تیشکۆ زەند: چۆن بتوانین میللەتێکی دوواکەوتو بکەین بە شارستانی؟
دەمێکە کە دەزانین هەزاران و بگرە زیاتریش خاوەن بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای ساختە (غەشاوی)Fake (not genuine)کە لە کوردستاندا تەراتێن دەکات، کەسیش باکی پێنیە، زۆریش ڕاستە کە چەند کەسایەتییەکیش هەن کە بڕوانامەکەیان پڕاوپڕی پاکی و ژیریانەیە کە ئەمانە کەمینەن نەک زۆرینە.
کۆمەڵگای ئێمەی کورد، کۆمەڵگایەکی فرە هزری خێڵەکی و عەشایریە کە ناتوانێت گۆڕانکاری سەردەمیانە دەستەبەر بکات و لەگەڵ دنیای گۆڕانکاری نوێدا خۆیی بگونجێنێت کە ئەمە ئەرکە نەک فەرمان، هزری جیهانگیری زۆر بەگورجی بەرەوپێش دەڕوات و لەسەر هیچ کۆمەڵگایەکی خەسێنراو یان بەنجکراو ڕاناوەستێت، چونکە پێویستیە هەنوکیەکان داوای گۆڕانکاری سەردەمی دەکەن بە هۆکاری پێشکەوتنی Hi-Tech کە شەپۆلی دنیایی جیهانگیری گەشونما لە خۆدەگرێت، دنیای زیرەکی دەستکرد هەروەک ئەو پاپۆڕەیە کە لە کاتی خۆیی نەگەیشتیت بە جێت دەهێڵێت، بەجێت دەهێڵێت لە هەموو جوانیەک، ئەمە یەکێکە لە هەرە کێشە گەورەکانی کورد کە خوێندنەوەیەکی ئەکادمیانەی بۆ نییە، نەزانین شەرمەزاری نیە، نەزانیت و بڵێیت دەزانم شەرمەزاریە.
کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان بەهۆیی زۆری کەسایەتیە ئەکادمیستیەکانیانەوە چونەتە ترۆپکی سەرکەوتن، سەرکەوتن بە دووای سەرکەوتن تۆمار دەکەن، کە توانیویانە بازاڕی کاڵاکانیان زۆر بە باشی پەیدابکەن و خێروبێری وڵاتیش دابەشبکەن، نموونەمان زۆرە بەڵام بۆ ئەم نوسینە کورتە دەستنادات کە ڕیزبەندیی ناوەکانیان بکەم، وڵاتی ئەندەنوسیا وەک نموونە لە وڵاتێکی ماسیگرتنەوە بۆ بژێویی ژیانیان، لە ئێستادا بۆتە یەکێ لە دە وڵاتە پێشکەوتووەکانی Hi-Tech ی دنیا، کە ئەم خێروبێرە دەرئەنجامی ماندوونەبوونی کەسانی ئەکادمیای بوو، بۆیە دەبێت ڕێز لە سەروەریان بگیرێت.
کوردستان لە لێوارى داڕزاندایە کە کەسی شیاوی بۆ پۆستی شیاو نیە، کوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕیسکەکەمان دەبیتەوە بە خوری، ئەگەر کورد تەبا بوایە و خاوەن یەک وتاری سیاسی و سەربازی بوایە هێندەی ئێستا ناشرینتر و ناشرینتر نەدەبوو.
هەموو وڵاتان شانازی بە توێژی ڕۆشنبیریانەوە دەکەن بە تایبەت دکتۆر Medical Doctors کە هەمیشە زانستی پڕ تەندروست پێشکەش بە گەلەکەیان دەکەن و خەڵاتی نۆبێڵ وەردەگرن، کەچی لەم وڵاتە سەقەتەی ئێمەدا کەمن ئاگادارم ئەمە دووەم کارەساتی دڵتەزێنە کە یەکەمیان قوتابیەکی ساڵی دووەمی کۆلێژی پزیشکی بوو کە بە واسیتە وەرگیرابوو نەک بە توانای خۆیی، گاردێکی لە شوقەکانی دەروازەی شاری سلێمانی خەڵتانی خوێن کرد. کارەساتی دووەمیش لەم چەند ڕۆژەی لەمەوبەر لە شاری هەولێری خۆشەویست دکتۆرێک بە دەمانچە چوار کەسی کردە قوربانی خۆشیەکانی خۆیی، کە گوایە ژنی دووەمی هێناوە و ژنی یەکەمی بەم کارەی ڕازی نەبوو و گەڕاوەتەوە ماڵە باوانی، کاکی دکتۆر بۆ ڕازیکردنی ژنی یەکەمی کە ئەویش هەر دکتۆرەیە و هەڵساوە چۆتە ماڵی خەزووری دیارە نەگونجاون و بۆتە گارەگاریان، کاکی دکتۆر کە دەبوایە بە دووای چارەسەرێکی ژیرانەدا بگڕایەو پاندانێکی ئاڵتونی بکردایەتە دیاری بۆ گەڕانەوەی، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە کە نە یاسا و نە دادگا هیچ ڕۆڵێکی نیە بۆیە هزر و مۆڕاڵی ئاینی، خێڵچێتی و عەشایری زاڵدەبێت بەسەریدا و بە دەمانچەی ماڵوێرانکەر دڵی شارێک و وڵاتێکی سوتماک کرد و شکۆی گەلێکی ستەمدیدەشی برد، ئەمە نموونەی دکتۆرە جوامێرەکانمانە، لەگەڵ رێزم بۆ هەندێکیان.
بۆیە لێرەدا کۆمەڵگا بەرپرسیارێتی یەکەم هەڵدەگرێت ئەوجا دەسەڵات، کۆمەڵگا وەک ڕۆشنبیریەتی، وەک خاوەن پرنسبڵی تۆکمە، دەوڵەتیش وەک ڕێنیشاندەر، خەمخۆر، مامۆستا، دایک و باوکی میللەت، لێرەدا بۆشایەکی گەورە لە نێوان کۆمەڵگا و دەسەڵاتدا هەیە، کە هەریەکەیان لە دۆڵێک دەخوێنن، کە هەریەکەیان نامەی یەکتر ناخوێندنەوە یان بۆ مەرگی یەکتر دەگەڕێن، ئەمە بە شێکە لە ڕاستی و ڕاستیش نابێت پەردەپۆش بکرێت یان بێدەنگی لێ هەڵبژارین، دەبێت ڕاستیەکان هەروەک خۆیی شرۆڤە و پێناسە بکرێن، دەریا ناڕژێتە ڕوبارەوە، ڕوبار دەڕژێتە دەریاوە، ئەمە ئەو ڕاستییە کە هزری پێدەکەین، کە هەستی پێدەکەن، کە دەبێت زانست و یاسا دادوەر بێت، پێش ئەوەی لە کاروانی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان دووا بکەوین کە کەم تا زۆر دەبێت بە خۆماندا بچینەوە، ئەگینا کاڵەک شکاندن بە ئەژنۆ دادمان نادات و سەدان ساڵ دەگەڕێننەوە بۆ دوواوە، ئەوەی بە سەروەری کردمان هەمووی دەبێتە بڵقی سەرئاو.