ناودار زیاد: لە خەمی ئایندەی بزوتنەوەی گۆڕاندا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئاشکرایە کە بزوتنەوەی گۆڕان بەرهەمی ڕەخنەگران و جەماوەری ناڕازی بوو، بەڵام لە هەناوی یەکێتی نیشتیمانى کوردستان و جوگرافیای زۆنی سەوزەوە هاتە دەرەوە و، هیچ کاتێکیش نەیتوانی پەل بۆ ناوچەی بادینان بکێشێت و لە زۆنى زەرد جێپێى خۆى قایم بکات.
بزوتنەوەى گۆڕان هەر کە دروستبوو، لە ماوەیەکی کورتدا توانی سەرکەوتنێکی گەورە بۆ خۆی تۆمار بکات و لە کۆی سەد و یازدە کورسی پەرلەمانی هەرێمى کوردستان، بیست و پێنج کورسی مسۆگەر بکات. هاوکات، خەڵکێکی زۆریش ئومێدی گەورەیان لەسەر هەڵچنی بوو، چونکە خاوەن پڕۆژە و گوتارێکی باڵا و ئایدیاڵی بوو، بە باوەڕ و متمانە بەخۆبوونەوە بانگەشەی بۆ گوتارەکەی دەکرد، چەندین بەڵێنی ڕازاوە و درەوشاوەی بە خەڵکدا، بەڵام دواجار سەرجەم دەستکەوتەکانی خستە خزمەت ئەجێندا و پڕۆژەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە و، تەنانەت لە گوتار و پڕۆژە و بانگەشەکانیشی دوورکەوتەوە، ئەمەش وایکرد لە کۆتا هەڵبژاردندا (10. 10. 2021)، کە هەڵبژاردنى پێشوەختەى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بوو، نەتوانێت تەنانەت یەک کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت.
پێویستە بڵێم کە، مەبەستی ئەم وتارە نە ستایشکردنى کارە باشەکانى و، نە باسکردنى هۆکارەکانی شکستی بزوتنەوەی گۆڕانە، بەڵکو ئامانجم پێشبینیکردنی ئایندەی بزوتنەوەی گۆڕان و ڕەنگڕێژکردنی هەنگاوی دواتری کاری حزبی و سیاسییەتی.
ئەگەر لەم گۆشەنیگایەوە بڕوانین، دەزانین کە، چەندین پڕۆژە هەن بۆ هەستانەوە و نوێکردنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام پێناچێت هیچیان بتوانن ئاستى جەماوەری ئەم حزبە بەرزبکەنەوە و متمانەی دەنگدەرانی پێشووترى بەدەستبهێننەوە. ئەمە وێڕاى ئەوەى، چاودێرانى سیاسى و ناڕازییەکانى بزوتنەوەى گۆڕانیش بەدوورى دەزانن بزوتنەوەى گۆڕان بتوانێت برینەکانى تیمار بکات و تەنگژە و کێشە ناوخۆییەکانى چارەسەر بکات. لەبەر ئەمە، ڕەنگە باشترین بژاردە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەبێت لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا یەکبگرێتەوە و تەڤلی ڕێکخستنەکانی حزبی دایک و ماڵە گەورەکەى ببێتەوە. بەڵام لێرەدا ئەو پرسیارە دروست دەبێت بۆچی باشترە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ یەکێتیدا یەکبگرێتەوە؟ ئایا بەرژەوەندى بزوتنەوەى گۆڕان لەم یەکگرتنەوەیەدا چییە؟
لە وەڵامدا، ڕەنگە دەیان فاکتەر و لۆژیک هەبن کە پاڵپشتی لە سیاسەتی یەکگرتنەوەی گۆڕان لەگەڵ یەکێتیدا بکەن، بەڵام لێرەدا تەنها ئاماژە بەوانە دەکەین کە بە بیری ئێمەدا دێن و شیاوی وتنن، ئەوانیش:
1. نەریتی یەکگرتنەوەی پارتە سیاسییە کوردییەکان نەریتێکی باوە و بە خەڵکی کوردستان نامۆ نییە، بگرە هەمیشە جەماوەری کوردستان پێشوازییان لە یەکگرتنی پارتە سیاسییە کوردییەکان کردووە و بە نیشانەی یەکڕیزی کوردیان زانیوە، لەبەرئەوەى نەتەوەى کوردى ستەمدیدەى مافخوراوى بێ دەوڵەت نزیکەى سەدەیەکە چاوی لە پارتە سیاسییە کوردییەکانە دۆزى نەتەوەکەى بباتە پێشەوە و مافەکانى بۆ وەربگرێتەوە و بەرگری لە ئیرادە و داخوازییەکانى بکات. لەم سۆنگەیەوە، خەڵکى کوردستان پێشوازی لە یەکگرتنەوەى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و بزوتنەوەى گۆڕان دەکات.
2. بزوتنەوەی گۆڕان لە هەناوی یەکێتی نیشتیمانى کوردستانەوە هاتە دەرەوە و زۆرینەی سەرکردە و کادیر و ئەندام و جەماوەرەکەشى سەرکردە و کادیر و ئەندام و جەماوەری یەکێتی بوو. هەروەها، بەو پاساوەش دروستبوو کە یەکێتى نیشتیمانى کوردستان ئەو پڕۆژە و بەرنامانە جێبەجێ ناکات کە ئەو داواى دەکات. هەرچەندە، دەرکەوت کە، بەرنامە و پڕۆژەکانى بزوتنەوەى گۆڕان تا ڕاددەیەک کۆنکرێتى و ناواقیعیى و ئایدیاڵ بوو، بەڵام بە چاوپۆشى لەم سەرنجە، ئاشکرایە کە، لەم قۆناغەدا یەکێتی نیشتیمانى کوردستان سیاسەتێکی واقیعییانە و نەتەوەییانە پیادە دەکات و، هەنگاوى بۆ خۆنوێکردنەوە و پێداچوونەوە بە دید و تێڕوانین و ستراتیجییە سیاسییەکانیدا ناوە و، خزمەتی کورد و هەرێمی کوردستانی کردووەتە ئەولەویەتی کار و چالاکییە سیاسییەکانی. ئەمەش، پاساوێکی موقنیعکەر و لۆژیکییە تاکو بزوتنەوەی گۆڕان ڕوئیا و سیاسەتەکانی لەگەڵ یەکێتیدا تەریب بکاتەوە و دەستیشى واڵا دەبێت لە تەوزیفکردنى سیاسەت و پڕۆژە و بەرنامەکانى لەناو یەکێتى نیشتیمانى کوردستاندا. بەمەش، دەگەینە ئەو باوەڕەى بڵێین کە، لەم قۆناغەوە پاساوى بوونى بزوتنەوەى گۆڕان پێویست نابێت.
3. لە هەرێمی کورستاندا هەبوونی دەیان پارتی سیاسی بووەتە خاڵی لاواز بۆ دۆزی ڕەوای کورد و خزمەتکردن بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، چونکە هێز و گوتار و ڕیزەکانی نەتەوەى کوردی پەرتەوازە کردووە. لەم سۆنگەیەوە، ڕەنگە یەکگرتنی گۆڕان لەگەڵ یەکێتیدا ببێتە مایەی یەکڕیزی گوتاری نەتەوەیی و کۆکردنەوەی هێزی پەرتەوازەی کورد لە هەرێمی کوردستان و جوگرافیای کوردستاندا بەگشتی.
4. بەو پێیەی کە، دەسەڵاتی یەکەم و سەرەکی لە زۆنی سەوزی هەرێمی کوردستاندا لای یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە و، پێگە و قەبارەی بزوتنەوەى گۆڕانیش زیاتر کەوتووەتە ئەم زۆنەوە، لەبەرئەوە، یەکگرتنەوەی گۆڕان لەگەڵ یەکێتیدا دەبێتە مایەی یەکخستنەوەی هێز و توانستەکان لە یەک کیان و یەکەدا، ئەمەش هێزی زیاتر بە یەکێتی نیشتیمانی کورستان دەبەخشێت تاکو لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ڕاستکردنەوەی ئاڕاستەی حوکمڕانی و پارێزگاری لە بەرژەوەندی گشتیدا سەرکەوتوو بێت.
5. لەوانەیە لە باشترین ئەگەردا بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا پێنج کورسی پەرلەمانى بەدەستبهێنێت. بە پێنج کورسیشەوە کە ژمارەیەکى کەمە، کەمترین ڕۆڵ و کاریگەری دەبێت و ناتوانێت بەرنامە و پڕۆژەکانی پیادە بکات، بەڵام ئەگەر لەگەڵ یەکێتیدا یەکبگرێت ئەوا باشتر دەتوانێت هەوڵ بۆ جێکەوتکردنى بەرنامە و پڕۆژەکانی بدات.
6. یەکگرتنی گۆڕان لەگەڵ یەکێتیدا گوڕوتین و هیوای زیاتر بەو ئەندام و کادیرانەى بزوتنەوەى گۆران دەبەخشێت کە حزب وەکو ئامڕازێک دەبینن بۆ گەیشتن بە ئامانجە گەورە و پیرۆزەکان، چونکە بە یەکگرتنەوەى ئەم دوو حزبە دەبێتە هۆى زیادبوونى هێز و توانستى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بۆ خزمەتکردنى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان.
7. یەکێتی و گۆڕان بە یەکگرتنەوەیان دەتوانن کێبڕکێ و ململانێیەکی ئاشتیخوازانە و مەدەنییانەی زیاتر لەگەڵ پارتیدا بکەن. ئەمەش، هەم خزمەتى زیاتر بە پڕۆسەى سیاسى دەکات، هەم وادەکات حکومەت و قەوارە سیاسییەکەمان گەشەى باشتر بەخۆیەوە ببینێت.
8. بزوتنەوەى گۆڕان خاوەنى ئەزموونی ئۆپۆزسیۆن و بەشداریکردنە لە حکومەت و دەسەڵاتدا، لەماوەى ئەم سێزدە ساڵەى تەمەنیدا فەرهەنگ و ڕۆشنبیرییەتێکى گەورەى کەڵەکە کردووە، بەڵام ئێستا مەترسییەکى جدى و ڕاستەقینە لەسەر پوکانەوە و مردنى ئەو فەرهەنگ و ڕۆشنبیرییەتە گەورەیەى دروستبووە، بۆیە لەپێناوى پاراستن و دەوڵەمەندکردنیدا باشترە ئەو فەرهەنگ و ڕۆشنبیرییە سیاسییەى لەگەڵ یەکێتیدا تێکەڵ بکات.
9. یەکێک لە فاکتەرە یارمەتیدەرەکانیش ئەوەیە کە، بە یەکگرتنەوەی گۆڕان لەگەڵ یەکێتیدا، ئەندام و کادیرانی گۆڕان دووچاری نائاسودەیی و غەریبی و نامۆبوون نابن لەناو یەکێتیدا، چونکە یەکێتى نیشتیمانى کوردستان ماڵە گەورەکەى خۆیانە.
ئەمانە و چەندین فاکتەرى دیکە دەشێت لە بەرژەوەندى بزوتنەوەى گۆڕاندا بێت تاکو لەگەڵ یەکێتیدا یەکبگرێتەوە. هەرچەندە، ئەگەر لە ڕوانگەیەکى تەسکى حزبییەوە تەماشاى بکەین ڕەنگە یەکێتى نیشتیمانى کوردستان زەرەرى بێت، بەتایبەت بەو پێودانگەى کە بزوتنەوەى گۆڕان لە کۆتا هەڵبژاردندا کە بە یەک لیست لەگەڵ یەکێتیدا بەشدارى کردبوو نەیتوانى هیچ کورسییەک بەدەستبهێنێت، بەڵام هەر هەوڵێک لەلایەن هەر لایەنێکیانەوە بێت بۆ مەبەستى یەکگرتنەوە ئەوا شیاوى ڕێز و، مایەى شانازییە و، پێویستییەکى هەنووکەیى و واقیعى و، تا ئەوپەڕى سیاسەتێکى دروست و نیشتیمانییە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت