حەسەن ڕازانی: ئەردۆغان سیاسەتمادارێکی مونافیقە.
ئەردۆغان سیاسەتمادارێکی مونافیقە کە خۆی بە موسڵمان دەزانێ و لە سەرەوە فرمێسکی تیمساحیی بۆ فەلەستینیەکان دەڕێژێت و لە ژێرەوەش لە گەڵ ئیسڕائیلدایە!
من نە یەکەم کەسم کە ئەو قسەیە بە سەرۆک ئەردۆغان دەڵێم و نە بوختانیشی بۆ هەڵدەبەستم، بەڵک و زۆرلە پێش مندا سیاسەتمەدارانی تورک لە نێوخۆی تورکیادا لە پارتە بەرهەڵستکارەکانی ناوتورکیا و بە تایبەتیش بەرپرسە باڵاکانی سەر بە پارتی جەهەپە چەندین جارلە مونافیق واوەتربە ئەردۆغان دەڵێن! هەندێک لەو سیاسەتمەدارانە بە بەڵگە سەلماندوویانە کە ئەردۆغان درۆ لەگەڵ تەواوی موسڵمانانی جیهان بە گشتی و بە تایبەتیش بە نوێژی نیوەڕۆ لە گەڵ فەلەستینیەکان دەکا! خۆڵ دەکاتە چاوی خەڵکی فەلەستین بە گشتی و حەمساویەکان بە تایبەتی.
ئەردۆغان لە لایەکەوە بە ڕواڵەت و لە بەردڵی موسڵمانانی جیهان بە گشتی و ناوخۆی تورکیا بە تایبەتی فرمێسک بۆ منداڵانی غەزەو بۆ خەڵکی فەلەستین دەڕێژێ وهەمیشە لە بەردەم مایکڕۆفونەکانی دەزگا ڕاگەیاندنەکان بە حەماسیانە دەکەوێتە هات و هاوارو لە دژی ئیسڕائیل وتاری ئاگرینیی دەدا، بەڵام لە ژێرەوەش هیچ سەروک و سیاسەتمەدارێکی موسڵمان بە قەدەر ئەڕدۆغان لە ئیسڕائیل نزیک نیە! ئەمە ئەگەر نیفاقی سیاسیی نەبێ دەبێ چی ناولێبنرێت؟
ئەوەتە زۆر بە ڕوونی و بە دەنگێکی بوێرانە سیاسەتمەداری ناسراوی بەریتانیی جۆرج غالاوی لە بەردەم میدیاکانی بەریتانیادا بە گاڵتەجارییەکی تاڵەوە دەڵێ: ڕەنگە ئەردۆغان لە دەربەدەریدا کاتێک کە دەری دەپەڕێنن ڕێک پەیوەندی بە بەشار ئەسەدەوە بکات لە مۆسکۆ! بەڵام واقیعی ئێستا ئەوەمان بۆ دەردەخات کە دەرپەڕاندن و دەربەدەریی سرووشتیی ئەردۆغان بەرەو تەلئەبیب یان بەرەو دۆحە نزیکترە! چونکە ئەوان هەمیشە دەرگاکانیان بەڕووی هاوپەیمانە ڕاستەقینیەکانیاندا کراوەن. ئەردۆغان سەرکردەیەکی موسڵمان نیە، بەڵکو درێژترین تۆماری پەیوەندیەکانی لە گەڵ قەوارەی زایۆنیدا هەیە.
ئێوە دیقەت بدەن و بە وردی لە کارەکان و سیاسەتەکانی ئەردۆغان بڕوانن کە چ دەکا. بۆ نموونە:
یەکەم/ ئەردۆغان تاکە سەرۆک کۆماری موسڵمانە کە مەدالیای”ئازایەتیی جولەکەکان”ی لە لۆبی زایۆنیستی وەرگرت.
دووەم/ ئەردۆغان تاکە کەسە کە پێنج جار سەردانی ئیسڕائیلی کردووەو لە سەر گۆڕی هەرترل، دامەزرێنەری زایۆنیزم، وەستاوە بۆ ئەوەی بیر لە دەستکەوت بکاتەوە!
سێیەم/ کۆماری تورکیا لە سەردەمی فەرمانڕەوایی ئەردۆغان دا 60 شەست ڕێکەوتنی لە لەگەڵ ئیسڕائیل واژو کردووەو قەبارەی بازرگانیی لە لەگڵ ئیسڕائیل گەیاندۆتە زیاتر لە 9 نۆ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا!
چوارەم/ کەسێکی ئیسڕائیلیی بە بێ ڤیزا دەچێتە ناو تورکیا، لە کاتێکدا فەلەستینیەکان لە بەردەم دەرگای کونسوڵخانەکاندا زەلیل و زەبوون دەکرێن و لە چاوەڕوانیدا ڕادەگیرێن!
پێنجەم/ دووەم گەورەترین کارگەی چەکی ئیسڕائیل لە جیهاندا لە تورکیادایەو سەرەڕای هەموو ناڕەزایەتیەکانی ئەردۆغان بە ڕواڵەت سەبارەت بە غەزە کە هێشتا بۆ یەک لەحزەش ئەو کارگە چەکە دانەخراوە!
شەشەم/ لە کاتێکدا وەڵاتانی عەڕەبی بەندەرەکانیان بەڕووی کەشتیەکانی ئیسڕائیلدا دادەخەن، بەڵام تورکیا لە ڕێگەی دەریاوە پێداویستیەکانی ئیسڕائیل دابین دەکاو دەیان نێرێت و تا نێو ئیسڕائیل بەندیان ناکات!
حەوتەم/ ئەدی ناوخۆی تورکیا بۆ باس ناکەن؟ ئەدی 20 بیست هەزار خانوی قەحبەخانەی یاسایی لەشفرۆشیی، کە داهاتی ساڵانەی ئەو لەشفرۆشیە نزیکەی ٤چوار ملیار دۆلارە بۆ دەبێ باس نەکرێت؟
هەموو ئەو شتانە لە ژێر یاساو لە بەردەمی خەلافەتی ئیسلامیدایە!
ئەمە تورکیایەو لە ژێر دەسەڵاتی گەورەترین مونافیقدایە!
بۆیە هەرکەسێک بە بیانووی دین و ئیسلامەتییەوە چەپڵە بۆ ئەردۆغان لێبدات، دیارە چاوەکانی لە دەست داون و نابینێت!
- Latest Posts by حەسەن ڕازانی
حەسەن ڕازانی: بۆ پارێزگاریی لە ماڵێ خۆی، دەستبەجێ خوا ئەبڕەهەو سوپاکەی تەفروتونا کرد!
-حەسەن ڕازانی: پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلان! چەند سەرنجێک لە دیدی تایبەتی خۆمەوە!
-حەسەن ڕازانی: داعشەکەی دوێنێ بە ناوو بەرگێکی ترەوە دەیەوێت بەرەو کۆبانێی ڕەمزی بەرخۆدان بڕوات!
- All Posts