مەولوود ئافەند: 300ساڵ زیندان بۆ 180سەرکردە و ئازادیخۆازی سەربەرزی کورد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ماوەیەکی زۆر خەڵک لە سەرانسەری جیهاندا ڕوانگەیەکی ئەرێنییان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ هەبوو، هەروەها پشتیان بەو دامەزراوانە بەستبوو سەبارەت بە قەیرانە نێودەوڵەتییەکان. ئەمڕۆ ئەم تێڕوانینە لەگەڵ ئەو ڕووداوانەی لە کوردستان ڕوویدا گۆڕاوە و هیچ کەسێک هیوای بە کاریگەریی ئەم دامەزراوانە نییە. ئەمریکا و ڕۆژئاوا بەکۆمەڵ هەوڵی چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکانی جیهان ئەدەدەن. بەڵام ئەوان بەرپرسیارن لە دروستکردنی ئەم دۆخە بەزەییدار و کارەساتبارە، و ناتوانن بە گرتنەبەری سیاسەتی پڕۆژەگەرانە و قسەی ساختە و یاریکردن بە وشەکان، ڕاستەوخۆ بەرپرسیارێتی خۆیان لە سەپاندنی ئەم کارەساتەی بەسەر خەڵکی کوردستان و چاڵاکانی مەدەنی و نوێنەرانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە گۆڕەپانی سیاسی تورکیە داهاتووە دەرباز بکەن.
بەڵام ئایا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چالاکوانان و چاودێرانی مافی مرۆڤ سەریان سوڕماوە لەوەی ئێستا لەناو دادگا و زیندانەکانی باکوری کوردستان ڕوودەدات؟ ئەمریکا و ئەوروپا، لە کاتێکدا پەیوەندی باشیان لەگەڵ دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکان و دژە کولتوور و شارستانیەتی مرۆڤایەتی وەک تورکیە و ئەردۆغان دادەمەزرێنن و زۆر باش دەزانن کە سیاسەتی جینۆساید نەگۆڕاوە و هەرگیز نەگۆڕدرێت. ئەمریکا و ئەوروپا لە هەموو وڵاتێکی دیکە باشتر لە ئایدۆلۆژیای هاوشێوەی پان تورانیزم تێدەگەن و ئاگاداری دژایەتی و دوژمنایەتییە قووڵەکانی (ڕەجەب تەیب ئەردۆغانن) لە دژی شارستانییەتی کەوناری میزۆپۆتامیا. دەسەڵاتداری فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە بۆ ئەوەی سیاسەتی دیمۆکراتیک بێدەنگ بکات و لە ناوبەرێ، ڕێگری لە چارەسەری پرسی کورد لە سەر بنەمای دیمۆکراتیک بوون دەکات، دۆزی کۆبانێی کردەوە. بڕیاری دادگاش هەر بۆ ئەم مەبەستەیە. ئەم دۆزەش لە بواری ئاشکراکردنی پەیوەندی بەهێزی نێوان نزیکایەتی گەلی کورد و پرسەکانی کورد و نزیکایەتی دیمۆکراسیدا زۆر گرنگە. خاڵێک کە ئاکەپە-مەهەپە لە قڕکردنی کورداندا جەختی لێ دەکاتەوە، تورکیەی گەیاندووە بە ئاستێک کە بە ناوی یاسا و دادگاوە دادپەرەوەری لە هیچ شتێکدا نەماوەتەوە، دەوڵەت بە تەواوی لە لایەن چەتە، مافیا و چەوسێنەرانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و کۆمەڵگەی خستۆتە ناو هەژارییەکی مەزنەوە. هەموو ڕۆژێک زیاتر ئاشکرا دەبێت ئەم بەڕێوەبردنە ڕووبەڕووی وێرانکارییەکی مەزن دەبێتەوە و بەسەر هەموو کەسێکدا دەکەوێت. لەبەر ئەوەش ئامانجی هەرە بنەڕەتی لەم ڕەوشەوە دەردەکەوێت، ئەوەیە هەموو کەسێکی لایەنگیری دیمۆکراسی، ئازادی و سیستەمی دیمۆکراتیک، پێویستە لە چوارچێوەی دیمۆکراتیکبوونی تورکیە و چارەسەری دیمۆکراتیکی پرسی کورددا هێزەکانیان لە یەکتردا کۆبکەنەوە. هەر کەسێک دەیەوێت پشتگیری بکات لە دیمۆکراسی و داهاتووی تورکیە پێویستە ئەمە بە بنەما بگرێت. هیچ کاتێک بەخۆ دوورگرتن ناتوانرێت ڕۆڵێکی ئەرێنی بگێڕێت. فاشیزمی تورکیە بۆ مانەوە پێویستی بە لەناوبردنی ئازادیخوازانی کورد هەیە. خەڵکی تورکیە ڕۆژانە بە کۆمەڵکوژی و تاوانی نوێ لە خەو هەڵدەستن. ڕۆژانە ئازادی و مرۆڤایەتی لە تورکیە لە ژێر پێڵاوی فاشیزم و داعشدا سووکایەتی پێدەکرێت و سەردەبڕدرێت و بە دروستکردنی کەشێکی وا کوشندە و ترسناک و خۆشۆردنی جەماوەر بە خوێنی گەلی کورد، دەسەڵاتی کۆنەپەرستی ئەردۆغان دەیەوێت بە بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن و زیندان و مەحکووم کردنی نەیار و دژبەرانی درێژە بەمانەوەی فاشیستی خۆی بدات لەسەر دەسەڵات.
حکومەتە فاشیستییەکەی ئەردۆغان، وەک چۆن (سەڵاحەدین دەمیرتاش) بە “حکومەتی مافیا” ناوی دەبات، ژیانی خەڵکی وێران کردووە. جگە لە هێرشە ڕاستەوخۆکانی پۆلیس لەناو شارەکانی باکوری کوردستان، شەپۆلێکی بەرفراوان لە زیادبوونی هێرش و بۆردومان بۆ سەر کورد لە باکور و ڕۆژئاوا و باشوور و دامەزراوە بەرگریکارەکانی ئەنجامدەدرێت. ئەگەڕ پۆلیسی ئەڕدۆغان له کوشتنی خەڵک ڕزگاری بوو، ئەوە چاو له تاوانەکانی گروپه ڕەگەزپەڕستیەکانی دژه کورد دەکەن. فاشیزمی حوکمڕانی تورکیە بۆ سەرکوتکردنی کورد و لانیکەم دیمۆکراسی لە تورکیە ڕووی لە شێتی و دڕندەیی ڕەها کردووە. فاشیزم نەک هەر بە سەرکوتکردنی کورد ناتوانێت شکست بهێنێت، بەڵکو تەنها تورکیە لەناو دەبات. لەم دۆخەدا پێویستە پشتیوانی لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و هەڤاڵانی بکرێت. لەم دۆخەدا تەنیا پارتە سۆسیالیستەکانی تورکیە و پارتی دەم و پەکەکە پارێزەری دیمۆکراسی و ئازادی و ئاشتی لە تورکیە دانە. دیارە ئەمڕۆ بۆ ئەوەی بە باشی لە تایبەتمەندییەکانی حکوومەتی تورکیە تێبگەین، پێویستە ئاماژە بە شیکاریی فاشیزم بکرێت و جگە لە ئارێنت، پێویستە جولیام ڕایش، ئەنتۆنیۆ گرامشی، جانێتی، پریمۆ لیڤی، ئێرۆل، ئاگامبێن، فرۆم و ئادۆرنۆ دووبارە بخوێنینەوە.
ساڵی 2024 سەختترین ساڵی سیاسی و ئابووریی ژیانی ئاکپارتی بوو و لەم ساڵەدا ئەردۆغان و پارتەکەی بەشێکی بەرچاوی لە لایەنگرانی خۆیان لەدەستدا. ئەردۆغان ئەو ساڵ لە زۆربەی وتارە گشتییەکانیدا ئۆپۆزسیۆنەکانی بە نازناوەکانی وەک خائین، دوژمنی نیشتمان، هاوبەشی تیرۆریستان و کەسانی بێ متمانە تۆمەتبار کرد. لە لایەکی دیکەوە نەیارانی ئەردۆغانیش شەو و ڕۆژ لە دژی ئەو خەباتیان دەکرد. سیاسەتمەدارانی وەک فیگەن یۆکسکداغ و سەلاحەدین دەمیرتاش و گوڵتەن کشاناک و ئەحمەد تورک و لەیلا زانا و لەیلا دەمیرل و سەباحەت تونجەل و عوسمان بایدەمیر و ئیدریس بالوکان و کیلیچدار ئۆغڵوو و ئاکسنەر و باباجان و داود ئۆغڵوو و ئینجە و ئەوانی دیکە، بە دەیان سەفەر بۆ پارێزگا جیاوازەکانی تورکیە، بە مەبەستی لاوازکردنی ئەردۆغان و پارتی دەسەڵاتدار، چەندین کۆنگرە و کۆبوونەوەی جەماوەریان ئەنجامدا. دروشمی هاوبەشی هەموو ئەم کۆبوونەوانە یەک پرس بوو: ئاماژەدان بە دەرئەنجامە نەرێنی و وێرانکەرەکانی سیستەمی سەرۆکایەتی و تەحەدای پارتی داد و گەشەپێدان وەک حیزبێک کە ناکارامەیی سیاسی و ئابووری دەستی بەسەر گەلی تورکیەدا گرتوە.
چڕبوونەوەی جەمسەرگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە بواری میدیا و فەزای مەجازیدا کارەکەی قورستر کرد و بەم مانایە دەتوانرێت ساڵی 2024 بە ساڵێک بۆ زیادبوونی بێ وێنەی گرژی سیاسی و جەمسەرگیری کۆمەڵایەتی لە تورکیە هەژمار بکرێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت