حەسەن ڕازانی: بۆ پارێزگاریی لە ماڵێ خۆی، دەستبەجێ خوا ئەبڕەهەو سوپاکەی تەفروتونا کرد!
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
خیبر خیبر یا یهود.. جیش محمد سوف یعود!”
شێعاری: “خەیبەر خەیبەر ئەی جولەکە.. سوپای محمد دێتەوە چاوەڕێکە” چی دەگەێنێت؟
ئەو شیعارە، بە بڕوای من، مەبەستێکی دوولایەنە لەخۆدەگرێت. چونکە لە سەرێکەوە جولەکە وەک هەڕەشەو ترسێک دەیبینێت بۆ سەرخۆی. جولەکە پێی وایە ئەو شیعارە مەترسیە بۆ ئێستاو دواڕۆژیش کە ئایین و ڕەگەزی جولەکە دەخاتە بەردەم هەڕەشەی لەناوبردن و سڕینەوەی یەکجارەکی. ترسی جولەکە لەو شیعارە لەخۆڕا نەهاتووە، ئەو ترسە لە بابەتی ئێستای کەرتی غەزەی فەلەستینەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەهۆی مامەڵەی دوژمنکارانەی دەوڵەتی ئیسڕائیل لەگەڵ فەلەستینەکان پەیدانەبووە، ترسی جولەکە لەو شیعارە لەوێ ڕۆژێوە سەریهەڵنەداوە کە دەوڵەتی ئیسڕائیل درووستبووە، بەڵک و ترسی جولەکە لەو شیعارە لە کۆنەوە درووستبوە. لەو ڕۆژەوە پەیدابووە کە سوپای ئیسلام بە سەرپەرشتی پێغەمبەری ئیسلام، فەتحی قەڵای جولەکە نشینی خەیبەری ئەنجامدا.
لە سەرووی هەزارساڵ پێش سەرهەڵدانی ئاینی ئیسلامیش جولەکە لە یەسریب، واتە مەدینەی ئیستاو بەرزاییەکانی ناوچەی خەیبەردا ژیاوە. نیشتەجێبوونی جولەکە لە نیمچە دوورگەی عەڕەبیدا لەو ڕۆژەوە دەستی پێکردووە کە ئاسوریەکان لە ساڵی 721ی پ.ز لە عێڕاقی ئێستادا تینیان بۆ جولەکە هێناوەو کوشتارێکی زۆریان لێکردوون. جا ئەوجولەکانەی کە ڕزگاریان بووەو بەر شاڵاوی کوشتن بەدەستی ئاسوریەکان نەکەوتوون، لە ترسی لەناوچوونیان بە یەکجارەکی بە دەستی ئاسوریەکان، زۆرێک لەوانە ڕایان کردووە بەرەو نیوە دوورگەی عەڕەبی و لە وێ لە بەرزاییەکانی ناوچەی خەیبەرو یەسریب، واتە مەدینەی ئێستا نیشتەجێبوون. ئەو خێڵە جولەکانەی کە گەورەو سەرەکی و بەناوبانگ بوون و توانیویانە بگەنە بەرزاییەکانی خەیبەرو یەسریب، بریتیبوون لە خێڵەکانی وەک بەنو نەزیر، بەنو قونەیقاع و بەنو قورەیزە و چەند خێڵێکی بچووکی تر.
جولەکە لە گەڵ عەڕەبەکانی ئەو ناوچەیەدا تێکەڵبووەو پێکەوە بە ئاشتیانە ژیاون، تاکو سەردەمی پەیدابوونی پێغەمبەری ئیسلام. کاتێک کە پێغەمبەر لە 21ی سێپتەمبەری 622 دا لە مەکەوە بەرەو مەدینە گواستیەوە و سوپای گەورەی ئیسلامیی لە شاری مەدینەدا پێکهێنا، ئیتر لەگەڵ جولەکەکانی ئەو ناوچەیە بە تایبەتی لە گەڵ ئەوانەی ناومەدینەو بەرزاییکانی خەیبەر کەوتە کێشەو ململانێ. جولەکە زۆر بەباشی مانای ئەو شیعارە تێدەگات و دەشزانێت بە ئەنجام گەیاندنی ئەو شیعارە چ دواڕۆژێکی ڕەش تووشی ڕەگەزی جولەکە دەبێت! لەوبارەوە جولەکە مێژووی دوێنێی خۆی زۆر بە باشی دەزانێت و زۆر بە بەباشی پەیوەندیەکانی خۆی لە گەڵ برا عەڕەبە موسڵمانەکان لە نیوە دورگەی عەڕەبی دا بە گشتی و ناوچەی یەسریب و مەدینەی ئێستاو بەرزاییەکانی خەیبەری بە بیرە! جولەکە دەزانێت کە ئەوە فشارو کوشتارو ترسی قڕان تێخستنیان بووە بە دەستی سوپای موحەمەد، کە زێدی باب و پایرانیان بەجێهێستوە. بەڵگەش ئەوەیە کە ئەگەر ئێستا بە چراو شەدایان بگەڕێی، جولەکەیک نابینیت کە لە یەسریب و خەیبەرو بەرزاییەکانی خەیبەردا مابێت.
بەرزکردنەوەی ئەو شیعارە لە ئێستادا، بە بڕوای من، دانپێداهێنانێکی ئاشکرایە بە مێژوویەکی پڕ لە کوشتاری بەکۆمەڵ لە دژی ڕەگەزی جولەکە، کە ئێستا هەندێک لە نووسەرو لێکۆلەرەوانی ئیسلامی هەوڵی بەنادرووست دانانی ئەو مێژووە دەدەن! هەوڵدەدەن ئەو داگیرکاریانەی کە بە ناوی فەتح و غەزەواتەوە لە شام و باکووری ئەفریقاو عێڕاق و کوردوستان و هەندێک شوێنی تریش ئەنجام دراون، خەتاکەی بخەنە پاڵ نادرووستیی مێژوو! هەوڵ دەدەن ئەنجامدانی ئەنفالەکان و کردەی ئەنفال لە دژی هەندێک نەتەوەو ڕەگەز، کردەی بە کەنیزەک گرتنی کچان و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و سەروەت و سامانی غەیرە موسڵمان بە شێوەیەک ببینن کە ئەمە دوورە لە ئایین و خودا پەرستی. ئەمانە پێیان وایە بڵاوکردنەوەی خوداپەرستی بە توندوتیژی و داگیرکاریی و بە کەنیزەک گرتنی کچانی ناموسڵمان نابێت! ئەمانە وای دەبینن و موکوڕیشن لە سەر ئەوەی کە ئەمە تۆمەتەو خراوەتە ناو مێژووی ئیسلامەوە بە مەبەستی ناشیرن کردنی ئایینی ڕاستەقینەی خودا. لەلای تەواوی موسڵمانانی جیهان هەردەبێ ئیسلام دین بێت، چونکە خودا ئەوەتە لەو بارەوە لەو ئایەتەدا ئەمەی یەکلا کردۆتەوە کە تەنها ئیسلام دینەو دەبێ حسابی دینی بۆ بکرێت کە دەفەرموێت: “إن الدین عند اللە الاسلام وما اختلف الذین اوتوا الکتاب الا من بعد ما جاءهم العلم بغیا بینهم و من یکفر بایات اللە فان اللە سریع الحساب” سوڕەتی ئالی عەمڕان ئایەتی19. بە مانای: “لە لای خودا دین ئیسلامەو ئەوانەی ئەهلی کتێبن ئەو ڕاستەقینە دەزانن. بەڵام هەر لە بەر ئیرەیی کە لە ناو خۆیاندا هەیە پێک نەهاتوون. هەر کەسێکیش بە هەر جۆرێ لە نیشانەکانی خوا حاشا بکا با تێبگەن کە خوا لە لێپرسینەوە زۆر بەلەزەو پێڕادەگا” قورئانی پیرۆز لاپەڕە 52 هەژار موکریانی.
جا لەو بارەشەوە هەندێک لە لێکۆڵەرە ئیسلامیەکان و هەندێکیش لە نووسەرەکانیان بۆ پاڵپشتی بۆچوونەکەیان پەنجەی تاوان بۆجولەکەو قەشەکانیان درێژ دەکەن و دەڵێن؛ ئەوان ئەو جۆرە لە حەدیس و مێژووەیان بە ئیسلامەوە لکاندووە بۆ لەبەرچاوناشیرین کردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، ئەگینا ئایینی ئیسلام هەمووی پێکەوە ژیان و برایەتی و دوور لە توندوتیژییە! بەڵام مێژووی عەڕەبی ئیسلامی کە لە خوێندنگاکاندا خوێندراوەو ئێستاش بەردەوامیی هەیە ئەم بۆچوونە پشتڕاست ناکاتەوە!
ئامانجێکی تری ئەو شیعارە هی موسڵمانانی جیهانە بەگشتی، هی عەڕەبەکانە بە تایبەتی و ئینجا هی فەلەستینیەکانیشە بە تایبەتی تر لە هەموان. ئامانجی فەلەستینیەکان هێزو توانا بەخۆدانە، وەبیرهێنانەوەی مێژووی دوێنێی سوپای پێغەمبەری ئیسلامە کە ئەوان بە سەرپەرشتی پێغەمبەری ئیسلام کارێکیان بە جولەکە کردووە با بەدەواری شڕی نەکردبێت. ئەمانە دەڵێن؛ ئەوڕۆ نا سپەینێ، دەبێ ئارام بگرین، دەبێ چاوەڕێ بین بۆ ئەوەی سوپای پێغەمبەر جارێکی تردرووست ببێت و ئەو جارە جولەکە بە تەواوی لە سەر زەویێ نەهێڵرێت! ئەو شیعارە بە موسڵمانان و بە فەلەستینیەکان دەڵێت:” با جولەکە بزانێت کە زۆر نابات سوپای پێغەمبەری ئیسلام بە مەرەد خێڵەکانی بەنو نەزیرو بەنو قورەیزەو بەنو قونەیقاعیان دەبات! بۆیە ئەو شیعارە بۆ موسڵمانان و فەلەستینیەکان وەک چەکێکی کاریگەرەو لە قازانجی ئەواندایەو بۆ جولەکەش وەک دێوزمەو شەولەبان وایە کە هەمیشە بەرۆکی بە جولەکە گرتووەو لە کۆڵی نابێتەوە.
ئەو شیعارە، بە بڕوای من، ئەو مەبەست و ئامانجەیە کە بەشێوەی هات و هاواری سەرجادەو شەقامەکانە کە چەندین جار بە ئاشکرا لە کاتی خۆپیشاندانەکانداولە نێوچەکدارانی بزووتنەوە ئیسلامیە توندڕەکاندا دەگوترێتەوە. نەک هەرلە نێو ئەوانەدا بەڵک و هەندێک جاران لە نێو میانڕەوەکانیشدا بوونی هەیە. ئەگەر واوەتریش بڕۆین ئەو شیعارە هەر لە نێو فەلەستینیەکانداو بە تایبەتی لە نێوکەرتی غەزەدا ناگوترێتەوە بەڵک و چەندین جاران لە ئەوروپاو لە ئەمریکاشدا لە نێو جەرگەی زانکۆو پەیمانگاکاندا لە لایەن خوێندکارانەوە بە کۆمەڵ دەگوترێتەوە. ئەوە بێجگە لە ناوبازارو شوێنە گشتیەکاند کە هیندە دیاردەیەکی زۆرەو بە شێوەیەکی توندوتیژانەش بەرز دەکرێتەوە کە هەر باس ناکرێت! کورتەی ماناو ناوەڕۆکی ئەو شیعارو وتافەی سەرەوە بریتیە لە: “خەیبەر خەیبەر ئەی جولەکە. سوپای موحەمەد دەگەڕێتەوە. دیارە مەبەستیان ئەوەیە کە بڵێن سوپای موحەمەد هەربینا هاتەوە بۆتان!”
ئەو شیعارە، بە بڕوای من، ناوەڕۆکێکی کوشتنی بە کۆمەڵ و لە ناوبردنی یەکجارەکی نەتەوەو ڕەگەزو ئایینێکی لە نێوخۆدا هەڵگرتووە کە بریتیە لە نەتەوەو ئایین و ڕەگەزی جولەکە! ئەو شیعارە پێشینەو مێژوویەکی درێژی لە بارەی کوشتنی بە کۆمەڵی ڕەگەزو ئایینی جولەکەی لە پشتەوەیە. بە ئاشکرا ماناکەی ئەوە دەگەێنێت کە سەردەمێک هەبووە، بە پشتبەستن بە مێژووی عەڕەب و ئیسلام دەبێ سوپای پێغەمبەری ئیسلام هێرشی کردبێتە سەر شاری خەیبەر کە شارێکە زووربەی پێکهاتەکەی جولەکە بووە. ئەو هێرشەی سوپای پێغەمبەری ئیسلام لە ژێر بەهانەو بیانووی هەرچیەکدا بووبێت، ئەوە کاری ئێستای ئەو نووسینە نیە، کارێکی بە جولەکەکانی شاری خەیبەر کردووە کە با بە دەواری شڕی نەکردبێت! واتە وەک گەڵا دارێکی لێکردوون کە کولەو سنە لە برسانا هەلا بە هەلای کردبێت.
بە هەندێک گەڕانەوە بۆ پێش بابەتی خەیبەریش، چێڕۆکی هێرشی سوپای ئەبڕەهەی حەبەشە بۆ سەرکەعبە، کە قیبلەی موسڵمانان و ماڵی خودا خۆشیەتی، لە گۆڕێدایە! جا وەختی خۆی تەنانەت لە پێش پەیدابوونی پێغەمەری ئیسلامیشدا ئەبڕەهەی حەبەشە بە سوپایەکی زەبەلاح و پڕچەکەوە کە زووربەی شەڕکەرەکانی ئەو سوپایە سواری فیل و وەڵاخە بەرزە بوون و بەرەو ماڵی خودا کەتۆنەتەڕێ و نیازیان هەبووە زیانێک بە کەعبە بگەێنن! بەڵام پەروەردەگاری بێهاوتا کە فەرمان بکاو بڵێ ببە: دەبێت، سوپایەکی لە باڵندەی تەیرە ئەبابیل ناردە سەر سوپاکەی ئەبڕەهە کە پێک هاتبوو لە پەڕەسێلکەی ئیسک سوک و جوانکیلە کە هەریەکێکیان چەنگێک چەوو بەردە وردکەی بە هەردووک چەنگە بچکۆلەکانیان هەڵگرتووەو بە ڕێگای ئاسمانیدا خێراتر لە دڕۆنەکانی ئێستای وەڵاتانی پێشکەوتوو، ڕێک چوونەتە مەیدانی جەنگەوەو هەر لە نیوەی ڕێگا پێشیان بە سوپاکەی ئەبڕەهە گرتووەو تەواوی ئەو بەردە ورکەو چەوەی پێیان بووە بەسەر سەری سەربازەکانی ئەبڕهەیاندا بەرداوەتەوە. جا هەمووئەو چەوو بەردە وردانە بوون بە تیرو ڕمب و گولەی تانک بڕو لە چاوتروکانێکدا تەواوی ئەو سوپا زەبەلاحەی ئەبڕهەیان بە خۆیان و فیل و وەڵاخە بەرزەوە تەفروتونا کردووەو ئەوەی ئاقڵ بووە فریا خۆی کەوتووەو ڕایکردوە ئەوەشی کەلەڕەقی نواندووە خوا بەرەو جەهەندەمی ناردووە! جا لێرەدا خوا ئاهوا هێزی خۆی نیشانی نەیارانی داوەو بەو شێوەیەش موجیزە ئاسا بەرەنگاریی لە ماڵێ خۆی کە کەعبەیە کردووە!
بەڵام ئەوەتە خوا بۆخۆی فەرموویەتی:” إذا سألک عبادي عني فاني قریب اجیب دعوة الداع اذا دعان فاستجیبوا لي ولیوءمنوا بي لعلهم یرشدون” سوڕەتی بەقەڕە ئایەتی 186″ مامۆستا هەژار لە قورئانی پیرۆزدا لاپەڕە 28 ئاهوا ئەو ئایەتەی لێکداوەتەوە:” هەرگایەکی عەبدەکانم لە مەڕمن لە تۆ دەپرسن، من نزیکم؛ هەر کەس هانام وەبەربێنێ، بێ وەرامی ناهێڵمەوە. با ئەوانیش لە فەرمانی من دەرنەچن، بڕوای تەواویان بە من بێ، بەشک و ڕێی ڕاست بەدی بکەن.” بە بڕوای من خوا خۆی لەو ئایەتەدا بە موسڵمانان دەڵێت کە هەر کەسێکی موسڵمان پەنا بۆ خودا بەرێ و لە بەری بپاڕێتەوە خودا نزاو پاڕاناوەکانی گیرا دەکات.
جا پرسیارەکە لێرەدایە کە:” ئایا دەبێ خوا خۆی ڕاستەوخۆ خەڵکی داماوو هەلابەهەلابووی کەرتی غەزەی فەلەستین نەبینێت و گوێی لە پاڕانەوەو نوزانەوەو هات وهاواری ئەو ملیۆنان موسڵمانە نەبێت؟ دەبێ کەسێکی وایان تێدا نەبێت کە موسڵمانێکی بێ غەل و غەش بێت؟ ئەدی منداڵە ساواو شیرەخۆرەکان کە لە ناو بۆمب و بارووتدا بە زیندوویی دەسوتێنرێن؟ تۆ تەماشا بکە بە دەیان هەزاریان لێکوژران و بە سەدان هەزاریان لێ برینداربوون و بە ملیون کەسیان لێ دەربەدەر بوون، ماڵ و حاڵیان لە تەواوی ئەو دەڤەرەی غەزەدا لە گەڵ ئەرزێ تەخت کراون! سەرباری ئەوەی کە هەموو ئەو خەڵکەی کە لە ژیاندا ماوە بۆ یەک خولەکیش ڕاناوەستێ و هاوار نەکاتە ئەو خوایەی کە پێیان دەڵێت لە بەرم وەپاڕێن و منیش نزاو پاڕانەوەتان لێ قەبوڵ دەکەم!”
“هەروەها ئەو سەدان هەزار بریندارەش یەک کەسیان نیە کە دەمی ڕابوەستێ لە نزاو پاڕانەوە، تەنانەت’ بە بڕوای من’ هەموو کوژراوەکانیش هەتا ئەو خولەکەی کە گیانیان دەرچووە کە فریا کەوتبن هاواریان کردووەو پاڕاونەتەوەو نزایان کردووە کە خودای گەورە فریایان بکەوێت! ئەوە بێجگە لە سەرووی ملیارێک موسڵمانی سەرئەو زەویە کە بیست و چوارکاتژمێر لە ماڵ و لە مزگەوت و لە نێو پێنج فەرزەی نوێژەکانیشدا و لە کاتی نان خواردن و ئەملاولاشدا هەر هاواردەکەنە خواو دەپاڕێنەوە کە خوا فریای خەڵکی غەزە بکەوێت!”
بەڵام خوای گەورە سەرباری ئەو بەڵێنەشی کە داویە بە موسڵمانان و ئەوانەی کە لە سەر ڕێبازی خودان، کەچی وەڵامی یەک کەسیش ناداتەوە، بەڵام لەولاوەو وەک مێژووی ئیسلامیی پێمان دەڵێت و خواش لە قورئاندا لە سوڕەتی فیل دا باسی کردووە هەر خێرا سوپایەکی تەیارو پڕ چەکی بە بەردە وردکە ناردە پێش سوپاکەی ئەبڕەهەو نەی هێشت بستێک بڕواتە پێش و زیان بگەێنێت بە کەعبە واتە ماڵەکەی خوا خۆی! جا لێرەدا من پێم وایە دەبێ خەڵک بە گشتی و بە تایبەتی موسڵمانان پرسیاریان لە لەلا درووست ببێت و بڵێن:” بۆچی خوا فریای ماڵەکەی خۆی ئاهوا بە زوویی دەکەوێت و لێی وریایە بەڵام گوێ ناداتە کوردی موسڵمان کە بەدەستی موسڵمانەوە ئەنفال دەکرێت، بە دەستی سیستەمەکانی سوریاو عێڕاق و تورکیاو ئێرانەوە لە ناودەبرێت، یان ئەوەتە موسڵمانانی ئێرەو ئەوێ بە نوێژی نیوەڕۆ دەسوتێنرێن بەدەستی کافران، یاخود هەرموسڵمانان خۆشیان بەدەستی برا موسڵمانەکانیان بە نوێژی نیوەڕۆ قەتڵ و عام دەکرێن و دەیان نموونەی تریش لەوبارەوە هەم دوێنێ کە ڕوویان داوەو هەم لەم زەمانی ئێستاشدا کە بە بەردەوامی ڕوودەدەن، بەڵام خوای بە ئاگا لە خشپەی مێروویەک ئەوەتە لە ئێستادا بێدەنگەو پەرچەکرداری نابینرێت! حیکمەتەکە لە کوێدایە؟ بۆچی؟ بۆچی هەمووی هەر بۆ ڕۆژی دوایی هەڵگرتووە؟ یان ئەوەتە دەبێ وە دوا ئەو فەرموودەیەی خوا خۆی بکەوین کە لە سورەتی هود دا دەفەرموێت :” قال یا نوح انە لیس من اهلک انە عمل غیر صالح فلا تسالن ما لیس لک بە علم اني اعظک ان تکون من الجاهلین46 قال ربي اني اعوذ بک ان ان اسالک ما لیس لي بەعلم و الا تغفر لي و ترحمني اکن من الخاسرین47″ سورەتی هود. واتە گوتی ئەی نوح! ئەم کوڕەت کەسی تۆ نیە. ئاکاری ناپەسنی هەس،هەر شتێ چی لێ نەزانی، داوامەکە، من ئامۆژگاریت لێدەکەم کە نەچیە ڕیزی نەزانان٤٦. گوتی ئەی پەروەندەکەم! هەر خۆ بە تۆ دەپارێزم، داوای شتێکت لێبکەم کە نایزانم،ئەگەر بەزەت پێمدا نەیەو لێم نەبووری یەکێکم لە زیانباران٤٧.” تەفدیری قورئانی پیرۆزلاپەڕە 227، هەژار موکریانی!
بۆ نووسینی ئەو بابەتە سوودم لەم سەرچاوانەی خوارەوە وەرگرتووە:
https://gellerreport.com/2025/03/syria-jolanis-army-of-islam-marches-to-genocidal-chant-of-annihilating-the-jews-
video.html/?lctg=38718787
https://www.youtube.com/watch?v=X8iRwabBRAQ
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە