نەوزادی موھەندیس: ڕێڕەوی ڤێلادلڤیای نێوان ئیسڕائیل و میسر,گرنگی و کاریگەری چییە لەسەر کەرتی غەزە؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

تەوەر یان سنوری ڤێلادیلیڤیا کە ئیسڕائیلی و ئەمریکیەکان واناوی دەبەن و فەلەستینی و میسریەکانیش بە تەوەر یان سنوری ێلاح الدین ناوی دەبەن، بۆخۆی بریتیە لە سنورێکی دەستکرد لە نێوان ئیسڕائیل و میسردا بەپێی ڕێکەوتنامەی ئاشتی (کامب دێڤید)ی نێوان ھەردوولایان لەساڵی 1979 دا. ئەم تەوەرە بریتیە لەناوچەیەکی لەچەک داماڵراو کە درێژییەکەی 14 کم و پانیەکەشی تەنھا 100 مەتر دەبێت و وەک بەشێک وایە لەناوچەیەکی فراوانتر لەنێوان ھەردوولادا کە چەکی لێداماڵراوە. ئیسڕائیل لەدیوی لای خۆیەوە بەھێزێکی سەربازی 4000 سەربازی و 180ئۆتۆمبێل و چەک و دامەزراوەی جۆراوجۆرەوە بوونی ھەیە. بەڵام لەدیوی میسرەوە ھیچ جۆرە ھێزێکی سەربازی بوونی نیە و تەنھا پۆلیسی ناوخۆیی بە ژمارەیەکی کەم لە ئەرکدان بەچەکی سووکەوە. ئەم ڕێڕەوە لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە درێژدەبێتەوە لە باکورەوە تا خاڵی پەڕینەوەی کەرەم (ئەبوسالم)لە باشوور. کە خاڵی پێگەیشتنی ھەردوو سنوری میسر و کەرتی غەزە و ئیسڕائیلە.
لەسەر ئەم ڕێڕەوە خاڵی پەڕینەوەی (ڕەفەح) ی و شکانی دروستکراوە کە دەروازەیەکی ڕەسمی و سەرەکی و تاکە دەروازەشە بۆ خەڵکی غەزە بۆ پەیوەندیکردن بە دونیای دەرەوە.
ئەم تەوەرە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان غەزە و میسرەوە و ئیسڕائیل لە کاتی پاشەکشەکردنی لەکەرتی غەزە بەپێی ڕێکەوتنی ئاشتی ئۆسلۆ لەگەڵ دەسەڵاتی فەلەستینیدا تا مانگی 8. 2005 دەسەڵاتی بەسەر ئەم ڕێڕەوەدا ھەبوو.بەڵام دواتر و تا ھەڵایسانی جەنگی تۆفانی ئەقسا لە ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023 دا ئیسڕائیل دەسەڵاتی بەسەر دا نەما.بەڵام دوای ئەم شەڕە و سەرکەوتنی سەربازی ئیسڕائیلی لەو جەنگەدا لە ئێستادا ئیسڕائیل دەسەڵاتی بەسەردا ھەیە و گەڕاوەتەوە. ھەمیشە بوونی ئەم دەسەڵاتەی ئیسڕائیل بە درێژایی ئەم سنورە جێگەی مشتومڕ و ناکۆکی بوە لە نێوان ئیسڕائیل و بزوتنەوەی حەماس کە دەسەڵاتی لەکەرتی غەزەدا ھەبوە و ھەمیشە لە گفتوگۆکانی نێوانیان دەربارەی شەڕ ڕاگرتن و گۆڕینەوەی دیلەکانیان باسیان لێوەکردوە.
ھەر لە مانگی 9. 2005دا ئیسڕائیل و میسر ڕێکەوتنی ڤێلادیلیڤیایان مۆر کرد کە لە 83 بەند پێکدێت، وەک پاشکۆیەک بۆ ڕێکەوتنی ئاشتی ساڵی 1979ی نێوانیان و بەوپێیەش ھێزێکی سەربازی میسری 750 سەربازی و چەندین جۆری چەک و ئۆتۆمبێلی سەربازی بوونیان دەبێت و تەنھا کاریان ڕێگریکردنە لە ئیرھاب و بەقاچاخبردنی چەک و مادەی ھۆشبەر و ئاشکراکردنی تونێڵە نھێنیەکانی حەماس و فەلەستینیەکان دەبێت کە بە سەدان تونێڵیان ھەڵکەندبوو.ڕێکەوتنەکە گەلێک خاڵی ھەواڵگری و سەربازی تریش لەخۆدەگرێت.
دوای ئەوەی حەماس لەساڵی 2007 دا دەستی گرت بەسەر کەرتی غەزەدا و دەسەڵاتی دەوڵەتی فەلەستینی دەرکرد و خۆی بوە باڵادەست و تاکە دەسەڵات لەکەرتی غەزەدا و دەستیشی گرت بەسەر ڕێڕەوی ڤێلادیلیڤیادا، ئیدی ئیسڕائیلیش گەمارۆیەکی توندی ئابوری سەپاندە سەر غەزە و حەماس.ھەمیشە حەماس پێداگری کردوە لەسەر پاشەکشەکردنی ھێزەکانی ئیسڕائیل لەو سنورە و ئیسڕائیلیش ھەمشسە بیانوی ھێناوەتەوە بۆ مانەوەی و داوای کردوە قۆناغ بەقۆناغ پاشەکشە بکات. ئەم تەوەرە بۆ ئیسڕائیل و حەماسیش ھەروا بۆ میسریەکانیش زۆر گرنگە، چونکە لەلایەک ئەم سنورە و ئەم تەوەرە لەنێوان ئیسڕائیل و میسردا( نیمچە دورگەی سینادا) وەکو دوو دەوڵەتی دراوسیێ و خاوەن ڕێکەوتنامەی ئاشتی،بریتی بوە لەکێشە وگرفت بۆ ھەردوولایان چونکە بزوتنەوەی حەماس وفەلەستینیەکان بەبەردەوامی ئەم سنورەیان بەزاندوە و ھاتوچۆی قەدەغەکراویان شکاندوە لەلایەک بۆ دەربازکردنی ئەو کەسانەی کە دواکراو بوون لەلایەن ئیسڕائیلەوە بەگرتن و بەندکردن و حوکمدان،کە ئیسڕائیل ھەمیشە لایەنی میسری تاوانبارکردوە بە چاوپۆشین و کارئاسانیکردن بۆیان و جێبەجێنەکردنی ڕێکەوتنامەی ئاشتی نێوانیان و لەولاشەوە میسریەکان داوایان لە ئیسڕائیلیەکان کردوە کە خۆیان دەسەڵاتیان ھەیە بەسەر تەوەرەکەدا ڕێگە بەو سنور بەزاندنە نەدەن،چونکە ئەو کەسە فەلەستینایانە دەبوونە نانەوەی کێشە و سەرئێشە بۆ میسر.
لەولاشەوە حەماس لەبەر پێویستی بە چەک و تەقەمەنی قاچاغ و ھێنانی داودەرمان و خواردن و پێداویستیەکانی ژیان و بارزگانی بەھەموو شێوەکانیەوە، لەھەوڵی دەستبەسەرداگرتنی ئەو سنورەدابوون لەڕێگەی گفتوگۆکان و ھەمیشە داوای پاشەکشەی ئیسڕائیلیەکانیان کردوە چونکە تاکە دەروازە و سنورە لەگەڵ میسردا و حەماس دەتوانێت بیکاتە دەروازەیەکی گرنگ بۆ بەردەوامی بەدەسەڵاتەکەی و بەرگریکردنیشی دژی ئیسڕائیل بە دابینکردنی ھەموو پێداویستیەکانی.جا لەو پێناوەشدا بەدرێژایی سنورەکە 14 کم لە زۆر جێگەدا تونێڵی نھێنیان لەژێر زەویدا لێداوە و تا پەڕیونەتەوە بۆ ناو خاکی میسر.
بۆیە گرنگی ئەم تەوەرە و ڕێڕەوە بۆ ھەردوولای حەماس و ئیسڕائیلیەکانیش کاریگەری ھەیە و وەکو ئەوە وایە کە بوونی دەسەڵاتیان بەسەر ئەو ڕێڕەوەدا وەکو دەستخستنە قوڕگی ئەویتریانەوە بێت چونکە وەکو شادەماری ژیان و بەردەوامبوونی حەماس وایە و بۆ ئیسڕائیلیش وەکو دیوارێکی پۆڵایین وایە کە ببێتە ڕێگر لەبەردەم حەماسدا بۆ ھاتوچۆکردن و ھێنانی چەک و تەقەمەنی بە قاچاغ و پەیوەندیکردن بە دونیای دەرەوە.
لەم جەنگەی7ئۆکتۆبەری ساڵی 2023دا ، ئامانجی سەرەکی ئیسڕائیل بریتی بوو لەدەستبەسەرداگرتنی ئەم ڕێرەوە چونکە باش دەیزانی وەکو شادەماری ژیانی حەماس و دەسەڵاتەکەی وایە و بۆیە لە 13. 12. 2023دا ئیسڕائیل بەچڕی ئەم ڕێڕەوی بۆردومان کرد بەنیازی وێرانکردنی ھەموو تونێلەکان و دەستبەسەرداگرتنی و ئەمەش بوە ناکۆکی تازە لەنێوان میسر و ئیسڕائیلدا بۆ جارێکی تر.
بەم شێوەیە ئەم ڕێڕەوە گرنگیەکی ستراتیژی ھەیە بۆ ئیسڕائیل و میسر وەکو دوو دەوڵەتی دراوسێ و لە ئیسَتاشدا کە جەنگی حەماس-ئیسڕائیل ڕاگیراوە و ئیسڕائیل جارێکی تر دەسەڵاتی تەواوی بەسەر ھەموو ڕێڕەوەکەدا ھەیە،ئیدی ئەو مەترسی و دوودڵیەی ئیسڕائیل نەماوە و بە شەڕ دەسەڵاتی خۆی سەپاندوە و لەولاشەوە میسریش لەسەر ئێشەی فەلەستینیەکان و کێشە و گرفتەکانیان ڕزگاریبوە و تەنھا وەکو دەوڵەتی ڕەسمی و لەڕێگەی دەروازەی ڕەفەحی نێودەوڵەتیەوە و بەچاودێری ئەوروپیەکان ھاتوچۆ و بارزگانی لەنێوان کەرتی غەزە و میسردا ڕێکخراوەتەوە.بەڵام گرنگی و کاریگەری ئەم ڕێڕەو و سنورە ھیچ کات گرنگی و کاریگەریەکەی لەدەستنادات و ھەمیشە وەک تەوەرێک و سنورێکی ستراتیژی بوونی دەبێت لەکاتی ئاشتی و جەنگەکاندا.