عەبدولکەریم شێخانی: هەر جارەی تیلماسکێک لەو هێشووە ترێ شیرینەى زمانی کوردى تام دەکەین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

8. 10. 2022
لە ڕابوردوودا کە خراپەکاری تەشەنەى کردووەو خواى گەورە پێغەمبەرانی ناردووە بۆ ئەوەى داوا لە خەڵک بکەن بگەڕێنەوە بۆ سەر ڕێگای چاکە و واز لە خراپەكارى یبێنن و هەموو ئایینە ئاسمانییەکان بانگەوازی چاکەکارییان بە گوێی خەڵکی داداوە و دادەدەن.
دواى ئەوەى کە ڕێکخراوى ( القاعدة ) ى ( أسامة بن لادن ) سەرىهەڵدا خۆ تەقاندنەوە و ئۆتۆموبیلی مێنڕێژکراو و مین چاندن لەسەر ڕێگایان بوو بە باو بۆ ڕەشەکوژیی خەڵکی بێ دیفاع و بێ تاوان و بێ ئاگا. سەرانی ئەو رێکخراوە خەڵکی هەڵخەڵەتاویان بۆ ئەو خۆکوژییە هان دەدا بۆ دەستەبەرکردنی بەهەشت و وەدەست هێنانی حەفتا حۆریی ناسک و جوان. هەندێک گەنجی خەڵەتاو کە لە سەر دنیا عەیب نەبێ ( بۆ ماکەرێک دەچوون بە ئاسمانا ) ئیستا بەو ئاسانییە حەفتا حۆریی تەڕوبڕیان دەست کەوێ چۆن خۆیانی بۆ بە کوشتن نادەن؟! وەکو جاری پێشوو گوتوومە دەکرا بە نەرمونیانى نەک بە کوشتوکوشتارو زیانی ماڵی و گیانى ئەو ڕینماییە ئایینییانە بگەیەنرێن, بەڵام بەکێ دەڵێێ؟ لێرە چوار نموونە دەهێنمەوە. چوار پزیشک دوانی موسڵمان و دوانی کافری غەیرەدین و ئێوە خۆتان حوکم بدەن و قسە بکەن و هەر مەڵێن دەست خۆش.
1ـــ دکتۆر( أیمن الظواهری )ى مصری, دکتوری پسپۆڕی چاو. ئەو زوو خۆى خزاندە نێو بزووتنەوەى ( جهاد) و لە کوشتنی ( أنور السادات ) ناوی هات و گیرا و دواى بەربوونی ڕایکرد بۆ سودان و لەوێشەوە بۆ ئەفغانستان و کلکى لەگەڵ ( بن لادن) گرێداو ئەوە بوو خەڵکیان هان دەدا بۆ خۆتەقاندنەوە بە هەموو جۆرەکانیەوە بۆ پێش خستن و سەرخستنی ئایینی ئیسلام. ئەگەر ئەو دکتۆرە خزمەتی خەڵکی مصری بکردایە و نەخۆشی چاک بکردباوە ئایینی ئیسلام پێش نەدەکەوت؟ ئەو پیاوە زۆر خواناسە ئەوە نازانێ کە ئەو کارەی ئەم دەیکات خەڵکی بێ تاوانی تێدا دەکوژرێ؟ ئەوانەی دەکوژرێن دەبنە هۆی جەرگ سووتانى دایک و باوکیان؟ یان ژن و منداڵیان هەیە و ژنەکانیان بێوەژن دەبن و منداڵەکانیشیان هەتیو دەکەون؟ بیر لەوە ناکەنەوە کە ئەو ژنانە بێکەس دەمێننەوە لەتاو خۆیان و منداڵەکانیان لەوانەیە تووشی هەڵەى گەورە بن؟ ئەى ئەو منداڵانەی هەتیو دەبن کێ بەخێویان دەکات و دواڕۆژیان چەند تاریک دەبێ؟ بیر لەوە ناکەنەوە کە ڕەنگە ئەو مناڵانە لەبەر بێ کاری و بێ سەرپەرشتى تاوانکار و دز و پیاوکوژ دەرچن؟ ئۆباڵی ئەو هەموو تاوانانەى کە ئەو ژن و منداڵە بێ دەرەتانانە دەیانکەن لە ئەستۆی کێیە؟ بێ گومان لە ئەستۆی ئێوەیە، ئێوەى هاندەر بۆ ڕەشەکوژی کردن. هەرگیز بە تەماى ئەوە مەبن کە بەهۆى ئەو خەڵک بە کوشتندانە بچنە بەهەشت. ( الظواهری) دەیتوانی بە خزمەتکردنی خەڵکی مصر و چارەسەرى نەخۆشان, خواو خەڵک لەخۆی ڕازی بکات. بەڵام نەیکرد و سەرەنجام چۆن ( بن لادن) کوژرا, ئەویش لە 31ى تەمموزى ئەمساڵ کوژرا.
