محەمەد عەبدوڵا: سەفەرت بەخێر، پیری ئەوەڵ و ئاخیر خێر.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕۆژێکی گەرمی هاوینە بوو، هێشتا سەرەتای ئەو ساڵانەبوو کە پێکەوە هاوکار بووین، گوێم لە گۆرانیەکانی تایەر تۆفیق دەگرت، هاتە ژوورەوە و بەدیارمەوە دانیشت، نەرم نەرم فرمێسک لە چاوەکانییەوە سەریان کرد، منیش بە بێدەنگیی لێمدەڕوانی، چاوەڕێمکرد تا گۆرانیەکە تەواو بوو، مامۆستا فرمێسکەکانی سڕی و لێیپرسیم: چۆنە گەنجێکی وەک تۆ حەز بە دەنگی خاڵە تایەر دەکات، ئیتر ئەو پرسیارە بووە دەروازەی گێڕانەوەی چەندین یادەوەری خۆی و خاڵە تایەر، ئەو بۆ ئەو ژیانە پڕ نەهامەتییەی خاڵە تایەر بەسۆ بوو.
لە دوای سەفەرێکی هەولێری شیرین، دوای بەخێرهاتنەوەم هەواڵی پیرە هەولێری پرسی، منیش وەک هەمیشە و بەو کەشی گاڵتە و خۆشییەی لە نێوانماندا بوو، وتم مامۆستا ئەمجارە لە شێخەڵا ئامێرێکم بینییوە، هەرگیز بیریشم لێنەکردۆتەوە، وتی ئەو ئامێرە چییە وا سەرنجی ڕاکێشاویت، وتم زۆر زیرەکانە ئامێرێکیان دروستکردووە، قاڵبە سەهۆڵی تێدەکەیت، دەیهاڕێت و بۆت دەکات بە بەفر، جا خۆشییەکەی لەودا بوو کابرا هاواری دەکرد: وەرە بەفرت لۆ بکەم بە سەهۆڵ، (لەگەڵ ڕێزم بۆ شێوازی ئاخافتنی هەولێریان)، لە دوای کەمێک پێکەنین، مامۆستا دایە قوڵپەی گریانێکی بێدەنگ، منیش بە تەنیا جێمهێشت، پاشان چوومەوە بۆ لای، وتی بمبەخشە، ئەو ئامێرە دوا یادەوەریمە لەگەڵ هاوسەری کۆچکردوومدا، دوا ئێوارەی تەمەنی بوو، داوای بەفری لێکردم، بەو هاوینە و لە هەولێر بەفر لە کوێ بێنم، ئەو ئامێرەم بیرکەوتەوە، بە پەلە ڕۆیشتم لە شێخەڵا بۆی بێنم، تا هاتمەوە گیانی سپارد بوو، بۆیە تا بمێنم ئەو یادەوەرییە تاڵەم بیرناچێتەوە.
عەبدولکەریم شێخانی، مرۆڤێکی لەڕادەبەدەر خۆڕاگربوو، ژیانێکی پڕ لە نەهامەتی بەسەربردووە، هاوسەر مردن، ماڵ تاڵانکردن، پەرتەوازەبوونی خێزانەکەی بە وڵاتاندا، دوو جار جەرگ سووتان، هەموو ئەمانە نەیانتوانی قەڵەمەکەی لە داهێنان بوەستێنن.
شانازی دەکەم بڵێم مامۆستا و هاوڕێ و هاوکاریشمبووە، ئێمە هەر لە یەک ڕووەوە قەرزاری ئەو پیاوە نین، عەبدولکەریم شێخانی لە کایەی ڕۆشنبیری و زمانزانیدا دیاردەیەکی داهێنەرە، ئەگەر نوسەرانێکی دیکە بە هۆی بەرهەمەکانیانەوە ڕێنیشاندەر بووبن، ئەوا مامۆستای شیخانی جگە لەوەش لە وەرگێڕانی کتێبە مەنهەجیەکاندا خزمەتێکی زۆری بە زمانی کوردی کردووە، یەکێکە لەوانەی لە حەفتاکان و هەشتاکاندا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە سەقامگیربوونی ئەم شێوەنووسینەی ئێمە ئێستا پێیدەنووسین. وەرگێرانی ڕۆمانی (براکوژی)، لە ڕووی زمان شیرینی و پاراوییەوە سەرەتایەکی نوێی نووسینە بۆ نەوەکانی حەفتا و هەشتاکان و دواتریش.
هەزاران دروود بۆ گیانت، ڕەوانت بەخێر و ماڵئاوا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت