ،بەو ڕادەی خاوەنی درۆن وچەندین جۆرەچەکی پێشکەوتوون کەهەندێکیان بەرهەمی ئەقڵی خۆیانە. دڵنیام کە دەسەڵاتدارانی باڵای تورکیاش ئەم حەقیقەتە دەزانن و حساب بۆ ئاستی توانای گەریلا دەکەن.
کەواتە هێزی گەریلا بەرەنگاری تورکیایەک بووەتەوە کە دووەم هێزی ناتۆیەو خاوەنی تەکنەلۆجیای سەربازی و هەمووجۆرە چەکێکی پێشکەوتووە.
دەتوانم بڵێم لە ئێستادا پارتی کرێکاران لە پێگەی هێزدایە نەک لاوازی ، دۆست و دوژمن ئەم ڕاستیە دەزانن، بۆیە دەتوانم بڵێم تورکیا لەڕووی سەربازیەوە چەند بەهێزبێت ناتوانێت کۆتایی بەوهێزە شۆڕشگێرە بهێنێت.
دیارە چوونە نێو پرۆسەی دانووستان بۆ ئاشتی لە مەوقیعی هێزەوە باشترین بژاردەیە، چونکە لەم حاڵەتەدا سەپاندنی داواکاریەکان گەر هەموویشی نەبێت بواری زیاترە.
لای ئەردۆغان ڕوونە کە {پێ کا کا} لەئێستادا وەک هێزی گەریلا یا وەک هێزێکی سیاسی خاوەن دسپلین نەلاواز دەکرێت و نەلەناودەبرێت،بۆیە ڕێکەوتن لەگەڵیدا تاکە بژاردەیە و هاوکات بژاردەیەکی ئەقڵانیشە.
دوا قسەم ئەوەیە گەرئەم بزافە شۆڕشگێڕە لە ڕێڕەوی خەباتیدا بەچەندین قۆناغی دژوارو سەختدا گوزەری کردبێت و لە چەند خەباتگێڕێک و ژمارەیەک گەریلاوە گەشتبنە ئەم ئاستە باڵایەی ئێستا، کەواتە باترس و خەم داماننەگرێت ودڵنیابین کە ئایندە لەبەرژەوەندیانە.