ئومید ناسح جیهانی: کە هێزت هەبوو، لەبری جینۆساید لەگەڵتدا ڕێدەکەون.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
ڕاسترین ڕێگە ئەوەیە کوردی هەر پارچەیەک لەم سەردەمەدا لەگەڵ دەوڵەتی پێوەلکێندراودا ڕێکەوتنی سیاسی ئەنجام بدات، لە بەرامبەریشدا لە ناوخۆدا سەرقاڵی خۆڕێکخستن و بە دامەزراویی و نیشتیمانی و دیموکراتیکردنی دامودەزگا میرییەکان و کۆمەڵگە بێت، خۆی ئامادە بکات بۆ گۆڕانکاری و ڕووداوێکی سیاسی گەورەی دیکە لە ناوچەکەدا کە هەمیشە ئەگەری ڕوودانی هەیە!. لەبەرامبەردا پەیوەندییە سیاسی و دبلۆماسییەکانی لە سەر ئاستی ناوچەیی و نێونەتەوەیی زیاتر پەرەپێبدات و چڕبکاتەوە. ڕێکەوتنی لەگەڵ دوژمن نەبێتە هۆی دەسبەرداربوونی لە هێز و سوپاییەکەیی و فەرامۆشکردنی ڕابردووە خوێناوییەکەی لەگەڵ دوژمن دا کە هەمیشە لە بۆسەدان بۆ کۆمەڵکوژکردنی.
کورد لە ڕۆژئاوا لە سەردەمی بنەماڵەی ئەسەد دا ناسنامەشی نەبوو، بەڵام لەگەڵ جەنگی ناوخۆیی سوریا بەدەستێوەردانی دەرەکی هێز و خۆسەری بنیاتنا و پارێزگاریی لە خۆی و پێکهاتەکانی دیکەی باکور و خۆرهەڵاتی سوریا کرد، پیلانگێڕی داعش و تورکیا و ڕوسیا و ئێران و میلیشیاکانی و هێڵی خیانەتی کوردی لە باشور و خۆرئاوا تێپەڕاند و ئێستاش بەم ڕێکەوتنە قۆناغێکی دیکەی گەورەیی سیاسی چووە پێشەوە و داننراوە بە مافی کورددا.
ئەوانەی بانگەشەی دەوڵەت دەکەن لەم سەردەمەدا بۆ ڕۆژئاوا، جگە لە خەیاڵپڵاوی سیاسی و هەرزەی سیاسی و هێڵی ناپاکی و قەومچێتی دیموکرات! و ناسیۆنالیستی شوانکارەیی زیاتر هیچی دیکە نیین، چونکە تاکو ئێستاش هەموو زلهێزەکان: ئەمریکا و ڕوسیا و فەڕەنسا و بەریتانیا و چین، تەنانەت ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەگەڵ یەک پارچەیی خاکی سوریا دان و پاڵپشتی کورد نیین لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی دا. خۆسەری ڕۆژئاوا لەم ڕووە زۆر باش مامەڵەیان کردوە و بەشێک نەبوون لە پیلانگێڕی و فەوزایی سیاسی و نەتەوەیی، جەنڕاڵ مەزڵوم کۆبانی و هەسەدەش هەمیشە باسیان لە گەرەنتی و پاراستنی مافی کورد کردوە لە چوارچێوەی سوریایەکی فیدڕاڵ دا، تەنانەت خودی ناوی هەسەدە-ش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە، لەگەڵ ئەوەش دا فەرمانڕەواییەکی جوانی دیموکراتییان ئەنجامداوە. دوای ڕێکەوتنەکەش هەڵوێستی هەندێک لە ووڵاتانی عارەبی لەوانە سعودیا و کوێت ئەرێنی بوو.
هەنگاوی گەورەتر جگە لە ڕێکەوتن لەگەڵ دیمەشق بۆ ئەم سەردەمە بۆ ڕۆژئاوا دەبێتە خۆ کوژی، چونکە هێڵی ناپاکی ناو کورد لە باشور و ڕۆژئاوا بە گرێدراویی تورکیا هێشتا توانای دروستکردنی سەرئێشەی گەورەیان هەیە، چونکە پێشتر سەرەڕایی پیلانگێڕی داعش و میلیشیاکانی ئێران و سوریا، لە باشورەوە سنوریان داخست، خەندەقیان لێدا، هێزی ڕۆژ و (ئەنەکەسە – حیزبگەلی فندق) دروستکران بۆ بهێزکردنی خۆسەر و هەسەدە. ئێستاش تورکیا بەردەمەوا لە پیلانگێڕییەکانی لە ڕێگەی مورتەزەقەکانی سوپایی نیشتیمانی سوریا لە بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق. لەلایەکی دیکەوە هەنگاوی سەربەخۆیی و پەنابردنە بە شەڕ دەبێتە هۆی وەڵامێکی توند لەلایەن تورکیا و ووڵاتانی عارەبی و ڕوسیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هیچ پشتیوانییەکی ڕۆژئاوا ناکات، چونکە هەموو ئەو ووڵاتانە بەرژەوەندی هاوبەش و تێکگیرانیان لە سوریا و ناوچەکەش دا هەیە، کە ئەمە لە بەرژەوەندی کورد نییە، بەڵکو لە دژی کوردە، سەرکردایەتی ڕۆژئاواش باش لەم دۆخە تێگەیشتوە لەبەرئەوە ڕاسترینی ڕێگەکانی هەڵبژارد.
یەکێک لە لایەنە ئەرێنییەکانی ئەم بارودۆخە بێهێزی دەسەڵاتی دیمەشق و دەرکردنی ئێرانە لە سوریا دوای کەوتنی ئەسەد، هەروەها بهێزی عێراق و گرفتاربوونیەتی بە کێشەی حەشدی شیعییەوە کە ئەمریکا و ئیسڕائیل دژی بوون و جموجوڵەکانی ئەو میلیشیایانەن، دەنا لەگەڵ وجودی ئێران و بەهێزی تورکیا و عێراق دەبووە هۆی لەباربردنی ئەزموونی خۆسەر.
خاڵێکی ئەرێنی دیکە خودی ڕۆژئاوا خۆیەتی کە هێزەکەیی و سەرکردایەتییەکەی قەومچێتی و خێڵەکی و ناسیۆنالیستی شونکارە نیین، کە دوای ئەم ڕێکەوتنە پاڵی لێبدەنەوە و خەریکی دابەشکردنی زۆنەکان و دوو ئاسایش و دوو پەروەردە و دوو هێز و دوو ئابوریی و دابەشکردنی ووشە و ڕەنگ و شارچێتی و بنەماڵەچێتی بن. خەریکی دز و تاڵانی و فەرهود و دامەزراندنی کۆمپانیا و تیڤی و زانکۆی شەخسی و حیزبی و خێڵەکی بن، لە هەوڵی بەدەستهێنانی ڕەگەزنامەی ئەوروپی و ئەمریکی و خۆش گوزەرانی و سەفرە و سیاحەت بن. بەڵکو هێز و سەرکردایەتییەکن خەریکی ڕێکخستنی کۆمەڵگە و پەرەپێدانی فەرهەنگ و کەلتور و ژینگە و دامەزراندنی مۆدێلێکی حوکمرانی دیموکراتی و مەدەنی مۆدێرنن.
ڕێکەوتنەکەی 10ی ئازاری 2025 بۆ کورد دەستپێشخەری ئاشتی و مانەوەی خۆسەرییەکەیەتی لە پیلانگێڕی تورکیا و مورتەزەقەکانی. بۆ دیمەشقیش مەوقیفێکی مێژووییە کە سوریا و پێکهاتەکانی بەرە و ئارامی و پێکەوەژیان ببەن لە جیاتی تیرۆر و شەڕی تایەفی و مەزهەبی و نەتەوەیی و دەرچوون لە پیلانگێڕییەکانی تورکیا، چونکە یەک لە خاڵە مەترسیدارەکانی ڕێکەوتنەکە چوونی هێزەکانی (هەتەش)ە بۆ ناوچە سنورییەکان، ئایا پابەندی ڕێکەوتن و پاراستنی سنور دەبن لە دەستدرێژی و پەلامارەکانی تورکیا؟ یان لەگەڵ تورکیا پیلانگێڕی دەکەن دژی خۆسەر و هەسەدە؟ چونکە خودی جۆلانی بە پیلانگێڕییەکی تورکی ئیسڕائیلی قەتەر بووە دەسەڵاتداری دیمەشق! ئەمە داهاتوو ڕوونیدەکاتەوە…! لەگەڵ ئەوەشدا سوریا هێشتا بۆنی خوێنی کۆمەڵکوژی عەلەوییەکانی لێدێت بەدەستی عەمشات و حەمزات هاوپەیمانی هەتەشە و دەسەڵاتی سوریایی نوێ! (ئەوەش ڕاستە دەستپێشخەری عەلەوییەکان بۆ شەڕ پیلانگێڕی حیزبوڵڵا و حەشدی شیعی و ئێران بوو، بەڵام هێشتا ئەمە پاساو نییە بۆ کۆمەڵکوژکردنی عەلەوییە مەدەنییەکان).
خاڵێکی ئەرێنی دیکەی ئەم ڕێکەوتنە ئەوەیە ڕۆژئاوا لە بێهێزییەوە نەچۆتە ناو چوارچێوەی ئەو هاوکێشە سیاسییەوە، بەڵکو لەوپەڕی هێزیدایە و باوەڕی خەڵکەکەی لە دەستنەداوە و خەڵکەکەی ئامادەیی هەموو گیان بازییەکن لە پێناو پاراستنی ئەزموونە دیموکراتییەکەیان دا. ڕۆژئاوا دووچاری قەیرانی گەورەی ئابوریی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و گەندەڵی و ئیفلیج بوونی دام و دەزگاکانی نەبۆتەوە هاوشێوەی باشوری کوردستان. دەسەڵاتداری باشور هەرکاتێک عێراق بێهێز بێت، یان دووچاری کێشەیەکی ناوخۆیی ببێت تووشی غرورێکی فشەڵی سیاسی دەبێت و بانگەشەی سەربەخۆیی ئابوریی و سیاسی دەکات بە ژێرخانێکی وێران و گەندەڵ و بێ متمانەی و باوەڕی خەڵک بە دەسەڵات و قەیرانی گەورەیی سیاسی و ئابوریی و کۆمەڵایەتی و دوو زۆنی و بنەماڵەچێتی و تاکڕەوییەوە. هەر کەس و لایەنێکیش نزیک بێتەوە لە عێراق بە ناپاک و جاش ناوزەندی دەکەن، بەڵام هەر کە عێراق کەوتەوە سەرپێ، دنیایەک تەنازولاتی گەورەی سیاسی بە هەرێمی کوردستان دەکات و دەسەڵاتدارانیش شەڕی بەدەستهێنانی پۆستێکی کارتۆنی دەکەن و بەدەستهێنانی موچەی مانگێک بە دەستکەوتێکی گەورەی براگەورە و دەوڵەتمەدار و مەرجەع! وێنا دەکەن و هەڵایەکی گەورەی ئیعلامی بۆ ساز دەکەن و شکستەکانیش بە سەرکەوتن و منەت و خێر بە خەڵکی دەفرۆشنەو. لای جەردەسالاری باشور شکست هەر سەرکەوتنە و بەدرێژایی دەسەڵاتیشیان لە هیچ پڕۆژەیەکی سیاسی دا سەرکەوتنیان بەدەست نەهێناوە. بەڵام ئەمە لە ڕۆژئاوا بە تەواوی مانای سیاسی و نەتەوەیی جیاوازە.
هێشتا لەگەڵ ئاشتیداین، هەروەکو لەتیف هەڵمەت دەڵێت؛ منداڵەکانی دەیانەوێت بنوون. هەموو ئەوانەی دژی ئەم ڕێکەوتنەن، ئەگەر هەسەدە و بارۆس پەنایان ببردایەتە بە هەڵگیرساندنی شەڕ، هەر ئەوانە هاوریان لێ بەرز دەبوویەوە بۆچی هەسەدە کوردی ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی کردۆتەوە؟ بۆچی بە پیلانگێڕی ئێران شەڕ دەکات؟ بۆچی شەڕی ناوخۆییان لە سوریا هەڵگیرساند؟ بۆچی ئەو ئەزموونەی بە خوێنی شەهیدان دروستکراوە بە پیلانگێڕی ئێران لە باریان برد؟ ئەمانە و چەندین بۆچی دیکە.
جەنگی ئاژەڵێکی گۆشتخۆرە، یەک خولەک ئاشتی لە سەد ساڵ شەڕ مانادارتر و پڕ خێرترە. کورد بە درێژایی مێژووی دەوڵەت – نەتەوەی تورک و عارەب و فارس کۆمەڵکوژ کراوە، جگە لە پاراستنی ئەزموونەکانی بە ئاشتی هیچ ڕێگەیەک دیکە لۆژیکی نییە.
ئەمەش بەندەکانی ڕێکەوتننامەکەیە کە بە نێوەندگیری ئەمریکا و فەڕەنسا و ئاگاداری تورکیا لە نێوان مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەیی گشتی هێزەکانی هەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆکی ڕاگوزەری سوریا ئەنجام دراوە و واژۆکراوە.
1. گەرەنتی کردنی مافی هەموو سوورییەکان لە نوێنەرایەتی و بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسیدا و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای لێهاتوویی بێ گوێدانە پاشخانە ئایینی و نەتەوەییەکانیان.
2. کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی رەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سوریا گەرەنتی مافی هاووڵاتی بوونی دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانی بۆ دابین دەکات.
3. راگرتنی شەڕ لەسەرجەم خاکی سووریا دا.
4. تێکەڵکردنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە چوارچێوەی ئیدارەی دەوڵەتی سوریا، لەنێویاندا دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتی و گازییەکان.
5. گەرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارە سوورییەکان بۆ شارۆچکە و گوندەکانیان و دابینکردنی پاراستنیان لە لایەن دەوڵەتی سووریاوە.
6. پشتیوانی دەوڵەتی سوریا لە رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی ئەسەد و هەموو ئەو هەڕەشانەی کە هەڕەشە لە ئاسایش و یەکپارچەیی خاکەکەی دەکەن.
7. ڕەتکردنەوەی بانگەشەکانی دابەشبوون و رق و کینە و هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی ئاشووب لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریادا.
8. لیژنە جێبەجێکارەکان کار دەکەن و هەوڵدەدەن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بە شێوەیەک کە لە کۆتایی ئەم ساڵ تێنەپەڕێت.
لە کۆتاییدا دەڵێین؛ ئەزموونی ڕۆژئاوا لە دەستێکی ئەمیندایە و نە هەسەدە بهێز دەبێت و هەڵدەوەشێتەوە، نە خۆسەری لاواز دەبێت و هەڵدەوەشێتەوە، هەروەکو ئیدارەی خۆبەرێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەڵێت؛ ئەم هەنگاوە وەک سەرکەوتنێک بۆ تەواوی گەلانی سووریا بینراوە و بوو بە رێگری لە پێش هەموو ئەو کەسانەی کە هەوڵی لەناوبردنی ئەو سەرکەوتنانە دەدەن کە گەلەکەمان بەدەستیهێناوە، ئاڵۆزی و دابەشبوونی نێوان پێکهاتەکانی گەلی سووریا تێک دەدەن. چی لە دەستمان بێت بۆ پاراستنی یەکێتی گەلەکەمان و دەستەکەوتەکانمان دەکەین.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە