گۆران هەڵەبجەیی: نیگەران مەبن، ئەوان باشتر ڕەوشەکە هەڵدەسەنگێنن.

لەپاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی واژۆکردنی ڕێکەوتننامەی نێوان جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سوریا، سەدەها بۆچوون و شرۆڤە سۆشیال میدیای تەنی.
من لێرەدا تەنها تیشک دەخەمەسەر لایەنی کوردی کە پانتاییەکی زۆری لە سۆشیال میدیا داگیرکرد ،بەتایبەتی فەیسبووک.
دەمێک ڕووداوێک گۆڕانکاریەک کارەساتێک لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی نەتەوەیەکدا دێتە ئارەوە و وێنەیەکی تەواو نوێ خۆی نیشان دەدات، ئەو دەمە ئاساییە لەبارەیەوە بیروراو بۆچوونی جیاواز و هەڵوێستی هەمەجۆر گوزارشت لەخۆیان بکەن.
سەبارەت بەو ڕێکەوتنە سێ جۆر هەڵوێست ودەربڕینم بەدی کرد کەئەمانەن:
جۆری یەکەم زۆر نەرێنی و تاڕادەیەکیش ڕەشبینیان پێوە دیارە، بەداخەوە بڕێکیان لە قاڵبی سوکایەتیدا و بە ئاشبەتاڵ شوبهاندویانە، کە ئەمەش دەلالەت لەکوورتبینی دەکات لە خوێندنەوەی ڕەوشی ڕۆژئاوادا.
بەدڵنیاییەوە لەم گرووپەدا کەسانی خەمخۆرو لایەنگری ئەو ئەزموونەی ڕۆژژئاوا هەن ،وەڵێ پێچەوانەکەیشی هەن کەهیوادارم کەمینەبن.
جۆری دووەم زیاتر نیگەرانی پێوەدیارە کە هەڵقوڵاوی دڵسۆزی و پەرۆشیانە بۆ ئەو ئەزموونە سەرکەوتووە و ناخوازن لەنێو بچێت، بەڵام پێدەچێت ڕووکەشیانە شرۆڤەیان بۆ ڕێکەوتنەکە کردبێت و حسابیان بۆ ئەوبەندانە نەکردبێت کە ئاشکرانەکراون،کەئەمەش لەزۆرێک لەڕێکەوتنەکاندا هەن.
جۆری سێیەم ئەوانەن کە جیاواز لەدووگروپەکە خوێندنەوەیەکی واقیعیانەو ژیرانەیان بۆ ڕێکەوتنە کە کردوەو پێشوازی لێدەکەن.
هەوڵدەدەم لێرەدا بۆچوونی خۆم سەبارەت بەو ڕێکەوتنە دەرببڕم کە هەردوو لایەنی ئەرێنی و نەرێنی لەخۆ دەگرێت.
لایەنە ئەرێنیەکان:
1. یەکەمجارە لە مێژووی دەوڵەتی سوریادا لە بەڵگەنامەیەکی فەرمیی دەوڵەتدا دان بەبوونی کوردا دەنرێت.کە پێویستە پاشان لەدەستووردا جێگیربکرێت.
2. ئەم دانپیانانە دەروازەیەکە بۆ مامەڵەی و پەیوەندی راستەوخۆی وڵاتان لەگەڵ هەسەدە و هیزە سیایەکانی ڕۆژئاوا.
3. گەڕانەوەی ئاوارەکوردەکانی عەفرین ،سەری کانی،گرێسپپیی و شوێنەکانی دیکە .
4. هێزی چەکداریی [هەسەدە] هەرگیز هەڵناوەشێتەوە ،بەڵکو یەکدەخرێت و ناوێکی دیکەی پێدەدرێت ،یەکخستن جیاوازە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوه.
5. ڕەوشی کەمپەکانی هۆڵ و ڕۆژ لەژێرکۆنتررۆڵی خۆیاندا دمێنێتەوە،بەسەرچاوە ئابوریەکانیشەوە.
6. ئەم ڕێکەوتنە هەگیز لە بەژەوەندی تورکیادا نیەو تورکیا گۆشەگیر دەکرێت،واتە ئەمە لێدانێکە لە پێگەی تورکیا ، چونکە هەوڵ و ئامانجی تورکیا نەمانی ئەوکیانەبوو ،بەڵام ئێستا نەک هەرمایەوە بەڵكە شەرعیەتیشی وەرگرت .ئەم هەڵوێستەی تورکیا لەوەدا دەرکەوت کە درەنگ ڕای خۆیان دەربڕی کە بەهیچ جۆرێک پیرۆزبایی تێدا نیە،هاوکات ڕایانگەیاند کە هێرشەکانیان بۆسەر ڕۆژئاوا بەردەوام دەبێت.
7. دەرکەوت کە ئەمەریکا ڕۆڵی هەبووە لەم ڕێکەوتنەدا ئەمەش بۆخۆی جۆرێک لە هێز ومتمانە دەبەخشێتە ڕێکەوتنەکە.
8. ڕاگرتنی شەر لە هەموو بەرەکانی جەنگدا بەتایبەت لە بەنداوی تشرین،گەر ئەم خاڵە سەربگرێت ئەوە دەسکەوتێکی مەزن دەبێت بۆ هەسەدە.
9. زۆرێک لە ڕێکەوتنەکان دۆسیەیەک یا چەند خاڵێکی هاوپێچی ئاشکرانەکراوی لەگەڵدایە کە پاشان لیژنە تایبەتمەندیەکان کار بۆ جێبەجێکردنیان دەکەن. کەواتە ئەم ڕێکەوتنە تەنها بریتی نیە لەو خاڵە ئاشکرایانە.
10. ئەم ڕێکەوتنە پێگەی کورد لە جیهاندا بەهێز دەکات،بەتایبەت لەڕۆژهەڵاتی نێوین.

خاڵە نەرینیەکان:
1. هیچ ڕێکەوتنێک نیە کە هەردوولا چیان بوێت پێی بگەن،بەڵکو بۆ سەرکەوتنی ڕێککەوتنەکە پێویستە هەردوولا تەنازولات بۆ یەکتری بکەن.کەواتە بەدووری نازانم هەسەدەش لەهەندێک داواکاری خۆی تەنازول بکات.
2. لەدیرۆکی دانوستانەکاندا ڕوویداوە کە هەندێکیان شکستی هێناوە ئەویش بەهۆی پاشگەزبوونەوەی لایەنێک لەلایەنەکان.لەم حاڵەتەدا گەر پاشگەزبوونەوە ڕووبدات بەبۆچوونی من لەتەرەفی دەسەڵاتی دیمەشقەوە دەبێت.
3. لەدیرۆکی حکومڕانی سوریادا هەر حیزبێک دەسەڵاتداربووبێت دژی گەلی کورد بووە و لە مافی هاوڵاتیبوون بێ بەشی کردون،بەتایبەت حیزبە نەتەوەییەکان بەنمونەی حیزبی بەعس ،بەڵام حیزب و لایەنە ئاینییەکانیش بەدەرنەبوون لە دژایەتی کوردی سوریا ،بەڕای من هیچ جیاوازیەکیان لەگەڵ بەعسدا نەبووە و دۆژمنایەتی خۆیان بە ڕاشکاوانەو ئاشکرا دەربڕیوە، بەتایبەتی ئیخوانەکان،جا ئەمانەی ئێستاش کە درێژکراوەی قاعیدە و جەبهەی نووصرەن ،هەمان هەڵوێستی دوژمنکارانەیان بەررامبەر بەکورد بەگشتیی هەبووە،گەر گۆڕانکاری بەسەر سیاسەت و هەڵوێستیاندا نەیەت ئەوە ئاستەنگ بۆ ئەم ڕێکەوتنە دێتە پێش و دەردەکەوێیت کەبەهۆی نالەباری ڕەوشەکە ئەو دژایەتیان خەفەکردوە.
4. گەر هەر ڕێکەوتنێک ڕەنگدانەوەی قەناعەتی تەواو نەبێت و وەک پێداویستیەکی چارەسەری هەمیشەیی سەیرنەکرێت، ئەوە هەر دەرفەتێکی گونجاو بێتە ئاراوە ئەودەمە بۆ پاشگەزبوونەوە بەئاسانی پاساو دەدۆرێتەوە،کەواتە گرنگە ئەم ڕێکەوتنە وەک ستراتیج سەیربکرێت نەک وەک تاکتیک.
5. لەئێستادا ئەحمەد شەرع لەژێر کۆنترۆڵ و کاریگەری ئەردۆغاندایە،جا بەدووری نازانم ئەردۆغان کار بۆ تێکدانی ئەم ڕێکەوتنە بکات، چونکە بەهیچ جۆرێک لەبەرژەوەندی تورکیادانیە.
لەکۆتایدا گەرەکمە بێژم ئەوەی هەردەم دڵخۆشی کردووم ئەوەیە کە کوردانی دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاوا لە کوردانی هیچ پارچەیەکی دیکەی کوردستان ناچن ،بەتایبەت دەسەڵاتدارانی باشوور. ئەوان بۆ بەرژەوەندی و لەپێناوی خەڵکدا حکومڕانی دەکەن نەک بۆ بەرژەوەندی خۆیان .مەسەلەی ئاشبەتاڵ لەفەرهەنگیاندا نیە، پاشەکشەو چۆکدادان بۆ دوژمن لەکەلتوریاندانیە.
گەر ئەم ڕێکەوتنە سەری گرت ئەوە بۆهەردوولا بەسودە و ڕۆژئاوا پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوە،خۆگەر شکستی هێنا کەئومێدەوارم ئەوە ڕوونەدات ئەوە ئەوان بەچەک و هێزو توانای خۆیانەوە لەجێی خۆیانن و درێژە بە خەبات دەدەن، لە خزمەت و پێشخستن و ئاوەدانیدا بەدەوام دەبن. ئەوان ئەزمونێکیان دامەزراندوە کە پایەکانی ڕۆچووەو بەهیچ هەڵناکەنرێت، هاوکاتت ڕێزی جیهانیان بۆخۆیان ڕاکێشاوە .
هەسەدەو هێزە سیاسیەکانی ڕۆژئاوا توانیان لەماوەی چەند ساڵێکدا موعجیزە درووست بکەن کە لە باشوور بە سێدەیە زیاتر نەیانتوانیوە کارێکی وابکەن هاووڵاتیان ئاسودەو ڕازی بکەن.
کەواتە با گومانمان لەدڵسۆزیان نەبێت متمانەیان پێبکەین، با ڕێگەبدەین خۆیان چۆن دەخوازن لەبەرژەوەندی خۆیان بڕیاربدەن، چونکە ئەوان لەدۆخەکەدا دەژین و باشتر شارەزان. تاوانبارکردنیان بە ئاشبەتاڵ هەرگیز لەجێی خۆیدا نیە و ناهەقیە.
هاوکات بانیگەرانیەکانمان پشتبەستووبێت بەخوێندنەوەیەکی درووست و واقیعی بۆ بارودۆخی ڕۆژئاوا و سوریا بەگشتی و وڵاتانی دوروبەر.
بالەحکومداندا پەلەنەکەین و چاوەڕێ بکەین بزانینن ئایندە چی پێیە، بەشبەحاڵی خۆم تەنها هێندەم لەدەست دێت کەهیوای سەرکەوتن و سەرفرازیان بۆبخوازم.