نەوزاد بەندی: هاوکێشەی جەلاد و کۆیلە.

یەکێک لە کارەساتە گەورەکان، ئەوەیە دڵسۆز و خەمخۆر و بیریارەکانت له بیر بچێ و پشتگوێیان بخەیت، بەڵام بەردەوام چەپڵە و بەڵێ بۆ جەلاد و خائینەکان بکەیت و وێنەکانیان گەوره بکەیت و سوێند بەسەریان بخۆیت.
کاتی خۆی یەکێک لە بیریارەکانی حیزبی کۆمۆنیستی چین، کتێبێکی چاپکرد بە ناوی: دۆستمان کێن و دوژمنمان کێن. ئەم کتێبە بەرچاو ڕوونی دا بە گەلانی چین هەتا دۆست و دوژمنەکانیان لێک جیا بکەنەوە، ڕێز لە دۆستەکانیان بگرن و نەفرەتیش بۆ دوژمنەکانیان.
لای خۆمان کار گەیشتۆتە ئەوەی جەلادەکانمان بە دەمی خۆیان ئەڵێن؛ ئێمە زوڵممان لە میللەتەکەمان کرد و ڕۆڵەکانیانمان به کوشت دا و سامانی ووڵاتەکەمان دزی بۆ خۆمان و ماڵ و مناڵمان!
لەگەڵ ئەوەیشدا هێشتا جەلادەکان لەناو دڵ و دەروون و بیرەوەریی زۆرینەدا دانراون، لە هەمان کاتدا خەمخۆر و دڵسۆزەکانمان پشتگوێخراون و لە یادبراونەتەوە و لە ژێر پێڵاوەکاندا پلیشێنراونەتەوە و هەزاران جنێو و ناو وناتۆرەیان دواخراوە.
ئەم دۆخە هیچ پێناسەیەکی لە فەرهەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا نییە. کاتێ کابرایەکی هەژار و بەشخوراو و بێ هیوا و بێ داهاتوو ، کە ژیانی یەکپارچە وێرانکراوە ،لە بەرچاویدا کۆمەڵێ جەلاد ئەبینێ، داهات و داهاتووی میللەتێکیان دزیوە و ملیارەها دۆلاری میللەتەکەیان بۆ ڕابواردنی خۆیان و کچە مۆدێل و کۆشک و باڵەخانە و گەشت و گوزاری خۆیان و خێزانەکانیان خەرج دەکەن، کەچی هێشتا ئەو کابرا هەژارە، وەک شاسوار و فریاد ڕەس و پیاوی یەکەم تەماشای ئەو ئەژدیهایانە ئەکات و تەماشای چالاکییەکانیان ئەکات و بە جل و بەرگ و سەعاتە گرانبەهاکانی مەچەکیان سەرسامە و بە ڕێزەوە بۆ کۆشک و تاوەر و ملیارەها دۆلار و دۆستە لەشفرۆشەکانیان ئەڕوانێ و سەرسامە بە مایباخ و جی کڵاس و فڕۆکە تایبەتە گرانبەهاکانیان. ووتە شەق و شڕەکانیان، بە بەهاوە گوێ لێئەگرێ و ئەنرخێنێ لە بەرامبەردا هیچ بەهایەک بۆ ووتە و هەڵوێست و قوربانیدان و زیندانکردن و شەهید کردنی کەسانی دڵسۆزی میللەتەکەی دانانێ. به پێچەوانەوە هەوڵی سوککردن و بوغزاندان و جنێوپێدان و به درۆخستنەوەیان دەدا، لە باشترین حاڵەتدا بێزاریی خۆی بەرامبەریان دەردەبڕێ گوایا ئەم ڕاپۆرت و دۆسیانە ئەوەندە باسکراون، مێشکیان چووە و ناهێڵن ئەو خەڵکە بە دەردی خۆیانەوە دانیشن، دواجار تاوانی سیخوڕیی و کلکگرێدانی ژێر بە ژێریان دوا دەخەن.
ئەم حاڵەتە به ڕاستی ترسناکە ئەمانخاتە بەردەم دوو لێکدانەوە کە هەردووکیان جێگای نائومێد بوونن.
لێکدانەوەی یەکەم/ ئەم میللەتە بە جۆرێک بێهیوا کراوە ، لەسەر بێهیوایی ئاڵودە بووە و حەزی لە خۆشگوزەرانیی و داهاتووی پرشنگدار و خۆشگوزەرانیی نەماوە، وەک ئەوانەی لێهاتووە کەساڵەها له ئەشکەوت و تاریکیدا بوون، بە جۆرێ بوون بە دوژمنی ڕوناکیی و تیشکی خۆر، چونکە ئەو ڕۆشناییانە ئازاری چاوەکانیان ئەدەن، بەو جۆرە ئەگەر ڕوناکییش بێتە ناو ئەشکەوتەکانیانەوە، به نەفرەتی ئەکەن و بەردەبارانی ئەکەن و ئەیشکێنن و ئەیکوژێننەوە، وەک ووتراوە ئەگەر ئازادی وەک باران ببارێ، کۆیلەکان چەترەکانیان هەڵدەدەن. واتا ئەم بوونەوەرە بووە بە بوونەوەرێکی دژ بە خۆی، هیچ خۆشی و ئاسودەیی و خۆشگوزارانییەکی بۆ خۆی ناوێت، بە پێچەوانەوە هەموو خۆشی و ئاسوودەیی و دەوڵەمەندیی و ئازادییەکی بۆ جەلادەکانی ئەوێت و پێی وایه ئەمە دابەشکردنێکی خواییه و ناکرێ دژ بە خوا ڕاوەستین، واتا ئەم دوو بوونەوەرە، کۆیلە و جەلاد، یەکێکیان بە هەژاریی و ئەشکەنجەدان ئەژی و نەشونما ئەکات، ئەوەی تریان بە مافیاگەریی و ملیارەها دۆلاری دزراو و شەڕ و ئازاردانی کۆیلەکان، ئەژی و ناکرێ هیچ کامیان لە ژیان و مانەوە بێبەش بکرێن. ئەگینا هەر هەمان کۆیلە کە دڵخۆشە بە دزینی داهات و داهاتووی خۆی و هاوڕێکانی لەلایەن جەلادەکانەوە، ئەگەر فلسێکی لای هاوڕێ کۆیلەکەی بێ، لێی بێدەنگ نابێ و ئەیکا بە شەڕ و ئامادەیە خوێنی خۆی بکاتە کاسەوە لە پێناوی گێڕانەوە و دەستخستنەوەی ئەو تاقە فلسەدا.
هەرچی لێکدانەوەی دووەمی ئەم دۆخە تراژیدییە ترسناکەیە، ئەوەیە میللەتی بێدەنگیش هەر جەلادە، بەڵام بار و دۆخی کاری جەلادیی و دەسەڵاتداریی بۆ نەڕەخساوە، هەر بۆیە ئەو دزی و تاڵانیی و ئەشکەنجەدانەی جەلادەکانی پێ ئاسایی و یاساییە و لە هەوڵی یەکبینەدایه بۆ ئەوەی بە پەیژە خوێناوییەکانی ئەو جەلادانەدا هەڵبزنێ و بگاتە جێگایەک، یان بگاتە پۆستێکی جەلادیی کە بتوانێ ئەویش تاڵان و بڕۆ وئەشکەنجەدان پیادە بکات.
بە ڕای من ئەم لێکدانەوەیەی دووەم تا ڕادەیەک نیشانە پێکە، چونکە هەندێ کەسمان بینیوە هەزاران دروشم و پەیامیی دڵسۆزیی و نیشتمانپەروەریی ومرۆڤایەتیی و نەتەوایەتیی و ئاینیی بەرز کردۆتەوە، بەڵام کاتێ دەمی لە پۆستێک گیر بووە و گەیشتۆتە ئاستیی جەلادەکان، هەموو ئەو شتانەی لە یاد چووە و .. دەمی ژەندۆتە ماڵ و خوێنی میللەتەوە و بووە بە جەلادێکی نوێ لە خەرمانسەرای جەلادەکاندا.