دلێر محەمەد نوری: کاتێک گورگەبۆر وەکو گیاخۆر خۆی ئەنووێنێ؟
نووسەر و ڕۆماننووسی گەورەی کورد بەختیار عەلی، کاتێک فەنتازیای خەیاڵی وا فراوان ئەفڕێ و لە ڕۆمانێکی وەکو ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکی-دا، دەستی تاکی تورک دەگرێ، تا بەم فەنتازیایە نیشانی بدات کە ئەوان، تووشی چ دەردێک بوون لە ڕق لێبوونەوە، لە کورد و زمان و کولتور و مێژووی کورد. نەخۆشییەک کە ئەمڕۆ لە ناخی زۆرینەیەک لە تورکەکاندا بەرجەستەیە. نەخۆشییەک کە مرۆڤ، گوومان لە مرۆڤ بوونی خۆی دەکات، کاتێک بۆی دەردەکەوێ کە ئەشێت، پەروەردەیەکی ڕەگەزپەرستی و ئایینی و ئیتنی و مەزهەبی بتوانێ وا لە تاکەکانی کۆمەڵگایەک بکات، تا ئەو ئاستە رقیان لەوی تر بێ و شاگەشکە بن بە نەمان و لە ناوچوونیان. بەختیاری عەلی لەم ڕۆمانەدا بە تاکتیکێکی نووسین کاریگەرییەکی گەورە لە سەر خوێنەر جێدەهێڵێت.
جا لێرەدا پرسیاری بە نرخ ئەوەیە چۆن ئەم ڕۆمانە وەربگێڕدرێتە سەر زمانی تورکی و بکەوێتە بەر دیدی تاک بە تاکی خوێنەری تورک؟
کارئەکتەری سەرەکی ناو ڕۆمانەکە عوسمان ئۆکتای، کە پیاوێکی توندڕەوی و شۆڤێنی بە نەتەوە تورکە و هەموو هەوڵ و وچانی خۆی، لە دژایەتی کورد بە کاربردووە. سەرەتای ڕووداوەکان باس لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکی سەیر دەکات لە نێو تورکەکاندا کە لە پڕێکدا، زمانی تورکییان بیردەچێتەوە و بە کوردی دەدوێن. یەکەم کەس کە تووشی نەخۆشی بەکوردبوون دەبێ عوسمان ئۆکتای-یە. ئەم نەخۆشییە وا تەشەنە دەسێنێ و بڵاودەبێتەوە کە تەواوی حکومەت و سەرۆکایەتی وڵات بە خۆیەوە سەرقاڵ دەکات. کارێک دەکات کە ئەوانەی تووشی دەبن، ڕقیان بە جۆرێک لە خۆیان ببێتەوە کە چۆن ئەبێت بە زمانێک بدوێن ئەوان نە بە زمانیان زانیوە و تەنانەت هەموو تەمەنیان لە دژایەتی قسەپێکەرانی خەرج کردووە.
ئەم ڕووداوەی ناو ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکیمان لە ڕۆژانی پێشوو، بە جۆرێکی دیکە، لە واقیعی سیاسی ئەمڕۆی تورکیا ڕەنگیدایەوە. ئەگەر هەتا دوێنێ گورگەبۆر کوردەکانی ئەخوارد، ئەمڕۆ ناوە ناوە وەکو شوانی کوردەکان خۆی ئەنوێنێ و لە کت و پڕێکدا بووە بە داکۆکی کار لە مافی کورد لە سوریای نوێداو تەنانەت باس و خواسی برایەتی و جیاوازی نەتەوایەتی لە سەر زاری ئەردۆغان دووبارە بووەوە بە بنێشتە خۆشە.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، هەم ئەردۆغان و هەم هاکان فیدانیش، نەک وەکو دوژمن دەرنەکەوتن، بەڵکو لە پڕێکدا بوون بە داکۆکی کەری مافەکانی کورد لە سوریا و برایەتی تورک و کورد لە تورکیا.
هەر وەکو ئەوەی تووشی دەردەکەی عوسمان ئۆکتای بووبن. بەڵام عوسمان ئۆکتای زمانی گۆڕدرا بۆ کوردی نەک ڕەفتاری. بەڵام ئەوەی تووشی ئەردۆغان و هاکان بووە زمان گۆڕین نیە، بەڵکو نیشاندانی جۆرێک لە ڕەفتارگۆڕینی ساختەیە. نیشاندانی بەزەیی و دڵسۆزیی داپۆشراو بە ڕق و کینە و تۆڵەیە. نیشاندانی نیەتپاکی پشتی نیەتێکی ڕەشتر لەوەی کە هەبووە بۆ کورد هەم لە نێوخۆی تورکیا و هەم لە سوریادا. کورد لە مێژووی تورکیای کەمالی و عوسمانیدا گەلێک جار هەر مەڕە دڵساف و خۆشباوەڕەکە بووە و هەتا بەردەمی چەقۆکە باوەڕی بە تورک کردووە. بەڵام کورد لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئەو مەڕە دەستەمۆیەی دوێنێ نیە و شوکور هوشیارە. ئەوەی ئێستا گۆڕاوە کوردە نەوەکو تورک. کوردی ئەمڕۆ کوردە هەڵخەڵاتووەکەی دوێنێ نیە. بەڵام ئەوە ئەرۆغانەکان و هاکانەکانن کە هەر خۆیانن و هەمان ئەوانەی مانگێک بەر ئێستاو ساڵێک بەر لە ئێستا و دەیان ساڵ بەر لە ئێستان.
دەسەڵاتدارانی پێشووی تورکیا هەر لە سەردەمی ئەتاتورکەوە تا ئەردۆغان ئامانجیان تەنها پاراستنی سنوری دیاریکراوی ئێستای تۆرکیا بووە، بەڵام ئەوەی دەیان ساڵە ئەردۆغان کاری بۆ دەکات زیندووکردنەوە و بووژاننەوەی خەونی دەسەڵاتێکی عوسمانی و سنورەکانی میساقی میللییە. هەموو داگیرکاری و هاتنە قوڵایی خاکی کوردستان لە ڕۆژئاڤا و باشوری کوردستانەوە ئەم ئاماژەیە دەبەخشن.
ئەمە جگە لە داگیرکردنی مەزاج و فەزای سیاسی و ئایینی لە باشوری کوردستاندا بە جۆرێک هەم سەرەکیترین حزبی هەرێم و هەمیش حزب و بزاوتە ئیسلامییەکان تەواوی توانای مادی و ڕۆژنامەگەری و سیاسی خۆیان خستۆتە خزمەتی ئەجێندای تورکی دژی میللەتی خۆیان لە باکور و ڕۆژئاڤا. جا هەر لایەک بۆ بەرژەوەندییەکی خۆی. لایەک تورکیای ئەردۆغانی بۆ پاراستنی هەژموونی خۆی ئەوێ و لایەکیش گەرەکێتی تورکیای ئەردۆغانی بکەن بە ناوەندی بڕیاری ئایینی و خەلافەت کە کوردستان وڵایەتێکی سەر بەو خەلافەتە بێ. هەر ئەمەش وای کردووە کە ئیسلامییەکان لە تورک تورکتر بەرگری لە ئەردۆغان و دژی بەرژەوەندییەکانی کورد لە باکور و لە ڕۆژئاڤا کار بکەن. دەنا بە گشتی تاکی کورد لە هەر چوار بەشەکەی کوردستان لەوە هۆشیاترە و تێگەیشتووە کە هەتا گورگ بۆر گۆشت خۆر بێ باوەڕ بە ئەردۆغانەکان و هاکانەکان نەکەن، هەرچەندە سەرکردە و حزب و سیاسی کورد هەبن بۆ دژایەتی کورد جاشی تورک بن یان بە ڕادەست بوون بە تورک هاوڕێی باشی تورک بن.