بەهرۆز جەعفەر: باڵانسی هێز لەناو کوردەواریی دا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، کە دەوڵەتی (ئەلف) ئەیەوێت ئەکتێک بکات یان پرۆژەیەک بخاتە ڕوو، پێش هەموو شتێک لێکدانەوە بۆ کاردانەوەی دەوڵەتی (باء) و (جیم) و ئەوانی تر ئەکات. چونکە خۆی فەلسەفەی پاراستنی باڵانسی هێز-Balance of Power بریتییە لە پاراستنی سەقامگیریی و تێک نەچوونی دۆخی مەشهەد یان گۆڕەپانە نێودەوڵەتییەکە.
چونکە ماڵی کوردەواریی تێکچووە لە هەموو ڕوویەکەوە، لە هەموو ئاستێکدا پەرتەوازەو پڕ کینەیە، ئێستا ئەگەر بۆ نمونە؛ پرۆژەیەکت هەبێت کورد لەسەر زەوی هەڵبگریت و بی بەیت بۆ سەر مانگ!. ئەبێت پێش ئەمریکاو ئەوروپاو وڵاتانی ناوچەکەو عێراق، مامۆستاو بەڕێوەبەر، جوتیارو خاوەن زەوی، هێزەکانی 70 و 80 ناکۆکن، پاراستن و زانیاری وا ئەزانن ئەمە موئامەرەیە بۆ سەر یەکێکیان، هێزە ئیسلامییەکان لەناوخۆیانداو لەگەڵ ئەوانی تریشدا ناکۆکن، پارتی و یەکێتی بەلایەک، ئینجا لە ناو پارتی و یەکێتی هەریەکەو باڵێکە ئەبێت قەناعەتیان پێ بکەیت و باڵانسەکە بپارێزیت. ئەبێت ئامادەکاری بکەیت پەکەکە دەستوەرنەدات بۆ ئەوەی تورکیاش بەدوایدا نەیەت، ئینجا کۆمپانیاکانی سەر بە حیزب و ئەوانەی دەرەوەی حیزب هەمیشە قسەی خۆیان هەیە. داواکاریی گشتی و دادوەرەکان ململانێکەیان تا ئەوپەڕی قووڵە چونکە کورسی و مێزەکەی دادوەر گەورەترە لەوەی داواکاری گشتی!.
ئەم هەموو باڵانسە چۆن ڕائەگیرێت؟. کێ هەیە بتوانێت ئەم هەمووە کۆ بکاتەوە؟. ئەوەندەی هەرێمێکی وەک کوردستان کە چوار بۆ پێنج ملیۆنێکە لە ئەڵمانیا قائیمقامێک ئەیبا بە ڕێوە، ئەم هەموو سەنگەر لە یەک گرتنەو بە گومان سەیری یەک کردنە کێ باجەکەی ئەدات؟!..
ئینجا، ها ئەمە هەر ئەمڕۆ نییە، دوێنیی کوردەواریش وابوە، لە لادێیەکدا لایەنی کەم سێ تایەفە هەبوە، لە عەشیرەتەکەدا دە بەرە برا هەبون. لەناو شۆڕش دا“ هەڵڵا هەبوە نەک شۆڕش!. چونکە هیچ بیروباوەڕێکی زانستی یان ئایدۆلۆجیایەکی پاڵپێوەنەر نەبوە”. هەروابوە، باڵی مەکتەبی سیاسیی و باڵی بارزانی هەبون، لەناو باڵی مەکتەبی سیاسیی دا دوو بەرە بون، دوایی کۆمەڵەی مارکسی لینینی دائەمەزرێت لە بەغدا، بزوتنەوەی سۆشیالیست لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئینجا کۆمیتەی هەرێمەکان، لەولاوە گروپی زیندان. ئینجا ئەمانە هەر هەمویان تێک بەرئەبن “ شەڕی هەموان دژی هەموان”، لە نێوان دوو شاخ و دوو دۆڵدا ئەبێت بە شەڕو براکوژیی ڕەشەکوژییان، ئینجا هەر هەموویان یەک ئەگرن لە ژێر ناوی نیمچەبەرەیەک بەناوی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دژایەتی بەرەی جودو قیادە موەقەتە ئەکەن. لایەکیان لە ئێرانەوەو لایەکیان لای عێراقەوە مۆتیڤەیت ئەکرێت!. هیچ لایەک لەو هەموو لایە وەک ئەوە شتەکان و کەسەکانی تر نابینێت کە هەن، بەڵکو دونیا لەو پانتاییەوە ئەبینێت کە خۆی تێدایەو میزاجی زاتی و دەرونی خۆی هەیەتی!.
زیاتر لە ( 50 ) حیزبی سیاسی لەهەرێمی کوردستان هەیە “ 22 دانەیان حیزبی تورکمانیین لە باشوری کوردستان’’ . بە هەزاران رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکا هەیە!. نزیکەی 4000 هەزار ڕۆژنامەنووس!. ووتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنان لە هەرێمەکە ئەڵێت “ سەروو دە هەزار ملیۆنێر هەیە لەم هەرێمە!”…لەم دوو گەڕەکەدا “ بەجددیی هەرێمی کوردستان ئەوەندەی دوو گەڕەکی گەورە شارێکی دونیایە”. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، بە دەیان مرۆڤی هەلپەرستی موزایەدەچی پەنجەبادەری موزەیەف لەو دەستەڵاتە کەوتونەتە کایەکەوە، بەو بۆنەیەوە خولێک و دوان و سیان سواری سەری داواکانی خەڵک بون.
ژمارەکان نائاسایین، مامەڵەکردن لەگەڵ ناکۆکی و قۆڵبادانەکاندا نائاساییە، 128 كۆگای فرۆشتنی دەرمان و 217 كۆمپانیای هاوردەكردنی دەرمان هەن.!.
هەموو ئەمانە ناکۆکن، نابێت لەلای کەس باسی ئەویتر بکەیت، چونکە کەس لەگەڵ کەس کۆک نییە. ئەگینا تۆ قوربانیت بێ ئەوەی هیچ پەیوەندییەکت بەو و بەویترەوە هەبێت!. هەریەکە لەو هەمووە بێ هیچ داتاو ووردبونەوەیەک بڕیاری خۆی داوە کە تۆ کێیت!؟.هیچ پێوەرێک نییە، پێوەری سەرەتاو کۆتایی ئەوەیە وەلائی کەسیی و زاتی بۆ یەکێک لەو هەمووە هەبێت!.
سەرۆک و سکرتێر و هاوسەرۆک و ڕێکخەرو وەزیر و سەرۆک زانکۆ و سەر..ۆ..ک و ئەمانەتدارەکانی هەرێمەکە، هەریەکەی چەندین سکرتێرو ڕاوێژکار!ی هەن، هەریەکەیان لەبری خۆگونجاندن لەگەڵ دوا گۆرانکارییە زانستییەکانی سەردەم، قوتویەک بۆیاخ و فڵچەیەکیان پێیە!. ئەمە سەر بەوە.. ئەوە سەر بەمە… ئەمە ئاوایە … ئەوە ئاوایە…
پرسیارەکە، ئەوەیە، چۆن لەم دۆخەدا بجوڵێینەوە!؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت