نەوزاد بەندی: لیستی موچە یان بڕوانامەی کۆیلایەتی.
بڕواناکەم لە مێژووی سیستمە حوکمڕانییەکانی ئەم ئەستێرەیەی لەسەری ئەژین، شتێک هەبووبێ و ڕاگەیەنرابێ بە ناوی لیستی موچە. تەنانەت لەسەردەمی ئابڵوقەی ئابوریی و سیستمێکی تێکشکاوی وەک سەدام حسێندا، شتێکی لەو جۆرەمان نەبینیوە.
بە ڕاستی جێگای پێکەنین و گریانیشە لە هەمان کاتدا، کۆمەڵێ کرێکار و وەستا ئیشت بۆ بکەن، دوای تەواو کردنی ئیشەکەیان بە چەندین ڕۆژ و مانگ، ئینجا لیستێک وەک مژدە بڵاو بکەیتەوە، تیایدا فڵان کرێکار ئەمڕۆ موچە وەربگرێ و فڵان کرێکار سبەینێ و فڵان وەستا دوو سبەی.!
یان کێڵگەیەکی مریشکت هەبێ، دوای برسیکردنیان بە چەندین ڕۆژ و شەو، ئینجا لیستێک دابەزێنیت، تیایدا ئەمڕۆ تەنها مریشکە ئومەهاتەکان بۆیان هەبێ ڕۆژووەکەیان بشکێنن و سبەینێ مریشکە شامییەکان و دوو سبەی مریشکە سپییەکان.
جێگای پێکەنینە و له هەمان کاتیشدا جێگای گریان، کاتێ دابەشکردنی بەری ڕەنج و مافی سەرەتایی فەرمانبەران بکەیت بە دەسکەوت و مژدە و لیستێک بە شانازیی و لەسەر لاپەڕەی ڕەنگا و ڕەنگ لە هەموو هۆکارەکانی ڕاگەیاندندا دابەزێنیت و بنوسیت: ئەمڕۆ فڵان وەزارەت ڕۆژووەکانیان بە دیناری چاپی بەغداد بشکێنن و ئەوانی تر چاوەڕوان بن تا سبەینێ، بزانین چ وەزارەتێکی تر بۆی دەردەچێ و بە موچەی دوو مانگ پێش ئێستای شاد ئەبێتەوە.
ئەم لیستە کۆمەڵێک واتای تەنزئامێز و لە هەمان کاتدا خەمگین ئەگەیەنێت وەکو دەست بەسەرداگرتنی تەواوی نان و ژیان و گوزەرانی میللەتێک و پاشان نیشاندانی لیستێک، بۆ ئەوەی هەمووان بەرەو ڕووت ڕابکەن و دەورت بدەن نەک لە خۆشەویستیدا بەڵکو لە برساندا، ڕێک وەک ئەو بێچووە باڵندانەی پێیان دەوترێ خورما خۆرە، کاتێ بۆ ماوەی ڕۆژێک و زیاتر برسی دەکرێن، بۆ ئەوەی ناچار بکرێن بێنە سەر دەستی جەلادەکانی و ماڵیی بن و خواردن لەسەر دەست و شانی جەلادەکان بخۆن. ئەم پێکەوە ژیانە، ئەم هاوڕێیەتییە، ئەم ماڵیکردنە، پێکەوە ژیان و هاوڕێیەتیی و ماڵیکردنێکە ئەوەندە خەمگین و ناشیرینە، بە بێ سێ و دوو ئەچێتە خانەی تاوان و ئەشکەنجەدانەوە. ئەچێتە خانەی تێکدانی ڕەوشت و ڕۆتین و خەون و تایبەتمەندییی قوربانییەکانەوە.
هەروەها ئەم لیستە گاڵتە ئامێزه خەمگینە ، هەوڵدانە بۆ نیشاندانی وەهمی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی و کاربەڕێکردن و دەوڵەتداریی ..وەهمێکی هێند ناشیرین، کە ئەگەر هۆکاره ڕاگەیاندنەکانی جیهان تاقەتیان هەبێ و وەریگێڕنە سەر زمانە جیهانییەکان، ڕەنگە چەندین درامای تەنز ئامێز و کاریکاتۆر و شانۆنامەی گاڵتەجاڕی لەسەر بنوسن، بۆچی نا؟ ئەی ئەوە نییە نوخبەی شانۆکارانی ئامریکا، کۆبوونەوە گاڵتە جاڕە خەمگینەکەی تڕەمپی سەرۆکی ئامریکا و زێلنیسکیی سەرۆکی ئۆکراینیان کردە چەندین کاریکاتۆری پێکەنینئامێز و گاڵتەجاڕ و حەیای تڕەمپیان برد کە لە کۆشکی سپیدا داوای سوپاس و نەوازش له میوانەکەی دەکات و لێی توڕە ئەبێ و نانی ناداتێ و بە برسێتیی ئەینێرێتەوە.
ئەم لیست دابەزاندنەی موچە، وەک بڕوانامەیەک وایە بۆ تەواو ڕامکردن و تەواو لێبوونەوەی کۆمەڵگا، لە هەموو داواکاریی و ماف و بیرکردنەوە و هەڵبژاردەیەک. بڕوانامەی نانخۆریی میللەت و نانبدەیی دەسەڵاتێکە، کە هەر کاتێ پێی باش بوو، هەر کاتێ بۆی لوا ، هەر کاتێ لێی زیاد بوو، لە ناوەختا لیستێکی ڕەنگاوڕەنگ چاپ دەکات بۆ ئەوەی هەموو میللەت بە هەموو دەنگ و ڕەنگ و بیر و باوەڕەکانەوە، لە کوچەی برسێتیی و چاوڕوانیی ڕایانپەڕێنێ و لە دەوری خۆی کۆیان بکاتەوە. لە کەمئەندامەوە هەتا مەلای دوانزه عیلم و چەکدار و پزیشک و ئەندازیار و مامۆستا. تێکڕا بە تامەزرۆییەوە لیستە ڕەنگاوڕەنگەکە تاوتو بکەن و بە ووردیی بۆ ناوی خۆیان بگەڕێن، ئاخۆ چ ڕۆژێکە. جێی داخ و لە هەمان کاتدا جێی پێکەنینە کە لیستی موچە لە گەورەترین شاکاری ئەدەبیی و هونەریی و زانستیی، لایک و کۆمێنت و بینینی زیاترە. ژمارەی پێوانەیی چاوەکان لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە و ئەبێتە ترێندی پێگەکانی تۆڕه کۆمەڵایەتییەکان. ئەبێتە بەنرخترین مژدە لە تۆڕی ڤایبەری فەرمانگاکاندا و بە هۆیەوە ئەوانەی لێک عاجز بوون، ئاشت ئەبنەوە و هاوسەرەکان وەک دیاری پێشکەش بە یەکتری ئەکەن له ماسنجەرەکانیاندا. بۆ سبەینێ سوپایەک لە مرۆڤی تامەزرۆ، پەلاماری بانک و فەرمانگەکان ئەدەن و شەقامی بەردەم بانکەکان بە ئوتومبیل دادەخرێن و پۆلیس بە پاڵ و بە کێبڵ و بە فیکە ڕیزیان ئەکەن، بۆ ئەوەی بە مافی مانگی ڕابوردوو شاد ببنەوە. لەو حەشامات و شولوغی و قەرەباڵغیی و ئاپۆڕە و شان شانێیەدا، چەندین بەساڵاچوو گیانی پاکیان لە دەست دەدەن. چەندینیان توشی شەڕ ئەبن چەندینیان پێش ئەوەی بەو مافە ڕەنگا و ڕەنگە بگەن، ڕەوانەی هۆڵەکانی بوژانەوەی دڵ ئەکرێن.
لەم ڕۆژە مێژووییە وەهمیانەدا، کە تیایدا فەرمانبەران بە مافی مانگێک لە مانگەکانیان شاد ئەبنەوە، کە زۆرێکیان نازانن هی چ مانگێکە، بەڵام دڵنیان لەوەی پارەیەک هاتووە، ڕاستە و خەو نییە و دابەش دەکرێت و لیستەکەیش پشتڕاستی کردۆتەوە و وەک دەڵێن ئەمجارەیش دەستیان لێ گیر بووە، ئا لەو کاتە مێژووییە وەهمییەدا، تاکە کەس کە بێدەنگە و مێش میوانی نییە، دەسەڵاتە، وەک ڕاهێنەری سێرک وایە لە گۆشەیەکی نادیاردا لێی دانیشتووە و خۆی مەڵاس داوە و تەماشای نمایشی ڕامبوونی ڕەعیەتەکەی ئەکات، چونکە دڵنیایە فیلەکان بە جوانترین شێوە بە گۆڕەپانەکەدا ئەسوڕێنەوە و ئەچنە سەر تەختەکان و وەک پەیکەر ڕادەوەستن. شێرەکان بە ڕێک و پێکیی وەک شێری باغه ، لە دوای یەکەوە ئەڕۆن و خۆیان بەناو ئەڵقە ئاگرینەکاندا هەڵدەدەن.
ئەوەی جێگای گاڵتەجاڕیی و گریانیشە لە هەمان کاتدا، لەو ئاپۆڕەیەدا پڕۆفیسۆری سیاسەت و مێژوو و فەلسەفە، لەگەڵ کرێکاری کارەبا و میراودا هیچ جیاوازییەکیان نییە. ڕائید و نەقیب و ڕائید و موقەدەم و عەقید و عەمید و لیوا وەکو بلیت بڕ و شۆفێری ئەمبوڵانس و چێشتلێنەر، هەمان هێرش بۆ بەردەم ژمێریارەکان ئەکەن. ڕۆژنامەنوسی ئازاد و حیزبیی و شاعیر و ڕۆماننوس وەک خانەنشین وبندیوار و پاسەوان و حیمایە، هەمان هەناسەسواریی و خێرایی و هەمان ژماردن و گەڕان بۆ پارەی دوو ڕەقەم و ساختە و گوێبڕاو هەمان تینوێتیی کۆیان ئەکاتەوە، ڕێک وەک چۆن لە گۆڕەپانی سێرکدا، فیل و شێر و کەروێشک، هەمان گوێڕایەڵیی و هەمان نمایش پێشکەش ئەکەن.
ئەم دۆخە خەمگینە، گۆڕینی ناوەرۆکی مرۆڤەکانە بۆ یەک ناوەرۆک. بۆ یەک بەرنامە. بۆ یەک ئاڕاستە و یەک ئامانج، کە بریتییە لە دەستخستنی هەندێ پارەی چاپ. هەندێ مافی خوراوی مانگەکانی پێشوو.
- Latest Posts by نەوزاد بەندی
-
نەوزاد بەندی: شاری چۆڵ.
- -
نەوزاد بەندی: میللەتێکی خۆخۆر، یان شتگەلێکی هیچ.
- -
نەوزاد بەندی: سەدامیزم.
- All Posts