هانا چۆمانی: لە فەڕەنسا چی روویدا؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خوێندن دەستی پێکرد، چەند قوتابی گەڕێندرانەوە ماڵەوە؟
رۆژی دووشەممە، یەکەم رۆژی خوێندن بوو لە فەڕەنسا، بڕیاڕی قەدەخەکرنی عەبای عەرەبی کە لای خۆمان (مانتۆ و رۆب)ی پێدەگوترێت، خرایە بواری جێبەجێکردن.

ئایا بڕیاری قەدەخەی حجاب بوو، یان عەبا؟!
حکومەت و سیستەمی فەڕەنسا سیکۆلارە، لە ساڵی 1996 حکومەت بڕیاریداوە، سەرجەم رەمزە ئاینییەکان قەدەغەبن لە ناوەندەکانی خوێندن.
هەروەها لە ساڵی 2004 جارێکی دیکە بڕیاریدا، کە سەرجەم رەمزەکانی( خاچ و جلی راهیەکانی کڵێسا و رەمز و کڵاوی جووەکان و رەمزی پێڕەوانی زەردەشتی و جل وبەرگ و تەسبیحی بودا و هندۆس، هەروەها هەموو جۆرە ملەوانکە و گوستیلەیەکی رەمزی ئاینی و بێ ئاینی) قەدەغەن لەناوەندەکانی خوێندن. واتا لە ساڵی 2004ەوە حجاب لە ناوەندەکانی خوێندن و دواتریش لە شوێنە گشتیەکان قەدەغە کرا، ئەوەی مانگی رابردوو بڕیاری قەدەغەکردنی درا، حیجاب نەبوو، بەڵکو “عەبا”بوو.
لە ساڵی 2010 بەهەمان شێوە نیقاب و تاتۆش ئەگەر رەمزی ئاینی بێت قەدەغەکران. ساڵی 2018 بۆرکینی لەکەناراوە ئاویێکان قەدەغەکرا لە فەڕەنسا.
ئەمساڵ 2023 حکومەتی فەڕەنسا بەفەرمی لە سەرجەم نێوەندەکانی خوێندن “عەبا، یان مانتۆی عەرەبی” کە گوایە ئیسلامیە، بەڵام ئیسلامی نیە بەڵکو ستایلێکی عەرەبی و تورکیە قەدەغەکرد.
دوێنێ دوو شەممە یێکەم رۆژی خوێندن بڕیارەکە لە گشت ناوەندەکانی خوێندن خرایە بواری جێبەجێکردن. بەگوێرەی دواین ئاماریی (زە لۆکەڵ) نزیکەی 5 ملیۆن و 700 هەزار موسڵمانی(جەزائیر و مەغریب و تونس و سودان و سۆماڵ و تورکیا و یوگسلافیایی کۆن و کۆسۆڤۆ و بولگاریا و… هتد)، لە فەرەنسا دەژین.
لە فەڕەنسا دوو هەزار و 400 مزگەوت هەیە، بەڵام 1 ملیۆن و 200 هەزاریان نوێژ دەکەن و پابەندی بنەماکانی ئاینی ئیسلامن، ئەوانەی دیکە تەنها بە موسڵمانی لەدایکبوون. تەنها سەدا 30 ژنانی موسڵمان لەچک و حیجاب دەکەن، هەروەها لەکۆی گشتی ژنانی موسڵمان لەو وڵاتە سەدا 58یان ئامادەنین هەرگیز حجاب و نیقاب بکەن و باوەریان پێی نیە.
ساڵ 2023 یەکەم رۆژی خوێندنی ئەمساڵ 12 ملیۆن قوتابی چوونە بەر خوێندن، لەو ژمارەیە نزیکەی 56 هەزاریان موسڵمانن، 64 مەکتەبی تایبەت بە موسڵمانان هەیە لەو ناوچانەی کە سەدا سەدی موسڵمانن. لە کۆی 56 هەزار قوتابی موسڵمان لە فەڕەنسا، تەنها دوو هەزار و 700 قوتابی کچ عەبای عەرەبی و تورکی، ئیسلامیان دەپۆشی و پۆشیووە پێشتر، بەڵام دوای بڕیاری قەدەغەی عەبا تەنها نزیکەی 300 قوتابی بە “عەبا”چوونەتەوە قوتابخانە. بەڵام لەبەردەم قوتابخانەکە پابەند بوون تەنها 67 قوتابی نەبێت. ئەو 67 قوتابیە ئامادەنەبوو عەباکەیان دابکەنن، بۆیە گەڕانەوە ماڵەوە و رێگە نەدرا بڕۆنە هۆڵەکانی خوێندن، ئەوانی دیکە دیکە سەرجەمیان پابەند بوون بە بڕیارەکە و عەباکانیان داکەند و دەستیان بە خوێندن کرد.
حکومەتی فەڕەنسا دەڵێت: هیچ رەمز و هێمای ئاینەکانی ( موسڵمانان و جووەکان و مەسیحیەکان و هندۆس و بودا و… هتد) قبوڵکراو نین لەناوەندی خوێندن و پەروەردە، چونکە سیستەمی فەرەنسا سیکۆلاریە و ئەوەی رازی نیە دەتوانێت وڵاتەکە جێبهێڵێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت