دوکتۆر بێرگ: هۆیەکانی نەخۆشی بەرگریی نێوخۆی لەش (هاشیمۆتۆ) و سستی غودەی دەرەقی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەشی خۆت هێرش دەکاتە سەرخۆی!
تێگەیشتنە گرنگ و سەرنجڕاکێشەکان لەسەر نەخۆشی هاشیمۆتۆ, یان سستی غودەی دەرەقی

ئامادەکردنی: حەسەن ڕازانی
سەرچاوەی ئەم باتە لە یوتیوبدا؛ https://youtu.be/fI7DU7-wfv0?t=81

تێبین: ئەمەی خوارەوە ئەنجامی ئەو چاوپێکەوتنەیە کە دوکتۆر بێرگ دەربارەی نەخۆشی بەرگریی نێوخۆیی لەش کردوویەتی لەگەڵ دوکتۆر دیمتریس تسۆکالاس کە پسپۆڕی ئەو جۆرە نەخۆشیانەیە! سەرپێیانە سەرێکم لە گوگڵیشدا تاکو بزانم ئەو چۆن لە هاشیمۆتۆ، یان بەرگریی خۆکارو ئۆتۆماتیکی ناو لەش تێگەییشتووە! گوگڵ بە کورتی بەم شێوەیە باس لەو بابەتە دەکا کە دەڵێت؛ بەرگریی نێوخۆی لەش بریتیە لەو بەرگرییەی کە سەربەخۆو ئۆتۆماتیکی لەناولەشدا هەیەو بەرگریی لە لەش دەکات. نەخۆشی بەرگریی خۆکارو ئۆتۆماتیکی ناولەش لە ئەنجامی ئەوەدایە کە سیستەمی بەرگری بە هەڵەو لەخۆوە هێرش دەکاتە سەر جەستەی خۆت لەبری ئەوەی بیپارێزێت. ڕوونیش نییە بۆچی سیستەمی بەرگریی لەشت ئەم کارە دەکات. زیاتر لە 100 نەخۆشی ناسراوی بەرگریی نێوخۆی لەش هەیە کە باوەکانیان بریتین لە لوپوس، ڕۆماتیزم، نەخۆشی کرۆن و هەوکردنی برینی قۆڵۆن! (ح. ڕ)
دوکتۆر بێرگ: بە ڕاستی جێگەی سەرنجە ئەوەی کە بەدواداچوون و سەرژمێرییەکان ئەنجامیان داوە دەربارەی ئەوەی ئایا خەڵک بە گشتی چ جۆرە نەخۆشییەکیان تووش دەبێ ؟ بۆ نموونە وەک یەکەمیان: نەخۆشیەکانی دڵ و خوێنبەرەکان Cardiovascular diseases وە دووەمیشیان: شێرپەنجەCancer یە. بەڵام هەندێک زانیاری سەرنجڕاکێش و گرنگ هەن کە دەری دەخەن کە نەخۆشییەکی تری کوشندەتر هەیە کە لە هەردووک ئەو دوو نەخۆشییە بەیەکەوە کوشندەترو سامناکترە کە ئەویش بریتییە لە نەخۆشیەکانی بەرگریی نێوخۆی لەش Autoimmune Diseases یان نەخۆشیەکانی بەرگریی خۆکار، یان بەرگریی ئۆتۆماتیکی ناولەش.
جا بۆئەوەی باشتر ئەمە ڕوون بکەینەوەو باشتر لێی تێبگەین، من ئەمڕۆ دوکتۆرێکی زۆر بە تواناو لێهاتووم بۆ هێناون کە لەو بارەوە ئەزموونێکی زۆری هەیە. زۆر بە خێر بێیت دوکتۆر دیمیتریس.
دوکتۆر دیمیتریس: هەلۆ دوکتۆر بێرگ
دوکتۆر بێرگ: سوپاست دەکەین بۆ ئەو کاتەی بە ئێمەت دا. ئێمە لێرەدا دەمانەوێت کە سوود لەو ئەزموونەی تۆ وەربگرین. تۆ شتێکت ئاماژە پێداوە کە دەڵێیت: “لەو دواییانەدا ژمارەی ئەو کەسانەی کە تووشی نەخۆشیەکانی بەرگریی نێوخۆی لەش بوون ڕووی لە زیای کردووە! ئیتر بەرەو ئەوە دەچێت کە ئەو جۆرە نەخۆشیە، واتە نەخۆشی بەرگریی نێوخۆی لەش لە هەموو نەخۆشیەکانی تر بەربڵاوترو مەترسیدار ترە. کە ئەوەش بەڕاستی سەیرەو جێی سەرسوڕمانە!”
جا پرسیارەکەی من لێرەدا ئەوەیە کە بە بڕوای تۆ لە نێو ئەو نەخۆشیانەی کە پەیوەندیدارن بە نەخۆشیەکانی بەرگریی نێوخۆی لەش کامەیان دەتوانین بە ژمارە یەکەمی دابنێین و بڵێین ئەوەیان لەسەرووی لیستەکەوەیە؟
دوکتۆردیمیتریس: زۆر باشە. دەباشە ڕێگەم بدە بە وێنەو هێڵکارییەک ئەوەیان ڕوونبکەمەوە باشتر دەردەکەوێت!
نەخۆشی بەرگریی نێوخۆی لەش بە هۆکاری ژمارە یەک دادەنرێت بۆ تووشبوون بە نەخۆشیە درێژخایەنەکان Chronic disease. من ئێستا هەوڵ دەدەم هەندێک داتاو بەدواداچوون لەسەرخەڵکی ئەمریکا دەربارەی ئەو نەخۆشیە نیشان بدەم. ئەوەتا داتاکان نیشانی دەدەن کە 9 ملیۆن کەس لە نێو ئەمریکادا بەدەست نەخۆشی شێرپەنچەوە دەناڵێنن و 22 ملیۆن کەسیش هەر لە نێو ئەمریکادا بەدەست نەخۆشیەکانی دڵ و خوێنبەرەکانەوە دەناڵێنن، لەوانەیە لەسەرووی 50 ملیۆن کەسیشەوە تووشی جۆرێک لە جۆرەکانی نەخۆشی بەرگریی نێوخۆی لەش بووبن! وە ئەگەر پێناسەی نەخۆشی بەرگریی نێوخۆی لەشیش بکەین دەڵێین: بریتییە لە حاڵەتێک کە ئیتر سیستەمی بەرگریی لەش توانای ناسینەوەی هەندێک لە ئەندامەکانی لەشی خۆی لەدەست دەدات، بۆیە هێرشیان دەکاتە سەر و واش دەزانێت ئەوانە تەنها چەند شتی بچووک و ڕێشاڵ و تەنۆکەی بچووکن! وە لە ئەنجامی ئەو هێرشەشەشدا هەوکردن سەر هەڵدەداو وردە وردە دەبێتە هۆی نەخۆش خستن و لە کارخستنی ئەو ئەندامەی کە هێرشەکەی کراوەتە سەر! نەخۆشی هاشیمۆتۆ لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا سەرهەڵدەدات!
ئێستا یەکێک لە هەرێ نەخۆشیە باوەکان بریتییە لە نەخۆشی هاشیمۆتۆ کە بە نەخۆشی ژمارە یەکەم دادەنرێت لە ترسناکییەکەیدا! کە ئەوەش بریتییە لە نەخۆشی ئۆتۆئیمیون ثایرۆید Autoimmune thyroid یان غودەی دەڕەقی.
دوکتۆر بێرگ: بەڵێ ئەوەیان زۆر سەرنج ڕاکێشە. تۆ سەیرکە ئەگەر بێیت و سەیری هایپەرثایرۆیدیزم ‌Hyperthyroidism غودەی دەڕەقی کە چالاکییەکەی بەشێوەیەکی نائاسایی بەرەو کەم بوونەوە دەچێت، تۆ ڕەنگە وای بۆ بچیت کە ئەوە غودەی دەرەقی تووشی کێشە بووە بۆیە کارکردنی ئاسایی گۆڕاوە. جا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا زووربەی هایپەرثایرۆیدیزم تۆش پێت وا نیە کە هۆیەکەی بریتییە لە نەخۆشی هاشیمۆتۆ؟
دوکتۆر دیمیتریس: بەڵێ. چونکە زووربەی نەخۆشی هایپەرثایرۆیدیزم، کەمبوونەوەو سستبوونی چالاکی غودەی دەرەقی، هۆیەکەی نەخۆشی هاشیمۆتۆیە.
دوکتۆر بێرگ: جا باشە ئەدی لە ژیانی واقیعیماندا و لە ژیانی ڕۆژانەشماندا تۆش پێت وانیە کە هاشیمۆتۆ زیاتر نەخۆشی دەرەقیە لەوەی کە نەخۆشی بەرگریی نێو خۆیی بێت؟ ئایا دەکرێت کەمێ زیاتر ڕوونکردنەوە بدەیت لەسەرئەو خاڵە؟
دوکتۆر دیمیتریس: بە دڵنیاییەوە. هەوکردنی غودەی دەرەقی Hashimoto’s thyroiditis بریتییە لە هەوکردنێکی درێژخایەن کە تێیدا سیستەمی بەرگریی لەش هێرش دەکاتە سەر گلاندی غودەی دەرەقی و وردە وردە لە کاری دەخات. جا کاتێک ئەو لە کارخستنەی غودەیە گەییشتە پلەیەکی دیاریکراو ئیتر کار دەکاتە سەر کارو چالاکی ئەو گلاندە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ. ئێستا دێینە سەر هایپەرثایرۆیدیزم Hyperthyroidism، واتە سستبوونی چالاکی گلاندی غودە. ئەمەش پلە پلە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی چالاکیی غودەی دەرەقی و سستبوونەوەی چالاکیەکانی. تۆ سەیر کە نزیکەی 26ملیۆن کەس لە ناو ئەمریکادا تووشی نەخۆشی هاشیمۆتۆ سستبوونی غودەی دەرەقی بوون و لەوانەش هەر لە 10کەس 9 کەسیان ژنن! ئەوەش بەڕاستی دەریدەخا کە ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە ژنان لە ناو ئەمریکادا بەدەست ئەو نەخۆشیەوە، واتە سستی گلاندی غودەوە دەناڵێنن!
دوکتۆر بێرگ: زۆر جێگەی سەرسوڕمانە من ئەو کاتەی کە خەڵکی نەخۆش دەهاتن و سەردانیان دەکردم کە تووشی سستی گلاندی دەرەقی بببوون Hyperthyroidism .. ئەو نەخۆشانە هەر یەکسەر دەیان گووت: “من مەسەلەکە ئەوەیە کە هۆڕمی گلاندی غودەی دەرەقیم نزمە!” بۆیە هەر بە وەرگرتنی هۆڕمۆنی گلاندی غودە ئەو کێشەیە چارە دەبێت!”
دوکتۆر بێرگ: بەڵام دوکتۆر دیمیتریس ئەمەیان هەمووی جیاوازە! ئەمەیان تۆزێک جیاوازە!
دوکتۆر دیمیتریس: کێشەکە ئەوەیە کە کاتێک کە گلاندی غودەی دەرەقی لە لایەن سیستەمی بەرگریی نێو لەشەوە ناناسرێتەوە، ئەنتیبایۆتیک درووست دەکا و پێیان دەگوترێت ئۆتۆ ئەنتیبۆدیس Autoantibodies، واتە دژە تەنی خۆکار، یان دژە تەنی ئۆتۆماتیکی نێوخۆیی کە ئەویش هێرش دەکاتە سەر گلاندی غودەی دەرەقی. ئینجا ئەو دژە تەنە خۆکارانە کە ئۆتۆماتیکی لە ناو لەشدا بوونیان هەیە دەنووسێن بە شانەکانی گلاندی غودەی دەرەقییەوە! ئینجا شانەکانی سیستەمی بەرگریی بەرەو دژە تەنەکانی ناولەش ڕێیان بۆ دەکرێتەوەو ئەمەش دەبێتە هۆی لە ناوبردنی خودی گلاندە دەرقیەکە خۆی.
جا لێرەدا ئێمە هەوکردنی درێژخایەنمان هەیە لە گلاندی غودەی دەرقیدا، بەڵام بۆ ئەوەی بگاتە ئەو ئاستە لێرەدا لەش دژەتەنەکان بەرهەم دێنێت، لە ناوبردن ڕوودەدات، هەروەها هەوکردنی درێژخایەنی گلاندەکە. جا بۆ ئەوەی ئەمیان ڕوو بدات، دەبێ لە پێشدا جۆرێک لە کێشەی مێتابۆلیک و تێکچوونی کارکردنی ئەو میتابۆلیکە لە ئارادا بووبێت.
دوکتۆر بێرگ: دوکتۆر دەتوانی هەندێک لەو هۆکارانەمان پێ بڵێی کە دەبنە سەرهەڵدان و بەرەوپێشچوونی ئەو نەخۆشیە؟
دوکتۆر دیمیتریس: هەروەک لە پێشدا ئاماژەمان پێدا کە لە ئەمریکادا سەرووی 26 ملیۆن کەس تووشی نەخۆشی هاشیمۆتۆ بوون و لەو ژمارەیە لە 10کەس 9یان ژنن. دەزانی بۆ وایە و بەزۆری ژنان تووشی هاشیمۆتۆ بوون؟ چونکە ژنان زیتاتر لە پیاوان تووشی ناباڵانسی هۆرمۆنەکان ئاڵوگۆڕبەسەردا هاتنیان دەبن. ژنان تووشی سووڕی مانگانە دەبن و ژنان منداڵیان دەکەوێتە سکەوەو دیسان تووشی سووڕی مانگانە دەبنەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی ڕوودانی ناباڵانسی لە ئیسترۆجین و پڕۆجێستەڕۆندا. هەر لەو بارەشەوە داتاکان دەریان خستووە کە لە ئەمریکادا لە 18%ی گەورەساڵان، واتە Adults کە دەکاتە سەرووی 60 ملیۆن کەس دژە تەنی خۆکاریان هەیە لە دژی گلاندی غودەی دەرەقی. بۆ ئەوەی بشزانرێت کە ئەوە نەخۆشی هاشیمۆتۆیە بایۆپسی لە نەخۆشەکە وەردەگیرێت، بەڵام بە شێوەیەکی ئاسایی ئێمە ئێستا ئەو شێوە ڕێگایە بەکارناهێنین بۆ هەموو کەس. ئێمە دێین TSAدەپێوین. کە ئەوەشیان هۆڕمۆنێکی نهێنیەو کاری بە ڕێکی ڕاگرتن و کارکردنی گلاندی غودەی دەرەقیە. ئێمە دێین هۆڕمۆنەکانی گلاندی غودەی دەرەقی دەپێوین بۆ نموونە T3 و T4 هەروەها لە ڕێگەی ئەڵترا ساوەند Ultrasound وە تاکو بزانین ئاخۆ گلاندی غودەی دەرەقی چ جۆرە کێشەیەکی هەیە!
دوکتۆر بێرگ: زۆر باشە. دوکتۆر دیمیتریس تۆ لە هەردووک وەڵاتی ڕۆم و یۆناندا کلینیکی گەلێک گەورەت هەیە. ئایا ئەو نەخۆشیانە چین کە دەتوانرێت بگەڕێنرێنەوە دۆخی ئاسایی خۆیان. ئایا دەتوانرێت کە شتێک بڵیی ئیتر نەخۆش بووەو ناتوانرێت چاک بکرێتەوە. ئایا دەکرێت چاککردنەوە ئەنجام بدرێت؟ ئایا دەبێ چ بگۆڕرێت تاکو بتوانین شتەکان بەرەو باشتر بەرین؟
دوکتۆر دیمیتریس: بەڵێ ئەوە پرسیارێکی کراوەیەو زۆر جارانیش دەکرێت.. باسەکە لەسەر گەڕاندنەوەی شتە ناخۆشەکەیە بۆ دۆخی پێش لەناوچوونی. مەبەستمان ئەوەیە کە دەبێ لەناوبردنی گلاندی غودەی دەرەقی بوەستێنین و نەهێڵین لەناوبچێت! مەبەستمان لە پێچەوانە کردنەوەی لەناوچوونی گلاندی غودەی دەرەقییە یاخود مەبەستمان لەوەیە دەبێ وەرگرتنی دەرمان و حەب و شتی لەوبابەتە بوستێنین. چونکە هەموو ئەو دەرمانانە کاتێک بەکاردەهێنرێن کە نەخۆشیەکە گەییشتووەو کەسەکە تووش بووە.
جا ئەگەر ئێمە وەڵامی یەکەم پرسیارت بدەیەنەوە ئەوەیە کە وەستاندنی سیستەمی بەرگریی ناوخۆیی دەبێتە هۆی لەناوبردنی گلاندی غودەی دەرەقی و بەرگریی ئۆتۆماتیکی ناولەشیش بەرەو سستی دەبات. جا بە دڵنیاییەوە لە 90%ی کەیسەکان دەتوانین ئەنجام بدەین! ئەمەش لە ماوەی شەش مانگ بۆساڵێکدا دەتوانرێت ڕوو بدات!
گێڕانەوەی غودەیەکی دەرەقی لەناوچوو لەوانەیە لە هەموو شتەکانی تر گرنگتر بێت، هەم بۆ من وەک دوکتۆرێک و هەم بۆ نەخۆشەکەش. چونکە ئێمە غودەکە ڕزگار دەکەین لە لەناوچوونی یەکجارەکی کە غودەش بۆ ژیانێکی باش و تەندرووستییەکی کوالیتی باش بۆ نەخۆشەکان زۆر گرنگە.
هەروەها پێچەوانە کردنەوەو گێڕانەوەی هەوکردنی گلاندەکە بۆ پێش هەوکردنی ئەوەش هەر کارێکە دەکرێت ئەنجام بدرێت ئەگەر لە سەرەتای قۆناخەکانی نەخۆشیدا بوو! بەڵام ئەگەر نەخۆشەکە دەستی کرد بە وەرگرتنی داو دەرمان کە بەزۆری T4 وەردەگیرێت بۆ پێدانی هۆڕمۆنەکانی گلاندی غودەی دەرەقی لەو حاڵەتەدا ناتوانرێت گێڕانەوەو پێچەوانەکردنەوە بهێنرێتە دی، چونکە وەرگرتنی ئەو داودەرمانە دەبێتە ڕێگر لە بەئەنجامگەیاندنی کارەکە. چونکە گلاندی غودەی دەرەقی زۆر هێواشە لە چوونەوە و گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش نەخۆش بوونی! چونکە هەر پارچەو ڕیشاڵێکی ناولەشمان بۆ چاکبوونەوە لە نەخۆشی و پەک کەوتەیی کاتێکی تایبەت بەخۆیان هەیەو هەموویان کاتەکەیان وەک یەک نیە. بۆ نموونە چاکبوونەوەی خانەکانی خوێن 2 بۆ 3 مانگی پێ دەچێت. یان خانەکانی پێست چەند ڕۆژێکی کەمی پێدەچێت! بەڵام کاتێ گلاندی غودە زۆر هێواشەو هەندێک جار حەوت ساڵ دەخاێنێت..
دوکتۆر بێرگ: بەڵێ جێگەی سەرنجە کە هۆڕمۆنەکانی گلاندی غودەی دەرەقی دەچنە ناو نزیکەی هەموو خانەکانی لەشەوە. بەمەش بە ڕاستەوخۆیی کاردەکەنە سەر کرداری میتابۆلیزم و چەندین شتی تریش.. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایاهەندێک نیشانەی گرنگ هەن کەکەسێک تووشی نەخۆشی گلاندی غودەی دەرەقی و هاشیمۆتۆ دەبێت ؟
دوکتۆر دیمیتریس: بەڵێ ..یەکێک لە نیشانە دیارو گرنگەکانی نەخۆشی هاشیمۆتۆ کەم بوونەوەو دابەزینی هێزو توانای کەسە نەخۆشەکەیە. بە بەردەوامی هیلاک و ماندووەو لاوازو بێهێزە. هەندێک کەس وای بۆ دەچن کە لەوانەیە پیربوون و تەمەن هۆکار بێت، بەڵام ئەمەیان ڕاست نیە. بەڵکو هۆکارەکەی بریتیە لە پەک کەوتن و سستی مایتۆکۆندریایە. جا لێرەدا دەمەوێت کە بزانرێت غودە چیە؟ ئەمەیان گلاندە، هۆڕمۆنە کە دەڕژێنێت. لەبەر ئەوەیە کە ئەو هۆرمۆنانەی کە ڕژێنی غودەی دەرەقی بەرهەمی دەهێنن، ئەو هۆڕمۆنانە میتابۆلیزم ڕێکدەخەن و ڕێژەی میتابۆلیزم کۆنتڕۆڵ دەکەن. هەروەها ئەو کەسانەی کە تووشی نەخۆشی هاشیمۆتۆ بوون کێشەیان لە ڕێکخستنی کێشی جەستەیاندا بۆ پەیدا دەبێ و کێشیشیان بەرەو سەر هەڵدەکشێت و ناتوانن دایبەزێنن، چونکە ڕێژەی گۆڕانکاریی خۆراکیان خاو دەبێتەوە. شتێکی تر ئەوەیە کە ناباڵانسی لە هۆڕمۆنەکاندا پەیدا دەبێت و ئەمەش زیاتر لە ژناندا سەرهەڵدەدا. ناهاوسەنگیی هۆرمۆنەکان و ناسەقامگیریی هۆڕمۆنەکان کار دەکاتە سەر لایەنی دەروونیی کەسە نەخۆشەکە. بۆ نموونە ڕۆژانە گۆڕانکاریی درووست دەبێت لە ڕووی دەروونیەوە. بۆ نموونە تاوێک دڵیان خۆشەو پێدەکەنن و لە ناکاویش بەرەو خەمباری و خەمۆکی دەڕۆن، یان دەست دەکەن بە گریان!
دوکتۆر بێرگ: ئایا ئەوەندەی کە تۆ بۆت دەرکەوتبێت هۆکارە ڕاستەوخۆکان چین؟ ئایا تەنها یەک هۆکارە، یان چەندین هۆکار ڕۆڵ دەبینێت؟ ئایا بابەتی خواردن و جۆری خواردن ڕۆڵی هەیە بۆ نموونە ڤیتامینات؟
دوکتۆر دیمیتریس: لە ڕاستیدا بە تەنها یەک شت، یان یەک هۆکار بە تەنها نیە بەڵکو لە یەک زۆرترە. بەڵام هەموو ئەو کەسانەی کە من بینیومن و تووشی نەخۆشی هاشیمۆتۆ و گلاندی غودەی دەرەقی بوون کێشەی یەکەمیان بریتیبووە لە کەمیی ڤیتامین D. ئەمەیان گومانی لەسەر نیە کە ڤیتامین D لە 100%سەدا سەد ڕۆڵی هەیەو ئێمە لەو ڕووەوە داتاو زانیاری باوەرپێکراومان لەبەردەستایە. هۆکارێکی گرنگی تر هەیە کە لەو نێوەدا ڕۆڵ دەبینێت و شان بەشانی نەخۆشی هاشیمۆتۆ دەڕوا بریتیە لە بەرەنگاریی ئەنسۆلین. لە سەدا 90ی ئە کەسانەی کە کێشەی هاشیمۆتۆیان هەیە لەبەرامبەردا کێشەی بەرەنگاریی ئەنسۆلینیشیان هەیە، یان تووشی تێکچوونی کارکردنی ئەنسۆلین بوون و کارکردنەکە بە شێوەی درووست تێک چووە. Insulin metabolic dysfunction. لێرەدا ئەو کەسانە خانەکانی لەشیان وەڵام بە سیگناڵەکانی ئەنسۆلین نادەنەوە. یەکێکی تر لە هۆکارە گرنگ و بەرچاوەکان بە تووشبوونی نەخۆشی هاشیمۆتۆ بریتیە لە بابەتی خواردن و کوالیتیەکەی. کاتێک کە تۆ کەم و کوڕیت هەبێ بۆ نموونە لە ڤیتامینی B، C دا ئەوا بێ گومان چەند نەخۆشیەک سەرهەڵدەدا لەبەر کەمی ئەو دوو ڤیتامینانە، یان بۆ نموونە کەمیی ڤیتامین C دەبێتە هۆی نەخۆشی سکۆربوت. یان چەندین شتی تریش هەیە بۆ نموونە کەمیی لە زینک و مەگنەسیوم و ئۆمێگا3 یان چەندین کانزای تر بۆ نموونە پۆتاسیوم و چەندین شتی تر. لەشی ئێمە پێویستی بە 166 توخم و کانزاو ڤیتامینات هەیەو دەیەوێت بۆ ئەوەی بە باشی کار بکات و تەندرووستیەکی باشمان هەبێ.
دوکتۆر بێرگ: دوکتۆر دیمیتریس ڕێگایەکی تازەو باش لەگەڵ نەخۆشەکانی بەکاردێنێت کە زۆر پێشکەوتووە. تاقی کردنەوەی میتابۆلیک بەکاردێنێت کە کارلێکە کیمیاییەکان لە ناولەشدا تاقی دەکاتەوە بۆ ئەوەی یارمەتی دیاریکردنی و هەر جۆرە کەموکوڕییەک کە لە ناو لەشدا بدات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت