دکتۆر هەژار عثمان معروف: گەر دەمزانی، گەر دەمتوانی!
بەخۆداچونەوە و بیرکردنەوە لە خود و بیر وڕا و ڕەفتاری خود ئەرکی بەردەوامی سەرشانی هەمو مرۆڤێکە.
مرۆڤ لە تەمەنی حەوت هەشت ساڵیەوە وردە وردە توانای وردبونەوە و قوڵبونەوە لەخۆ و لە خەڵک تێیدا گەشەدەکات و بەردەوام دەبێت تا تەمەنی پیری.سەنگاندن و پێوان دەبێت بە هەردو دیوەکەدا بێت، واتا بینین و پێزانین و پەسنکردنی باشی و جوانی و سەرکەوتنەکانی خود، هەروەها بینین و پێزانینی ڕەخنە و گلە و گازەنە لە شکست و کەم و کورتیەکانی خود.
لە ڕاستیدا هەرچی پێشکەوتن و داهێنان و دۆزینەوەی شاراوە و نەزانراوەکانی مێژوی مرۆڤایەتی هەن، هەرچی پێشکەوتنەکانی زانست و ئەدەب و هونەر و سیاسەت و ئابوری و فەلسەفە و ڕامان و… هەمویان سەرەتا لە ڕەخنەو ناڕازیبون لە کۆن و بەسەرچو و کەموکورتیەکانەوە دەستی پێکردوە.
بۆ تێپەڕاندن و خۆئازادکردن لە کۆت و زنجیرەکانی ڕابوردو، بۆ ئەوەی پێداچونەوە بە ڕابوردو و تاووتوێکردنی بەسەرهات و ڕوداوەکانی ژیانمان سودی هەبێت و پەندی لێوەربگرین بۆ ئێستا و داهاتومان، دەبێت لە سەر بناغەی بتەوی ئەم ڕاستیانە بێت:
1- کەس ناتوانێ، چەند زیرەکیش بێت، پێشبینیی تەواوی دادێ بکات، چونکە زۆرێک لە ڕوداوە سروشتی (بومەلەرزە..) و ناسروشتیەکانی (شەڕی دو وڵات و حیزب) ژیان لە دەستی تۆدا نین و بێ پرس بە تۆ ڕودەدەن.
2- ئەزمونەکانی ژیان وردە وردە مرۆڤ وریاتر و زیرەکتر و هۆشیارتر دەکەن،بۆیە زۆر هەڵەیە ژنێکی 50 ساڵە بە هۆشیاری و زیرەکیی ئێستای و ئەزمونی 35 ساڵی ژیانی ڕابوردویەوە بێت لە ئێستادا حوکمێکی ڕەق و بێبەزەیی بەسەر خۆیدا بدات کە بۆ بە 15 ساڵی شویکردوە و ناحەقی و سوکایەتیی خەسوی قبوڵکردوە! یا پێشمەرگەیەکی بێبەشکراو لە مافەکەی وا پەشیمان بێت لە خەباتەکەی کە کورد و کوردستانیشی لەبەرچاو بکەوێت، یا پزیشکێکی دانەمەزراو بە خۆی بڵێ پەشیمانم لەوەی بوم بە دوکتۆر، ئەم پرسیارە نائومێد و توڕانە چ سودێک بە ئێستام دەگەیەنێ؟کێشەکانی ئێستام چارەسەردەکات؟ بێگومان نەخێر، جوینەوەی بەردەوامی ئەم جۆرە پرسیارانەی وەک: بۆ کردم بۆ نەمکرد؟ ئەبوایە یا نەئەبوایە بمکردایە، خەومان دەزڕێنێ و دڵتەنگمان دەکات و ئەگەر هەیە ببێتە ڕق لە خود و لە خەڵکیش.
3- ژیان خز و لوس و بزۆک و ڕەنگاوڕەنگە و هەمیشە بە هەمو ئەگەرەکاندا کراوەیە ولە گۆڕاندایە، ناتوانی بیگریت و بیخەیتە مستی دەستەوە، ڕێکەوت و ڕوداوە چاوەڕواننەکراو و بیرلێنەکراوەکان لە ژیانی مرۆڤدا زۆرن، ئەگەر خراپ بون پلانەکانت با زۆر ورد و لۆژیکی بن تێک و پێکیان دەدەن، ئەگەریش باش بون بە سەرکەوتویی پیادەیان دەکەیت، چەند هەڵە و تەنک هزر و تەنگ ڕوانگەن ئەو زۆر گەشبین و زۆر ئەرێنیستانەی دەڵێن دەتوانی بگەیت بە هەمو خەونەکانت و ببیت بە هەر شتێک بە مەرجێ بتەوێ و خەباتی بۆ بکەیت!!
4-کەس پێرفێکت نیە، هەمومان پڕ پڕین لە کەم و کورتی، لێرا زۆرگرنگە تۆ بتوانی بە خەیاڵێکی بەبڕشتی زیندو خۆت بخەیتە جێی ئەوی تر، ئەمە لە دەرونناسیدا پێی دەڵێن (empathy) ،کە ئەمەت کرد ئیتر باشتر لە ئەوی تر تێدەگەی و لەبەر هەڵەکانی حوکمی هەڵواسینی بەسەردا ناسەپێنی و نابیتە توندڕەوی سیاسی و فکری و ئاینی و ئاینزایی!
5- پێش ئەوەی پەنجەی تۆمەت و هەڕەشە بۆ ئەوانی تر ئاراستەبکەیت، ئەو پرسیارانەی بێزارت دەکەن و دەتترسێنن بە نەرمونیانی و بە بەزیی بە خۆتدا لە خۆتی بکە بۆ ئەوەی تۆ خۆت بەرە و باشتر بگۆڕی، کە خۆگۆڕین بۆ نمونە وازهێنان لە جگەرە و مەی و مادەی هۆشبەر و قومار و.. ئەوەندە سەخت بێت ئیتر تۆ چۆن دەتوانی خەڵک بگۆڕی؟
6- لە بری ڕق و ئیرەیی و بیرنەچونەوە و تۆڵەسەندن و … پێویستە خۆشەویستی و بەخشندەیی و لێبوردەیی و مرۆڤدۆستی بناغەی تاووتوێکردنی ڕابوردوت بێ.
7- لەبری هانابردن بۆ کەف و بڵقی سەر ئاوی بیری خەرافیی بێبنەما و زیانبەخشی وەک چاوی پیس و جن و جادو و نزا و بورج و..پێویستە دەستبگرین بە مێخی پۆڵایین و ئەستوری ئاوەز و زانست و لۆجیک و هەست و شعوری ئینسانیەوە.
8- زۆربەی وزەی بیرکردنەوە وکارکردنمان دەبێت ئاراستەی ئێستا بکرێت بۆ خۆشترکردنی ژیانمان لە ئیمڕۆدا وەک پێشینان دەڵێن(نان ئەو نانەیە ئێستا لە خوانە)، بەشە کەمەکەی ئەو وزەیەش بۆ ئایندەی نزیک و بۆ ڕابوردو.
- Latest Posts by دکتۆر هەژار عوسمان مەعروف
-
دکتۆر هەژار مەعروف: هەژانێکی تر.
- -
دکتۆر هەژار مەعروف: بیرمان بچێتەوە؟ بەڕاستانە ئاشتی؟
- -
دکتۆر هەژار عثمان معروف: لە کوردستان هەڵبژاردن بردیەوە.
- All Posts