2ـــ بەپێچەوانەى ( الظواهرى ) ى موسڵمان باسی دکتۆرێکی غەیرەدینتان بۆ دەکەم کە ناوی ( داود کەبای ) ـە. ئەو پزیشکە جوولەکەیە و خەڵکی عەمارەیە. هەر کە بوو بە دکتۆر پیشەکەى خۆی خستە خزمەتی خەڵکی و بە ڕادەیەک خۆشەویست بوو. وەکو دەڵێن خەڵکی سوێندیان بەسەرى دەخوارد. ڕۆژێک کە تازە دووساڵ بوو دامەزرابوو لە چایخانەیەک چاوى بە پیاوێک کەوت، دەستى کچێکی پارچەڵەى گرتبوو. دکتۆر داود لێی پرسی بۆ دەستیت گرتووە؟ کابرا گوتی لەوەتی لە دایک بووە نابینایە. دکتۆر سەیرى کرد و گوتی ئەگەر نەشتەرگەریی بۆ بکرێ چاوى چاک دەبێتەوە. باوکی کچە گوتی: ئینجا من پارەی نەشتەرگەریم لەکوێ بوو. دکتۆر نەشتەرگەرییەکەى بۆ کرد و چاوی کچەکە چاک بووەوە و نەشیهێشت باوکی کچەکە فلسێک خەرج کات. دواى ئەوە چوو بۆ بەغدا و لە ناوچەى ( بتاوین ) نۆڕینگەى کردەوە. خەڵکی عەماڕە نەخۆشیان دەهێنا و هەندێکیان هەر لەوێ دەمانەوە. ئەوەندە بڕوایان پێی بوو دەیانگوت هەموو نەخۆشێک چاک دەکاتەوە. جارێکیان کوڕێک چوو بۆ لای و گوتی دایکم نەخۆشە و زۆریش بڕواى بە تۆیە و ناشزانێ تۆ جوولەکەى دەترسم ئەگەر بزانێ ئەو بڕوایەى پێت نەمێنێ. دکتۆر گوتی ئاسانە, ئێستا حاجییەکان خەریکن لە حەج دەگەڕێنەوە و بڵێ دایە دکتۆر دوو سێ ڕۆژی دیکە دەگەڕێتەوە و ئەوسا مەیهێنە بۆ ئێرە و من دێم لە ماڵەوە سەیری دەکەم و چارەسەری بۆ دەنووسم. لە سەردەمی عبدالکریم قاسم گرتیان و تۆمەتی سیخوڕییان دایە پاڵی و 21 هەزار دیناریشیان دەست بەسەردا گرت، چوو بۆ وەزاڕەتی بەرگری و داواى بینینی عبدالکریم قاسمی کرد، چونکە هاوڕێی خوێندنی بوو. دواى پێشوازى لێ کردنی قاسم پێی گوت چیت بۆ بکەم؟ ئەویش بەسەرهاتەکەى خۆی بۆ گێڕایەوە وقاسم بە ( وصفی طاهر)ى گوت بڕۆ پارەکەى بۆ وەرگرەوەو من دەزانم دکتۆر داود سیخوڕ نییە و ناپاکی لە وڵاتی خۆی ناکات و لە ڕاستیشدا ئەو دکتۆرە پڕ بە پڕى ماناى دکتۆر، مرۆڤ بوو و بۆ کارى مرۆیی سەرى پێوە نەبوو. ئەو پیاوە مرۆڤدۆستە لە ساڵی 2003 لە تەمەنى 88 ساڵی کۆچی دوایی کرد.
3ـــ دکتۆرێکی سعودیى سەرو ڕیش بەڵمە برنج لە وڵاتی سعودیەوە بۆ خۆ لە خوا نزیک کردنەوە هاتووە بۆ عیراق و لە عیراقیش کەرکووکی هەڵبژاردووە و خۆی لە نێو خەڵکدا تەقاندۆتەوە. ئاخر کابرا, خوا لەوە خراپترت پێ بکا, تۆ سوێندت خواردووە کە خزمەتی مرۆڤ بکەیت و ئەو زانیارییە پزیشکییەت بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی بخەیتە کار, ئەگەر خزمەتی خەڵکی نەخۆشت بکردایە و ئیش و ئازاری نەخۆشانت کەم بکردباوە لە خوا نزیک نەدەبوویتەوە؟ باشە ئەگەر دەزانی بەوە بە بەهەشت شاد دەبیت و حۆرییە ناسک و نازدارەکانت پێ دەدرێ, خۆ ئیسڕائیل ئەوە لە بنە پاڵتەوەیە و بەردهاوێژێ لە سنوورى سعودیەوە دوورە و فەلەستینی داگیر و خەڵکەکەى دەربەدەر کردووە، بۆ ناچی لەوێ خۆت بتەقێنیتەوە و دێیت لە کەرکووکی داگیرکراوى کوردان خۆت دەتەقێنیتەوە؟ بۆ ئەو حۆرییانەى بە کورد کوشتن دەستت دەکەون جوانترن لەوانەى بە جوولەکە کوشتن دەستت دەکەون؟ پیاو ناچار دەبێ هەندێک جار قسە بکات, ئاخر ماڕسی ماڕس باب ئێمە لە چوارلاوە وڵاتمان داگیر کراوە و بە سەتان هەزار شەهیدمان داوە و تۆش دێیت گڕ گڕ لێرە خۆت دەتەقێنیتەوە، منداڵی کورد هەتیو و ژنی کورد بێوەژن دەکەیت. کەى ئەمە ئیسلامەتییە؟ بەو خوایە هەرچی بە تۆ و هاوشێوەى تۆ بگوترێ کەمە و تەنیا ئەوەندە دەڵێم و لە خوادەپاڕێمەوە کە لەو دنیا سزاتان قورستر کات و تۆڵەی خەڵکی بێ تاوان و بەریئتان لێ بکاتەوە.
4ـــ ناو بەناو بزووتنەوەى ( جهاد و حماس ) مووشەک دەگرنە ئیسڕائیل و ئیسڕائیلیش بە بۆردومان بە فڕۆکەی جەنگی و تۆپباران کردن وەڵامی ئەو مووشەکانە دەداتەوە و زۆر ماڵ وێران دەبن و خەڵکێکی زۆر کە زۆربەیان مەدەنین و هیچ پەیوەندییەکیان بەوهێرشە مووشەکییانەوە نییە، دەکوژرێن بریندار دەبن . سەرانی حماس و جهاد هیچ زیانێکیان بەرناکەوێ و خەڵکە هەژار و ڕەشوڕووتەکە ماڵوێران دەبن و مرۆڤی خاوەن ویژدان جەرگی دێشێ بۆیان. هەر لەو دەربازگەیەوە, دکتۆرێکی ( سکۆتلەندی) ی مەسیحى کە بەلاى ئەو موسڵمانە دووزەردێنانەوە کافر و غەیرە دینە. هەگبەى پزیشکیی لەکۆڵێ دەکات دەچێت بۆ کەرتی غەززە بۆ چارەسەری بریندارانی بۆمبارانی ئیسرائیلی, هەروەها بەو نەخۆشانە ڕابگات کە دەستیان بەکەس ناگات. ئەمە زیندوویی ویژدان و مرۆڤدۆستییە پاڵی بەو پزیشکەوە ناوە بە خۆڕایی و بێ ئەوەى چاوەڕوانی هیچ پاداشتێکی مادى و مەعنەوى بێت, تەنیا لە پێناوى مرۆڤدۆستی و کەم کردنەوەى ئێش و ئازاری ئازارداران ئەو ڕێیە دوورودرێژەی کوتاوەتەوە, کەچی پزیشکی هاوئایین و هاوزمان و هاونەتەوە دێت خۆی دەتەقێنێتەوە, یان خەڵک هان دەدات بۆ تەقاندنەوە و کەسیش لێی ناپرسی ئەى جەنابی مامۆستا کە حۆری بەم شێوەیە بە دەست دێت ئەى خۆت بۆ نایەى خۆت بتەقێنیتەوە و ئەو حۆرییانەت بەرکەوێ؟
لە كۆتاييدا هيواى لەشساغی و سەلامەتیتان بۆ دەخوازم خواى گەورە پشت و پەناتان بێت لەسەر ڕێگەى چاکە و مرۆڤدۆستی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت