سەرکۆ یونس: خۆئامادەکردن، دارایی و پارەی دەوێت.

ڕۆژانە لەکەناڵەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیاوە، گوێبیستی ئەم پرسیارەی پەیامنێران دەبین کە لەهاوڵاتی و هاونیشتیمانی ئەم هەرێمە دەکرێن. لەڕاستیدا خۆئامادەکردنی هاوڵاتی یان خێزانەکان، بۆ ئەم مانگە پیرۆزە دوو لایەنە.
لایەنی دەروونی و ئیمانی، تایبەتە بەخودی تاکەکان و خێزانەکان، بابەتێکی خودییە و لەتاکێکەوە بۆ تاکێکی تر و لەخێزانێکەوە بۆ یەکێکی دیکە، تەنانەت لەکۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی تر، جیاوازە، پەیوەندیدارە بەهۆکاری تایبەتەوە، ئەم لایەنەیان ئیشی ئێمە نییەو قسەی لەسەر ناکەین.
لایەنی دووەم، لەخۆئامادەکردن بۆ مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، بابەتی ئامادەکاری لەچۆنیەتی دابینکردنی پێداویستییەکانی تاک و خێزانەکان و پڕکردنەوەی خواستی کڕیاری بەڕۆژوو بوو، ڕەهەندێکی دارایی و ئابوری پوختە، دەتوانین لەسەری بدوێن.
یەکێک لەتایبەتمەندییەکانی ئەم مانگە پیرۆزە، زیادبوونی خواست و داواکاری بەکاربەرانە، جا لەمانگەدا خواستی تاک و خێزانەکان، پێچەوانەی عورف و یاسای خواست(القانون الطلب ) دەبێتەوە. بەپێی یاسای خواست، هەرکاتێک نرخ بەرز ببێتەوە ئەوا بڕی داواکاری لەلایەن بەکاربەرانەوە دادەبەزێت، بەڵام لەبەرئەوەی کە ڕەگەزێکی سەرەکی خواست، بریتی یە لە حەزو ئارەزوو(الرغبة). کڕیاری بەڕۆژووبوو، کەسێکە لەم مانگەدا زیاتر حەزوئارەزوو هانی دەدات بۆ کڕینی خواردن و خواردەمەنی بەبەراورد بە ڕەگەزی دارایی، بەواتایەکی تر، پاڵنەری دەروونی زیاتر زاڵترە، هۆکاری سەرەکی کڕینەکانمانن.
لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت، خۆ ئامادەکردن بۆ ڕەمەزان، بابەتێکی داراییە و توانای دارایی تاک یان خێزانەکە، چۆنیەتی و چەندییەتی خۆئامادەکردنەکە دیاری دەکات.
پێمانوایە، ڕێژەیەکی لایەنی دەروونی تاک و خێزانەکان، زیاتر پەیوەستە بە توانای دارایی، ئەگەر زۆر وورد ببینەوە لایەنی دەروونی گرێدراوی توانای دارایی تاک و خێزانەکانە.
گومانی تێدا نییە، بەگیرفانی بەتاڵ و نەبوونی توانای دارایی( پارە) قورس و گران و ئەستەمە، لایەنی دەروونی تاک و خێزانەکان ئامادە ببێت بۆ مانگێک کەتایبەتمەندی جیاوازی هەیە.
هەرێم بەگشتی کۆمەڵگایەکی بەکاربەری بەرخۆرە، زیاتر لە 1 ملێۆن و 500 هەزار کەس، لەڕووی داراییەوە پشت بە مووچەی مانگانە دەبەستێت و بازاڕو سەرجەم چالاکییەئابورییەکان پەیوەست و گرێدراون بە مووچەوە. سەرەڕای ڕێکەوتنی هەولێرو بەغدا و هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، دابینکردنی بەشە بودجە بۆ مووچە، هێشتا مووچە لەکاتی خۆیدا دابەشناکرێت و دوادەکەوێت.
هەر دواکەوتنێک ڕاستەوخۆ کاریگەری خراپ (نێگەتیڤ)ی دەبێت لەسەر بارودۆخی ژیان و گوزەرانی تاک و خێزانەکان.
دەرئەنجام، دەتوانین بڵێین، خۆئامادەکردنی خێزانەکان لە لایەنی دەروونی و دابینکردنی پێداویستیەکانی ئەم مانگە پیرۆزەوە، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە توانای دارایی و پارە هەیە.
کاتێک توانای دارایی وپارە هەبێت، دابینکردنی پێداویستیەکان بۆ ڕەمەزان، ئەوا بەدڵنییایەوە لایەنی دەروونی و ئیمانی تاک و خێزانەکان، بەبێ کێشە خۆی ئامادە دەبێت.

* ئابووریناس