لوقمان مصطفی صالح: لابردنی وێنەی سەرکردەکان بڕوابونە بە دیموکراسیەت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەپەراوێزی کاردانەوەکەی کاک شێخ لاھور ھاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا کە رەتی کردەوە وێنەی لە دام و دوزگا و شوێنە گشتیەکاندا دابنرێت، بێگومان جێگای دسستخۆشیە، ھەر بۆیە بە پێویستم زانی ئەم ھەلە بقۆزمەوەوە و بیدەمەوە بە نێوچەوانی ئەوانەی کە سەری زوبان و بنی زمانیان دیموکراسی و چاکسازیە.!!
ھەڵبەتە دانانی وێنەی سەرکردەو کەسایەتیەسیاسیەکان لە دام و دەزگا و شوێنە گشتیەکاندا، مانا ی دەستاودەست نەکردنی دەسەڵاتە، ئەم دیاردەیە لەگەڵ ئەوەی پێجەوانەی بنەما دیموکراتیەکانە، لەهەمان کاتدا ناکۆکە لەگەڵ سیستەمی بەرێوەبردنی ووڵاتێک کە دەم لە دیموکراسیەوە بکوتێت،کەواتە دانانی ئەو وێنانە بە بریاری حیزبیە، بۆیە بە هەموو شێوەیەک نایاساییە.
ئەوەی ئاشکراشە لای هەموان تەنها لە ووڵاتانی سیستەمی دیکتاتۆری گرنگی یەکی زۆر بە وێنەی دیکتاتۆر ئەدرێت، نەك ووڵاتانی دیموکراتخواز، خۆ هەرێمەکەی ئێمە بە ناو دیموکراتخوازە و بە زۆر خۆیان نە ساپاندووە بەسەر میللەتا و کوردستانیان دابەش نە کردووە بەسەر دوو زۆندا.
هەرچەندە سەرکردە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان، لە هەموو بۆنەکاندا قسەو باس لە پێشکەوتن و دادپەروەری و دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ و مافی گەلان دەکەن.بە هەمان شێوە لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا باس لە دەستاودەست کردنی دەسەڵات دەکەن بە شێوەی ئاشتیانەو لەرێی سندوقەکانی دەنگدانەوە،بەڵام لە واقعیدا پێچەوانەکەی راستە.
ئەمە حەقیقەتی ئەو سەرۆکانەیە وا ساڵی جارێک بە ناچاری لە بۆنە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانداو یان چوارساڵ جارێک لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا لە پاڵ وێنە زەبەلاحەکانیانەوە دەردەکەون و بە شان و باڵی گەل و نەتەوەدا هەڵدەدەن.
ئەمە ئازایەتی و میهرەبانی و ویژدانی ئەو سەرۆک و سەرکردانەیە کە راستەو خۆ لە شاشەی کەناڵە ئاسمانیەکانەوە دەبنە فریاد رەس و کۆتری سپی ئاشتی،باس لە گۆرینی سیستەمی دەسەڵات دەکەن وچاکسازی بۆتە بنێشتە خۆشەی بن زمانیان، کەچی بۆ تەنها جارێکیش بیرناکانەوە یاخود شەرم دایناگرێت و بڵێن ئێمە باس لە دیموکراسی دەکەین ئادەی ئەو وێنانە داگرن،چونکە خۆئاشکرایە لە دیموکراسیەتدا هەڵواسینی وێنەی سەرکردە بەشێوەی خۆسەپێن جێگای نابێتەوە.!!
ئیترچۆن ئامادەیی ئەوەیان تێدایە کورسی دەسەڵات جێبهێڵن و ڕادەستی لایەنی براوە و کەسانیتری بکەن کە میللەت هەڵی بژاردوون.!!
خۆ ئەگەر بۆیان بلوێت وبۆیان بچێتە سەر ئەوا لەڕێی بەکارهێنانی هێزەوە ، یان تاکتیک و نیەتە پەنهانەکانی ناخیانەوە، بەرەی گەل پەرت دەکەن و پاشان بەزەبری هێز ئیرادەی خۆیان فەرز دەکەن تا تاکی کورد ناچار بکەن و تەسلیم بە تاکە ئینسانێکی کۆیلەی کورسی بکەن؟!
هەمیشە دیکتاتۆرە چەقبەستووەکان، لەپێناوی پاوان و قۆرخ کردنی دەسەڵات و بەئەبەدی کردنی تەمەنی هەتا هەتایی حکوومەتی رەها و بێسنووری خۆیاندا سیاسەتیان بەرەو هەڵدێر بردووە ، هەمیشە بۆ رەخساندنی بارودۆخی چەقبەستوو هەوڵیان داوه و بەردەوام بن لە چەقپەروەری، هەر کاتێک بە پێویستیان زانیبێ هەموو سنوورێکی یاساییان بەزاندووەو، پێشێل کردنی مافەکانی ومرۆڤیان کردووە.
لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆرینەی سەرۆک و سەرکردەکان ماسکدارن ، ئەوان خۆیان دەرهێنەرو سیناریستزان و کاراکتەرێکی بەتواناوبەسەلیقەی شانۆ گەریەکانن، ئەگەر پێیان بکرێت وێنەیان وەکو جەنگاوەرێک یاخود پەیامبەرێک لەسنگی هەموو تاکێکی ئەم میللەتە ستەمدیدەدەدەن، خۆیان واپێشان دەدەن هەموو ژیانیان لە پێناو بەرگریکردن لە میللەت و خاک و نەتەوە بەخت کردبێت، خۆیان وا پێشان بە کۆمەڵانی خەڵکی بەستە زوبان دەدەن کە تەنها ئەوان پارێزگاری لە کوردو خاکی کوردستان دەکەن ، بە شێوەیەکی وا باسی ژیاننامەی خۆیان دەکەن، دادپەوەر، دیمۆکرات، راستگۆ، پاڵەوان، بیرمەند، بەخشندە، خاوەن مۆڕاڵ، بە شێوەیەک خۆیان نمایش دەکەن، وەکو ئەوەی ئەگەر ئەوان نەبن، ئیتر ژیانیش لەو ووڵاتەدا دەوەستێت؟!
ئەمە ماهیەتی هەر دیکتاتۆرێکە لەئاست ئەم واقیعە نوێیەی دونیادا کە خەڵک بە گێل ونەفام دەزانن، لەکاتێکدا تاکی کورد زۆر لەوە هۆشیارترە باشتر ئەو راستییە دەزانن، سەردەمی هەڵواسینی وێنە وپەیکەری وەهمی و بێبنەما و… هتد نەماوە.
ئێستا سەردەم سەردەمی بەرێوەبردنی ووڵات بە شێوەی دەستە جەمعیە.
زۆر لە مێژنیە و هەر ماوەی چەند ساڵێک بەر لە ئێستابوو زۆرێک لە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانمان بینی کە بۆ نموونە،، دەستەڵاتی شای ئێرانمان بینی کە چی بە سەر هات..سەرۆکی ڕۆمانیامان بینی کە چۆن هەڵیانواسی و کردیان بە دارا.. سەرۆکی عێراقمان بینی لە ژێر زەوی وەک جرج گرتیان و دەریانهێنا و لە قەفەزی دادگاییدا بینیمانەوە و دواتر لە سێدارە درا.. وە سەرۆکی تونسمان بینی کە چۆن لە ساتێکی زۆر کورتدا وڵاتی بەجێهێشت ..سەرۆکی تونس، پشوی نەدا و هێور نەبوەوە.. وە دوو مانگی نەخایاند سەرۆکی میسریش چووە پاڵی و لە ماوەی هەژدە ڕۆژدا کورسی و کۆشک و ماڵ و وڵاتی بەزۆر و زەبری شۆڕسی هاوڵاتیان.. بە شٶڕشی ملیۆنەهای هەژارانی بێکار و بێ نان، کورسی دەستەڵاتی بەجێهێشت. پەیکەرەکانیان تیکشکێنراو وێنەکانیان سوتێنران.!!
دەبێت ئەوسەرکردە سیاسیانەی لەمەر خۆشمان بەئاگابێنەوە چیتر بیر لە دەسەڵاتی تاکرەوی نەکەنەوە ، کاتێک کە سەیری ئاوێنە دەکەن وەک خۆی خۆیان ببینن نەک وەک رێوێکە خۆیان لێببێت بەشێر.!!
مایکڵ ڕۆبن،، لە ووتارێکیدا ئاماژە بە ئەزموونی باشووری کوردستان دەکات و دەڵێت: “کوردەکانی عێراق دوای رووخانی سەدام نەیانتوانی گرەوی ئازادی ببەنەوە؛ ئەوان زۆر بە سانایی وێنەی دیکتاتۆری عێراقیان لابرد و وێنەی یەکێکی خۆیانیان لە جێی دانا.” نووسەری وتارەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە “پێویست ناکات کوردانی تورکیا و سووریا ئەو ئەزموونە دووپات بکەنەوە و دەبێ بزانن کە وێنەی دیکتاتۆرەکان لە باتی ئەوەی جێگۆڕکێیان پێ بکرێت دەکرێ وەلا بنرێن “.

نوسەر، کاریی پارێزەریی دەکات

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت